Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 10:17

ئەنجوومەنی وەزیران کەمپینی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەكه‌ی تورکیا و سوریا ڕادەگەیەنێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا بڕیاردرا کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، مه‌سرور بارزانی بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی هەرێمی کوردستانی بۆ کەسوکار و بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەی هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان بە پێی توانا هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی زیانلێکەوتووانی ئەم کارەساتە دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەمین کاروانی فریاگوزاری و هاوکاری هەرێم گەیەنرایە تورکیا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت، هه‌روه‌ها لە هەمانکاتیشدا ڕێکاری پێویست گیراوەتەبەر بۆ ناردنی کاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سووریا.

لە مبارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کەمپینێکی بەرفراوانی گەیاندنی هاوکاری و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی کارەساتەکە ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر. 

پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کارەساتی بوومەلەرزە و ئامادەکارییە پزیشکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە کاتی ڕوودانی کارەساتی سروشتی و سنووردارکردنی زیانەکانی بوومەلەرزە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو، لای خۆشییه‌وه‌ ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەوەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد.

ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی دەربارەی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان (بەتایبەتی کێشەی ئاو و کارەبای دەربەندیخان) کرد، لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت ڕاسپێردران کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوازییەکان و نەهێشتنی کێشە و گرفتەکان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.