Erbil 13°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 21:52

سه‌باح شێخانی.. موزیك له‌لای من نان و ئاوه‌

(5/2/1970_ 1/1/2012)
کوردستان TV
100%

به‌ مه‌به‌ستی بره‌ودان و به‌رزڕاگرتنی كه‌له‌پووری  نه‌ته‌وه‌یمان و، گرنگی و بایه‌خدان به‌ هونه‌ری مۆسیقا و كه‌له‌پووری كوردی ، كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج و شۆخ و شه‌نگ و دڵسۆز بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، له‌ساڵی (1994) تیپێكی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی  پێكدێنن و ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد) ، له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتن و ناساندنیان به‌جه‌ماوه‌ر له‌ڕێی ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌ریه‌كه‌یان و  به‌پۆشاكی جوانی كوردییه‌وه‌ له‌ڕێی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان به‌دییه‌و هه‌ست و ڕۆحی گوێگر و بینه‌ر ئاشنا كرد، ده‌ستپێكی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌ئه‌نجامدانی  دوو كاسێت بۆ هه‌ردوو  هونه‌رمه‌ند( به‌هجه‌ت یه‌حیا و داناغه‌نی ) بوو،  دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنیان و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ جوانه‌كانیان زیاتر ده‌ڕژایه‌ گوێی بیسه‌ره‌وه‌، ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد گه‌شه‌ده‌كات و ده‌رگای خزمه‌تكردن و ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ ئاوه‌ڵاده‌كه‌ن.

زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كوردم ده‌ناسیی و ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵیاندا هه‌بوو، به‌ڵام یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ی تیپی ناوبراو ، كه‌ ژه‌نیاری ئامێری (عوود) بوو له‌نزیكه‌وه‌ نه‌مده‌ناسیی ، به‌ڵام به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نینی ئامێری عووده‌كه‌ی سه‌رسامی كردبووم ،

به‌رگدرووی ( شارۆ) له‌نهۆمی سێیه‌می بازاڕی خه‌فاف، واته‌ قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی) شوێنی كاركردنی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ ڕه‌ووف بوو، هه‌روه‌ها شوێنی كۆبوونه‌وه‌و به‌یه‌كگه‌یشتنی شاعیران و ڕۆشنفكران و هونه‌رمه‌ندان بوو، ‌به‌رده‌وام ڕاو سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ بۆ  وێژه‌و هونه‌ر و دنیای شیعر ده‌كرا و ده‌یان هۆنراوه‌و ئاوازی تێدا خوڵقاوه‌ ، له‌قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی)  هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ شیرینه‌كه‌ی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد، ژه‌نیاری عوود ( سه‌باح شێخانی) یم ناسیی، وێڕای خۆشحاڵبوون به‌دیداری و هیوای به‌رده‌وامبوون و سه‌ركه‌وتنم بۆ خواست،

هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ، كه‌سێكی باڵا مامناوه‌ندی گه‌نم ڕه‌نگ، هێدی و هێمن و میهره‌بان و زمان شیرین، دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ره‌كه‌ی، من و هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ڕۆژگار  په‌یوه‌ندییه‌كه‌مانی پته‌وتر كرد و ،  دواتر چه‌ندجارێك ته‌شریفی هێنا بۆ سه‌رتاشخانه‌ی( ڕه‌زازی) و تادوای پرۆسه‌ی ئازادی  گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری كه‌ركوك  من له‌خزمه‌تیدا بووم، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینه‌ پڕ به‌هره‌ و لێوان لێوه‌ ‌له‌ دڵسۆزیی،‌ مه‌رگ بواری نه‌دا و له‌ته‌مه‌نی (42) ساڵیدا بۆهه‌میشه‌ به‌جێیهێشتین، منیش وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانم به‌پێویستم زانی كه‌ یادێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌ بكه‌مه‌وه‌و لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  هه‌ڵبده‌مه‌وه‌ و به‌ خوێنه‌رانی خۆشه‌ویستی ئاشنا بكه‌مه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار  ( سه‌باح محه‌مه‌د ئه‌مین ڕه‌شید) ناسراو به‌( سه‌باح شێخانی ) له‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كه‌ی ( شۆڕیجه) ، شاری كه‌ركوك له‌ڕێكه‌وتی ( 5/2/1970)  له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری ئه‌و شاره‌ له‌دایكبووه‌، بۆ نازناوی ( شێخانی ) بۆته‌ ناسنامه‌ی ؟!

هونه‌رمه‌ند ناوی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی كردۆته‌ پاشخانی ناوه‌كه‌یی و بۆته‌ نازناوی هونه‌ری ، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی سه‌ربه‌عه‌شیره‌تی ( شێخان) ه‌ له‌‌ناحیه‌ی ( قادركه‌ره‌م).

هونه‌رمه‌ند خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری كه‌ركوك ته‌واو كردووه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ هه‌ست و گوێ و بیر و نه‌ستی له‌ژێر كاریگه‌ری  هونه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی  شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ی گه‌رمیان دا بووه‌، به‌به‌سته‌و مه‌قامه‌ شیرینه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ گۆش كراوه‌ و ، حه‌زو ئاره‌زوویه‌كی زۆری بۆ مۆسیقا هه‌بووه‌، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌كه‌ بچێته‌ په‌یمانگایه‌كی مۆسیقی، به‌ڵكو خۆڕسك خۆی دروستكردووه‌ ،به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ حه‌زو ئاره‌زووه‌كه‌یدا ژیاوه‌ تا خۆی فێری ژه‌نینی ئامێری ( عوود) كردووه و له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه‌ ده‌ستی به‌ژه‌نینی ئامێری ( عوود) كردوه‌ و به‌شداری كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی  هاوڕێیان و هه‌ندێك چالاكی هونه‌ری  كردووه‌‌ .

له‌په‌یوه‌ندییه‌كمدا له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( چالاك سدیق) سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ئایا له‌ژێر سایه‌و و فێركردنی هیچ مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی مۆسیقیدا فێری ژه‌نینی ئامێری (عوود) بووه‌؟! له‌وه‌ڵامدا مامۆستا چالاك  ئاماژه‌ی پێدا ( له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌شاری كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك  مامۆستا هه‌بوون وه‌ك ( جه‌لال سۆده‌چی و جه‌لال وه‌ندی ) ئه‌م مامۆستا به‌رێزانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ماعی وانه‌ی مۆسیقایان وتۆته‌وه‌،له‌سه‌ر ڕێگه‌ی مه‌قامه‌كان و پشت به‌ستن به‌گوێ،  هه‌روه‌ها مامۆستا (قادر مه‌ردان) وانه‌ی مۆسیقای به‌كۆمه‌ڵێكمان وتۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی  من بۆخۆم ساڵێ پێش په‌یمانگا ، به‌نۆته‌ی ئه‌كادیمی ئامێری كه‌مان زۆر سوودم لێ بینیوه‌، یه‌كه‌م مامۆستا جه‌لال سۆده‌چی  به‌شێوه‌ی گوێچكه‌ و مه‌قام ،  نابێت ڕۆڵیان له‌یاد بكه‌ین به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، گه‌لێك فێرخوازیان پێگه‌یاند ) (1) .

ئایا   هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ده‌بێت  له‌سه‌رده‌ستی كام له‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ زانیاریی وه‌رگرتبێت و فێری  مۆسیقا  ‌بووبێت..؟!

دوای دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ شاره‌زایی باشیی به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری عوود، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1985) ده‌بێته‌ ئه‌ندام له‌ ( گروپی هونه‌ری نوێ _ فرقه‌ فن الحدیث) ئه‌م گرووپه‌  هونه‌رییه‌ تێكه‌ڵ بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كانی شاری كه‌ركوك،له‌ناو ئه‌م گرووپه‌دا درێژه‌ به‌كاری هونه‌ری ده‌دات.

له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) ی  خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی، ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌وشاره‌ دێرینه‌ی كورد ئازادی به‌خۆوه‌ دی و خه‌ڵكه‌ زه‌حمه‌تكێش و خۆڕاگره‌كه‌ی هه‌وای ئازادییان هه‌ڵمژی دوور له‌سایه‌و سته‌م و زوڵمی ڕژێمی به‌عس ، به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و خه‌وه‌ ڕه‌وییه‌وه‌ و ڕژێمی به‌عس به‌زه‌بری هێز ، جارێكی دیكه‌ په‌لاماری شاری كه‌ركوكی دایه‌و خستیه‌وه‌ ژێر ڕكێفی خۆی و چه‌وساندنه‌وه‌ و چاوسووركردنه‌وه‌و ئازاردان و كوشتن وبڕینی به‌دیاریی هێنایه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك، هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌و شاره‌  به‌ناچاری  زێده‌كه‌ی خۆی جێدێلێ و ئاواره‌ ده‌بێـت ، سه‌ره‌تا ڕووده‌كاته‌ شارۆچكه‌ی ( چه‌مچه‌ماڵ) به‌ڵام هه‌ستی هونه‌ری له‌ناخی هونه‌رمه‌ندا زاڵتر ده‌بێت به‌رامبه‌ر دوور له‌زێد و ئه‌و ژیانه‌ئاواره‌ییه‌ تێیدا ده‌ژی و، له‌وێ ده‌بێت به‌ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای كۆمه‌ڵی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد لقی چه‌مچه‌ماڵ و ، به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان له‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دا ده‌كات ، له‌ساڵی ( 1993) هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  ڕووده‌كاته‌ شاری ڕۆشنبیری و هونه‌ر شاری سلێمانی ، ماوه‌یه‌ك بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیانی خۆی له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی ئه‌و شاره‌ ده‌بێته‌ فیته‌ری ئۆتۆمبێل.

هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی و تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد..!

هونه‌رمه‌ند له‌شاری كه‌ركوك و شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری ئامێری ( عوود) له‌ڕێی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و به‌شداریكردنی له‌مه‌راسیم و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیه‌وه‌ خۆی ناساندووه‌ ‌،  به‌ڵام له‌شاری سلێمانی هێشتا به‌هه‌ستی هونه‌ریی و ده‌ست و په‌نجه‌ شیرینه‌كه‌ی سه‌باح شێخانی ئاشنا نه‌بوون،  لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌، چۆن ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ئاواره‌یه‌ی شاری كه‌ركوك ، خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی ناساند و بوو به‌یه‌كێك له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ( تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد) ..؟

به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاریی ، له‌ده‌رگای هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری ( قانوون و سه‌نتوور) هونه‌رمه‌ند( سه‌باح عه‌بدوڵڵا كه‌ریم) ناسراو به‌( سه‌باحی سه‌نتوور) ، سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كوردم دا، به‌رێزییان زۆر به‌سینگ فراوانیی و میهره‌بانییه‌وه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌و  وتی : ( له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1994) به‌ڕێكه‌وت له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی ڕێم كه‌وته‌ دوكانێك براده‌رێكی لێ بوو به‌ (وه‌ستا سه‌باح) بانگیان ده‌كرد، منیش كاره‌كه‌م لای ئه‌وبوو، دواتر ئه‌م وه‌ستا سه‌باحه‌ باسی خۆی بۆ كردم و وتی ( من خه‌ڵكی كه‌ركوكم و مۆسیقا ژه‌نم و شاره‌زایم هه‌یه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری  عوود ) كه‌ وای ووت منیش زۆرخۆشحاڵ بووم له‌گه‌ڵ پیشه‌كه‌یدا هونه‌رمه‌ندێكی مۆسیقاژه‌نه‌و به‌هه‌ستێكی دڵسۆزانه‌وه‌ و سه‌لیقه‌یه‌كی جوانه‌وه‌ كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دات ، منیش خۆم پێ ناساند و پێم ووت زۆر خۆشحاڵم به‌ناسینتان  و بۆنایه‌یت له‌گه‌ڵمان كاربكه‌یت ..؟! من سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆر) م له‌شاری سلێمانی ،ئه‌ویش زۆر خۆشحاڵ بوو به‌و هه‌واڵه‌، دواتر په‌یوه‌ندی پێوه‌كردین و هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( سه‌باح شێخانی ) به‌ڕه‌حمه‌ت بێت ، بوو به‌یه‌كێك له‌ده‌سته‌ دامه‌زرێنه‌رانی تیپ، له‌ساڵی (1994 تا 1999) كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام داین ، له‌و ماوه‌یه‌دا جیا له‌وه‌ی یه‌كێك بوو له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران و هاوكارێكی زۆرباشی تیپ بوو ، ماوه‌ی (2) ساڵ سكرتێری تیپ  و ماوه‌ی (1) ساڵیش ژمێریاری تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد بوو) (2).

تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد ، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه‌ ، كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆزو  خه‌مخۆر بۆ فه‌ر‌هه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری كوردی كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌ریی و تۆماركردنی چه‌ندین به‌رهه‌می جوان و پڕ چێژی هونه‌رییان تۆماركرد، وه‌ك وه‌فا و ڕێزێك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینانه و هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژی تیپی ناوبراو،‌ پێم باش بوو كه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌  ناویان بهێنم و سوپاسگوزاری و ستایشیان ئاراسته‌بكه‌ین له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌یان هونه‌رمه‌ندان :

1/  سه‌باح عه‌بدوڵڵا كه‌ریم ( سه‌باحی سه‌نتوور) ، ئامێری سه‌نتوور و قانوون.

2/ چالاك سدیق حه‌سه‌ن ، ئامێری كه‌مان .

3/ ئاری عه‌بدوڵڵا  حامید ، ئامێری كه‌مان.

4/ نه‌وژین محه‌مه‌د كه‌ریم ، ئامێری كه‌مان .

5/ سه‌باح محه‌مه‌د ئه‌مین ڕه‌شید( سه‌باح شێخانی) ئامێری عوود.

6/ محه‌مه‌د ئه‌مین حسێن ، ئامێری  شمشاڵ.

7/ ئیبراهیم عه‌بدوڵڵا كه‌ریم ، ئامێری ده‌هۆڵ و دایره‌.

8/جوانڕۆ كه‌ریم قادر ، ئامێری باڵه‌بان.

9/ محه‌مه‌د ڕه‌شید عه‌بدوڵڵا ، ئامێری ته‌مبوور.

10/ دلێر عومه‌ر ساڵح ، ئامێری  قیچه‌ك.

11/ نه‌وزاد عه‌بدوڵلا عه‌زیز ، ئامێری ده‌ف و زه‌ڕب.

12/ محه‌مه‌د به‌كر وه‌سمان، ده‌سته‌ی كارگێڕی تیپ.

13/ سه‌روه‌ر غه‌فوور سۆفی كه‌ریم ، ده‌سته‌ی كارگێڕی تیپ.

 گۆرانیبێژانی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆی كورد .

1/ جه‌مال شه‌ریف قادر .

2/ وه‌هاب عه‌بدوڵڵا تۆفیق.

تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد له‌ساڵی (1994) به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌زێرین و عاشق به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی فۆلكلۆری كورد دامه‌زرا، بێ مۆڵه‌ت ئه‌م تیپه‌ كاری هونه‌رییان ئه‌نجام داوه‌  تا له‌ڕێی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه‌وه ‌مۆڵه‌تی فه‌رمییان وه‌رگرتووه‌ به‌ ژماره

‌( 1384) له‌ (15/6/1996) ( 3).

سه‌باح شێخانی هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا و لێهاتوو ، ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و ده‌نگخۆش و شاره‌زا له‌مه‌قامه‌كاندا ، هونه‌رمه‌ند  له‌ڕێگه‌ی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورده‌وه‌ ، توانی خزمه‌تێكی گه‌وره‌ بگه‌یه‌نێت و له‌ڕێی ئاوازه‌كانییه‌وه‌ جێی ده‌ستی دیار و به‌رچاو بێت.

هونه‌رمه‌ندێكی دیاری تیپ و خۆشه‌ویستی نێو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه‌، كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ و هاوكارێكی باشی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه‌، كه‌سێك بووه‌  به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ پابه‌ندبووه‌ به‌كاته‌كانی پرۆڤه‌كردن و له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌كانی تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد خاوه‌ن ڕاو سه‌رنج بووه‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كاری هونه‌ری پرچێژ و ڕه‌سه‌ن.

( دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی بوو به‌ئه‌ندامێكی دیاری تیپه‌كه‌مان ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ده‌ستمان كرد به‌تۆماركردنی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( ئیبراهیم خه‌یات ، دانا غه‌نی ، مه‌ریوان سه‌فائه‌دین، مه‌حمود محه‌مه‌د، جه‌مال شه‌ریف ، ئاڤان جه‌مال ، سابیر كوردستانی ، ئازاد خانه‌قینی ، شه‌ماڵ محه‌مه‌د تۆفیق ، عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن، بورهان محه‌مه‌د، شه‌هێن تاڵه‌بانی ، سه‌لاح مه‌جید و بورهان خۆشناو ) هونه‌رمه‌ند هه‌ندێك جار مۆسیقای بۆ گۆرانییه‌كان ئاماده‌ده‌كرد، كه‌سێكی زۆر هێمن و پابه‌ند بوو به‌كاته‌وه‌ ، له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا پێكه‌وه‌ كارمان كرد  رۆژێك نه‌بوو دوابكه‌وێت ، به‌رده‌وام  باسی له‌وه‌ ده‌كرد و ئاواتی بوو ڕۆژێك بێت و به‌ئازادی بگه‌رێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و به‌ئازادانه‌ خزمه‌ت به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ی گه‌رمیان بكات، هونه‌رمه‌ندێك بوو زۆر دڵسۆز و خه‌مخۆر بوو  هه‌میشه‌ حه‌زی له‌كاری جوان و په‌سه‌ندی جه‌ماوه‌ر ده‌كرد، به‌رده‌وام ده‌یووت مۆسیقا لای من ( نان و ئاوه‌) بێ مۆسیقا ناتوانم بژیم ، به‌ڵام دڵنیاشم به‌هیچ جۆرێك مۆسیقا  و هونه‌ر خزمه‌تی من ناكات...؟!) (4).  

كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ..!

هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ، دوور له‌شار و زێده‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام له‌ شاری سلێمانی له‌ژینگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریدا ، هه‌موو ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی تێكشكاندو به‌هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نینی ئامێری عووده‌كه‌یی و  ئاماده‌كردنی به‌رهه‌م و ئاوازه‌كانیه‌وه‌ توانی بوونی خۆی بسه‌لمێنێ و درێژه‌ به‌كاروانی هونه‌ری خۆی بدات ، له‌وماوه‌یه‌دا خزمه‌تێكی زۆر بكات و كۆمه‌ڵێك ئاوازی نایاب و چێژی هونه‌ری بۆهونه‌رمه‌ندان دابنێ و هه‌روه‌ها  مۆسیقا بۆ تایتڵ و ئاوازی بۆ درامای كوردی داناوه‌ ،  به‌شداری له‌سه‌رجه‌م فیستڤاڵ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان  له‌شاری سلێمانی و كه‌ركوك و چه‌مچه‌ماڵ دا كردووه‌،هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی هاوكار و پشتیوانیه‌كی باشی هونه‌رمه‌ندانی  گۆرانیبێژ و شانۆكاران بوو ،

 له‌پێوه‌ندی به‌ ژیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ، پێوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش كاكه‌ ( حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی)  دواندم سه‌باره‌ت به‌مێژووی یه‌كتر ناسینیان و په‌یوه‌ندی هونه‌رییان پێكه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی به‌وشێوه‌یه‌ هاته‌ ناساندنی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( له‌ڕاستیدا هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی یم له‌شاری سلێمانی ناسیی و به‌خزمه‌تی گه‌یشتم ، كه‌سێكی هێمن و قسه‌خۆش و شاره‌زا  له‌ مه‌قام و لێهاتوو له‌ژه‌نینی ئامێری عوود، زۆربه‌ی كات ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسایه‌ ده‌هاته‌  شوێنی كاره‌كه‌م  ( به‌رگدرووی شارۆ) له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان وشاعیران باس و خواستی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ده‌كرا، كاك سه‌باح  جیاله‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا بوو له‌ژه‌نینی ئامێری عوود ، به‌ڵام ئاوازدانه‌رێكی زۆر چاك و به‌سه‌لیقه‌ بوو ، ئاوازی بۆمن و زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان داناوه‌، ته‌نانه‌ت ئاوازی بۆ گۆرانیی ناو شانۆ و دراماكانیش داده‌نا ، ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ یادم ، ئاوازی بۆ شانۆگه‌ری  (دادگا) له‌نوسینی ( فوئاد مه‌جید میسری)  دانا و به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( ڕێبوار به‌نگینه‌)  خوێندرا ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ ‌له‌ساڵی نه‌وه‌ده‌كان پێشكه‌شكرا، هه‌روه‌ها خۆشیی ده‌نگی خۆش بوو هه‌ندێك جار بۆ تایتڵی دراماكان به‌ده‌نگی خۆی تۆماری ده‌كرد، هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و له‌زۆربه‌ی فیستڤاڵ و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان به‌شداری كردووه‌ و جێی ده‌ستی دیاربووه‌) ( 5).

كاره‌ دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  :

هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی  ئاوازی بۆ چه‌ندین هونه‌رمه‌ند داناوه‌  وه‌ك :

( حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی ، به‌رزان وه‌هاب ، دڵنیا قه‌ره‌داخی، ئاڤان جه‌مال ، شه‌ماڵ محه‌مه‌د، زامبیا، داناغه‌نی، ئومێد شوانی ، محه‌مه‌د چاوجوان  و نه‌جمه‌دین جومعه و ....تاد)هه‌روه‌ها دانانی مۆسیقا بۆ تایتڵی درامای ( نمه‌ خان)  و ئاماده‌كردنی مۆسیقا بۆ به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان و تۆماركردنی سروودێك بۆ ( ئه‌نفال) .

ده‌هێنێ زیاتر به‌دواداچوون بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی بكرێت ، چونكه‌ له‌ماوه‌یه‌دا كه‌له‌شاری سلێمانی ژیاوه‌ گه‌لێك كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه‌ ، منیش به‌پێویستم زانی له‌ده‌رگای ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ بده‌م كه‌ڕۆژێك پێكه‌وه‌ كارو تێكۆشانی هونه‌رییان ئه‌نجامداوه‌ ، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ( ڕێبوار به‌نگینه‌) یه‌ ، به‌سوپاسێكی زۆره‌وه‌ كاك ڕێبوار  باسی له‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ كرد كه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  ئه‌نجامیان داوه‌ ( سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان بوو  هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی یم ناسیی ، ژه‌نیارێكی باشی ئامێری عوود  و خاوه‌نی ده‌ست و په‌نجه‌یه‌كی ڕه‌نگین و لێوان لێو له‌ژه‌نینی  ژێكانی ئامێری عود بوو، هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی باشیی له‌مه‌قاماتدا هه‌بوو، زۆر به‌سه‌لیقه‌و خاوه‌ن ئه‌زموون بوو له‌بواره‌كه‌ی خۆیدا ، له‌و ماوه‌یه‌ی یه‌كترمان ناسی پێكه‌وه‌  دوو به‌رهه‌می هونه‌ریمان  تۆماركرد، یه‌كه‌م:  گۆرانی ( داد بۆخوا ئه‌به‌م ) له‌هۆنراوه‌ی ( محه‌مه‌د عومه‌رعوسمان) بوو، له‌ئاوازی خۆم و ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ،

 كاری دووه‌م : سروودێك بوو  له‌هۆنراوه‌ی شاعیرێكی فه‌له‌ستینی به‌داخه‌وه‌ ناوی شاعیره‌كه‌م له‌یاد نه‌ماوه‌ ، ئاوازی خۆم و  كاری مۆسیقا هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی بوو، ئه‌م به‌رهه‌مه‌  من و ئه‌ڤین عوسمان عه‌لی( كچی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی)  پێكه‌وه‌  خوێندمان ، هه‌ردوو به‌رهه‌مه‌كه‌ بۆ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان تۆماركراو بڵاوكرایه‌وه‌) (6) .

هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی تا ساڵی (1999) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاری هونه‌ری ، هونه‌رمه‌ند بۆماوه‌ی (3) ساڵ له‌ (2000تا 2002) له‌كه‌ناڵی لۆكاڵی زه‌حمه‌تكێشانی سلێمانی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری بوو،دیداری هونه‌ری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان دا  ئه‌نجام ده‌دا  به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوی به‌رنامه‌كه‌م له‌یاد نه‌ماوه‌ و هه‌وڵیشم دا په‌یدای بكه‌م ، به‌هه‌رحاڵ له‌یه‌كێك له‌به‌رنامه‌كانی كه‌ تایبه‌ت بوو  به‌ (29) هه‌مین ساڵیادی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند و بیلمه‌تی نه‌مر( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ،له‌ (26/6/2001) هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ ، من و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس كاك ( عه‌بدولی حه‌مه‌ باقی) بانگهێشتی به‌رنامه‌كه‌ی كرد.

دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ساڵی (2003) هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كه‌ركوك ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌كارو تێكۆشانی هونه‌ری چه‌ندین ئاوازی جوان و خۆشیی به‌خشیوه‌ به‌هونه‌رمه‌ندان ،  هونه‌رمه‌ند له‌كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك وه‌ك كارمه‌ندێك داده‌مه‌زرێت ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار به‌شداری له‌به‌رنامه‌ی ( میلۆدی ) كه‌ناڵی ناوبراودا ده‌كات، هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی خه‌مخۆر و پشتیوانی ‌هونه‌ر  و هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام به‌شداری چالاكی و فیستڤاڵه‌ هونه‌رییه‌كانی شاری كه‌ركوك و ناوه‌ندی( عه‌لی مه‌ردان) ی كردووه‌،

دوای ئه‌و ته‌مه‌نه‌ پڕ به‌خششه‌ به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێحانی له‌فه‌رمانگه‌ی ڕۆشنبیری  و هونه‌ری كه‌ركوك داده‌مه‌زرێت  و ، ده‌بێته‌ سه‌رۆكی به‌شی موزیك له‌وشاره‌، له‌هه‌مانكاتیشدا  هونه‌رمه‌ند ئه‌ندامی كارای یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان ، ناوه‌ندی كه‌ركوك  بووه‌، ئه‌ندامی ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان و ئه‌ندامی ناوه‌ندی عه‌لی مه‌ردان و ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان لقی كه‌ركوك بووه‌،

 له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌خششه‌ هونه‌رییه‌ ، هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند به‌رله‌كۆچكردنی  دووچاری نه‌خۆشیی ( جگه‌ر ) بووه‌، دوای سه‌ردانی پزیشك و پشكنین و ڕێنمایی پزیشكی هۆشداری ئه‌وه‌یان داوه‌تێ ده‌بێت  زۆر ئاگاداری ته‌ندروستی خۆی بێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  له‌ساته‌وه‌ختێكدا جیهان ئاهه‌نگ ده‌گێڕیت به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك و هاتنی ساڵی نوێ زایین و خواستنی هیواو ئاوات و ساڵێكی پڕ به‌خته‌وه‌ریی و شادی و ساڵێكی پڕته‌ندروست و ئارامیی بێت بۆ مرۆڤایه‌تی،  مه‌خابن سه‌باح شێخانی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ر ، به‌كۆمه‌ڵێك هیوا و ئاوات و خۆزگه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی (1/1/2012) بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌ ئامێره‌ شیرنه‌كه‌ی ( عوود) و خانه‌واده‌و ته‌واوی هونه‌رمه‌ندان ده‌كات ، كوژانه‌وه‌ی چرای ڕوناكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی خه‌مێكی قوڵ و كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و ئاوازدان دا دروست كرد، به‌ڵام ناو و نازناو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی بۆ هه‌میشه‌ به‌پیرۆزی له‌خانه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی و یاده‌وه‌رییه‌كانماندا به‌نه‌مری و به‌جوانی ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كوردستان چاوی هه‌ڵهێنا ، تێیدا گه‌شه‌ی كردو فێری خۆشه‌ویستنی نیشتمان و مۆسیقا بوو، ناحه‌زان و داگیركه‌ران نه‌یانهێشت به‌ئارامیی تێیدا پشووبدات و خزمه‌تی شارو هونه‌ره‌كه‌ی بكات ، ئاواره‌یان كرد، هه‌رچه‌نده‌ له‌شاری سلێمانی ئاواره‌ نه‌بوو، له‌گه‌ڵ سڕینه‌وه‌ی تارمایی زۆردار و داگیركه‌ر، له‌ساڵی 2003 وه‌ به‌گوڕو تینێكی زۆر و پاشخانێكی زۆر و حه‌زو هیوا و ئاواتێكی تژییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ زێده‌كه‌ی ، تاتوانی خزمه‌تی كرد ، دانه‌بڕاو تێكۆشا تا ووزه‌ له‌جه‌سته‌یدا هه‌بوو، تاوئه‌و كاته‌ی نه‌خۆشیی بێهێزو لاوازی نه‌كردبوو، به‌داخه‌وه‌ نه‌خۆشیی و مه‌رگ بواری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی نه‌دا و له‌ڕێكه‌وتی (1/1/2012) چرا ڕۆشنه‌كه‌ی ته‌مه‌نی كوژایه‌وه‌ ، له‌مه‌راسیمێكی ئازیزان و هاوڕێیان و كه‌س و كار و هونه‌رمه‌ندان دا جه‌سته‌ی سارد و سڕی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  یان خسته‌ ناو ئامێزی خاكی  شاره‌ دێرنیه‌كه‌ی  كوردستان ، شاری كه‌ركوكی كوردان ، یادو یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌باح شێخانی  هه‌میشه‌ به‌رزو به‌ڕێزو  گڵكۆكه‌ی غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت.

جه‌مالی ده‌لاك  (3/8/2022) هه‌ولێر .   

سه‌رچاوه‌:

په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ره‌وه‌  به‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( چالاك سدیق) له‌ رێكه‌وتی ( 11/7/2022).

و 4) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ره‌وه‌  به‌ هونه‌رمه‌ند ( سه‌باح عه‌بدوڵلا كه‌ریم ، ناسراو به‌سه‌باحی سه‌نتوور ) له‌ڕێكه‌وتی ( 6/10/2021).

كاتێك وێنه‌ ده‌دوێت ، باوكی دێرین ، گۆڤاری چلاواز ، ژماره‌( 33) تشرینی دووه‌می 2008، لاپه‌ڕه‌( 18).

(5) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ره‌وه‌  به‌ هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی) له‌ڕێكه‌وتی ( 7/10/2021).

(6) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ره‌وه‌  به‌ هونه‌رمه‌ند ( ڕێبوار به‌نگینه‌) له‌ڕێكه‌وتی ( 11/7/2022).

به‌پێویستی ده‌زانم له‌دڵه‌وه‌ سوپاسی بێ پایانم ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ندان ( چالاك سدیق ، دانا غه‌نی ، سه‌باحی سه‌نتوور ، حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی ، جه‌مال شه‌ریف ، ڕێبواری به‌نگینه‌، ئه‌رشیفی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان لقی كه‌ركوك) بكه‌م ، له‌یاده‌وه‌ری ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو سه‌باح شێخانی ، هاوكارم بوون ، جه‌مالی ده‌لاك.

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.