Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 15:18

جەمالی مفتی .. ئەو هونەرمەندەی بۆ هونەر و ئازادی كوردستان گیانی بەختكرد  ..؟!

هونەرمەندی شەهید جەمالی مفتی ( 1956_ 19/7/1981)
کوردستان TV
100%

هونەرمەندانی كورد بەگشتی بەشێكی دانەبڕاوی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كوردبوون ،بەتایبەت هونەرمەندانی گۆرانیبێژو سروودبێژ كە دەنگ و چریكەیان لەگەڵ شریخەی چەكەكانیان لەسەنگەری بەرەنگاربوونەوەدا بەرامبەر بەداگیركەرانی كوردستان تێكەڵ كردووە ، لە هەموو شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخوردانه‌كانی گەلی كورد، هونەر و هونه‌رمه‌ندان پشتیوانییەكی گەورەی شۆڕش بوون ،
هه‌روه‌ك چۆن مامۆستا ( هێمن) ی شاعیر فه‌رموویه‌تی : ( هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك پێشمه‌رگه‌یه‌ ،به‌راستی من پێم وایه‌ شۆڕش بێ هونه‌ر شۆڕش نییه‌..! هونه‌ره‌ شۆڕش گه‌وره‌تر ده‌کات ، جا هونه‌ر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت ، هونه‌ر هه‌رکاتێکی له‌خزمه‌تی دوژمن دا نه‌بوو ، له‌خزمه‌تی ئینسانیه‌تدایه) (1)‌.

لەسەرەتای سەدەی پێشوو شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەمان لەباشووری كوردستان لەگەشەسەندندابوو گەلێك هونەرمەندی گەورەو بەتوانا و خاوەن هەڵوێست بە چریكەو هەستی نەتەوەییان خۆیان لەسەنگەری بەرگریدا بینییەوە سروودی شۆڕشگێڕیان بۆ شۆڕشی كورد و كوردستان خوێندووە ،سروودە نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەكان بەدەنگی ئەو هونەرمەندانە ببوونە داینەمۆی شۆڕش و جۆشدانی هەستی نەتەوەیی بۆ زیاتر قوربانی دان و خۆڕاگری  لەناو جەماوەر و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەپێناو ئازادی و ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ،
لەو سەردەمەدا گەلێك هونەرمەندی خاوەن هەڵوێست بوونە شۆڕەسواری ئەو بوارەو بەرگریان لەنەتەوەو خاك و شۆڕشی گەلەكەیان كردووە ،هونەرمەندانی وەك : (تایەر تۆفیق ، حەمەصالح دیلان ، خالید دلێر، حەسەن زیرەك ، ڕەفیق چالاك ، حەمە جەزا ، فوئاد ئەحمەد ، عوسمان عەلی ، برایمی خەیات ، عومەر دزەیی و ڕه‌سوڵ گه‌ردی  ... تاد )
لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول و سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان ، هونەرو هونەرمەندانی كورد وەك ئەركێكی نەتەوەیی بۆ پشتیوانی شۆڕش و هونەری بەرگری هاوشانی خەباتی چەكداری سۆزو پەیمانیان دوبارەكردەوە بۆ درێژە دان بەخەبات و تێكۆشانی هونەری ،هونەرمەندان لەشاخ و شار بەجۆش و خرۆشێكی بەتین و پتەوتر لە پێشوو گوڕیان  بەخەبات دایەوە و هونەری بەرگرییان بە گۆرانی و سروودە شۆڕشگێڕییەكانیان دەوڵەمەندكردەوە ئەو سروودانە لەڕادیۆكانی شۆڕشی كوردستانەوە دەبیستران و ببوونە وێردی سەرزاری كۆمەڵانی خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ، 
لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ لەباشوور و درێژەدان  بە خەبات هاوشان لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ، لەڕۆژهەڵاتی كوردستانیش بڵێسەی شۆڕش و بەرخوردان پەرەی سەند ، لەڕووی هونەری بەرگرییەوە لەنێوان باشوور و ڕژهەڵات پەیوەندییەك و تێكەڵاوبوونێكی  هونەری لەبرەودابوو، 
لەڕۆژهەڵاتی كوردستانیش چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژ و دەنگخۆش جیا لە گۆرانی ئەوینداری و كۆمەڵایەتی چەندین سروودی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیان خوێند و تۆماركرد ، مەبەست لە خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی لە باشوور و باكورو ڕۆژهەڵات تەنها بۆ ئەوەبووجیا لەخەبات و تێكۆشان و  چالاكی بەردەوامی پێشمەرگە لەڕێگەی هونەری بەرگرییەوە  خۆشەویستی شۆڕش و ئازادی  وڵات بگەیەندرێتە نێو قوڵایی ناخ و دڵی جەماوەری كوردستان ، ئەو هونەرمەندە  سروودبێژانە سروودەكانیان  كردبووە بزوێنەری بەرگریكردن و خۆڕاگری و كۆڵنەدان لەپێناو بەدیهێنانی مافە زەوتكراوەكانی ئەم گەلە بندەستە ،
ئەو هونەرمەندە سروودبێژانەی لەوسەردەمەدا كە هەندێكیان جیا لەكاری هونەری  بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیشیان پۆشیبوو چەكی قوربانیدانیشان كردبۆوە شان  و لەو ڕێگە پیرۆزەشدا گیانیان بەختكردووە ،بۆ ئەوەی بیسەلمێنن و پێمان بڵێن ئەم خاك و نیشتمانە پێویستی بەخەبات و تێكۆشانی هەموو تاكێكی كوردە ، ئەو هونەرمەندانەی كە سروودەكانیان هەمیشە بۆ بەهێزكردنی  ورەی خەباتگێڕان و پەرەپێدەری هەست و بیری نەتەوەیی و شۆڕشگێرانەی جەماوەر بوون وەك : 
 (حەمەجەزا ، ناسری ڕەزازی  ، نەجمەدینی غوڵامی ، ئەنوەر قەرەداخی ، مەرزیە ، شڤان پەروەر ، غوڵام عەلی ئاتەشی ناسراو بە ( كاڵێ‌)  تایەری خەلیلی ، لالۆ ڕەنجدەر ، كەریمی بلووری ، ڕه‌شیدی فه‌یز نه‌ژاد، ئازاد خانەقینی ، شوان كابان ، مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و جەمالی مفتی .... تاد ) لەگەڵ خەبات و تێكۆشانی شۆڕگێڕانەی ئەو هونەرمەندە سروود بێژانە كە هەمیشە لەبەرەی گەل دا بوون ، ناكرێت ڕۆڵی ئەو هونەرمەندە موزیسیانانەی كەبەنهێنی لەشارەكاندا كاری هونەرییان بۆ هونەرمەندان ئەنجام دەدا لەو بارودخەناهەموارانەدا كەدەسەڵاتی ڕه‌شی داگیركەر لەلوتكەدابوو  فەرامۆش بكەین و هەمیشە دەبێت بەڕێزو حورمەتەوە لەكارە هونەرییەكانیان بڕوانین ، هەروەها   ڕۆڵی تیپە  مۆسیقیه‌كانی كوردستان بەگشتی بەتایبەت( تیپی مۆسیقای شۆڕش ، تیپی مۆسیقای شەهید كارزان ، تیپی مۆسیقای منداڵانی بێخوود ،كۆڕی هونەری  بانگەوازی كۆمەڵە و تیپی مۆسیقای پاشای گەورە لەڕواندز و تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان  ...  تاد  )  
یەكێك لەو هونەرمەند و دەنگخۆش و سروودبێژەی كەلەسەرەتای كاری هونەرییەوە تائەو ڕۆژەی گیانی بەخشیە شۆڕشە پیرۆزەكەی كوردستان بەگۆرانی ئەوینداری و سروودی شۆڕگێرانەخزمەتی بە هونەری نەتەوەكەی كرد ، ئەویش  هونەرمەندی شەهید 
(جەمالی مفتی ) یە .
هونه‌رمه‌ند جەمالی مفتی،  لەساڵی ( 1956) زاینی بەرامبەر بە ( 1335) ی هەتاوی  لە گەڕەكی ( هەشت میتری )  شارە شیرینەكەی ناوچەی موكریان ، شاری سابڵاخ لەخێزانێكی شارنشین و مام ناوەندی و دینداری پێشكەوتوو لەدایك دەبێت ،
جه‌مالی ده‌نگخۆش و خاوه‌ن به‌هره‌ ، هەرلەسەرەتای منداڵییەوە بەهۆی ڕەفتارە جوان و شیرینەكانی دەبێتە خۆشەویستی نێو هاوڕێكانی  هەمیشە  دەم بە خەندە ، خوێن شیرین و ڕەوشت بەرز بووە، تاتەمەنی بەرەو سەرووتر هەڵدەكشا زیاتر لەنێو خەڵكی و  كۆڕو كۆمەڵدا خۆشەویستر دەبێت ، بەهۆی سیاسەتی داگیركارانەی داگیركەرانی كوردستان گرنگ نەبووە لەهەركوێیەكی كوردستان بێت ، هەمیشە دژ بەفەرهەنگ و كلتوور و ئەدەب و هونەری نەتەوەی كورد كاریان كردووە و نەیان هێشتووە ئەم نەتەوە بندەستە هەوای ئازادی هەڵبمژێت ئەوەش گەورەترین زوڵم و ستەمە لە هونەرمەندی كورد لە هەمووبوارەكانی ژیاندا لێیكراوە و نەیان هێشتووە خوێندنگەیەكی زانستی هونەری بەگشتی لەكوردستاندا هەبێت نەبادا هونەرمەندی كورد لە فێرگەی زانستی هونەردا فێرببن و گەشە بە هونەرەكەیان بدەن ،نەك ئەو خوێندنگە هونەرییە هەرنەبووە بەڵكو لەڕوانگەی مەزهەبیشەوە لە هونەرمەندی كورد حەرامكراو  و  بڤه‌ بووه‌..!‌، داگیركەران هەمیشە خەڵكیان وابارهێناوە كەبەچاوێكی كەم و نەشیاو لە هونەرو هونەرمەندانی كورد بڕوانن و بەلۆتی و شایەر ناوببرێن،
جەمالی مفتی وەك تەواوی هونەرمەندانی پێشوو و سەردەمی خۆی بێ‌ پشت و پەنا بووە و خۆڕسك درووست بووە ، ئەوەش بەهەوڵ و ماندووبوون و بەهرە دەنگخۆشیەكەی كەلەژێركاریگەری و ڕێچكەی هونەرمەندی گەل و نیشتمان پەروەر ( تایەر تۆفیق ) و مامۆستای مەقامات ( عەلی مەردان ) قوتابی قوتابخانە هونەرییەكەی ئەو دوو هونەرمەندە هەردەم زیندووە بووە ، هەروەها لەژێركاریگەری كوچەو كۆڵانەكانی زێدەكەی وەك ( باخی سیسە ، سەرخڕێ‌ ، ئاشی مام ئەحمەد ،مزگەوتی سوور ، چوارچرا ، باخی ئیندەرقاش ، وسووكەند ، باخی میكایل و مەحمود كان )و سرووشتە جوان و دڵڕفێنكەی شاری سابڵاخ دا بووە ، ئەو شوێنانە بۆ جەمال ببوونە خوێندنگەو پەیمانگاو زانكۆ بۆگه‌شه‌ پێدانی  هونەرەكەی ،دەنگە بەسۆزو خۆشەكەی جەمالی مفتی لەو شوێنانە ڕۆژبەڕۆژ بەگوێ‌ و ڕووحی خەڵكی سابڵاخدا ئاشنادەبوون ،
هونەرمەندی گۆرانیبێژ ( میكائیل ) سەبارەت بە باخی میكایل و پەیوەندی جەمالی مفتی بەو باخەوە دەڵێت :
( له‌و كاته‌دا باخی میكایل شوێنێك بوو بۆ ڕووناكبیرو نووسەر و سیاسی ، كەبەتەمەن لەمن گەورەتربوون لەم باخەدا كۆدەبوونەوە و شوێنێكی تایبەت بوو ، منیش لە و باخەدا گەورەبووم و گۆرانیم دەگوت بەتایبەتیش مامۆستا ( جەمالی مفتی) لەمن بەتەمەنتر بوو گۆرانیەكانی مامۆستا تایەر تۆفیقی بۆ دەنوسیمەوە و فێری دەكردم )  (2)  
لەو سەردەمەدا لەشاری سابڵاخ جەمالی مفتی وەك قوتابیەكی باش و چالاكی تایەر تۆفیق زیاتر دەناسرا ،بۆزیاتر ئاشنابوون  بەكاریگەری و خۆشەویستی جەمالی مفتی بۆ دەنگ و هونەرەكەی مامۆستا تایەر تۆفیق ، یەكیك لە هاوڕێ‌ و خزمەكانی جەمالی مفتی
 ( كاوەی مەدەنی ) دەڵێت : (( هەركاتێك جەمالی مفتی دەیچریكاند نەتەنیا دڵی دانیشتوانی ماڵ بەڵكو دڵی جیرانەكانیشی  دەگەڵ چریكەی خۆی بەرەو جیهانێكی دی دەبرد ، بۆیەكەم جار گۆرانی ( نەمام نەمام) م بەدەنگی جەمال گوێ‌ لێبوو ، لەبیرمە ئەوكات دەنگخۆشانی لاوی شاری مەهاباد زیاتر گۆرانیەكانی هونەرمەندانی موكریانیان دەگووتەوە بەڵام ئەو زیاتر هۆگری مامۆستا تایەر تۆفیق و مامۆستا عەلی مەردان بوو گۆرانییەكانی ئەوانی دەگوتەوە ، خۆم بیستوومە گوایە مامۆستا تایەر تۆفیق ئەو سەردەم گوتبووی لاوێكی مەهابادی بەنێوی جەمالی مفتی ئاهەنگەكانی منی زۆر چاك و ڕێك و پێك گوتونەوە). (3) 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگ و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندان ( حەسەن زیرەك و محەمەدی ماملێ‌ ) كاریگەری بێ‌ وێنەیان لەسەر هونەرەكەی جه‌مالی مفتی  داناوە  بۆ بەره‌وپێش بردنی هونەرێكی پوخت و پاراو ،جەمال لەبواری هونەریدا هەنگاوێكی باشی ناوە و زۆر زوو بووە هونەرمەندێكی بەتوانا و دەنگخۆش بەتایبەت لەناو چینی لاوان و گەنجان و ئەو كەسایەتیانەی هەمیشە ئالوودەی هەستی نەتەوایەتی بوون .
جەمالی مفتی لەساڵی (1976 بۆ 1977)  ڕوودەكاتە ڕادیۆ و  تەلەفزیۆنی ناوچەیی لەشاری مەهاباد و چەند مه‌قام و گۆرانییەك تۆماردەكات و ، هەرلە وساڵەدا كۆنسێرتێكی گۆرانی لە خانەی جەوانانی مەهاباد ڕووبەڕووی جەماوەرە خۆشەویستەكەی پێشكەش دەكات ،خەڵكی ئەو شارەش بەگەرمی پێشوازی لێدەكەن، ئەوەش دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی جەمالی مفتی زۆر چڕتر لە جاران له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و بۆنەكاندا بەجۆشتر و به‌هەستێكی بەرپرسیارێتیەوە گەشەی بە هونەرەكە دەدات و هەمیشە مەبەستی بووە بۆ هونەر و نەتەوەكەی بژی ، زۆر جاران لەنێو كۆڕو كۆبوونەوەو نێو هاوڕێكانیدا هەردەم ئەم هۆنراوەی ( خەیام ) ی خوێندۆتەوەو پاشان بە مەقام پێشكەشی هاوڕێیان و ئامادەبوانی كردووە :
( ڕابوێره‌ بەسەر بەرزی بەنان و ئاوێك                        سەردامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێك 
ئەم ژینە كە هەردەمێكە دێت و دەڕوات  
 مەردایەتی مەفرۆشە لەپێناو تاوێك )

خۆشەویستی و هونەرمەندی جەمالی مفتی تەنها لە چوارچێوەی شاری مەهاباد دا نەمایەو ، بۆن و بەرامەی هونەرو دەنگخۆشیەكەی و هەستە نەتەوەییەكەی سنووری بەزاندوو بەشارەكانی تری ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستاندا بڵاوبۆوە ،
لەساڵی (1978) بەهۆی چەند هاوڕێیەكیەوە لەشاری مەهاباد ئاشنابووە بەسیاسەت و هەستی شۆڕشگێڕانەی تەشەنەی سەندووەو بەگۆرانی و سروودە پڕجۆشەكانی كورەی خەبات و تێكۆشانی گەرم و بەتینتر كردووە ، جەمالی مفتی وەك هونەرمەندێكی ڕووناكبیرو پێشكەوتنخواز هەرزۆر زوو چریكەو چەكی تێكەڵاوی یەكتری كردوو لەڕیزی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە درێژە بەخەبات دەدات ، دوای ئازادكردنی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ، جەمال  لەیەكێك لە قوتابخانەكانی  شاری بۆكان دەبێتە مامۆستا ، وهەروەها دەبێت بەئەندامی كۆمەڵەی مامۆستایانی سەربەخۆ و  وانە بەمنداڵانی كورد دەڵێتەوە بەڵام لەگەڵ فێركردنی خوێندن و نوسین و وانەی هونەر، وانەی  شۆڕش و شۆڕشگێڕی بەمنداڵانی ڕەش و ڕووت و بەشمەینەتان و منداڵانی  كرێكارو  زەحمەتكێشانی كورد وتۆتەوە ،دوای داخستنی قوتابخانەكان لەلایەن ڕژێمەوە جەمالی مفتی زۆر ئازایەنەو شێلگیرانە بەرامبەر بەو بڕیارە وەستاو هەوڵێكی بێ‌ وێنەی داوە لەبەرامبەر كردنەوەی ئەو قوتابخانانەدا بەڵام بێ‌ سوود بووە.
جەمالی هونەرمەند و شۆڕشگێڕ ڕوودەكاتەوە شاخ و جارێكی تر دەست دەداتەوە چەك و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشێتەوە 
بەڵام ئەمجارەیان جەمالێكی بەئەزموونتر و قاڵتر لە هونەرو هەستی نەتەوایەتی ، لەتەواوی كۆبوونەوەو جێژن و بۆنەكاندا بەدەنگە زوڵاڵ و خۆشەكەی بەرنامەكانی ڕازاندۆتەوە ، گۆرانی و سروودە شۆڕشگێڕییەكانی جەمالی مفتی بەشێكی زۆر گرنگیان لە هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی پڕكردۆتەوە بەتایبەت هونەری بەرگری و شۆڕگێڕانە.
گۆرانییەكانی جەمالی مفتی لەماوەی ژیانی هونەریدا خوێندوونی بریتین لەم بەرهەمانە وەك :
 ( له‌وڵاتی غەریب ، لیمۆ هەی لیمۆ ، ئارامی گیانم ، كیژەكەی كافرۆش ، هەرمێ‌ ، كراس زەردێ‌ ، سەیری زەمان گۆڕاوە ، وەك قومری ، ئەی نازەنینم ، كۆڵان بەكۆڵان ، نەمام نەمام ، مەقامی لە گوڵێ‌ لەسوورە گوڵێ‌ ، مەقامی دەمبینی كە غەمبارم ،ئەی موتریبی حەریفان ، سەدەی بیست ، گوڵاڵەسوورەی سەرگۆنای یارم (ئه‌م گۆرانیه‌ له‌ڕادیۆی مه‌هاباد له‌ساڵی 1977 به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ده‌نگخۆش ( قادری سه‌یاحی) تۆماری كردووه‌)  ، بەهارهاتەوە ، ئەی وەی زارا ، ئه‌ی بای نه‌سیم_مه‌قام) و ( ده‌خیلتم ئه‌ی بای سوبح و ئێواره‌ _ مه‌قام ،،  هەروەها ئەم گۆرانیانەشی لەگەڵ هونەرمەند ناسری ڕەزازی خوێندووە( دەمەگری و بەهارهاتەوە و ئه‌ی موتریبی حه‌ریفان).
 
هەروەها ئەو سروودانەی جەمالی مفتی لەماوەی ژیانی هونەری و خەباتی پێشمەرگایەتی و بەرگریدا  خوێندوونی وەك :
(ئه‌نته‌رناسیونال ، دووی ڕێبەندان ، ڕێی خەباتمان ، مام ڕەحمان ، كرێكارم ، من جوتیارم ، پێی ناوێ‌ ، من پێشمەرگەی كوردستانم ، هەڵگرین ئاڵای ئازادی ، یەكی ئایار ، 22 ی ڕێبەندان  ، كاك حەمە حسێن ، ئەیاری بەختیاری ، من كەڕۆڵەی كوردستانم  و ... تاد ) 
لەگەڵ یادو بیرەوەری  شەهید جەمالی مفتی دەبێت هەمیشە یادێك لە هەردوو شەهیدی  هاورێی  جەمالی مفتی بكەینەوە ئەوانیش ( عەبدوڵا وەیسی ) كە بە ( عەبە فلوت) ناسرابوو ، و (كەریمی بلووری) ، ئەویش دەنگخۆش و سروودبێژبووە ، هەركاتێك جەمالی مفتی و هاوڕێ‌ پێشمەرگەكانی  لەدوای چالاكییەك كە گەڕاونەتەوە مقەڕەكانی( ئاجی كەند ، ئاشی گوڵان ، قزڵجە و كولیجە)  كۆڕی شەوانی ئەو مقەڕانەیان  بەگۆرانی و قسەی خۆش و گاڵتەو گەپ لەگەڵ هەردوو هاوڕێی ( عەبەی فلوت و كەریمی بلووری )  ڕازاندۆته‌وه‌و گەرم و بەجۆش تر یان كردووه‌، 
جەمالی مفتی هونەرمەند و پێشمەرگە یه‌كی چاونه‌ترس و ئازا و بوێر و خۆشەویستی نێو هاوڕێ‌ پێشمەرگەكان و خەڵكی ناوچەكە بووه‌، بەردەوام دەبێت لە خەبات و تێكۆشان و برەودانی زیاتر بە هونەرەكەی و هەمیشە دڵ و دەروونی دەوروبەرەكەی بەدەنگە خۆشەكەی شادی پێ‌ بەخشیوون و بەردەوام لەپێشەوەی پێشمەرگە كاندابووە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی پۆڵاینی  هاوڕێكانی  به‌ده‌نگی به‌رز سروودی بۆ خوێندوون، جەمالی مفتی به‌داخه‌وه‌  لەڕێكەوتی  (28) ی پووشپەڕی ساڵی ( 1360) ی هەتاوی بەرامبەر بە ( 19/7/1981) لەچالاكییەكی گەورەو قارەمانانەدا لەشاری مەهاباد ، جه‌مالی مفتی شه‌هید ده‌كرێت، له‌به‌ر گه‌وره‌یی شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی ناتوانن  جه‌سته‌ی ساردو سڕی  شه‌هید جه‌مال له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌رباز بكه‌ن، ناچار ده‌بن له‌ناوشاری مه‌هاباد بیشارنه‌وه‌،تا شه‌وی داهاتوو هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی ده‌چنه‌وه‌ نێو شار و  ته‌رمی پیرۆزی  شه‌هید جه‌مالی مفتی له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌به‌ن و  له‌ڕێگا هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی به‌ هه‌نسك و قوڵپی گریانه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و سرووده‌یان ده‌وته‌وه‌ كه‌ شه‌وی پێشوو جه‌مالی پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌ڵۆیه‌ك پێشه‌نگی پێشمه‌رگه‌كان بوو سروودی بۆ ده‌خوێندن ،ته‌رمی پیرۆزی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ به‌ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی خه‌مبار و چاو به‌فرمێسك  لەشاری بۆكان بەخاكی پیرۆزی كوردستان ده‌سپێردرێت،  بەداخەوە مەرگ هەموو ئاوات و حەزە جوانەكانی جەمالی مفتی خستە ناو گڵ و نەیهێشت جەمالی هونەرمەندو گۆرانبێژ و سروودبێژ  چیتر بە دەنگە خۆشەكەی بچریكێنێ‌ و جارێكی تر لەگوڵێ‌ لەسوورە گوڵێی خاڵە تایەرمان بۆ بڵێتەوە، 
( زۆر حه‌یف بۆ شه‌هید جه‌مالی مفتی  زۆر جێی ئومێدی دوا رۆژ بوو ) ( 4) 
بۆ هونه‌رمه‌ند جه‌مالی مفتی  ته‌مه‌نی لاوی و خۆشییه‌كانی ژیانی و  گیانی به‌ختكرد له‌پێناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، باشه‌ نه‌ده‌كرا دوای هه‌وا كه‌یف و سه‌فا و خۆشییه‌كانی ژیانی بكه‌وێت و ئه‌و ژیانه‌ پڕ چه‌رمه‌سه‌رییه‌ هه‌ڵنه‌بژێرێت،  شه‌هید جه‌مالی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ نهێنی و خه‌می دڵ پڕ له‌ناسۆری بۆ نه‌ته‌وه‌ بنه‌ده‌سته‌كه‌ی بۆ هاوڕێی شار و شاخی كاك( پۆڵای نانه‌وازاده‌) به‌وشێوه‌یه‌ هه‌ڵده‌ڕێژێت ( خۆم بۆ ساغ نەدەبۆوە، بڕۆم بۆ ئورووپا و وەدوای دەرس و هونەر بکەوم یان چەک هەڵگرم و ببم بە پێشمەرگە. ئاخری بڕیارم دا بڕۆم و رێگەی یەکەم هەڵبژێرم.
هەرچی هەمبوو لە شریت و ئاڵبۆم و کتێب و شێعر و ئاهەنگی تازە کە ماوەیەکی زۆر کارم لەسەر کردبوون، لە توێی دوو جانتام ئاخنین و چووم بۆ تاران. پاسپۆرتم هەبوو، ویزای سوێدم وەرگرت و بڵیتی تەیارەم کڕێ و قەرار بوو بۆ سبەینەکەی هەڵفڕم و بڕۆم، بەداخەوە هەر ئەو ڕۆژە هەواڵی هێرش بۆ سەر کوردستانم بیست و قەڵەمی دەست و پێم شکا. دڵم بڕوایی نەدا بڕۆم، هەرچی کردم نەمتوانی خۆم قانع بکەم، کە خەڵکەکەم بەجی بهێڵم و بڕۆم. ئاخر من کوڕی ئەو خەڵکەم و بۆ ئەو خەڵکە دەژیم و بۆ ئەو خەڵکە گۆرانی دەڵێم و دەبێ هەر بۆ ئەو خەڵکەش بمرم. هونەری چی ئەگەر لە نێو خەڵک و خاک و نیشتمانی خۆم دا نەبم؟ بۆیە جانتا و مانتام بەجێهێشت و هەر بۆ سبەینی ڕا بە لای ورمێ دا خۆم گەیاندەوە سێڕای نەغەدە و بە لای خانەگێ و ئیندرقاش دا هاتمەوە نێو پێشمەرگەکان و چەکم هەڵگرت و بوومە پێشمەرگە) ( 5)
 كه‌واته‌  له‌خۆڕا مامۆستا هێمن نه‌یفه‌رمووه‌ ( هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك پێشمه‌رگه‌یه‌ ) به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌ری گه‌له‌چه‌وساوه‌كه‌یاند بوون و  هونه‌ره‌كه‌یان بۆگه‌له‌كی بووه‌ ، شه‌هید جه‌مالی مفتی كه‌سێكی دڵسۆز و خاوه‌ن وه‌فایه‌كی به‌رزو بڵند بووه‌ بۆ هاوڕێكانی ،  هه‌ركات یادی هاوڕێ شه‌هیده‌كانی كه‌وتۆته‌ هه‌ست و خه‌یاڵ ، فرمێسك به‌چاوانیدا هاتوونه‌ته‌ خوارو تێیچریكاندووه‌ و به‌مه‌قامه‌كانی ( ئه‌ژده‌هاك و وه‌لێ زاڵم ) كوڵی دڵی دامركاندۆته‌وه‌.
له‌باره‌ی توانای چڕینی مه‌قام و به‌سته‌ و سروده‌و كه‌ جه‌مالی مفتی  ئه‌گه‌ر زوو شه‌هید نه‌بایه‌و له‌ژیاندا بمابایه‌  ، كاك ( پۆڵای نانه‌وازاده‌ )  نوسیویه‌تی  ( بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەگەر جەماڵ شەهید نەبووبا و مابا، هونەرمەندێکی وەکوو ناسری ڕەزازی و نەجمەی غوڵامی لێ دەهاتە دەر و ئەویش کەسێک بوو وەکوو ناسر و نەجمە زۆر زوو دەیان بەرهەمی هونەری تۆمار کرد و یەکێک لە ئاواتەکانی ئەوە بوو کە سنوورە دەستکردەکەی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڕیبا و لە سولەیمانی و هەولێر و کۆیە لەگەڵ تیپە مۆسیقاکانی ئەوێ گۆرانی و سروودی بۆ نەتەوەکەی گوتبا)(6)
 
 بۆ زیاتر تیشك خستنەسەر لایەنە هونەریەكانی شه‌هید جەمالی مفتی و بەدەست هێنانی زانیاری زیاتر هونەرمەندی گەورەو هاوڕێی شەهید جەمالی مفتی  ، هونەرمەند ( ناسری ڕەزازی ) ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ی خسته‌ سەر خەرمانی   یادەكەمان ،
( من ساڵی 1977 لەگەڵ شەهید جەمالی مفتی ئاشنا بووم ،سەردەمی شای دەركراو كۆنسێرتێكی لەگەڵ ڕەشیدخانی فەیزنه‌ژاد لەشاری سەقز   پێشكەش كرد ، ساواك هێندەی نەمابوو كێشەیان بۆ درووست بكا ، ساڵی 1978 لەگەڵ كاك ئەبووبەكری بلووری هاتن بۆ ماڵی ئێمە لەشاری سنە، ئەو كاتە خۆپیشاندان لەشارەكانی كوردستان گەرم بوو  پاشان لەڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئەو كاتەی شاری سنە چەند گۆرانیی تۆماركرد  كە دوو لەو گۆرانیانە پلەی بەگ بوو ، من بیرەوەریم زۆرە لەگەڵ كاك جەمال ، لەشاری سابڵاخ چەندین جار پێكەوە گۆرانیمان گوتووە ، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەڵس و كەوتی نالەباری ئەو كاتەی چەن بەرپرسێكی كۆمەڵە ، شەهید جەمال توڕەبوو  گوتی ئەمانە لە هونەر تێناگەن و من دەبێ‌ پێیان بسەلمێنم كە دەتوانم لەشەڕدا بەشداربم ئەگەر وانەبایە شەهید جەمالیش وەكو ئێمە لەكۆڕی هونەریی بانگەوازدا كاری دەكرد ، هەرچەندە  كۆڕی هونەری بانگەواز دوای شەهیدبوونی شەهید جەمال دامەزرا ) (7) .
یادی شه‌هید جەمالی مفتی و كەریمی بلووری و عەبەی مەلا و قادر كابان و ئازاد خانەقینی و ئه‌رده‌وان زاخۆیی و هەموو ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژ و سروود بێژانەی كە بۆ ئازادی ئینسان و و ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی كورد و كوردستان خەباتیان كردووە، هونەرەكەیان لەو پێناوەدا بەخشی و خزمەتیان بەهونەری میوزیك و گۆرانی كوردی كردووە ، یادیان بەخێر و ڕووحیان شادبێت ، هەتا كوردێك بمێنێ‌ و بندەست بێت  پیرۆزی سروود و دەنگی هەموو ئەو سروود بێژانەش هەردەمێنێ‌
به‌بۆنه‌ی یاد و یاده‌وه‌ری له‌  شه‌هێدێكی هونه‌رمه‌ندو پێشمه‌رگه‌ ( جه‌مالی مفتی) شاعیر و وه‌رگێڕو نووسه‌ر ( ناسری حیسامی ) به‌هه‌ست و خامه‌ی ناسكی  ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی بۆ شه‌هید جه‌مالی مفتی نوسیوه‌  به‌ناوی  ( سه‌فه‌ری سروود : 

ئه‌وڕۆژه‌ی تۆ له‌ مهاباد گه‌ڕایه‌وه‌،
ئه‌رێ كێ بوو ئه‌و هه‌واڵه‌ی بۆ من هێنا؟
كێ بوو وتی:
«بولبوله‌ده‌نگخۆشه‌كه‌مان
به‌ ته‌وژمی باڵی هه‌ڵۆ هه‌ڵفڕیوه‌»؟
كێ بوو وتی:
«له‌ چوارچرا ده‌نگی دوایین سروودی زامداری جه‌مال
له‌ هاوار و ناڵه‌ی هه‌موو تفه‌نگه‌كان به‌رزتر بوو»؟
ئه‌و شه‌وه‌ی كه‌ پێیان وتین بۆ به‌یانی تۆ دێیه‌وه‌
قه‌ڵای بۆكان وه‌كوو دایكت چاوه‌ڕوان بوو
تا به‌ربه‌یان سه‌ری كێشا و
ده‌یڕوانی
له‌ شه‌قامه‌ بێده‌نگه‌كه‌ی داوێنی خۆی.
كه‌ هاتییه‌وه‌ من له‌وێ بووم.
له‌م سه‌ر تا ئه‌وسه‌ری شه‌قام
ئه‌وانه‌ی تۆیان خۆش ده‌ویست
ئه‌وانه‌ی خۆشت ویستبوون
وه‌ك دارستان، ئه‌مبه‌ره‌وبه‌ر ڕاوه‌ستابوون
قامه‌تی تۆش چنارێكی ڕاكشاو بوو
به‌ نێو داڵانی باغێكی پڕ له‌ سڵاو و سروود دا
تێده‌په‌ڕی.
خۆت بێده‌نگ و
سرووده‌كه‌ت له‌ گه‌رووی شارێك ده‌بیسترا.
ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ گه‌ڕایه‌وه‌
به‌ژنت بۆنی نه‌عنه‌ی كێویی لێده‌هات و
بۆنی خاكی به‌ر سووره‌تاو؛
بۆنی ده‌غڵی ده‌شتی به‌رینی شاروێران؛
بۆنی شنه‌ی پاییزانی باغه‌به‌هێی ئاجیكه‌ند و
بۆنی سه‌نگه‌ری به‌رباران.
ئێسته‌ هه‌موو بیرت ده‌كه‌ن؛
بیری خۆت و
ڕێژنه‌ی ده‌نگت:
شۆڕه‌بییه‌كه‌ی باغی سیسه‌ و
منداڵه‌ بێنازه‌كانی كۆڵانی ته‌سكی هه‌ژاری و
ده‌سفرۆشه‌ پیره‌كانی به‌ر كڕێوه‌ی ڕه‌نجه‌ڕۆیی.
كیژه‌كانی دڵداری خۆر
به‌ ڕه‌نگی گه‌شی نیگای تۆ
چاوی گوڵێكی ته‌ونیان ڕشت
له‌ قه‌راخی كانیاوی زۆر زوڵاڵی پێكه‌نینه‌ ئه‌به‌دییه‌كه‌ت؛
كاتێك لێویان باری لێ نیشت
وه‌كوو په‌رده‌ی ڕه‌نگ په‌مه‌یی نێو كۆڵانه‌ سووره‌كانی شاری هه‌نار.
كۆچت سه‌فه‌ری سروود بوو
ئه‌ی قه‌نارییه‌ ده‌نگخۆشه‌كه‌ی
هه‌ڵفڕینت له‌ فڕینی هه‌ڵۆ ده‌چوو.


جه‌مالی ده‌لاك (31/7/2021) 
سەرچاوە :  ( 1 و 4) دیدارێكی  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی و نه‌جمه‌دینی غوڵامی ) له‌گه‌ڵ مامۆستا (هێمن ) ساڵی (1982) گوندی ( شیلاناوێ) 
(2) دیمانە لەگەڵ هونەرمەند میكائیل ..هێمن ئاری ..گۆڤاری هەرێم ... ژمارە ( 534)
 (3)  كاوەی مەدەنی ... سایتی چیا           
(5 و 6) بیره‌وه‌رییه‌كانی كاك پۆڵای نانه‌وازاده‌ ( به‌شی 29) له‌ 27/3/2020) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك (Pola Nanvazade)
 
(7)  پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند ( ناسری ڕەزازی ) لەڕێكەوتی (19/6/2010)


 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.