Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 20:04

حه‌سه‌نی نه‌ی .. له‌ژیان و گوزه‌راندا هه‌ژار و له‌هونه‌ر دا ده‌وڵه‌مه‌ند ..!

( ؟؟؟؟ _ 20/7/1973)
کوردستان TV
100%

له‌یاده‌وه‌ری منداڵی و هه‌رزه‌كاریمدا له‌بۆنه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كاندا ، به‌تایبه‌ت له‌جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و قوربان دا له‌بڵندگۆی سینه‌ما( ڕه‌شید)  و هه‌ندێك له‌چایخانه‌كانه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌ گۆرانییه‌كی شادی به‌خشی هه‌ڵپه‌ڕكێ ئامێز ده‌بیسترا، ده‌نگێكی خۆش و ئامێرێكی باڵه‌بان و زه‌ڕبێك،كه‌ به‌ده‌ست خۆت نه‌بوو ڕاسته‌وخۆ كه‌مه‌ندكێشی نێو دنیایه‌كی لێوان لێو له‌شادی خۆشیی ده‌كردی، ته‌مه‌ن هه‌ڵكشا و به‌دوای ئه‌و كاسێته‌دا گه‌ڕام به‌ده‌ستم هێنا ناوی( پۆسته‌و ئیداره‌) بوو ..!

هه‌موو كاتێك كه‌ گوێبستی ئه‌و كاسێته‌ ده‌بووم بیرو هۆشم په‌لكێشی ده‌كردم بۆ لای ساده‌یی و پڕ زه‌وق و خرۆش و چێژی ئه‌و مۆسیقا و ده‌نگه‌ خۆشه‌ و، بیرم له‌ ناوی پۆسته‌و ئیداره‌ و ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ده‌كرده‌وه‌ و ، مه‌به‌ستم بوو بزانم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كێن و چۆن و له‌كوێ ئه‌و كاسێته‌ تۆماركراوه‌..؟  دوای گه‌ڕان و پرسیاركردن له‌ هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان،هه‌ندێك زانیاریم به‌ده‌ستهێنا،

ده‌با پێكه‌وه‌ بزانین ( پۆسته‌و ئیداره‌) واتای چییه‌و له‌كوێ وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌...؟!

ئه‌م هونه‌ره‌ میللیه‌ هه‌ڵقوڵاوی سروشتی پاك و دڵڕفێن و، ده‌نگ و ده‌ست وپه‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی بێ خه‌وش و خۆڕسكی كوردستانه‌‌ ‌، كه‌پێكهاتووه‌ له‌ دوو ئامێری وه‌ك ( باڵه‌بان و زه‌ڕب ) له‌گه‌ڵ چریكه‌ی به‌سۆزی خۆشخوانێك به‌ڕووحه‌یه‌تێكی پاكه‌وه‌ له‌ گه‌نجینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی فۆلكلۆره‌وه‌، ئاوازو شیعری ساده‌ی نێو گوند و دێهاتی وڵات سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و، به‌ گوێی گوێگر و بیسه‌ر گه‌یشتووه‌، ئه‌م هونه‌ره‌ شادی به‌خشه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار) ئاماژه‌ی پێداوه‌و ده‌ڵێت:  ( پۆسته‌و ئیداره‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، مه‌به‌ست ئه‌و دوو ئامێره‌ میللییه‌ كوردییه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاهه‌نگه‌كاندا به‌كارهێنراون( باڵه‌بان و زه‌ڕب) ، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ ( حه‌سه‌نی حاجی قاسم و عه‌به‌ی سه‌یدزاده‌) هێنایانه‌ شاری سلێمانی، هه‌روه‌ها وشه‌ی (پۆست) به‌زمانی فارسی واته‌ (پێست_ئه‌سڵی وشه‌كه‌ به‌فارسی : پوست) ، وشه‌ی ئیداره‌ ش ه‌نگه‌ به‌واتای (چوارچێوه‌ی ئامێری زه‌ڕب یان ئامێری ده‌ف) بێت كه‌ پێسته‌كه‌یان تێده‌گیرێت،یاخود ڕه‌نگه‌ مه‌به‌ستی ،گردبوونه‌وه‌ و كۆبونه‌وه‌  بێت به‌مه‌به‌ستی سازدانی به‌زم و ئاهه‌نگ) (1) .

سه‌باره‌ت به‌ پۆسته‌و ئیداره‌، ( جه‌مال عارف عه‌زیز) ناسراو به‌هونه‌رمه‌ند ( جه‌مال شادان) كه‌خۆی ژه‌نیاری باڵه‌بانه‌، زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو وشه‌یه‌ ( پۆسته‌ ئیداره‌) ده‌دات ، ( له‌ئاهه‌نگه‌كانی كورده‌واری جاراندا ئه‌م گرووپه‌ به‌ناوی پۆسته‌و ئیداره‌ به‌شدارده‌بوون، وه‌ك شایی بووك و زاوا ، یاخود منداڵبوون به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ (كوڕ) بوایه‌ حه‌وت شه‌و و حه‌وت ڕۆژ ئاهه‌نگ ده‌گێڕدرا و چێشت و گۆشت لێ ده‌نراو ده‌كرا به‌زه‌ماوه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕكێ، ( پۆست) بریتی یه‌ له‌ پارچه‌ چه‌رمێكی خۆشكراوو له‌ده‌می شه‌ربه‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌نرا بۆئه‌م كاره‌ یاخود ته‌خته‌یه‌كی تایبه‌ت ده‌چه‌مێنرایه‌وه‌ ، دوو جۆر بوو ( گه‌وره‌ یاخود بچووك) گه‌وره‌كه‌ پێی ده‌وترا ( ده‌هۆڵ) ، ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ ئامێری زوڕنادا بۆهه‌ڵپه‌ڕكێی ناو گۆڕه‌پان و حه‌وشه‌ گه‌وره‌كان به‌كارده‌هێنرا، بچووكه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ئامێری  باڵه‌بان (نه‌ی) و ( دووزه‌له‌ یاخود جووتزه‌له‌)  و (شمشاڵ) بۆ ناو  ژوور و دیوه‌خانه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌نگخۆشه‌كاندا ئاهه‌نگه‌كانیان پێ ده‌ڕازێنرایه‌وه‌ ، ئه‌م گرووپی پۆسته‌و ئیداره‌یه‌ له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ماندا بوونی هه‌بووه‌) (2).

پۆسته‌ و ئیداره‌، به‌هه‌ست و نه‌ست و زه‌وقی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللی یانه‌ هاتۆته‌ به‌رهه‌م و تۆماركراوه‌، هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌نی نه‌ی ( باڵه‌بان) ، عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه‌_ ناسراو به‌ عه‌زۆله‌( ئیقاع _ته‌پڵ) و عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان سه‌وزه‌_ناسراو به‌ عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ ( گۆرانیبێژ) ) . ئه‌م سێ هونه‌رمه‌نده‌ئه‌و كاسێته‌ به‌نرخه‌یان له‌ڕۆژگارێكدا تۆماركردووه‌، كه‌ ئامێری تۆماركردن به‌وشێوه‌ مۆدێرینه‌ی ئێستا نه‌بووه‌، ده‌بێت به‌چ ئامێرێكی تۆماركردنی ساده‌ تۆماركرابێت، وه‌هه‌روه‌ها ده‌بێت ڕۆڵی دڵسۆزیی و خه‌مخۆری ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ به‌رز بنرخێنین له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌خه‌می تۆماركردنی ئه‌و شاكاره‌ به‌رزه‌ی هونه‌ری شادی به‌خش و هه‌ڵپه‌ڕكێ تۆماركردووه‌ و ئێستا یه‌كێكه‌ له‌به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.

 نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( مارف ناسراو) له‌دیده‌نییه‌كی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( مونیر به‌شیر1930_28/9/1997 ) دا له‌ساڵی (1975) باسی ئه‌وڕۆژانه‌مان بۆ ده‌كات كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك ( مونیر به‌شیر ) عه‌وداڵ و تامه‌زرۆیی كاسێتی ( پۆسته‌و ئیداره‌) بووه‌، هه‌روه‌هامارف ناسراو ئاماژه‌ی به‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ش داوه‌ كه‌ئه‌و شاكاره‌ی تۆماركردووه‌، ( له‌گه‌ڵ كوڕێكی عه‌ره‌ب ناوی (سامر) بوو چوینه‌ ژووری (مونیر به‌شیر) ، سامر منی پێناساند ،ئه‌ویش وتی تۆ خه‌ڵكی سلێمانیت؟! وتم به‌ڵێ ، وتی تائه‌مڕۆ ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ سه‌روسۆراغی شریتێكی ( پۆسته‌و ئیداره‌) م تائێستا دوو سێ دانه‌شم بۆهاتووه‌ ! به‌ڵام هیچ كام له‌وانه‌ ئه‌و نییه‌! كه‌من له‌دوی وێڵم ، چونكه‌ ئه‌و شریته‌ ساڵی ( 1954 یا 1956) له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند

 ( قادر دیلان1930_18/3/1999 ) تۆماركراوه‌ ، جا تۆ لای خۆته‌وه‌ بزانم بۆم په‌یداناكه‌یت! منیش پێم وت به‌سه‌ر چاو هه‌وڵت بۆ ئه‌ده‌م،له‌هاتنه‌وه‌م بۆ سلێمانی چوومه‌ دیده‌نی شاعیر و هونه‌رمه‌ند( محه‌مه‌د ساڵح دیلان 1927_ 28/10/1990) به‌ناوی مونیر به‌شیره‌وه‌ داواكه‌یم پێووت،ئه‌ویش وتی ڕاسته‌ نوسخه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌م لایه‌له‌سه‌ر شریتی به‌كره‌یه‌ ناتوانم بده‌مێ شتی تایبه‌تی خۆمی تیایه‌، به‌ڵام لای ( ئه‌حمه‌دی قه‌ساب ، كه‌به‌ئه‌حه‌گێژی قه‌ساب) به‌ناوبانگ بوو وه‌ك ئه‌سڵیه‌كه‌ بۆت تۆمارده‌كا، هه‌رچۆنێك بوو شریته‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆما برده‌وه‌ به‌غدا و دامه‌ ده‌ست مامۆستا مونیر به‌شیر، دوای سوپاسێكی زۆر پێكه‌نی و وتی ئێوه‌ عه‌به‌ی سه‌یزاده ‌ده‌ناسن! ئه‌م پیاوه‌ زۆر به‌هره‌مه‌ندبوو) (3).

كه‌واته‌ ئه‌و كاسێته‌ (پۆسته‌و ئیداره‌) یه‌ ، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ دانسقه‌یه ‌تا ئه‌مڕۆ له‌نێو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كودریدا پله‌و پایه‌كی  به‌رزی هه‌یه‌ ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان) له‌ماڵی خۆیان تۆماری كردووه‌،له‌وسه‌رده‌مه‌دا هونه‌رمه‌ند قادر دیلان به‌چاوێكی پڕ ڕێزو به‌نرخه‌وه‌ له‌ توانای ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ڕوانیوه‌ و ڕێزی بۆ خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان داناوه‌‌.

هونه‌رمه‌ند ( مونیر به‌شیر ) كاتێك ده‌پرسێ (ئێوه‌ عه‌به‌ی سه‌یزاده ‌ده‌ناسن!) ئه‌و پرسیاره‌ زۆر خوێندنه‌وه‌هه‌ڵده‌گرێ..! مونیر به‌شیر له‌شاری به‌غداوه‌ ئاشنا بووه‌ به‌هونه‌ری به‌رزی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌كه‌ خاوه‌نی چ به‌هره‌یه‌كی به‌رزی هونه‌ری میللی بووه‌..! دڵنیام هه‌روا به‌سانایی ئه‌و پرسیاره‌ی نه‌كردووه‌..! بێگومان له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه‌  هونه‌رمه‌ندێكی به‌رز بووه‌..! .

بزانین هونه‌رمه‌ندی میللی ( عه‌به‌ی سه‌یزاده‌) كێیه‌..؟ له‌وانه‌یه‌ بپرسن ، بابه‌ته‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی،  ئه‌ی باشه‌ بۆ ناوی هونه‌رمه‌ند عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ش هاتووه‌..؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده‌هه‌ردوكیان زاده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانن و له‌وێوه‌ ئه‌و گه‌وهه‌رانه‌ هاتوونه‌ته‌ شاری سلێمانی و خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان ناساندووه‌، هه‌روه‌ها له‌ڕێی هونه‌ره‌وه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند زۆر لێك نزیكبوونه‌ته‌وه‌و هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند له‌شاری سلێمانی ژیانی هاوبه‌شی پێكدێنن و دوو خوشك ده‌كه‌نه‌ هاوسه‌رییان،هه‌ردووكیان به‌سه‌دان شایی و زه‌ماوه‌ند و ئاهه‌نگیان یان پێكه‌وه‌ئه‌نجام داوه‌ ، خزمه‌تێكی زۆریان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری ڕه‌سه‌نی كوردی كردووه‌،چه‌ندین عاشق و ئه‌وینداریان له‌ كۆڕی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك وشایی و زه‌ماوه‌ند به‌هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌ن و شادی به‌خشه‌كه‌یان به‌یه‌ك گه‌یاندووه‌،( له‌سه‌ر ده‌ستوور و داب و نه‌رێتی ئه‌و كاته‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ و ڕه‌شبه‌ڵه‌ك نه‌ده‌بوو بوه‌ستێت، ئه‌م ده‌ستی به‌رده‌دا، ئه‌و ده‌چووه‌ جێگه‌ی، ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری ڕيزبه‌ندى شایی دیارنه‌بوو، هه‌ر له‌ چه‌پی و سێپێی و قه‌ڵایی و گه‌ڕیانی و خانه‌میری و... هتد، ڕه‌شبه‌ڵه‌ك سازده‌كرا عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ و وه‌لی کوڕی و یه‌كێكی تریان له‌گه‌ڵ بوو به‌ناوی مام حه‌سه‌ن كه‌ خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو به‌زمه‌كه‌یان واجۆش دابوو كه‌س ئاگای له‌ خۆ نه‌بوو، لووتی زوڕنا بۆ هه‌ر لایه‌ك به‌رزكردایه‌ته‌وه‌ ئه‌وا ده‌هۆڵ ژه‌نیش زیاتر گه‌رمی ده‌كرد و ده‌یكوتا و به‌ره‌و ڕووی ده‌چوو) (4) .

سه‌باره‌ت به‌مێژووی ئه‌م هونه‌ره‌ شادی به‌خشه‌ له‌ڕێی ئامێره‌كانی ( ده‌هۆڵ و زوڕنا) و چ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر ڕازاندنه‌وه‌ و جوانتركردنی شایی و زه‌ماوه‌نده‌كان هه‌بووه‌ ( واپێده‌چێ كه‌ كۆنترین تیپی مۆسیقیه‌ له‌كوردستان، تیپی باڵه‌بان و ده‌هۆڵ ، یان زوڕناو ده‌هۆڵ له‌مێژوویه‌كی زۆر دێرینه‌وه‌ ئاهه‌نگه‌كانی كوردستانیان گه‌رم كردووه‌ و دڵی لاوان و پیرانیشیان جۆشاندووه‌ و قرمه‌ قریوه‌و هه‌ی دۆ هه‌یدۆیان خستۆته‌ ناو شایی و ڕه‌شبه‌ڵه‌كه‌كانه‌وه‌و ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش و شینیان به‌شایی كه‌ره‌كان و ئاوی پێ یان داهێناوه‌ و گیرفانیان پێ به‌تاڵ و حه‌تاڵ كردوون..!)(5).

  كه‌واته‌  له‌پاڵ یادكردنه‌وه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندی نه‌یژه‌ن مام حه‌سه‌نی نه‌ی ده‌بێت ناوی هونه‌رمه‌ند عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ش بهێندرێت و یادی فه‌رامۆش نه‌كرێت،چونكه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند له‌كۆڕی به‌زم و شادی دا ته‌واكه‌ری یه‌كتری بوون.

هونه‌رمه‌ند عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ كێیه‌..؟!

نووسه‌ر و ڕۆشنبیر به‌ڕێز ( عه‌بدولی حه‌مه‌ باقی) له‌نوسینێكی سه‌باره‌ت به‌م هونه‌رمه‌نده‌دا نوسییه‌تی ( ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌مان ناوی ته‌واوی ( عه‌بدوڵڵا ڕه‌حمان سه‌وزه‌) یه‌ ، به‌عه‌بدوڵڵاخان_یش ناسراوه‌، له‌ساڵی (1900) له‌ ( تێكانته‌په‌ی هه‌وشار) له‌دایكبووه‌، دایكی ناوی ( زه‌هره‌ قادر عه‌بدوڵڵا)  یه‌ مامه‌ عه‌به‌ سه‌ربه‌عه‌شیره‌تی ( تیله‌كۆ) یه‌، له‌ساڵی (1920) له‌ڕێی شارۆچكه‌ی ( پێنجوێن) ه‌وه‌ هاتۆته‌ شاری سلێمانی و له‌ساڵی (1951) ژنی هێناوه‌ ، ناوی ( خه‌دیجه‌ حه‌یده‌ر مه‌نسور) ه‌و چوار منداڵی لێ بووه‌) (6).

بابگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ژیانی هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، بزانین كێیه‌و چۆن و كه‌ی هاتۆته‌ شاری سلێمانی ؟

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن حاجی قاسم ، ناسراو به‌مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ( ئازه‌ری) بووه‌، به‌داخه‌وه‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ ئاماژه‌ به‌ساڵ و شوێنی له‌دایكبوونی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ته‌ بدات ..؟!

دوای گه‌ڕانێكی زۆرم سه‌باره‌ت به‌ده‌ستكه‌وتنی زانیاری له‌باره‌ی سه‌ره‌تای هاتنی هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی بۆشاری سلێمانی، چۆنیه‌تی هاتنی و هه‌روه‌ها چ كه‌سایه‌تیه‌ك ئه‌م گه‌وهه‌ره‌ به‌نرخه‌ی به‌دیاری بۆشاری سلێمانی هێناوه‌..؟!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( فه‌ڕه‌نسیس داود) له‌ڕێی دیدارێكیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا وهونه‌رمه‌ند ( عادل حه‌مه‌ كه‌ریم) به‌وشێوه‌یه‌ باس له‌مام حه‌سه‌ن ده‌كات ، چونكه‌ ماوه‌ی (2) دووساڵ له‌خانووه‌كه‌ی ماڵی مامۆستا فه‌ڕه‌نسیس داود كرێنشین بووه له‌نزیك كه‌نیسه‌كه‌‌ له‌گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ ، له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه‌دا به‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ری مام حه‌سه‌نی نه‌ی ئاشنابووه‌، ( له‌بنه‌ڕه‌تدا مام حه‌سه‌نی نه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی عێراق نه‌بوو..! كاتی خۆی شێخ له‌تیفی حه‌فید له‌چله‌كانی سه‌ده‌ی  ڕابردوودا له‌ناوچه‌ی ( ته‌برێز) كاك حه‌سه‌نی نه‌ی بۆیه‌كه‌م جار بینیوه‌و پێیی سه‌رسام بووه‌ ، حه‌سه‌نی نه‌ی له‌ته‌برێز لای ئاغایه‌ك بووه‌و له‌وێ كاری كردووه‌، شێخ له‌تیف ته‌كلیفی له‌و ئاغایه‌ كردووه‌ ، كه‌ ڕێگه‌ی بدات كه‌ مام حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ خۆی بباته‌ شاری سلێمانی) (7).

ئه‌و زانیارییه‌ زیاتر هانی دام تا بگه‌ڕێم به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ووردتر ، تابزانین مام حه‌سه‌ن له‌ساڵی چه‌ند هاتۆته‌ شاری سلێمانی ، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پێوه‌ندیم كرد به‌ به‌ڕێز ( سه‌رمه‌د له‌تیف) نه‌وه‌ی ( شێخ له‌تیفی شێخ مه‌حمودی شێخ سه‌عیدی حه‌فیدزاده‌، 1917_ 12/5/1972) كرد، وتی ( باپیرم چه‌ندجارێك چۆته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، جاری یه‌كه‌م ساڵی (1942 تا 1943)  دواتر له‌ساڵی (1945) جاێكی دیكه‌ ده‌چێته‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات، بۆشاری بانه‌ بۆلای ( سه‌لیم خانی بانه‌) ، له‌ڕێی ئه‌م سه‌ردان و تێكه‌ڵابوونه‌و  هاوسۆزییه‌ و شێخ له‌تیف كوڕی مه‌لیكی كوردستانه‌ ، له‌ساڵی (1948) باپیرم( شێخ له‌تیف)  هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ( ته‌ڵاخان) كچی سه‌لیم خانی بانه‌ ده‌كات) (8) .

له‌م گه‌شتانه‌ی شێخ له‌تیفی حه‌فید بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، دیاره‌ له‌یه‌كێك له‌سه‌ردانه‌كانی ئه‌و بلیمه‌ته‌ پڕ به‌هره‌ هونه‌رییه‌‌ ده‌بینێ و  ده‌ست و په‌نجه‌و سۆزی باڵه‌بانه‌ به‌جۆشه‌كه‌ی هه‌ست وسه‌رنجی شێخ له‌تیف بۆلای خۆی ڕاده‌كێشێ وجه‌نابی شێخیش نایه‌وێت ئه‌م گه‌وهه‌ره‌ له‌ده‌ست بدات، له‌و ئاغایه‌ی كه‌ مام حه‌سه‌ن لای كاری كردووه‌، جه‌نابی شێخ له‌تیف   داوای مام حه‌سه‌ن ده‌كات ، به‌پێی ئه‌م زانیاریانه‌ ده‌توانین بڵێین ، مام حه‌سه‌نی نه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كاندا هاتۆته‌ شاری سلێمانی، به‌پێی زانیارییه‌كانی نووسه‌ر و هونه‌ردۆست ( عه‌بدولی حه‌مه‌ باقی) سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تای هاتنی  هونه‌رمه‌ند( عه‌به‌ی سه‌یزاده‌)  له‌شارۆچكه‌ی پێنجوێنه‌وه‌،ئه‌ویش له‌ڕێی ( سه‌لیم خان) ه‌وه‌ ڕێنوێنی كراوه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌‌ شاری سلێمانی بچێته‌ خزمه‌تی ( شێخ مه‌حمود مه‌لیكی كوردستان) ( هونه‌رمه‌ند عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ شاری سلێمانی له‌پێنجوێن چۆته‌ ماڵی سه‌لیم خان، ئه‌وان ڕێنوێیان كردووه‌ و نامه‌یان داوه‌تێ و ناردوویانه‌ بۆ لای شێخ مه‌حمودی حه‌فید، دواتر مه‌لیك مه‌حمود پێشوازی گه‌رمی لێكردووه‌و زۆر رێزی لێگرتووه‌، دیاریشه‌ مه‌لیك مه‌حمود كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دۆست بووه‌ ، ماوه‌یه‌ك له‌حزووری مه‌لیكدا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی كۆڕی گه‌رم كردووه‌) (9) .

ئه‌م زانیارییه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ ، كه‌ شێخ له‌تیفی حه‌فید وه‌ك باوكی كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دۆست بووه‌، جیا له‌په‌یڕه‌وی ته‌ریقه‌ته‌ ئاینییه‌كه‌ زۆر ڕێزو حورمه‌تیان بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند داناوه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنێ كه‌ مام حه‌سه‌نی نه‌ی ئه‌ویش پێشتر له‌لای ( سه‌لیم خان) كاری كردووه‌و، جه‌نابی شێخ له‌تیفی حه‌فید له‌دیوه‌خانی سه‌لیم خاندا به‌ هونه‌ر و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی ئاشنابووه‌.

مام حه‌سه‌نی نه‌ی كه‌له‌ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌گه‌ڵ جه‌نابی ( شێخ له‌تیفی حه‌فید) ته‌شریف دێنێ بۆشاری سلێمانی و ماوه‌یه‌ك له‌پاڵ ماڵی شێخدا ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕێزی ده‌گرن و زۆر خزمه‌تی ده‌كه‌ن،ڕۆژگار تێده‌په‌ڕێت و مام حه‌سه‌ن له‌ڕێی به‌هره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌شاره‌زایی هه‌بووه‌ له‌ ژه‌نینی ( زوڕنا ، باڵه‌بان و شمشاڵ) هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی به‌خه‌ڵكی شاری سلێمانی ده‌ناسێنێ و ، له‌و ده‌ستپێكه‌وه‌ به‌ هونه‌رمه‌ند ( عه‌به‌ی سه‌یزداه‌) ئاشنا ده‌بێت، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند  چریكه ده‌نگ ‌و سۆزی باڵه‌بان ئاوێته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن و ده‌بنه‌ دووهونه‌رمه‌ندی دیاری به‌زمی كۆڕی سه‌رگه‌رمی و شایی و زه‌ماوه‌نده‌كان، هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی جیاله‌به‌هره‌ی ژه‌نین ، بۆخۆشیی وه‌ستایه‌كی كارامه‌و لێزان بووه‌ له‌دروستكردنی ( باڵه‌بان و شمشاڵ و زوڕنا) هه‌رسێ ئامێره‌كه‌شی به‌باشی ژه‌نیوه‌،  هونه‌رمه‌نده‌ ڕۆح سووك و ده‌م به‌خه‌نده‌كه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی مامۆستا ( جه‌مال عارف عه‌زیز ، ناسراو به‌جه‌مال شادان) به‌و هه‌سته‌ جوانه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی ده‌دوێت( سه‌ره‌تا ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ كه‌هاتۆته‌ شاری سلێمانی له‌ڕێی توانا هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی به‌جه‌ماوه‌ر ناساند، له‌كاره‌كه‌یدا زۆر شاره‌زا و كارامه‌و بوو له‌ژه‌نینی باڵه‌بان و زوڕنا، به‌زوڕناكه‌ی شایی و زه‌ماوه‌نده‌كانی  خۆش و به‌جۆشترده‌كرد، به‌باڵه‌نه‌كه‌شیی له‌كۆڕو مه‌جلیس و ئاهه‌نگی دیوه‌خانه‌كان ، چێژ و خۆشیی و شادی ده‌به‌خشی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌به‌ی سه‌یزاده‌و  وه‌لی كوڕی عه‌به‌ی سه‌یزاده‌، هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ شاره‌زا بوو له‌دروستكردنی ئامێره‌كانی ( باڵه‌بان و زوڕنا ) له‌یادمه‌ مام حه‌سه‌ن به‌ڕه‌حمه‌ت بێت باڵه‌بانێكی بۆ دروستكردم ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌(1) یه‌ك دینار لێم كڕی ، مام حه‌سه‌ن هونه‌رمه‌ند بوو لێهاتوو له‌كاره‌كه‌یدا و، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی زۆر نه‌فس به‌رز بوو هه‌رچه‌نده‌ هه‌ژار بوو..! )(10).

مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ( ئازه‌ری) یه‌ ، ڕۆژ به‌ڕۆژ تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵك و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگه جوانه‌كه‌ی شاری سلێمانی ده‌بێت و‌ له‌ناو ئه‌و كه‌لتووره‌دا ده‌توێته‌وه و‌، ڕۆحیه‌تێكی كوردانه‌ له‌ناخ و هه‌ست و جه‌سته‌یدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ غه‌یره‌ كورده‌، به‌پۆشاكی  شیكپۆشیی جوانی جل وبه‌رگی كوردی و  به‌ستنی جه‌مه‌دانیه‌كی جوانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌ركه‌وتووه‌، وێنه‌كانی ئه‌و بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌ گه‌واهی ده‌رن له‌ باڵاپۆشیی و سیمای كوردانه‌ی هونه‌رمه‌ند،

 مام حه‌سه‌ن ئامێره‌كانی زۆڕناو باڵه‌بان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رنج ڕاكێش و دانانی له‌سه‌ر لچ و لێوی و شێوازی فوتێكردنه‌وه‌ ئاوازی خۆش و پڕسۆزی دڵگه‌شیی لێده‌رهێناوه‌و گوێگرانی سه‌رمه‌ست كردووه‌.

له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بۆته‌ خۆشه‌ویستی ئاره‌زوومه‌ندان و هۆگرانی هونه‌ری میللی ڕه‌سه‌ن و بۆخۆشیی كه‌سێكی هێمن له‌سه‌رخۆ و زمان شیرین بووه‌، زۆر زوو تێكه‌ڵاوی خه‌ڵك بووه‌و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا په‌یداكردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی میللی ( عه‌به‌ی سه‌یزاده و وه‌لی كوڕی  و عه‌زۆله‌ی ته‌پڵ‌) ، مام حه‌سه‌نی نه‌ی له‌شاری سلێمانی ژیانی هاو‌سه‌ری پێكهێناوه‌و ، هاوسه‌ره‌كه‌ی ناوی ( سه‌لمه‌) بووه‌ ، خوشكی هاوسه‌ری هونه‌رمه‌ند( عه‌به‌ی سه‌یزاده‌) بووه‌، به‌روبوومی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان كوڕو كچێكه‌، به‌ناوه‌كانی ( محه‌مه‌د و ئافتاو) ، مام حه‌سه‌ن باوكێكی میهره‌بان و دلسۆز بووه‌، بۆ خانه‌واده‌و منداڵه‌كانی ، زۆر به‌ئارامیی  و نه‌رم و نیانی و به‌نازه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ و به‌خێوی كردوون، پیاوێكی سه‌خی ته‌بیعه‌ت و دڵفراوان و ده‌ستكراوه‌ بووه‌و،  كاریگه‌ری هونه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر محه‌مه‌دی كوڕی داناوه‌و، له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا محه‌مه‌دی كوڕی ئاره‌زووی مۆسیقای هه‌بووه‌، حه‌زی له‌ژه‌نینی ئامێری ( كه‌مانچه‌) بووه‌، هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌ن مه‌به‌ستی بووه‌ حه‌ز و ئاره‌زووی كوڕه‌كه‌ی به‌دی بهێنێت، له‌ هونه‌رمه‌ند ( فه‌ڕه‌نسیس داود) ئامێرێكی كه‌مانچه‌ی به‌ بڕی (7) حه‌وت دیناری ئه‌وكاته بۆ ده‌كڕێت‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی حاجی قاسم، به‌ زه‌وق سه‌لیقه‌ی هونه‌رییه‌وه‌، باڵه‌بان و زوڕناكه‌ی ده‌خاته‌ خزمه‌تی گه‌شه‌كردنی هونه‌ر و گێڕانی ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌نده‌كان له‌گه‌ڵ چریكه‌و سۆزی ده‌نگی عه‌به‌ی سه‌یزاده‌و كه‌ریم شایه‌ر و ڕه‌حیم شایه‌ر ، هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك، له‌ته‌واوی ئاهه‌نگه‌كانی شاری سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، عه‌لییه‌ ڕه‌ش ، ساله‌ی سمایل و شه‌هید عه‌به‌ی مه‌لا ، ...تاد،  سۆزو چێژی باڵه‌بانه‌كه‌ی زه‌وق و چێژ و خرۆشێكی به‌ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌خشیوه‌.

یه‌كێك له‌شاكاره‌كانی مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، دانانی پارچه‌ مۆسیقییه‌كه‌ به‌ناوی ( چه‌می ڕێزان) كه‌ كه‌ڕه‌سه‌نایه‌تی و مۆركی كورده‌واری لێده‌چۆڕێ، ئه‌وه‌نده‌ به‌سۆزو به‌ زه‌وقێكی هونه‌ری ئه‌و ئاوازه‌ی ژه‌نیوه‌، ‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی موسیقاژه‌ن داناوه‌و پێی سه‌رسام بن، له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی پارچه‌ مۆسیقای چه‌می ڕێزان، هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) سه‌له‌نوێ به‌شێوازێكی هونه‌ری دایده‌ڕێژێته‌وه‌و دابه‌شكردنێكی نوێی بۆده‌كاته‌وه‌، دواتر مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌رقه‌رداخی ) له‌ساڵی (1974) ئه‌وكاته‌ له‌تیپی مۆسیقای شۆڕش دا خزمه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی  و هونه‌ری به‌رگری ده‌كه‌ن ، دابه‌شكردنێكی نوێی بۆده‌كاته‌وه‌ سه‌رله‌نوێ تۆماری ده‌كه‌نه‌وه‌ و ، ده‌ینێرن بۆ ڕادیۆی (ده‌نگی كوردستان) ، ماوه‌یه‌كی زۆر  مۆسیقای ( چه‌می ڕێزان) له‌كردنه‌وه‌ و داخستنی  په‌خشی ڕادیۆكه‌دابۆته‌ لۆگۆی ڕادیۆی شۆڕش، له‌وكاتانه‌ی تیپی مۆسیقای شۆڕش گه‌شتی هونه‌رییان به‌نێو ئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانی ئێران دا ده‌كرد ، له‌ده‌ستپێكدا ئه‌و پارچه‌ مۆسیقایه‌ بۆ ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌كان ده‌ژێندرا.

مام حه‌سه‌نی نه‌ی و تیپی مۆسیقای سلێمانی ..!

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ خۆڕسكه‌ ،  له‌سه‌ره‌تای  په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌شاری سلێمانی ده‌ركه‌وتووه‌ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌خه‌ڵك ناساندووه‌، له‌ساڵی (1955) كاتێك تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی دادمه‌زرێت ، به‌ومه‌به‌سته‌ی كه‌ كاروانی مۆسیقاو گۆرانی به‌ره‌وپێش ببه‌ن و خزمه‌ت به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بكه‌ن له‌سلێمانی و له‌كوردستاندا، له‌ماوه‌ی كاركردنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌هیچ ئاهه‌نگ و بۆنه‌یه‌كدا سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌به‌شداری هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی نادات كه‌به‌شداربووبێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، ئه‌شبێت بووبێت..! به‌ڵام به‌نده‌ هیچم له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌رمه‌ند ( قادردیلان) به‌ساڵی ئاماژه‌پێدراوی هونه‌رمه‌ند ( مونیر به‌شیر) له‌نێوان ساڵی ( 1954 _ 1956) كاسێتی ( پۆسته‌و ئیداره‌) تۆماركراوه‌ ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌موو كۆتایی مانگ له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی شاری سلێمانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئاهه‌نگ بۆ میوانه‌كان سازكردووه‌‌ ، یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ی به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی زاینییه‌وه‌ له‌شه‌وی (1/1/1960) له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌ن به‌باڵه‌بان و وه‌لی كوڕی عه‌به‌ی سه‌یزاده‌به‌ زه‌ڕب و گۆرانی ئاهه‌نگیان بۆ ئاماده‌بووانی ئه‌و شه‌و ئاهه‌نگه‌ سازكردووه‌،

له‌باره‌ی كاری هونه‌ری و تێكه‌ڵاوبوونی مام حه‌سه‌ن  له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی، كه‌ ئه‌و تیپه‌ له‌‌ڕێكه‌وتی (23/5/196)له‌شاری  سلێمانی دامه‌زراوه‌، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی) پێی ڕاگه‌یاندم ( مام حه‌سه‌ن پیاوێكی هونه‌رمه‌ند و دڵسۆز بۆ هونه‌ره‌كه‌ی ، باڵه‌بان ژه‌ن و زوڕناژه‌نێكی به‌توانا و به‌سه‌لیقه‌ بوو، چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداربووه‌، یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌ هیچ كات بیرناچێته‌وه‌، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ خۆڕسكه‌ به‌جل و به‌رگی جوانی كوردییه‌وه‌ هات له‌گه‌ڵمان بۆ به‌غدا ،به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (1969) له‌هۆڵی ( خولد) ی به‌غدا ئاهه‌نگێكی خۆشمان ئه‌نجام دا ، مام حه‌سه‌ن له‌وئاهه‌نگه‌دا زۆر به‌جوانی و به‌توانایه‌كی هونه‌رییه‌وه‌ له‌گه‌ڵمان باڵه‌بانی ژه‌نی، دڵی ئێمه‌و هه‌موو ئاماده‌بووانی خۆش كرد ) (11) .

ئاهه‌نگه‌ مه‌جلیسی یه‌كانی مام حه‌سه‌نی باڵه‌بانژه‌ن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك و هونه‌رمه‌ندان ..!

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی حاجی قاسم ، وه‌ك یه‌كێك كه‌زاده‌ی شاری سلێمانی بووبێت و هه‌میشه‌ خۆی وانیشانداوه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ له‌وشاره‌دا هاتۆته‌ دنیاوه‌و خۆی به‌ كوڕی گه‌ڕه‌كه‌كانی ( مه‌ڵكه‌ندی و سه‌ركارێزو چوارباخ و سه‌رشه‌قام و مه‌ڵكه‌ندی و ده‌رگه‌زێن و سابونكه‌ران) زانیوه‌، ناو و نازناو و هونه‌ره‌كه‌ی بۆته‌ موڵكی كورد و شاری سلێمانی ، كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی ڕێگه‌ خۆشكه‌ربووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌می شاری سلێمانی پته‌وتر بكات، له‌ساڵی (1967) كاتێك هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌شاری سلێمانی ژیاوه‌ ، چه‌ندین ئاهه‌نگی له‌ماڵان سازداوه‌و تۆماركراوه‌ ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئه‌و كاته‌، له‌كۆی ئاهه‌نگه‌ مه‌جلیسی یه‌كاندا هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی پشكی شێری به‌ركه‌وتووه‌، هاوكارو ژه‌نیارێكی بێ خه‌وشی لێوان لێو له‌هونه‌ری مۆسیقا بووه‌ له‌ته‌ك هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌كاندا ، ئاهه‌نگه‌ به‌شداربووه‌كانی مام حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك :

1/ ئاهه‌نگی ماڵی هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید)  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( ولیه‌م یوحه‌ننا _ عوود، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید_ كلارنێت ، عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه‌، ناسراو به‌ عه‌زۆله‌ _ ته‌پڵ) .

2/ ئاهه‌نگه‌كانی ماڵی( ئه‌حمه‌دی صۆفی كه‌ریم).

 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( محه‌مه‌د حه‌مكوڵ_ ئۆكۆردیۆن، عه‌زۆله‌ _ ته‌پڵ ).

3/ ئاهه‌نگه‌كانی ماڵی هونه‌رمه‌ند ( مه‌حمودی تۆفیق شللك ) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی _ كه‌مانچه‌ ، حازم حه‌داد_عود، نه‌جاتی عه‌بده‌_شمشاڵ، سه‌لاح ڕه‌شید _ شمشاڵ، عه‌زۆله‌ _ ته‌پڵ).

4/ ئاهه‌نگی ماڵی ( عوسمانی عه‌به‌ ده‌لاك).

مام حه‌سه‌ن_ باڵه‌بان و عه‌زۆله‌_ته‌پڵ.

5/ ئاهه‌نگی ماڵی ( مه‌حمودی ده‌لاك ).

مام حه‌سه‌ن_ باڵه‌بان و عه‌زۆله‌_ته‌پڵ.

6/ ئاهه‌نگی ماڵی ( حاجی برایمی چه‌رمه‌گا) .

له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( ولیه‌م یوحه‌ننا _ شمشاڵ ، دكتۆر ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك_ كه‌مانچه‌ ، سه‌لاح ڕه‌شید _ شمشاڵ، مام حه‌سه‌ن_ باڵه‌بان و عه‌زۆله‌_ته‌پڵ(12) .

جیا له‌هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، له‌شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ئامێری بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش ژه‌نیوه‌  وه‌ك ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، ساله‌ی سمایل و عه‌لی یه‌ ڕه‌ش و شه‌هید عه‌به‌ی مه‌لا) ،

هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی ) پێی ڕاگه‌یاندم  ( له‌گه‌ڵ مام حه‌سه‌نی نه‌ی زۆر ئاهه‌نگمان كردووه‌ ، نه‌ك هه‌رله‌گه‌ڵ من به‌ڵكو باڵه‌بانی بۆ كاك ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و من له‌زۆر ئاهه‌نگه‌كان و مه‌جلیسی یه‌كاندا ژه‌نیوه‌ ، تابڵێی هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ستا و شاره‌زا له‌ژه‌نینی نه‌یه‌كه‌ی ، زۆر كوردانه‌ ئه‌و باڵه‌بانه‌ی ده‌ژه‌نی ، مام حه‌سه‌ن به‌ڕه‌حمه‌ت بێت پیاوێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ زۆر هونه‌ركه‌ی خۆش ده‌ویست ، پیاوێكی نه‌فس به‌رزبوو ، هیچ كات هونه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌گۆڕییه‌وه‌ بۆ پاره‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وسه‌رده‌مه‌ ئێمه‌ هونه‌ره‌كه‌مان له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا نه‌بوو، بۆ پێشخستنی هونه‌ر كارمان ده‌كرد، هه‌ركاتێك ئاهه‌نگێك هه‌بوایه‌ مام حه‌سه‌ن به‌بێ دواكه‌وتن و ئاماده‌یی هه‌بوو، هیچ كات له‌یادم ناچێت خۆشترین ئاهه‌نگ كه‌هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مام حه‌سه‌نی نه‌ی  و شه‌وكه‌ت ڕه‌شید)  له‌گه‌ڵمدا مۆسیقایان ده‌ژه‌نی ،ئه‌م به‌باڵه‌بان و ئه‌و به‌كلارنێته‌كه‌ی ئای چ حه‌شرێكیان كرد ئه‌و شه‌وه‌) (13).

سه‌باره‌ت به‌تواناو لێهاتوویی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ میللییه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ژه‌نیار ( سه‌لاح ڕه‌شید) كه‌ ساڵانێك پێكه‌وه‌ كاری هونه‌رییان كردووه‌ ، وتی ( حه‌سه‌نی حاجی قاسم ، هونه‌رمه‌ند و پیاوێكی هه‌ژار و فه‌قیرحاڵ ، زۆر زۆر مان خۆش ده‌ویست ، له‌هونه‌ردا زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و هونه‌ره‌كه‌ی زۆربه‌رز بوو  كه‌ ئێمه‌ هه‌موومان پێی سه‌رسام بووین، له‌شه‌و ئاهه‌نگ و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی یاران و ئاهه‌نگی ماڵان و له‌ده‌شت و ده‌ر زۆر ئاهه‌نگمان پێكه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ئاهه‌نگه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، هه‌رچییه‌ك بووترێت له‌باره‌ی مام حه‌سه‌نی نه‌یه‌وه‌  هێشتا كه‌مه‌ چونكه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك دروست ببوو، به‌ڵام زۆر به‌ڕۆحیه‌تێكی به‌رزی هونه‌ر و كوردانه‌وه‌ باڵه‌بانی ده‌ژنی، ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ی له‌ناو مۆسیقاو گۆرانی كوردیدا بۆخۆی دروست كرد ، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌ركات كه‌باسی مام حه‌سه‌نی نه‌ی و عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ بێته‌ پێش و یادیان لێ بكه‌ینه‌وه‌ نابێت ناوی هونه‌رمه‌ندی زه‌ڕبژه‌ن  عه‌زۆله‌ش نه‌هێنین ، یادیان به‌خێر) (14).

له‌لای خه‌ڵكی له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌ن پله‌و پایه‌كی زۆر به‌رزی هه‌بووه‌ و خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵك بووه‌، زۆر ڕێز له‌كه‌سایه‌تی  و هونه‌ره‌كه‌ی گیراوه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ كه‌ مام حه‌سه‌نی نه‌ی زۆر خۆش ویستووه‌ و به (‌گه‌وهه‌ری هونه‌ر) ناوی بردووه‌ ، كۆچكردوو ( محه‌مه‌دی حاجی برایمی چه‌رمه‌گا) بووه و‌، به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی كردووه‌، ( كاكم زۆر ڕێزو حورمه‌تی بۆ مام حه‌سه‌نی نه‌ی داده‌نا و زۆری خۆش ده‌ویست ، هه‌ركاتێك ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی بدیبایه‌ به‌سۆزه‌وه‌ له‌ئامێزی ده‌گرت و ماچی ده‌كرد و گرنگی پێده‌دا ، زۆر جار بووه‌ له‌لایه‌ن ده‌وروبه‌ره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌كاك محه‌مه‌د ده‌گیرا، بۆئه‌وه‌نده‌ گرنگی به‌وپیاوه‌ ده‌ده‌یت..؟ ، ئه‌ویش پێی ده‌وتن: ئێوه‌ ده‌ڵێن چی ..؟ ئێوه‌ ئه‌و پیاوه‌ باش ناناسن، ئه‌وه‌ كه‌سێكه‌ گه‌وهه‌ره‌، جوانترین و به‌نرخترین گه‌وهه‌ری هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ ، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان ڕێزو حورمه‌تی بۆ دابنێین و ئه‌و پیاوه‌ به‌هه‌ست و سۆزو  ئامێره‌كه‌ی شادی و خۆشی به‌خه‌ڵك ده‌به‌خشێت ، تامن له‌دنیادا بم هه‌رچییه‌كی پێویست بوو من له‌خزمه‌تیدام ) (15).

هێشتا ماوه‌ی ساڵ و مانگێك تێپه‌ڕببوو به‌سه‌ر كۆچی دوایی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ، به‌و هه‌واڵه‌ دڵی هه‌موو تاكێكی كوردی خه‌مناك كردبوو، هیچ گومانی تێدانییه‌ ئه‌و كۆچه‌ ئه‌به‌دییه‌ی زیره‌كی نه‌مر كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر هه‌ست و سۆز و ناخی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مام حه‌سه‌نی نه‌ی و عه‌زۆله‌) ش داناوه‌، چونكه‌ ئه‌وان ڕۆژگارێك بوو هاوده‌م و هاونشینی ته‌واوی دانیشتن و ئاهه‌نگه‌كانی زیره‌كی بلیمه‌ت و خۆشخوانه‌ بێ وێنه‌كه‌ی كورد بوون، له‌یه‌كێك له‌ڕۆژه‌كانی مانگی ته‌مموزی ساڵی (1973) هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مام حه‌سه‌ن و عه‌زۆله‌) به‌یاوه‌ری هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌ به‌ناوی ( ئه‌حمه‌د) ئه‌ویش هاوپیشه‌ی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ( پۆلیس) بووه‌ له‌ شورته‌ی ئالیاتی سلێمانی ، بۆبه‌سه‌ربردنی ڕۆژێكی خۆش و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ژاوه‌ژاوی شار و چێژ وه‌رگرتن له‌ژینگه‌ی جوان و پاكی چیای ئه‌زمه‌ڕ، هه‌رسێكیان ئه‌و ڕۆژه‌ به‌كه‌یف و سه‌فا و كاتێكی خۆش له‌ئه‌زمه‌ڕ به‌ڕێ ده‌كه‌ن ، ده‌مه‌و عه‌سرێكی دره‌نگ له‌گه‌ڕانه‌ویاندابه‌ره‌و شاری سلێمانی، ئه‌و براده‌ره‌ی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ، كه‌به‌( ئه‌حه‌ ماتۆڕ) ناسراوه‌‌، شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ده‌بێت ، له‌ڕێگای ئه‌زمه‌ڕ یه‌كێك له‌تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌مانیش ده‌كه‌ونه‌ بارودۆخێكی دژواره‌وه‌ و شوێنه‌كه‌ لێژ و سه‌ربه‌رخوار بووه‌، ئه‌حه‌ ماتۆڕ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێت ( مه‌شڵه‌ژێن و مه‌ترسن نایه‌ڵم هیچمان لێبێت ..؟! عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌وێته‌ بارودۆخێكی خراپه‌وه‌ و له‌تاو ڕۆحی ، خۆی له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ فڕێده‌داته‌ خواره‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێله‌كه‌ وه‌رده‌گه‌ڕێت ، مام حه‌سه‌نی نه‌ی به‌سه‌ختی بریندار ده‌بێت و ، به‌ڵام ئه‌حه‌ ماتۆڕ سه‌لامه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام جێی داخه‌ له‌و كاته‌ی عه‌زۆله‌ی هونه‌رمه‌ند خۆی فڕێده‌داته‌ خواره‌وه‌، سه‌ری به‌ر به‌ردێك ده‌كه‌وێت ، له‌ئه‌نجامی ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ دووچاری خوێن به‌ربوونی ناوه‌كی بووه‌و له‌وێدا گیان ده‌سپێرێت ، واته‌ ڕۆژی (17/7/1973)  ڕۆژی گیان له‌ده‌ستدانی هونه‌رمه‌ند عه‌زۆله‌یه‌ كه‌ ته‌نها ماوه‌ی ( 39) ساڵ ژیاوه‌ ، دوای ئه‌و كاره‌ساته‌و گواستنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند مام حه‌سه‌نی نه‌ی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ( فریاكه‌وتن _ ته‌واری) شاری سلێمانی ، دوای سێ ڕۆژ چاره‌سه‌ركردن و له‌ژێرچاودێری پزیشكدابه‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی برینه‌كانی جه‌سته‌ی كاریگه‌ربوون، مه‌خابن ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خاوه‌ن هونه‌ره‌ بێ خه‌وشه‌ شادی به‌خشه‌ له‌ ڕێكه‌وتی (20/7/1973) بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ و ماڵئاوایی له‌سلێمانی و ئامێره‌ شیرینه‌كانی ( باڵه‌بان و زوڕنا) ده‌كات،  خاكی پیرۆزی سه‌یوانه‌كه‌ی  سلێمانی ده‌بێته‌ دواهه‌واری مام حه‌سه‌نی باڵه‌بانژه‌ن، به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساته‌تراژیدیایه‌وه‌ چرای ڕۆشنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللییه‌ كوژایه‌و و خۆری ته‌مه‌نی ئاوابوو ، به‌ڵام تا ده‌نگ و ئاوازو گۆرانی و به‌سته‌ی شادی به‌خشی كوردی بمێنێ ، ناو  و نازناو و هونه‌ری بێ خه‌وشی  هونه‌رمه‌ندان ( مام حه‌سه‌نی نه‌ی ، عه‌به‌ی سه‌یزاده‌ و عه‌زۆله‌) بۆهه‌میشه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ،

وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ندی میللی مام حه‌سه‌نی نه‌ی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك ( ئازه‌ری) بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ بڵێم  كه‌ زۆر هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری غه‌یره‌ كورد خزمه‌تی هونه‌ری كوردییان كردووه‌ ، به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ئازه‌ری، پێویسته‌ بۆهه‌میشه‌ ڕێز له‌ناو و مێژوو كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان بگرین ، چونكه‌ ئه‌وان له‌سه‌رده‌مێكدا خزمه‌تی مۆسیقا و هونه‌رمه‌ندانی كوردییان كردووه‌ له‌ناو كورد دا مۆسیقاژه‌نین كارێكی عه‌یبه‌و شوره‌یی بووه‌، به‌ڵام ئه‌وان زۆر دڵسۆزانه‌و بێ باكانه تێكۆشاون بۆ هونه‌ری كوردی‌  وه‌ك ( مه‌شه‌ی ئیسلام ، مه‌شه‌دی مه‌مه‌د، عه‌لی عه‌جه‌م ، موسیه‌ب تیكانته‌په‌ ناسراو به‌ شاداب ، ئه‌سكه‌ری تارژه‌ن و بیوك شه‌كوری  و تا ده‌گاته‌وه‌ به‌ عارفی ئیبراهیم پوور  و ..تاد ).

هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م كه‌ دوای ساڵێك له‌گیان له‌ده‌ستدانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( مام حه‌سه‌ن و عه‌زۆله‌) ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ژه‌نیاری زه‌ڕب ( عه‌به‌ی سه‌یزاده‌) به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌غدا ، له‌ڕێكه‌وتی ( 6/10/1974) ، یادیان به‌خێر و گڵكۆكانیان غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بن.

جه‌مالی ده‌لاك 29/4/2022 ، هه‌ولێر .   

سه‌رچاوه‌ :

( 1 و 2 و 12) كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌نگ و سه‌دا ، پێكهاتی گۆرانییه‌كان ، نوسین و ئاماده‌كردنی ( عادل حه‌مه‌ كه‌ریم) ، لاپه‌ڕه‌( 166) .

(3) كتێبی ئه‌وڕۆژانه‌ی به‌سه‌رچوون، نوسینی مارف ناسراو ، سلێمانی 2021، لاپه‌ڕه‌ (82).

(4) به‌شی (43) له‌یاده‌وه‌ری مامۆستا ( ڕه‌مزی مه‌لامارف) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ، ڕێكه‌وتی ( 16/8/2018) به‌ناوی (سەرانسۆیەک بە گەڕەکی گۆیژە و شەقامی ( جادەی ) سابوونکەراندا... فـەوزی ڕەمـزی مـەلا مـارف _ سویسرا ).

(5) مۆسیقیه‌ نه‌مره‌كان ، خالید دلێر ، گۆڤاره‌ كاروان ، ژماره‌( 24) ی ئه‌یلوولی ساڵی دووه‌م 1984، لاپه‌ڕه‌(88).

(6و 9) هونه‌رمه‌ندی میللی عه‌بدوڵڵای سه‌یزاده‌، ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ی گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌ ، نوسینی عه‌بدوڵی حه‌مه‌ باقی ، گۆڤاری ( چلاواز) ژماره‌( 57) تشرینی دووه‌می ساڵی 2010، لاپه‌ڕه‌ ( 26).

 (8) دیداری هونه‌رمه‌ند عادل حه‌مه‌كه‌ریم ، له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( فه‌ڕه‌نسیس داود) ته‌لاری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان له‌ڕێكه‌وتی ( 18/3/2015).

(7) سه‌رمه‌د له‌تیف ، نه‌وه‌ی شێخ له‌تیفی حه‌فید، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌رێكه‌وتی ( 22/4/2022).

(10)  هونه‌رمه‌ند جه‌مال شادان ،( باڵه‌بانژه‌ن)  ئه‌ندامی دێرینی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێكه‌وتی (22/4/2022).

(11) مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێكه‌وتی (21/4/2022) .

(13) هونه‌رمه‌ند( كه‌ریم خه‌مزه‌یی ) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێكه‌وتی (20/4/2022) .

(14)  هونه‌رمه‌ند( سه‌لاح ڕه‌شید _ كه‌نه‌دا ) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ڕێكه‌وتی (21/4/2022) .

(15) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( به‌رزانی حاجی برایمی چه‌رمه‌گا) له‌ڕێكه‌وتی ( 23/4/2022).

*( سوپاس و پێزانینی بێ پایانم بۆ هونه‌رمه‌ندان و ئازیزان وه‌ك ( مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی  ، جه‌مال شادان ، وریای ماملێ ، فه‌ره‌نسیس داود، كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، خالید سه‌ركار ، عادل حه‌مه‌ كه‌ریم ، سه‌رمه‌د له‌تیف ،عه‌لی بانه‌یی) له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ له‌زانیارییه‌كانیان بێ به‌شیان نه‌كردم  (ج،د).

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.