Erbil 13°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 21:52

زاهیر محه‌مه‌د ..سوارچاكی بنیاتنانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌   ...!

 زاهیر محه‌مه‌د .. مامۆستا باكووری تائه‌مڕۆش له‌مۆسیقادا به‌مامۆستای یه‌كه‌می خۆمی ده‌زانم .(*)
کوردستان TV
100%

 زاهیر محه‌مه‌د .. مامۆستا باكووری تائه‌مڕۆش له‌مۆسیقادا به‌مامۆستای یه‌كه‌می خۆمی ده‌زانم .(*)

هه‌ركاتێك ناوی شاری كۆیه‌ به‌رگوێت ده‌كه‌وێ ، مرۆڤ سه‌ری سوڕده‌مێنێ باس له‌كام  له‌كایه‌كانی ئه‌و شاره‌ بچوكه‌ به‌ڵام له‌ناوه‌رۆكدا گه‌وره‌و ده‌وڵمه‌نده‌ بكات، باسی دنیای ئه‌ده‌ب و شاعیران ، یان باسی دنیای ئاوازو گۆرانی ڕه‌سه‌ن  و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ، یان باس و خواسی  كۆمه‌ڵایه‌تی و میواندۆستی و  پێگه‌ی به‌رزی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی بكات ، یان چاوێك به‌سروشت و پێگه‌ی جوگرافی و چیا و دۆڵ و دیمه‌نه‌ دڵڕفێن و سه‌یرانگاكانی شاری  كۆیه‌دا بگێڕیت كه‌ تژییه‌ له‌جوانی و به‌خشیینی ئارامیی به‌ دییه‌و ڕۆحی مرۆڤ، له‌هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌و شاره‌ لێوڕێژه‌ له‌ ئه‌دیب ، نووسه‌ر و مێژوونووس ، شاعیر و هونه‌رمه‌ند و تێكۆشه‌رانی ڕێبازی كوردایه‌تی .

سه‌باره‌ت به‌ جوانی سرووشت و زیندویی خه‌ڵكه‌كه‌یی و تێڕوانینیان بۆ ژیان و به‌رزی هونه‌ر و پاراستنی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری شاره‌كه‌یان ، مامۆستا و شاعیر و نووسه‌ر( كه‌ریم شاره‌زا    4/3/1928_23/5/2015)به‌خامه‌ی جوانی نوسویه‌تی

( ده‌توانم بڵێم جوانی سرووشت و زۆری سه‌یرانگاكانی ئه‌و شاره‌ خۆشه‌ هۆیه‌كی هانده‌ری خوڵقانی ئه‌و جوڵانه‌وه‌ هونه‌ری یه‌ بوون، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌به‌هاران دا به‌شداریی له‌گه‌ڵ دانیشتوانی ئه‌وشاره‌دا كردبێ له‌سه‌یران و ئاهه‌نگه‌كانی  نه‌ورۆزی دا ، ئه‌وا بینیویه‌ به‌ده‌یان سه‌یرانگای وه‌ك ( هه‌رمۆته‌ ، كه‌نده‌كۆخ ، شاخی مشكه‌ ، ئۆمه‌رخوچان، تاتووكان ، لووله‌ی زایه‌ر ، ده‌رماناوی بنه‌ ، هه‌یبه‌ سوڵتان ، مه‌له‌ك مراد ، مه‌له‌ك ڕه‌یحان ، ئه‌سحابان ، پورتاوس ، كانیه‌ سۆرك و تۆپزاوا) جمه‌یان هاتووه‌ له‌سه‌یرانكه‌ر و ئاهه‌نگ گێڕان ، له‌هه‌موو لاێیكدا ده‌نگ و ئاوازی گۆرانی و مه‌قامی كوردی و به‌ند و به‌سته‌ی شایی( ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ، سێ پێیی ، چه‌په‌یی و ڕۆینه‌) دڵ و ده‌روونی مرۆڤیان هێناوه‌ته‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌) (1).

كاتێك باس له‌شاری كۆیه‌ ده‌كه‌یت له‌پاڵ ناوی(  حاجی قادری كۆیی ، ئه‌خته‌ر  و دڵدار  و مه‌ر‌بێن و حه‌نیل و سێوه‌ و ئه‌حمه‌دی حه‌مه‌ مه‌لا و مه‌لائه‌سعه‌د و تایه‌ر تۆفیق و خالید دلێر) دا ، ڕاسته‌وخۆ ناوێكی به‌رزی هونه‌ری دره‌وشاوه‌ ( تیپی مۆسیقای باواجی ) به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، ئه‌م ناوه‌ زیندووه‌ چونكه‌ هه‌ڵقوڵاوی ناو خه‌ڵكی شاری كۆیه‌ ‌و گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ڕووی ئاواز گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌وه‌، ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ بوونه‌ته‌ هۆی كه‌ تیپی باواجی كۆیه‌ به‌یه‌كێك له‌تیپه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی كوردستان بناسرێت و ببێته‌ ناسنامه‌یه‌كی  جوانی شاری كۆیه‌.

ناساندن و به‌رجه‌سته‌ كردنی تیپی مۆسیقای باواجی له‌ كوردستان ، بێگومان له‌ڕێی  تێكۆشان و كاركردنی بێ وچانی  هونه‌رمه‌ندان ودڵسۆزان و خه‌مخۆرانی ئه‌و شاره‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و ناوبانگه‌ جوانه‌ بخرێته‌ گه‌ردنی به‌رزی شاری كۆیه‌.

هه‌روه‌ك چۆن  له‌شاری سلێمانی هونه‌رمه‌ندان ( ولیه‌م یوحه‌ننا 1934_14/9/2005 ) و (قادر دیلان 1928_18/33/1999) پێشه‌نگ وهه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵه‌ جوانه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و سروود و گۆرانی بوون‌ ، له‌شاری كۆیه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و هه‌سته‌ لێوڕێژه‌ له‌دڵسۆزیی بۆ زێده‌كه‌یی و  چرۆكردن و گه‌شانه‌وه‌ی مۆسیقاله‌لایه‌ن  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌ندریۆس خه‌ممۆ ، ناسراو به‌ ( باكووری 5/11/1928) پێشه‌نگی ئه‌و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌ی هونه‌ر بووه‌، به‌ڵام له‌دوای ساڵی (1960) كه‌ مامۆستا ( باكووری) ڕاژه‌كه‌ی وه‌ك مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر ، كۆمه‌ڵه‌ گه‌نج و لاوێكی پڕ ووزه‌و دڵسۆز بۆ هونه‌ر دوای   نزیكه‌ی (12) ساڵ، شانیان داوه‌ته‌ به‌ر و به‌ده‌ست و په‌نجه‌و  هه‌ستی جوانی هونه‌رییان درێژه‌یان به‌وكاروانه‌ هونه‌رییه‌داوه‌و به‌شێوازێكی دیكه‌ی پڕ كار  و به‌خششی  هونه‌ری  مێژوویه‌كی جوانتریان بۆ تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ نه‌خشاندووه‌.

ژیان و كاركردن و به‌رهه‌می هونه‌ری تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ قۆناغبه‌ندی ده‌كرێت به‌سه‌ر (3)  قۆناغدا.

یه‌كه‌م / ساڵی (1957)  و هه‌ڵبژاردنی قوتابیانی دڵسۆز و به‌هره‌مه‌ند له‌ناوه‌ندی كۆیه‌ له‌لایه‌ن مامۆستا و هونه‌رمه‌ند باكووری یه‌وه‌.

دووه‌م /  له‌دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی  كاركردنی  تیپی مۆسیقای باواجی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ڕێكه‌وتی (1/3/1972)  تا لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته‌ فه‌رمییه‌كه‌.

سێیه‌م / دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كاركردن له‌ساڵی (1983) وه‌ تائێستا.

هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه‌  لێوان لێوه‌ له‌كار و تێكۆشانی هونه‌ری و وه‌رچه‌رخاندنێكی گرنگه‌ بۆ تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ دیارانه‌ و دڵسۆز و خه‌مخۆرێكی بێ وێنه‌ و ستونێكی گرنگی ناو تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ ، ژه‌نیار ، ئاواز دانه‌ر و تێكست نووسی سروود و گۆرانی  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د كۆیی ) یه‌.

باسی ئه‌مجاره‌مان هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ مێژووییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د) ه‌ كه‌ شاسواری  ڕێكخستنه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ یه‌ ، بابزانین ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌  چ ماندوبوون و زه‌حمه‌تێكی كێشاوه‌ له‌پێناو به‌رزڕاگرتنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌شاره‌كه‌ی كۆیه‌ .

زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم قادر ، ناسراو به‌ ( زاهیر محه‌مه‌د) له‌نێو دنیای هونه‌ری ئاوازو مۆسیقا و گۆرانی ناسراوه‌و هه‌ندێك جار به‌نازناوی ( زاهیر مه‌دانه‌)  كه‌نازناوێكه‌ له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستی پێی به‌خشراوه‌ به‌تایبه‌تی له‌شاری كۆیه‌  پێی ناسراوه‌.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی ئایینی دا له‌ ساڵی ( 1939) له‌گه‌ڕه‌كی ( به‌فریقه‌ندی) شاری كۆیه‌، له‌خانه‌واده‌یه‌كی ( 8 برا و 2 خوشك)  چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،  

خوای گه‌وره‌ به‌ره‌كه‌تی خۆشیی و مه‌عریفه‌و زانست و هونه‌ر و وشه‌و زمانی شیرینی كوردی خستۆته‌ ‌ گه‌ڕه‌كی به‌فریقه‌ندی یه‌وه‌، ئای چ گه‌ڕه‌كێكی به‌خشنده‌و زاده‌ی كه‌ڵه‌شاعیران و نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندان بووه‌، ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ خاوه‌نی مێژوویه‌كه‌ی  پرشنگداره‌ له‌شاری كۆیه‌ ، زه‌ینه‌ب خان كچی مه‌لا ڕه‌ئوفه‌ فه‌ندی كوڕی مه‌حموده‌ فه‌ندی كوڕی مه‌لا سه‌عدی خادم سوجاده‌ ، 1900_1963 ، كه‌ به‌كچه‌ كورد ناسراوه‌ ، له‌هۆنراوه‌ی ( شاری مه‌عریفه‌ت) دا به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ گه‌ڕه‌كی به‌فریقه‌ندی كردووه‌،

( هه‌وای خۆشی به‌فریقه‌ندی هه‌ستی دڵان شانه‌ ده‌كا

بۆنی گوڵان دێنێ و ده‌با بولبولان دێوانه‌ ده‌كا

مه‌گه‌ر به‌هه‌شتی خوا وابێ له‌و نه‌سیمه‌ سه‌حه‌رییه‌دا

ڕۆحی هه‌نار ئاماده‌ بێ شه‌راب له‌په‌یمانه‌ بكا .... تاد ) (2).

وه‌ك ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی ئایینیه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی ( مه‌لا محه‌مه‌د ئیبراهیم) مه‌لا و وتار خوێن و پێش نوێژی مزگه‌وتی ( حه‌تك) بووه‌ له‌شاری كۆیه‌ ، ئه‌و مزگه‌وته‌ نزیك ماڵی هونه‌رمه‌ند بووه‌، باوكی هونه‌رمه‌ند زاهیر ، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی جوان و مه‌لایه‌كی رۆشنفكرو ڕوخۆش و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بووه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی كراوه‌و باوه‌ڕی به‌زانست و خوێندن بووه‌، كه‌سێك بووه‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ری خۆشویستووه‌،هه‌روه‌ها مه‌لا محه‌مه‌د شاعیریش بووه‌ و هۆنراوه‌ی نوسیوه‌و ، نازناوی شیعری ( دلاوه‌ر ) بووه‌،ئه‌م مامۆستا ئایینی و شاعیره‌هیچ كات ڕێگر نه‌بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر حه‌زو ئاره‌زووی منداڵه‌كانی.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌ساڵی (1945) ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن له‌ قوتابخانه‌ی ( ئولای كۆیه‌) ،هونه‌رمه‌ند قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری كۆیه‌ ته‌واو ده‌كات .

سه‌ره‌تای ئاشنا بوونی هونه‌رمه‌ند به‌دنیای مۆسیقا...!

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د، له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدا ، منداڵێكی وریا چالاك  و ده‌نگخۆش بووه‌، بێگومان هۆی ئه‌و ده‌نگخۆشییه‌ی كاریگه‌ری ژینگه‌ جوانه‌كه‌ی كۆیه‌و خاوه‌نی ئه‌و هه‌مو چریكه‌و ئاوازه‌ ڕه‌سه‌ن و ده‌نگخۆشانه‌ی ئه‌وكاتی شاری كۆیه‌ی له‌سه‌ر بووه‌، له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌  هونه‌رمه‌ند هاوڕێیه‌كی هه‌بووه‌ به‌ناوی( جه‌لال ساڵح به‌ننا) ئه‌م هاوڕێیه‌ی شمشاڵێكی له‌ته‌خته‌ دروستكراوی هه‌بووه‌ و شاره‌زا بووه‌ له‌لێدانی شمشاڵه‌كه‌، هه‌ركاتێك جه‌لال شمشاڵه‌كه‌ی ناوه‌ته‌ سه‌ر لچ و لێوی فوی پێداكردووه‌ و ئاوازێكی ساده‌ی پێ چڕیوه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د داناوه‌و له‌وكاته‌وه‌ حه‌زو خولیای بۆمۆسیقا چرۆی كردووه‌ و زۆر به‌سه‌رنجه‌وه‌ له‌ده‌ست و په‌نجه‌ی جه‌لالی هاوڕێی ڕوانیوه‌ تا ئه‌ویش فێری ژه‌نینی شمشاڵ بووه ، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری دوو ماۆستای وانه‌ی سروود (  ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌و وانه‌یه‌ پێیی وتراوه‌ وانه‌ی نه‌شید) مامۆستایان ( بیلال به‌هادین و ڕه‌سوڵ خدر) كه‌هه‌ردوكیان دوو مامۆستای چالاك و ده‌نگخۆش بوون كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دروستبوون و گه‌شه‌كردنی هونه‌ر له‌ناخیدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند له‌قوتابخانه‌كه‌ی له‌ڕێی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی ‌ له‌بۆنه‌كانی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز و ئاهه‌نگه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان كردووه ‌.

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری)دوای به‌دستهێنانی بڕوانامه‌ له‌ كۆلیژی( دارالمعلمین عالیه‌ ) به‌شی زمانی ئینگلیزی له‌شاری به‌غدا، له‌ساڵی (1957)  له‌ناوه‌ندی كۆیه‌ ، وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ،كه‌پێشتر خۆی قوتابی بووه‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ داده‌مه‌زرێت،

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند باكووری له‌ئه‌رشیفی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێت ( له‌ساڵی (1957) كه‌ قوتابخانه‌م ته‌واو كردو له‌شاری كۆیه‌ دامه‌زرام ، هه‌رله‌یه‌كه‌م مانگه‌وه‌ قۆڵ و بازووم لێ هه‌ڵماڵی و چه‌ند قوتابیه‌كیم له‌قوتابخانه‌كه‌م (ناوه‌ندی كۆیسنجق) هه‌ڵبژارد و بوونه‌ دۆستم ( دۆستی هونه‌ری ،جگه‌له‌وه‌ی  كه‌قوتابیشم بوون) زۆر لێیان ڕازی بووم  له‌هه‌ڵس و كه‌وتیان ، له‌ڕووخۆشی و ئه‌خلاق و خوو ڕه‌وشتی جوانیان، له‌ده‌رسه‌كان هه‌میشه‌ له‌قوتابییه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی پۆلی خۆیان بوون، ئه‌وه‌بوو ئیتر هه‌موو رۆژێك دوای ده‌وامی قوتابخانه‌ كۆیانم ده‌كرده‌وه‌ و ڕاهێنان و مه‌شقم پێ ده‌كردن تاوایان لێهات بوو به‌هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ و به‌دڵ و به‌گیان ده‌ستیان نایه‌ نێو ده‌ستم ئه‌و تیپه‌ جوانه‌ خنجیلانه‌مان پێكهێنا و دروست كرد كه‌دوایش ناوم نا ( تیپی مۆسیقای باواجی) (3) .

بۆ زانیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌و قوتابیانه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تا هیچ شاره‌زاییان له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقادا نه‌بووه‌‌ كه‌ مامۆستا باكووری هه‌ڵیبژاردوون ، هونه‌رمه‌ندی دێرینی تیپی باواجی ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د 1945_ 17/3/2019) له دیدارێكدا به‌وشێوه‌یه‌ باسی ئه‌وڕۆژانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌ ( ‌ مامۆستا باكووری له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی كه‌ مامۆستای كۆچكردوو (  شه‌فیق سابیر ) بوو، زۆر هونه‌ردۆست و هانده‌ری هونه‌ریش بوو، هاتن پۆل به‌پۆل به‌ دوای ئه‌و قوتابیانه‌دا ده‌گه‌ڕان ، ئه‌وانه‌ی وه‌كو من توانای ژه‌نینی ئامێری مۆسیقایان هه‌بوو، بۆ نموونه‌ من ( نای و شمشاڵی ئاسن و دووزه‌له‌ژه‌ن ) ، ( زاهیر محه‌مه‌د ) وه‌ك نایژه‌ن، ( نه‌شئه‌ت حه‌مید  و عه‌ونی عه‌لی ) یش وه‌ك ته‌پڵ و ده‌فژه‌ن، مامۆستا باكووری له‌وكه‌سانه‌ تیپێكی قوتابخانه‌ی دروست كرد) (4) .

ده‌بێت ئه‌و كاره‌ دڵسۆزانه‌ی مامۆستا باكووری بۆهه‌میشه‌ به‌رز بنرخێنین، به‌ڵام جێی پرسیاره‌ له‌وسه‌ره‌ده‌مه‌دا شارێكی وه‌كو كۆیه‌ ، ئامێری مۆسیقای تێدانه‌بووه‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌بوبێتیش تاك و ته‌را بوونی هه‌بووه‌، مامۆستا باكووری  خۆی خاوه‌نی ئامێری ( عوود) بووه‌، له‌ژووری وێنه‌كێشان ( مرسم) ی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كۆیه‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی فێركردووه‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و قوتابیانه‌ چۆن ئامێری مۆسیقایان ده‌ست كه‌وتووه‌ تا پێی ئاشنابن و ده‌ست و په‌نجه‌یان ڕابێنن، مامۆستا باكووری به‌و شێوه‌یه‌ باس له‌په‌یداكردنی ئامێری مۆسیقا ده‌كات، كه‌ چه‌ند كاریگه‌ری هه‌بووه‌و دڵخۆشیی كردوون ( كاتێ له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ بۆئاهه‌نگی قوتابخانه‌ له‌ مه‌شقكردن دابووین،له‌ناكاو مامۆستا ( نه‌شئه‌ت محه‌مه‌د سه‌فوه‌ت) پشكێنه‌ری په‌روه‌رده‌ بوو له‌هه‌ولێره‌وه‌ هاتبوو ، له‌گه‌ڵ مامۆستا ( شه‌فیق سابیر ) به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌مان، هاتنه‌ ژووره‌وه‌، مامۆستا نه‌شئه‌ت وتی: باشه‌ ..باشه‌  قوتابیان فێری ئینگلیزی و مۆسیقاش ده‌كه‌ی ..! مامۆستا شه‌فیق باسی چالاكییه‌كانی منی كردو داوای لێكرد هه‌ندێ پاره‌مان له‌ ( مه‌عاریف) بۆوه‌ربگرێ ، چونكه‌ به‌نیازی دروستكردنی تیپێكی مۆسیقاین ، تا هه‌ندێ ئامێری مۆسیقای پێبكڕین،مامۆستا نه‌شئه‌ت وتی پاره‌مان نییه‌  به‌ڵام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئامێری مۆسیقا له‌كۆگای مه‌عاریفی هه‌ولێر هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كتان بۆده‌نێرم، ئه‌وه‌بوو زۆری نه‌خایاند ، دوو ئامێری عوود ، دوو یان ئامێری كه‌مانچه‌  و ده‌سته‌یه‌ك شمشاڵی له‌قامیش دروستكراو و ته‌پڵێكی گه‌وره‌و  ته‌پڵێكی بچوكی بۆناردین ) (5).

خودی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌دیش زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ له‌دیدارێكدا باس له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیان و ڕۆڵی مامۆستا باكووری ده‌كات و ده‌ڵێت ( كاتێك مامۆستا باكووری  له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی بۆ ناوه‌ندی كۆیه‌ هات ، به‌هۆی ئه‌و مامۆستایه‌وه‌ له‌بواری موزیك و ئامێرژه‌نین دا زیاتر ده‌ركه‌وتین ، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك بووین  فێری مۆسیقا ده‌بووین مامۆستا باكووری هه‌وڵیدائێواران له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كۆیه‌  كۆببینه‌وه، به‌ڵام خولی فێربوونمان زۆرتر له‌كاتی قوتابخانه‌ و ئێواراندا بوو ، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌فته‌ی چه‌ن ڕۆژێك كۆی ده‌كردینه‌وه‌،به‌ڵام نه‌ك به‌ ( نۆته‌)  به‌ڵكو بۆ نموونه‌( خۆی پارچه‌ مۆسیقایه‌كی ساكاری وه‌ك ( مۆسیقای ( شیش كه‌باب) ی لێده‌دا و ئێمه‌ش دووباره‌مان ده‌كرده‌وه‌ تا فێری ده‌بووین،بیرمه‌ یه‌كه‌م ئاهه‌نگمان له‌ناو قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كۆیه‌ گێڕا) (6) .

ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ هاوڕێی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د بوون و له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا باكووری ئاشنا و فێری مۆسیقا بوون ، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ بوون وه‌ك:

1/ زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم  (ڤیۆلۆن)

2/ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا   (ڤیۆلۆن)

3/ ئه‌كره‌م باقی  (عوود)

4/ سه‌ردار ئه‌حمه‌د(شمشاڵ)

5/ جان تۆماس (ده‌ف)

6/ نه‌شئه‌ت حه‌مید (ده‌ف)

7/ عه‌ونی عه‌لی مه‌ولود (ته‌پڵ)(7).

گۆمانی تێدا نییه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكووری ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌و قوتابییه‌ به‌هره‌مه‌ندانه‌دا و فێركردن و ئاشناكردنیان به‌ مۆسیقا، به‌ڵام ده‌بێت ڕه‌چاوی هه‌وڵی دڵسۆزانه‌و پشتیوانی  و كرانه‌وه‌ی خانه‌واده‌و كه‌س و كاری ئه‌و قوتابیانه‌ فه‌رامۆش نه‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌ربه‌ستیان بۆ منداڵه‌كانیان دروست بكردایه‌ ، ئه‌و حه‌زوو ئاره‌زوه‌ هونه‌رییه‌ی مامۆستا باكووری سه‌ری نه‌ده‌گرت، هه‌رچه‌نده‌ باكووری دلسۆزو خه‌مخۆر له‌ڕێی سه‌ردان یان  پرسكردنه‌وه‌ ڕای زۆر له‌و خانه‌وادانه‌ی وه‌رگرتووه‌، كه‌ئه‌وانیش به‌دڵێكی فراوان و دڵگه‌شییه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنی مامۆستا باكووری یان داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاستی به‌رزی ڕۆشنبیری و هونه‌ردۆستی دانیشتوانی شاری گۆیه‌ ده‌گه‌یه‌نێ ، مامۆستا باكوری له‌به‌شێكی یاده‌وه‌رییه‌كانیدا نوسیویه‌تی ( باوكی سه‌ردار ئه‌حمه‌د و  باوكی ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا هاتنه‌ لام بۆ قوتابخانه‌زۆر پێخۆشحاڵ بوون له‌هه‌ڵبژاردنی كوڕه‌كانیان،  هه‌روه‌ها خۆم مامۆستا مه‌لا محه‌مه‌دم بینی ( باوكی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د_ ج،د)   و چوومه‌ ماڵه‌وه‌یان سه‌ردانم كردكه‌باسی هه‌ڵبژاردنی زاهیری كوڕی بۆ خولی فێربوونی مۆسیقا كرد، زۆر دڵشاد بوو سوپاسی كردم كه‌ئه‌و كاره‌ جوانه‌ بۆشاره‌كه‌مان ده‌كه‌م ، وتی من ڕازیم كوڕه‌كانم فێره‌ ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا بن، بۆدواڕۆژی خۆشیان باشه‌ و بۆڕازاندنه‌وه‌ی كۆیه‌ش به‌تیپێكی مۆسیقا وه‌ك شاره‌كانی دیكه‌، منیش قسه‌كانیم به‌هه‌ند نرخاند و زانیم مرۆڤێكی هوشیار ومه‌لایه‌كی ڕۆشنبیر و تێگه‌یشتووه‌) (8).

ئه‌و تیپه‌ خنجیلانه‌یه‌ كه‌به‌ناوی تیپی باواجی یه‌وه‌ خۆیان به‌جه‌ماوه‌ری شاری كۆیه‌ ناساند ، به‌ڵام مۆڵه‌تی فه‌رمی یان نه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام بوون له‌كارو تێكۆشان و خۆفێركردن و چالاكی هونه‌ری ، له‌ساڵی (1958) كۆمه‌ڵێك چالاكی هونه‌رییان له‌شاری كۆیه‌ ، ڕانیه‌، قه‌ڵادزێ ، هه‌ولێر و ئاهه‌نگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی بوژانه‌وه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كۆیه‌ ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وهونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌و ئاهه‌نگانه‌ به‌شداربوون بریتی بوون له‌ ( زاهیر محه‌مه‌د و ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا _ئامێری كه‌مانچه‌) ، ئه‌كره‌م باقی _ئامێری عوود، سه‌ردار ئه‌حمه‌د_  ئامێری شمشاڵ و نای ، عه‌ونی عه‌لی _ ئامێری ته‌پڵ ، مامۆستا باكووری یش به‌ ئامێری عوود  و جومبووش ) كۆڕی گۆرانیبێژانیش ئه‌م ده‌نگخۆشانه‌ی تیپ بوون ( سێوه‌ ، ئه‌نوه‌ر تاهیر ، سه‌لاح محه‌مه‌د، عه‌دنان جه‌مال  و هه‌ندێك جار ماریا و یوسف باكووری ) له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و تیپه‌وه‌ پشتی به‌ ( كۆرس) به‌ستووه‌ وه‌ك ( ئه‌نوه‌ر تاهیر ، مسته‌فا به‌كر ، محه‌مه‌د شوكر ، ئه‌كره‌م ئه‌نوه‌ر ، وه‌هاب سادق و وریا قادر)(9).

تیپی مۆسیقای باواجی به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا باكووری ماوه‌ی كاركردن و به‌خششی هونه‌رییان ساڵ و نیوێك بۆ دووساڵ تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌و قوتابیانه‌ قۆناغی ئاماده‌ییان ته‌واوكردووه‌ و به‌ره‌و په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ڕۆیشتوون و هه‌ندێك شاری كۆیه‌ یان به‌جێهێشتووه‌ و ته‌نانه‌ت خودی مامۆستا باكووری یش ڕاژه‌ی كاركردنی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆشاری هه‌ولێر.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غداد..!

 

دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ هاوڕێی منداڵی و ڕۆژانی قوتابخانه‌ و هاوڕێی هونه‌ریی ، هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر تاهیر ، ناسراو به‌مه‌لا ئه‌نوه‌ر 1941_14/1/1996) و ( كه‌ریم حه‌مه‌د) ڕوو ده‌كه‌نه‌ شاری به‌غدا ، له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غداد له‌ساڵی (1959) له‌به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێن ، به‌ڵام كه‌ریم حه‌مه‌د له‌به‌شی شێوه‌كاری، دوای ماوه‌ی (3) سێ ساڵ خوێندن له‌په‌یمانگا بڕوانامه‌ به‌ده‌ست دێنن و به‌مامۆستا داده‌مه‌زرێن، له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د پێی ڕاگه‌یاندم ( سه‌ره‌تا كه‌له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا وه‌رگیراین، من و مه‌لا ئه‌نوه‌ر و كه‌ریم حه‌مه‌د له‌كۆیه‌وه‌ ڕۆیشتبووین، هونه‌رمه‌ندان( فه‌ره‌یدون دارتاش و فه‌رید عععیسی نه‌زه‌ر، سه‌ردار زوهدی و تاهیر ئیبراهیم) له‌شاری سلێمانی یه‌وه‌ هاتبوون، هونه‌رمه‌ندان ( یه‌حیا مه‌رجان و عه‌بدوڵڵا دڵسۆز و ئه‌حمه‌د خدر ناسراو به‌ ئه‌حمه‌د شه‌نگه‌) له‌شاری هه‌ولێر و حه‌سه‌ن حسێن له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هاتبوو)  من و مه‌لا ئه‌نوه‌ر له‌به‌شی مۆسیقاوه‌رگیراین ، من ئامێری كه‌مانچه‌ و مه‌لائه‌نوه‌ری ڕه‌حمه‌تیش ئامێری كلارنێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند مه‌لائه‌نوه‌ر جگه‌ره‌كێش بوو نه‌یتوانی له‌به‌شی كلارنێت درێژه‌ به‌خوێندن بدات ، پاشان من پێشنیاری به‌شی ( قانوون) م بۆكردو پێم ووت ئه‌گه‌ر له‌داهاتوو له‌په‌یمانگا ده‌ربچین ، بێگومان تیپی مۆسیقا داده‌مه‌زرێنین و پێویستیمان به‌ئامێری قانوون ده‌بێت ، به‌پێشنیاره‌كه‌م ڕازی بوو، مه‌لائه‌نوه‌ر یه‌كه‌م قوتابی كورد بوو كه‌بڕوانامه‌ی له‌سه‌رئامێری قانوون به‌ده‌ست هێنا)(10).  

له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌ی خوێندنی په‌یمانگا له‌شاری به‌غدا ، هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ڕۆژبه‌ڕۆژ پاشخانی هونه‌ریی خۆیی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات و زانیاریی زۆرتر له‌سه‌ر مۆسیقا به‌ده‌ست دێنێ  و  ، له‌و ژینگه‌ فراوانه‌ی شاری به‌غدا له‌هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و كاتی به‌غدا نزیك ده‌بێته‌وه‌ و ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵدا په‌یداده‌كات، دواتر هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپێكی مۆسیقادا به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند( حسام چه‌له‌بی) كارده‌كات، له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌یدا هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده‌ عه‌شقی بۆهونه‌ر له‌ناخیدا گه‌شه‌ده‌كات و به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی ئاواز له‌سه‌ر هۆنراوه‌داده‌نێت، ڕۆژێك له‌وساڵانه‌ی خوێندندا هونه‌رمه‌ند له‌ته‌ك مه‌لائه‌نوه‌ری هاوڕێی بڕیارده‌ده‌ن بچنه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا به‌مه‌به‌ستی گۆرانی تۆماركردن، له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌دا لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆشان  ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه  ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ،ئه‌حمه‌د خه‌لیل و نازم نه‌عیم)  بوون، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند(ئه‌نوه‌ر تاهیر) و په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌، بڕیارده‌درێت گۆرانی بۆتۆماربكه‌ن ، هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د   ئاواز بۆ هونه‌رمه‌ندان ( مه‌لا ئه‌نوه‌ر و عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ، قادر ئه‌حمه‌د و عه‌دنان جه‌مال) داده‌نێت و له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ئیزگه‌ پرۆڤه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات ،ئه‌وانیش چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كه‌ن، ئه‌و گۆرانیانه‌ له‌ئاوازی  هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ده‌بن.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ، وێڕای ئه‌وه‌ی خه‌مخۆر و دڵسۆزی وانه‌كانی بووه‌و به‌په‌رۆشه‌ تێكۆشاوه‌ كه‌زانیاری زێده‌تر له‌ هونه‌ری مۆسیقا و ئامێری كه‌مانچه‌ به‌ده‌ست بهێنێت،  له‌په‌یمانگا هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی به‌شداری له‌چالاكی و ئاهه‌نگی په‌یمانگا ده‌كات له‌ئاهه‌نگێكدا له‌ڕێكه‌وتی ( 21/12/1959) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  ( قادر مه‌ردان  و تاهیر ئیبراهیم و یه‌حیا مه‌رجان ) ،  هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی دۆستانه‌و هاوڕێیانه‌ی له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب له‌په‌یمانگادا پته‌وترده‌كات و له‌گه‌ڵیاندا به‌شداری چالاكی هونه‌ریی ده‌كات، یه‌كێك له‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌، ئاهه‌نگی یه‌كتر ناسین بووه‌ له‌نێوان قوتابییه‌كانی كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی به‌غدا له‌ساڵی (1960) هونه‌رمه‌ند به‌ئامێری كه‌مانچه‌ ، حاته‌م عه‌سكه‌ری به‌ (عوود) ، جه‌لال ساڵح به‌ ( ته‌پڵ ) ، هونه‌رمه‌ندی كوردی فه‌یلی ( ڕه‌زاعه‌لی) به‌گۆرانیی و ژه‌نینی ئامێری ( عود) ئاهه‌نگه‌كه‌یان سازكردووه‌.

دوای خوێندنی  ماوه‌ی سێ ساڵ له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌، هونه‌رمه‌ندان  زاهیر محه‌مه‌د و مه‌لائه‌نوه‌ر ، وه‌ك مامۆستا داده‌مه‌زرێن، هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر تاهیر له‌ قوتابخانه‌ی ( غه‌زالی) له‌شاری كه‌ركوك، زاهیر محه‌مه‌دیش چه‌ند هه‌وڵ ده‌دات وه‌ك مامۆستا بگه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی و خزمه‌ت به‌منداڵانی شاره‌كه‌ی بكات، دوای هه‌وڵێكی زۆر به‌ڵام به‌بڕیارێكی شۆڤێنیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وكاتی حكومه‌تی عێراق ، وه‌ك دوور خراوه‌یه‌ك ڕه‌وانه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراق ، شاری ( كووت) ی ده‌كه‌ن، له‌ڕێكه‌وتی ( 22/9/1962) له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی شاری كووت ده‌ست به‌كارده‌بێت، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی و له‌ڕوویی مرۆییه‌وه‌ له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ قۆڵی لێهه‌ڵده‌ماڵێ و سه‌رقاڵی وانه‌ وتنه‌وه‌و گه‌نج و لاوی ئه‌و شاره‌ فێری مۆسیقا ده‌كات، هونه‌رمه‌ند له‌ غوربه‌ت و دووره‌ ‌نیشتمان و كه‌س و كاره‌كه‌ی تاساڵی ( 1965) به‌رده‌وام ده‌بێت و پاشان داواده‌كات كه‌ ڕاژه‌كه‌ی بگوازنه‌وه‌ بۆشاری كۆیه‌ ، دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی (3) ساڵ له‌شاری كوت ، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كۆیه‌ و له‌ قوتابخانه‌ی( زانست ) وه‌ك مامۆستا ده‌ست به‌كارده‌بێت ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا مامۆستا ( سابیر ئیسماعیل) به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی

( زانست ) بووه‌.

له‌وساڵانه‌ی كه‌له‌شاری كوت ژیانی به‌سه‌ربردووه‌، له‌پشووه‌كاندا و له‌وه‌رزی هاوین دا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و به‌تایبه‌تی شاری سلێمانی، له‌وسه‌ردانانه‌یدا له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  مامۆستا ( ولیه‌م یوحه‌ننا و ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) دا په‌یدا ده‌كات، وه‌له‌هه‌مانكاتیشدا هونه‌رمه‌ند عاشقی كیژێكی سلێمانی ده‌بێت و دوای هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆر ئه‌و كیژه‌ ده‌بێته‌ هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته‌ شاری كوت، به‌ڵام مه‌خابن دوای ماوه‌یه‌ك له‌هاوسه‌رگیرییان هاوژینه‌كه‌ی به‌كاره‌ساتی سوتان گیان له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌وكاره‌ساته‌ كاریگه‌رییه‌كی دژوار له‌سه‌ر هه‌ست ونه‌ست و ناخی هونه‌رمه‌ند دروست ده‌كات، بۆئه‌و ڕووداوه‌ تراژیدیایه‌ و له‌ده‌ستدانی خۆشه‌ویست و هاوژینه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د هۆنراوه‌یه‌ك بۆ ئه‌و تراژیدیایه‌ داده‌نێت و ئاوازێكی خه‌مانگێز ده‌كات به‌باڵای هۆنراوه‌كه‌دا و به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی خۆی ده‌یخوێنێ :

( بێزاری گیانی ناسۆری خۆمم ،،وه‌كو به‌ردێكی بن ده‌ریا و گۆمم

نازانم بۆچی ژینم شێواوه‌ ،، قیبله‌ی من بۆچی سووتاوه‌).

سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كانی هونه‌رمه‌ند بۆشاری سلێمانی و ئاشنابوونی به‌هونه‌رمه‌ندان ، به‌پێویستم زانی كه‌پێوه‌ندی  بكه‌م به‌مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) له‌هه‌گبه‌ی لیپاولیپی  له‌یاده‌وه‌ریی جوانی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی، باسی سه‌ره‌تای یه‌كترناسینی خۆیی و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌دمان بۆبكات فه‌رمووی ( من و هونه‌رمه‌ند زاهیر كۆیی له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانه‌وه‌ یه‌كتر ده‌ناسین، ناسین و تێكه‌ڵاوبونه‌كه‌مان به‌هۆی موزیكه‌وه‌ بوو، كاتێ ئه‌و له‌شاری كووت له‌پارێزگای واسیت  دامه‌زرابوو وه‌ك مامۆستا ، به‌هاوینان زۆربه‌ی كات ده‌هات بۆسلێمانی له‌گه‌ڵ مامۆستای خوالێخۆشبوو( ولیه‌م یوحه‌ننا) له‌ماڵی مامۆستا ولیه‌م ته‌مرینمان ده‌كرد له‌سه‌ر ( نۆته‌) زۆر له‌بابه‌تی سه‌ماعیات و به‌شاریف و هه‌ندێ له‌گۆرانییه‌ كوردییه‌كانمان لێ ئه‌دا،زۆرجار من و كاك زاهیر له‌ماڵی مامۆستا ولیه‌م له‌كاتژمێر (8:00) به‌یانییه‌وه‌ تا كاتژمێر (8:00) ی ئێواره‌  له‌ژووره‌كه‌ی مامۆستا ولیه‌م ده‌ماینه‌وه‌  ته‌مرینمان له‌سه‌ر نۆته‌كان ده‌كرد و  نیوه‌ڕوانیش هه‌رله‌وێ نانمان ده‌خوارد ، ئه‌وته‌مرینكردنه‌ به‌رده‌وامه‌مان هۆكارێكی باش بووبۆئه‌وه‌ی زیاتر شاره‌زابین  له‌خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌ی موزیك، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌مان زۆر به‌تینتر بوو هاتوچۆی یه‌كترمان ده‌كرد ، له‌ساڵی (1967) كاك زاهیر داوه‌تی كردم بۆ شاری كۆیه‌ له‌وێ دوو هه‌فته‌ مامه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ئاشناییم په‌یداكرد ، به‌تایبه‌ت ئه‌ندامانی تیپی باواجی كۆیه‌ و ڕۆشنبیرانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌)  (11).

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان خۆیی و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د دا و كه‌ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی پرۆڤه‌كردن بوون له‌سه‌ر ( نۆته‌) ، ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ی مامۆستا ئه‌نوه‌ر ، وته‌كانی هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح محه‌مه‌د) برا بچوكی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌دم كه‌وته‌وه‌ یاد (  له‌یادمه‌ له‌ساڵانی شه‌سته‌كان، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی په‌یوه‌ندی له‌كاك زاهیر دا هه‌بوو ، هه‌ركاتێك بهاتبابه‌ كۆیه‌ ، میوانی كاكم ده‌بوو  ده‌هاته‌ ماڵی ئێمه‌ ، زۆر چاك دێته‌وه‌ یادم هه‌ردوكیان له‌ژوورێكدا پێكه‌وه‌ به‌رده‌وام پرۆڤه‌یان ده‌كرد ئه‌وكاته‌ ئه‌وان‌ به‌شێوه‌یه‌كی  زانستی  له‌سه‌ر نۆته‌ پرۆڤه‌یان ده‌كرد و پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاواز و گۆرانییه‌كان كه‌ پرۆڤه‌یان ده‌كرد ده‌مودوو  و  خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئاوازه‌كان ده‌كرد ) (12) .

 

تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ ، له‌قۆناغی دووه‌مدا سه‌رده‌مێكی پرشنگدار،‌ پڕ به‌خششی هونه‌ری.دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان ( زاهیر محه‌مه‌د ، ئه‌نوه‌ر تاهیر و سه‌ردار ئه‌حمه‌د) بۆشاری كۆیه‌ ، كه‌سایه‌تی دیاری شاری كۆیه‌، ئه‌د‌یب و ڕۆشنبیر و هونه‌ردۆست ( زه‌كی ئه‌حمه‌د هه‌ناری) له‌وكاته‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ( باواجی) بووه‌، له‌پشووی وه‌رزی هاویندا له‌ناوقوتابخانه‌ شوێنێكیان بۆ دابین ده‌كات تا له‌وێ كۆببنه‌وه‌و پرۆڤه‌ بكه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ، به‌بیر و هزری هونه‌رییان چه‌خماخه‌ی هه‌ڵگیرساندنی شۆرشێكی هونه‌ری له‌شاره‌جوانه‌كه‌ی كۆیه‌ هه‌ڵده‌كه‌ن،پاڵپشت به‌ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كه‌و كۆمه‌ڵێك مێردمنداڵ ( كچان و كوڕان) ده‌بنه‌ كۆرس ، هونه‌رمه‌ندان ده‌كه‌ونه‌ مه‌شق و پرۆڤه‌كردن ، به‌شداری ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كان ده‌كه‌ن، كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ته‌نها له‌جوگرافیای شاری كۆیه‌ قه‌تیس نابێت و به‌ڵكو به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌، به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌بێته‌ جێی سه‌رنج ودڵخۆشیی هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستان،به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی و تێكه‌ڵاوبوون و هاتوچۆكردن له‌نێوانیاندا، بانگهێشتنی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی بۆ شاری سلێمانی و میواندارییان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی یه‌وه‌  له‌ سه‌یرانگاكانی وه‌ك ( سه‌رچنار ، باخی به‌ختیاری و ئه‌زمه‌ڕ) .

له‌پایزی ساڵی (1970) ( كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی ) ئه‌و كاته‌ هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره‌) سه‌رۆكی تیپی كۆمه‌ڵ بووه‌، له‌هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی كچان له‌ڕێكه‌وتی ( 13/9/1970) ئاهه‌نگێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی تیپی باواجی و كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ سازده‌كات كه‌ماوه‌ی (10) ڕۆژ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ ، هونه‌رمه‌ندان (  سه‌ردار ئه‌حمه‌د، زاهیر محه‌مه‌د، جان تۆماس جانۆ ، ئه‌نوه‌ر تاهیر خدر ، وریا ئه‌حمه‌د، نامدار قه‌ره‌داخی ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید( ئه‌وكاته‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سۆلاڤی كه‌ركوك بووه‌ و ئه‌ندامی شانازی  تیپی باواجی و تیپی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ش بووه‌) ، سه‌لاح ڕه‌شید ، هارووت باڵانگیان) ، هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژی به‌شداربووی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ هونه‌رمه‌ندان ( عوسمان عه‌لی ، حه‌مه‌ی نێرگز ، بله‌ی سه‌عه‌كه‌ڕ ، ئه‌نوه‌رتاهیر ، وریا ئه‌حمه‌د ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و سه‌لاح ڕه‌شید ) ، له‌هه‌مان ساڵدا تیپی باواجی كۆیه‌ به‌هاوكاری تیپی كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی ، له‌هۆڵی (گه‌ل) ی شاری هه‌ولێر هه‌مان ئاهه‌نگ بۆماوه‌ی (10) ده‌ڕۆژ ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی پێشكه‌شه‌ی جه‌ماوه‌ری شاری هه‌ولێر ده‌كه‌ن.

دوای مۆركردنی به‌یاننامه‌ی ( 11ی ئاداری ساڵی1970) كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌بار و گونجاو بۆ كوردستان هاته‌ پێشه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌بیری ئه‌وه‌دا ده‌بێت كه‌ تیپی مۆسیقای باواجی سه‌رله‌نوێ ببوژێنێته‌وه‌ و مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردن وه‌ربگرێت، نزیكه‌ی ماوه‌ی دووساڵ هاتووچۆكردن و ماندوبوون و سه‌فه‌ركردن بۆ شاری به‌غدا بۆ ده‌زگای( سینه‌ما و شانۆ) ، له‌ڕێی كه‌سایه‌تیه‌ك به‌ناوی( جه‌لال بێتوشی) كه‌ئه‌و كات به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بووه‌ له‌به‌غدا ،به‌نوسراوی ( 812)  له‌ڕێكه‌وتی (1/3/1972) مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆتیپی باواجی وه‌رده‌گرن، یه‌كێك له‌تایبتمه‌ندییه‌كانی وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ، ده‌بێت (3) سێ ئه‌ندامه‌كانی ئه‌و تیپه‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا بن و ماوه‌ی (5) ساڵ تێپه‌ڕبووبێت به‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌یان ، هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د ، ‌ئه‌نوه‌رتاهیر و كه‌ریم حه‌مه‌د)  ده‌رچووی په‌یمانگا بوون ،

دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ سه‌رله‌نوێ خۆیان ڕێكده‌خه‌نه‌وه‌ و ، تیپی باواجی به‌شێوه‌یه‌كی نوێ داده‌مه‌زرێننه‌وه‌ ، ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ : ( زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم ، ئه‌نوه‌ر تاهیر خدر ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا، وریا ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، سیامه‌ند عیزه‌ت تاهیر ، سه‌لاح حسێن ئه‌حمه‌د، فوئاد سه‌عید ئه‌حمه‌د، عه‌تاڵڵا حه‌ننا و ئیسماعیل مسته‌فا قادر خۆشناو ) ، دواتر ناوی ( كه‌ریم حه‌مه‌د كوێخاكۆر ) له‌ناو لیستی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران زیاد ده‌كرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رچووی به‌شی شێوه‌كار بووه‌ و ماوه‌ی (5) ساڵ زیاتر تێپه‌ڕبووه‌ به‌سه‌ر وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌ی.

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ له‌شاره‌كه‌ی كۆیه‌ و له‌ژێر سایه‌ی تیپی باواجی كۆیه‌ ، له‌ڕووی خه‌مخۆریی و دڵسۆزییانه‌وه‌  بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌شاره‌كه‌ی كۆیه‌و  ته‌واوی كوردستان ده‌كه‌ونه‌ كارو چالاكی هونه‌ریی ، ناو كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

 دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی له‌به‌هاری ساڵی (1972) ، تیپی باواجی كۆیه‌ كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مێكی به‌رزو نایاب ئاماده‌ده‌كه‌ن و له‌ وه‌رزی هاوینی هه‌مان ساڵ ، به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێ ده‌كه‌ون ، له‌ستۆدیۆی ژماره‌(2)  به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ ، (11) به‌رهه‌می هونه‌ری كه‌پێكهاتووه‌ له‌  ( سروود ، گۆرانی و گه‌شتی گۆرانی و پارچه‌ مۆسیقا) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی تۆمارده‌كه‌ن.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ ، به‌رهه‌مه‌كانی تیپی باواجی ده‌نگێكی زۆری له‌ناو خه‌ڵك دا دایه‌وه‌ و میلۆدی و تێكسته‌ خۆشه‌كانی تیپی باواجی بوونه‌ وێردی سه‌رزاری هۆگرانی گۆرانی و ئاوازی ڕه‌سه‌ن، له‌كۆتایی ساڵی (1972) تیپی باواجی به‌گوڕو تینێكی زۆرتر و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه‌ ، كۆمه‌ڵه‌ به‌رهه‌مێكی دیكه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمار ده‌كه‌ن.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر و نووسه‌ری تێكستی گۆرانی و سروود ، له‌و هه‌موو كارو چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه‌  توانا و هاوكاری و ماندوبوونی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و ده‌نگبێژی تیپی مۆسیقای باواجی به‌رز بنرخێنین ، كه‌به‌رده‌وام پشت و هاوكاری هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د بوون ،

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان په‌یدا كردووه‌ به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی،

هونه‌رمه‌ند به‌یاوه‌ری هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1973) به‌شداری له‌ ( میهره‌جانی  ده‌یه‌می لاوان و قوتابیانی جیهان ) له‌ ( به‌رلین)  ی پایته‌ختی ( ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( جه‌لال عه‌زیز ڕه‌سوڵ 1928 سلێمانی _ 19/4/2008 له‌نده‌ن)، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی ، ئه‌نوه‌ر تۆفی، وریا ئه‌حمه‌د) ده‌كات  (13).

سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته‌ هونه‌رییه‌ و به‌شدارییكردنیان له‌و میهره‌جانه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی) بۆمان باس ده‌كات ( ساڵی 1973 له‌گه‌ڵ شاندی كورد پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك  ، من و كاك زاهیر محه‌مه‌د ، وریا ئه‌حمه‌د ، جه‌لال عه‌زیز ، ئه‌نوه‌ر تۆفی خوالێیان خۆش بێت ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندێك به‌ناوی ( جانۆ) كه‌ئامێری زوڕنای لێ ئه‌دا  و ، چه‌ند خانمێك  گروپێكی هونه‌ری به‌شداری ئه‌و فیستڤاڵه‌  جیهانیه‌ بووین، چالاكی زۆر جوانمان پێشكه‌ش كرد ، به‌جۆرێك هونه‌ره‌كه‌مان بوو بووه‌ هۆیه‌ك بۆ پێناسه‌ی میلله‌تی كورد له‌فیستڤاڵه‌كه‌دا) (14).

تیپی باواجی به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌رمه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌  زێڕینه‌كانی و به‌هه‌ست و سۆزی به‌رزی هونه‌رییان ، له‌ مانگی (2 ی ساڵی 1974) به‌شداری له‌

( میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی له‌شاری به‌غدا ) ده‌كه‌ن، تیپی مۆسیقای سلێمانی پله‌ی ( ئیمتیاز) به‌ده‌ست دێنن و تیپی باواجی كۆیه‌ ، پله‌ی( یه‌كه‌م ) له‌سه‌ر ئاستی تیپه‌ به‌شداربووه‌كان به‌ده‌ست دێنن.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و تێكچوونی ئه‌و كه‌ش و هه‌وا ئازادی یه‌ی له‌ 11/3/1970 تا مانگی 3ی ساڵی 1974) ، له‌و ساڵه‌دا واته‌ (1974)  ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس به‌بڕیارێكی شۆڤێنییانه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردن له‌تیپی باواجی كۆیه‌ ده‌سه‌نێته‌وه‌ ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان بۆ شاری كۆیه‌و هه‌ندێكیان شوێنی نیشته‌جێ بوونیان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و تیپه‌ لێوان لێوه‌ له‌چالاكی و به‌خششی هونه‌ری له‌كاركردن ده‌كه‌وێت ، هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د وه‌ك پیشه‌كه‌ی خۆی كه‌ مامۆستا بووه‌، درێژه‌ به‌وكاره‌ پیرۆزه‌ی ده‌دات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هونه‌ر و ئامێره‌ شیرینه‌كه‌ی ده‌ست به‌ردای یه‌كدی نابن.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌ساڵی (1979) وه‌ك مامۆستای وتنه‌وه‌ی وانه‌ی مۆسیقا له‌خولێكی مۆسیقا  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د ، ئه‌نوه‌ر تاهیر و شێركۆ مامۆستای وانه‌ وتنه‌وه‌ بووه‌ له‌ڕانیه‌وه‌ هاتووه‌) به‌شداربووه‌.

هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یدا هاوته‌ریب ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر ده‌بڕێت و له‌شاره‌كه‌ی حاجی قادر و دڵدار و خاڵه‌ تایه‌ر درێژه‌ به‌ژیان ده‌دات ، تا له‌ناوه‌ڕاستی  ساڵانی نه‌وه‌ده‌كات ،به‌ماڵه‌وه‌ ڕووده‌كاته‌ شاری هه‌ولێر و درێژه‌ به‌ژیان ده‌دات ،  له‌ساڵی (1997)  هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ( په‌رله‌مانی كوردستان) .

هونه‌رمه‌ند له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بۆ جاری دووه‌م ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێته‌وه‌ و به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌  ( 3) كوڕه‌ به‌ناوه‌كانی ( گۆران ، دیلان و تانگۆ) .

 به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی  هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای باواجی تۆماری كردوون ..!

هونه‌رمه‌ند له‌وماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا زۆر كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه‌ له‌ئاوازدان بۆ سروود و گۆرانی و  هۆنراوه‌ی شاعیران  و ئاماده‌كردنی چه‌ندین به‌ر‌هه‌می فۆلكلۆری، لێره‌دا به‌شێكی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو ،

1/ سروودی ( ئاگر به‌نه‌ختێ ئاو كوژایه‌وه‌) هۆنراوه‌ی ( كامه‌ران موكری)

2/ گۆرانی  ( جوانیت هه‌رده‌م)  هۆنراوه‌ی ( زه‌كی ئه‌حمه‌د هه‌ناری) و وتنی هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌ر تاهیر ) .

3/ گۆرانی ( ئه‌مان مردم ) هۆنراوه‌ی ( كوردی) و وتنی خۆی له‌ ( 7/11/1978) .

4/  ئه‌مڕۆكه‌  ڕۆژی كورده‌  ، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه‌ ، له‌ (12/2/1959) دایناوه‌، واته‌ ئاواز و هۆنراوه‌ و خوێندنی هونه‌رمه‌ند بووه‌.

5/ به‌هاری زه‌رد بۆ شه‌هید له‌یلا قاسم  ، هۆنراوه‌ی ( هێمن) ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند .

6/ بۆ نیشتمان  ، هۆنراوه‌ی ( قادر به‌شدار ) ئاوازی هونه‌رمه‌ند و خوێندنی ( هۆشمه‌ند زاهیر) .

7/ دیسان مانگی نیسانه‌ ، هۆنراوه‌ی ( دڵزار) ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند .

8/ ئۆپه‌رێتی ( لێواری ده‌ریا ) ئاوازی هونه‌رمه‌ند.

9/موناجاتی ( پاڕانه‌وه‌ له‌یه‌زدان) هۆنراوه‌ی ( مه‌دحه‌ت بێخه‌و)  ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، خوێندنی ( دڵنیاقه‌ره‌داغی) .

10/ سروودی ( لاوی كورد بوێنه‌) ۆنراوه‌ی ( دڵزار ) ئاوازی هونه‌رمه‌ند .

11/ سروودی ( ئه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست) هۆنراوه‌و ئاواز و وتنی هونه‌رمه‌ند . سه‌باره‌ت به‌ سروودی ( ئه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست) مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی ) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات  و ده‌ڵێت ( ده‌توانم بڵێم هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د  یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ تێكست و ئاوازی بۆ كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ داناوه‌و بۆمنی باس كردو كارێكی زۆر جوان و نایاب و ئه‌وكاته‌ش بارودۆخی شاری كۆیه‌ زۆر دژوار بوو خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌وه‌ ده‌ترسان كه‌شاره‌كه‌یان ڕاگوێز بكرێ ) (15) .

وه‌به‌شێكی دیكه‌ی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی وه‌ك ئاماده‌كردنی گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان وه‌ك ( بۆم بڵێ تۆزه‌ تۆزه‌  ، یاره‌كه‌م ده‌ڵێی بووكه‌ ، بزماره‌و بزماره‌، هه‌لا و هه‌لاوه‌ گوڵێ ، ده‌ی ده‌ی له‌وباڵابه‌رزه‌ ، شۆڕێ ماڵم شۆڕێ  و ...تاد ) .

له‌كۆتاییدا پێی ده‌ڵێم  مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی شاره‌كه‌ی كۆیه‌و  هه‌موو كوردستان خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت ، سڵاو له‌مێژووی جوانی پڕ به‌خششتان ،  هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی بواری مۆسیقا و سروود و ئاوازو گۆرانی جێ په‌نجه‌ی دیاره‌ له‌سه‌ر خه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی،

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ) به‌وچه‌ند وشه‌یه‌  خوێندنه‌وه‌ بۆ توانا هونه‌رییه‌كه‌ی هاوڕێ و هاوپیشه‌كه‌ی  زاهیر محه‌مه‌د ده‌كات  ( كاك زاهیر نموونه‌ی پیاوێكی له‌خۆبورده‌و  میهره‌بانه‌ ، ژه‌نیاری ئامێری كه‌مان به‌ئاستێكی جوان  ، هه‌روه‌ها ئاوازدانه‌رێكی به‌توانایه‌ كه‌ڕه‌سته‌ ئاوازه‌كانی جوانكاری مه‌قامی به‌ئاشكرا تیادیاره‌ ، كه‌سێكی گونجا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری خۆی و ، كه‌سێكی خۆنه‌ویست و به‌خزمه‌ت له‌گه‌ڵ دۆست و هاوڕێكانیدا) (16) .

وێڕای سڵاو دروود بۆ كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ، هه‌موو كات هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی پڕ ته‌ندروست و ئارامیی بۆ ده‌خوازم ، بابه‌ته‌كه‌م به سێ كۆپله‌ له‌هۆنراوه‌یه‌كی مامۆستا و شاعیر ( غه‌ریب پشده‌ری) هاوڕێی دێرینی هونه‌رمه‌ندزاهیر محه‌مه‌د ، كۆتایی پێدێنم  كه‌ ده‌ست و په‌نجه‌و ژه‌نینی ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند كه‌مانچه‌كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ( غه‌ریب پشده‌ری) داناوه‌  و ئه‌ویش به‌هه‌ست و سۆزی شاعیرانه‌ی (7) كۆپله‌ شیعری نوسیوه‌و كردویه‌تیه‌ گه‌ردنی به‌رزی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د.

( كه‌مانچه‌ ژه‌ن ساده‌ی ، توبی و خودا ئاوازێ

ئاوازی وا له‌گه‌ڵ بیره‌ تاساوه‌كه‌م بسازێ

له‌ناخی ته‌لی بێ ده‌نگی ماتا ، بێ دره‌نگ

سۆزێكی زۆر ساده‌و  ناسك ، بێته‌ ده‌نگ

كۆرپه‌ی نوستوی ،  هیوامی  پێ هه‌ڵسێنه‌

له‌باوه‌شی دایكی به‌دبه‌ختیا ، دای چڵه‌كێنه‌ ) .

 

جه‌مالی ده‌لاك  (11/6/2022) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌ :

لاپه‌ڕه‌یه‌كی گه‌ش له‌مێژووی هونه‌ری كوردی ، كۆمه‌ڵه‌ی بوژانه‌وه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان له‌كۆیه‌ ، نووسینی ( كه‌ریم شاره‌زا ) گۆڤاری ( به‌یان) ژماره‌( 53) له‌ كانونی دووه‌می 1979، لاپه‌ڕه‌ (56).

 دیوانی زه‌ینه‌ب خان ، كچه‌ كورد ، لاپه‌ڕه‌( 96) .

 له‌ئه‌رشیفی بیره‌وه‌ریه‌كانم دا ( هاریكاری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و باواجی له‌ساڵانی په‌نجاكاندا ) باكووری ، گۆڤاری كاروان ، ژماره‌ (44) ی مایسی 1986، لاپه‌ڕه‌ (56).

(4)گۆڤاری چلاواز ،  چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌ردار ئه‌حمه‌د ، دیمانه‌ : هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ، ژماره‌ ( 27) ئایاری 2008، لاپه‌ڕه‌ ( 37).

(5 و8) كتێبی  تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌  له‌ (1957_2008)  نوسینی باكووری  ، لاپه‌ڕه‌(30 ، 42).

 

(* و 6 و 9) گۆڤاری چلاواز ،، ژماره‌(39) ئایاری 2009 ،دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم) لاپه‌ڕه‌ (40).

(7) كتێبی  (كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم) وریا ئه‌حمه‌د ..باكووری  ، لاپه‌ڕه‌ (340).

(10) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ، رۆژی سێ شه‌ممه‌ 7/6/2022 ( ج،د).

 

(11 و 14 و 15 و 16) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و  هونه‌رمه‌ند(ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 7/6/2022(ج،د).

 

(12) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند(سه‌لاح محه‌مه‌د _ یان مام عه‌وڵا) ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 6/6/2022(ج،د).

(13)  كاتێك وێنه‌ ده‌دوێ ، گۆڤاری چلاواز ، ژماره‌( 49) له‌ ئاداری (2010) لاپه‌ڕه‌ ( 32) ئاماده‌كردنی : باوكی دێرین.

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.