Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 18:19

په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق: سوودانی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی زۆر له‌ پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌دات

کوردستان TV
100%


له‌ لێدوانی بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی په‌رله‌مانتارێكی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق  له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس له‌  دۆخی ئێستای عێراق و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات.
د.نەدا مێرگەسۆری پەرلەمانتاری پێشووی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ باره‌ی پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تی فیدڕاڵی و هه‌رێم  به‌ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند: ئاشكرایه‌ كه‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی زۆر  لە پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هه‌رێمی كوردستان دەدات.
 ده‌شڵێت: بارودۆخی ئێستای عێراق پێویستی بەوەیە كە حكومەتی عێراق هەوڵ بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسی و ئابورییەكان بدات ، سه‌رۆك وه‌زیرانیش هەنگاوی كرداری بهاوێژیت بۆ چارەسەری پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوو هه‌ولێر و به‌غدا، به‌م هه‌نگاوه‌نه‌شی پێگەكەی زیاتر جێگر دەبێت و پاڵپشتی زیاتری سەركردایەتی سیاسی كوردستانیشی لەگەل دەبێت، چونكە بیرمان نەچێت سوودانی بە پاڵپشتی سەركردایەتی سیاسی كوردستان و جەنابی سەرۆك  بارزانی لە پەرڵەمانی عێراق و متمانەی هەموو لایەنەكانی دیكەی نێو پەرڵەمانی وەرگرت.
د. نه‌دا مێرگه‌سۆری له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ڵێت: رێككەوتنێك لە نێوان كورد و سودانی هەیە كە سودانی دەبێت لە ماوەی دیاریكراو ئەو بەندانەی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ بكات. 
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پێشووی عێراق  له‌ فراكسیۆنی پارتی له‌باره‌ی بوودجه‌ی عێراق رایگه‌یاند: ئێستا كە بوودجە لە حكومەت پەسەند كراوە و ڕەوانەی پەرلەمان كراوە ، گرنگە كە لایەنەكانی نێو پەرلەمان بەشە بوودجەی هەرێم پەسەند بكەن، جارێكی دیكە وەك كارتی فشار بەكاری نه‌هێنن، چونكە بەشە بوودجەی هەرێم شایستەیەكی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستانه‌.
له‌ كۆتاییدا د. نه‌دا مێرگه‌سۆری رایده‌گه‌ێنێت: خۆشبختانە هەردوو حكومەتی فیدڕاڵ و هه‌رێم  له‌ ئێستادا ڕوانگەی چارەسەری كێشەكانی نێوانیان هەیە، ئومێد دەخوازین كە سوودانی هەنگاوی كرداری بهاوێژێت بۆ چارەسەری یاسایی بۆ پرسی نەوت و غاز و دادگای فیدراڵی ، ئەنجومەنی فیدڕاڵیش  بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی زۆر لە كێشەكانی هەردوو حكومەت چارەسەر دەبن.

ئا/ فەرمان عەلی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.