گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 100 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"دا کردووە و 324 ئامانجی گرنگ وێران کراون، هاوکات پاراستنی ئاسمانیی گەرووی بابولمەندەب دەستەبەر کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا ڕوکن تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی "هاوپەیمانیی پاڵپشتیی شەرعییەت لە یەمەن" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ (100) فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"دا کردووە، هاوکات پاڵپشتیی ئاسمانی بۆ هێزە چەکدارەکانی یەمەن لەسەر زەوی بە شێوەیەکی بەردەوام و 24 کاتژمێری دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "فەجری یەمەن"، توانراوە (324) ئامانجی گرنگ و بەنرخ وێران بکرێن، هەروەها بەئامانجگرتنی ئامانجە جووڵاوەکانیش بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چوارچێوەی هەوڵە سەربازییەکانیاندا، هاوپەیمانیی عەرەبی پاراستنی ئاسمانیی تەواو بۆ گەرووی ستراتیجیی بابولمەندەب دابین دەکات.
ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە هات کە مانگی ڕابردوو حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی یەمەن چڕتر کردەوە و بەرەو کەناراوەکانی دەریای سوور و ناوچەی گەرووی بابولمەندەب پێشڕەوییان کرد.
دوای چەندین ساڵ لە ئارامی، لە مانگی تەممووزی ڕابردووەوە پێکدادانەکان لە یەمەن سەریان هەڵداوەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داڕمانی ئەو ئاگربەستەی کە لە ساڵی 2022 لە نێوان حووسییەکان و حکوومەتی شەرعیی یەمەن ئەنجام درابوو، لەبارەی پاشخانی فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئێران و ئەمریکادا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.