به‌گوێره‌ی داتا فه‌رمییه‌كان تا پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ژماره‌ی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌ردوو وڵاتی توركیا و سووریا 42 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه.
به‌هۆی تێپه‌ڕبوونی 10 ڕۆژ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه، پێشبینی ده‌كرێ ژماره‌ی قوربانییه‌كان هێشتا زیاتریش بن، چونكه ئه‌گه‌ری ڕزگاربوون و مانه‌وه به زیندوویی له‌سه‌ر دار و به‌ردووی باڵه‌خانه‌كان زۆر لاواز بوون.
به‌گوێره‌ی داتا فه‌رمییه‌كانی توركیا تا پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی بوومهلهرزكهی ڕۆژی 6ی ئه‌م مانگه 36 هه‌زار و 187 كه‌س بووه.
له سووریاش تا ئێستا ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به زیاتر له 6 هه‌زار كه‌س خه‌ملێنراوه، واته ژماره‌ی قوربانییان له هه‌ردوو وڵات زیاتر له 42 هه‌زار كه‌سه.
رۆژی 6ی ئه‌م مانگه دوو بوومه‌له‌رزه‌ی به‌هێز له ناوه‌ندی پارێزگای مه‌ڕه‌ش له باشووری توركیا به گوڕی 7.8 و 7.6 پله‌ی ڕێخته‌ر ڕوویان دا و دواتریش چه‌ند پارێزگایه‌كی تری توركیا و باكوری سووریای گرته‌وه.
لای خۆشییه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری له‌ناكاو و ئافاتی توركیا جه‌ختی كردۆته‌وه كه دوای هه‌ردوو بوومه‌له‌رزه به‌هێزه‌كه، تا ئێستا 4 هه‌زار و 323 پاش بوومه‌له‌رزه‌ی تر له توركیا ڕوویانداوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.