Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 19:22

سه‌لاح مه‌جید.. به‌رهه‌مێكی كه‌م و هونه‌رمه‌ندێكی دیاری مۆسیقا و گۆرانی ...!

_ هیچ كات ئه‌و ئه‌و ڕۆژه‌م له‌یاد ناچێت بۆیه‌كه‌م جار چوومه‌ به‌ر مایكرۆفۆن ئه‌ژنۆكانم ده‌له‌رزی ...! _ من به‌گۆرانی ( زه‌ماوه‌نده‌) ناسرام و ناوبانگم پێ ده‌ركرد...!
کوردستان TV
100%

پیاوێكی باڵابه‌رز ، سیما شۆخ و شه‌نگ و كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ ، هه‌ست ناسك و ناخ لێوان لێو له‌ یاده‌وه‌ریی جوانی منداڵی و هه‌رزه‌كاری و ڕۆژه‌ تاڵ و شیرینه‌كانی ژیان، هونه‌رمه‌ندێكی عاشق به‌ هونه‌ر و نیشتمان و خاكه‌كه‌ی یه‌كێك له‌گۆرانیبێژه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی تیپی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و خاوه‌ن ده‌نگێكی زوڵاڵ و به‌سۆز و ، كه‌سێكی ڕازی به‌ژیانی تایبه‌تی خۆیی، سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ بژێوی ژیانی ته‌نها خۆشه‌ویستی هه‌وادارانی و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی،  تا ئێستا له‌خانووی ( كرێنشین) دا ژیان به‌ڕی ده‌كات  و ، ڕۆژگارێك بوو مووچه‌یه‌كی ڕێزلێنانی هه‌بوو، له‌ساڵی (2014) له‌ومووچه‌یه‌ش بێ به‌شه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌نگی به‌رزبكاته‌وه‌ و گله‌یی و گازانده‌ بكات ، هه‌میشه‌ له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا له‌ساییه‌دا ده‌ژی به‌رووبوومی خوێنی گه‌شی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی ، ده‌نگی ئازاری سه‌دان ڕۆڵه‌ی‌ به‌جه‌رگ و بوێری  وڵاته‌كه‌یه‌تی كه‌له‌ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندانی به‌عسی فاشستدا بوون ، ڕه‌نج و ماندووبوون و زه‌حمه‌ت و فرمێسكی هه‌زاران باوك و دایكی شه‌هیده‌ ده‌بێ رێزی لێبگرین، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌نیو سه‌ده‌ تێكۆشانی له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری ئاوازو مۆسیقای كوردیدا ڕۆژێك نه‌بووه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ باڵابه‌رزه‌ ده‌نگخۆشه‌ هه‌ڵبخلیسكێ و بوێرانه‌ له‌به‌رده‌م‌ تۆقاندن و چاوسووركردنه‌وه‌ی پیاوه‌كانی ڕژێم دا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌  و نه‌كه‌سایه‌تی و نه‌هونه‌ره‌كه‌ی هه‌رزان فرۆش نه‌كردووه‌ و به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌و بنه‌ده‌سه‌ته‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه‌ ، سه‌لاح مه‌جیدی هونه‌رمه‌ند یه‌كێك له‌حه‌سره‌ت و ئاواته‌كانی  ئه‌وه‌یه‌ كه‌هیچ كات ناتوانێ مامۆستا و هاوڕێ كانی، وه‌ك ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، حه‌مه‌ی نێرگز  و عوسمان عه‌لی ) فه‌رامۆش و له‌یاد بكات، هه‌موو كات به‌وپه‌ڕی ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ دووپاته‌ ده‌كاته‌ بۆهه‌میشه‌ سوپاسگوزاری هه‌موو ئه‌و هاوڕێ و مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ كه‌ده‌ستیان گرت بۆنێو دنیای هونه‌ر و وانه‌یه‌كیان له‌ئه‌لف بێی مۆسیقا و گۆرانی فێركردووه‌ ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نێكی دوورو درێژی له‌ دنیا جوانه‌كه‌ی مۆسیقا و گۆرانی دا تێپه‌ڕاندووه‌ ، به‌ڵام  به‌رهه‌كانی كه‌م و پوختن ، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید خاوه‌نی (21) گۆرانییه‌ ، هه‌ریه‌كه‌یان گوڵێكی گه‌شاوه‌ و بۆنخۆشیی گوڵزاری ئاواز مۆسیقای كوردین.

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ سه‌رچاوه‌ی كانی ئاسكانه‌وه‌  بۆ دنیای  كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیان ..!

سه‌لاح مه‌جید ڕه‌سوڵ ، له‌نێو هاوڕێكانی گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌یی و دنیای هونه‌ردا به‌ ( سه‌لاح مه‌جید) ناسراوه‌ ، له‌یه‌كێك له‌ خانه‌واده‌كانی گه‌ڕه‌كی كانیسكان ، خانه‌واده‌یه‌كی ژیان مام ناوه‌ندی زه‌حمه‌تكێش له‌رێكه‌وتی ( 8/3/1951)  له‌ حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی قه‌ره‌باڵغدا له‌سه‌رچاوه‌ی كانی ئاسكان ، خوای گه‌وره‌ كۆرپه‌له‌یه‌ك ده‌به‌خشێ به‌ ( مه‌جید ڕه‌سوڵ) و ناوی ده‌نێن ( سه‌لاح).

هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( چوار خوشك و سێ برایه‌ تۆفیق ، به‌هادین و یوسف ) باوكی كه‌سێكی ماندووی ده‌ستی ڕۆژگار و زه‌حمه‌تكێش ( مه‌جید ڕه‌سوڵ) وه‌ك پیشه‌ چایچی بووه‌  له‌ گه‌ڕه‌كی كانیسكان ، پیاوێكی قسه‌خۆش و ده‌موو دوو ڕوخۆش و له‌هه‌مانكاتدا ده‌نگخۆش و شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بووه‌ له‌ چڕینی مه‌قامه‌كان ، ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ی ده‌نگخۆشیی باوكی ، ڕێنیشانده‌ر و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی سه‌لاح داناوه‌و زۆر یارمه‌تده‌ر و هانده‌ری بووه‌ كه‌به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌ورێگایه‌.

هونه‌رمه‌ند ساڵی (1958) چۆته‌ قوتابخانه‌ی كانیسكان بۆ فێربوون و خوێندنه‌وه‌ ، سه‌لاح له‌وته‌مه‌نه‌ منداڵییه‌وه‌ حه‌زو ئاره‌زووی بۆ گۆرانی خوێندن هه‌بووه‌ و ئه‌ویش به‌هۆی  گوێگرتن له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و دواتریش ڕادیۆی كرماشان ، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌مان وهه‌ست و نه‌ستی  هاوته‌ریب بووه‌ له‌گه‌ڵ ئاواز و تێكست و ده‌نگی خۆشی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌، ئه‌م كاریگه‌رییه‌ بۆته‌ هۆكارێك كه‌سه‌لاح ی منداڵ بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و میلۆدی و ده‌نگه‌ خۆشانه‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌به‌ر خۆیه‌وه‌  له‌نێو منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌یی و قوتابخانه‌كه‌ی بیانڵێته‌وه‌و به‌منداڵێكی به‌هره‌دار و ده‌نگخۆش بناسرێت.( ڕۆژێك له‌پۆلدا بووم جه‌ڕه‌س لێیدا هێشتا مامۆستا نه‌هاتبووه‌ ناوپۆله‌وه‌ گۆرانیم ده‌ووت له‌پڕ مامۆستا ( جه‌لال حه‌مدی) به‌ڕه‌حمه‌ت بێ هاته‌ ژووره‌وه‌، گوێی لێبووه‌ كه‌له‌پۆله‌كه‌ منداڵێك گۆرانی ده‌ڵیت ، وتی ئه‌وه‌ كێ بوو گۆرانی ده‌ووت، ته‌له‌به‌كانی هاوڕێم وتیان مامۆستا سه‌لاح بوو ، مامۆستا وتی هه‌سته‌ سه‌رپێ و ئه‌و گۆرانییه‌ی ئێستا ده‌تووت بۆم بڵێ، ئه‌وكاته‌ تازه‌ هونه‌رمه‌ند ( خه‌لیلی سه‌دیقی 1930_1970 )  گۆرانی  ( لانكۆڵێ) ی وتبوو ، منیش ئه‌و گۆرانییه‌م زۆر به‌لاوه‌ خۆشبوو، گۆرانییه‌كه‌م له‌به‌ركردبوو ، به‌هه‌رحاڵ بۆ مامۆستا جه‌لال حه‌مدی  یم وته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ به‌یانیان له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ ڕیزییان ده‌كردین  بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵا پێیان ده‌ووت (تحیه‌ العلم) ئیتر كه‌زانرا من ده‌نگم خۆشه‌،  منیان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ داده‌نا  بۆ سروود و گۆرانی ) (1)

هونه‌رمه‌ند قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو ده‌كات و ده‌چێته‌ قۆناغی ناوه‌ندی ، تا پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی ده‌خوێنێ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حه‌زو ئاره‌زووی له‌سه‌ر خوێندن نامێنێ و ده‌سته‌به‌رداری خوێندن ده‌بێت ، قۆڵی لێهه‌ڵده‌ماڵی و ڕووده‌كاته‌ كرێكاری، له‌گه‌ڵ زاوایه‌كی خۆی كه‌ وه‌ستای كاشی ( دیوار و زه‌وی ) ده‌بێت ، سه‌لاح مه‌جید به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وكاره‌ تا به‌ته‌واوی خۆی فێری ئه‌وپیشه‌یه‌ده‌كات، ماوه‌ی (30) ساڵ سه‌لاح مه‌جید ژیانی له‌وه‌ستای كاشیی دا به‌سه‌رده‌بات. هه‌رله‌منداڵییه‌وه‌ تا هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی و تێكه‌ڵاوبوون به‌ژیانی كرێكاریی و وه‌ستایی ، سه‌لاح مه‌جید ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی گۆرانی و مۆسیقا بووه‌ ، به‌رده‌وام له‌ئاهه‌نگ و شه‌و ئاهه‌نگ و ته‌نانه‌ت شه‌واره‌شدا به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی گۆرانی بۆ ئاماده‌بووان چڕیوه‌ ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئاستی وشیاری و ڕۆشنبیری خه‌ڵك به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌ كه‌ هونه‌ر له‌لایان پیرۆز بێت زۆرجار ناو   و ناتۆره‌و  وشه‌ی ناڕه‌وا و نابه‌جێیان خستۆته‌ پاڵ كه‌سایه‌تییان و له‌لایه‌ن خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌شیانه‌وه‌ ڕێگر و له‌مپه‌رییان بۆدروستكردون، به‌ڵام سه‌لاحی گه‌نج و ده‌نگخۆش به‌خت یاوه‌ری ده‌بێت كه‌ باوكی له‌وسه‌رده‌مه‌دا تاكه‌ هانده‌ری ده‌بێت و پشتگیری لێده‌كات  و زۆریشی پێ خۆشبووه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی ده‌نگی خۆشه‌و توانای چرینی گۆرانی هه‌یه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك شه‌و باوكی داوای له‌سه‌لاح كردووه‌ كه‌پێكه‌وه‌  مه‌قام و به‌سته‌یه‌ك بخوێنن،وه‌هه‌روه‌ها نابێت ڕۆڵی هاوڕێی چاك له‌یادبكه‌ین كه‌ ده‌بێته‌ ڕێنیشانده‌ر و كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی ڕۆشن و فراوان له‌به‌رده‌م  هاوڕێ به‌هره‌مه‌نده‌كه‌یان ، لێره‌شدا جارێكی دیكه‌ سه‌لاح مه‌جیدی به‌هره‌مه‌ند، مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی بواری شانۆ و درامای كوردی ( ئه‌حمه‌د سالار ) و ( بابه‌عه‌لی)  و  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ساڵح شه‌ریف _ حه‌مه‌ی نێرگز 1944_ 23/9/2013) و ( عوسمان عه‌لی  1944_ 21/6/2005)  هاوڕێی  هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ده‌بن و به‌ته‌مه‌نیش هه‌موویان له‌ سه‌لاح مه‌جید گه‌وره‌تربوون ،  ده‌بنه‌ فریادڕه‌سێك كه‌ نه‌هێڵن ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ گۆشه‌گیر بێت و ڕێنیشانده‌ری ده‌بن و به‌ ( كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی ده‌ناسێنن..!

سه‌ره‌تا با بزانین ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ كارو چالاكییه‌كان و دروشمه‌كانیان چی بووه‌ بۆ چ مه‌به‌ستێك دامه‌زراوه‌ ..؟!

كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیان هوشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیری و وێژه‌یی و هونه‌ر بووه‌ له‌ڕێگه‌ی سازدانی كاری نواندن و گێڕانی ئاهه‌نگی مۆسیقا و گۆرانی و ژیاندنه‌وه‌ی كه‌له‌پووری نه‌ته‌وایه‌تی بووه‌،  له‌ساڵی (1969) دامه‌زراوه‌ و له‌ڕێكه‌وتی ( 31/12/1969) مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی له‌لایه‌ن  وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ پێدراوه‌ ، كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی پێكهاتووه‌ له‌ (4) چوار به‌شی سه‌ره‌كی :

1/ به‌شی نواندن.

2/ به‌شی مۆسیقا و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ.

3/ به‌شی وێژه‌ .

4/ به‌شی هونه‌ری شێوه‌كاری.

 مامۆستا و هونه‌رمه‌ند نامدار قه‌ره‌داخی ، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌ند و  مامۆستا و فێركاره‌ دیاره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌بواری مۆسیقادا، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جیدبه‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ مامۆستا نامدار ده‌كات( هاوڕێی دێرین و خۆشه‌ویستم  مامۆستا نامدار قه‌ره‌داخی  كه‌هه‌میشه‌ من به‌مامۆستای  خۆمی ده‌زانم، زۆربه‌ی كاره‌ جوانه‌كانی من  ده‌ست و په‌نجه‌ی مامۆستا نامداری له‌سه‌رو پێوه‌ دیاره‌، زۆر زۆر سوپاسی ده‌كه‌م ،  هه‌میشه‌ یارمه‌تی داوم) (2)

 ئه‌وكاته‌ مامۆستا نامدار قه‌ره‌داخی  له‌ كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی بووه‌ ، باس له‌سه‌ره‌تاكانی ناسینی خۆیی و هاتنی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید بۆ كۆمه‌ڵ ده‌كات ( ناسینی من بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1971) ئه‌وكاته‌ من له‌ كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی، واته‌  ( كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كورد) ی ئێستا بووم،  هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید 1930_ 17/4/1991) سه‌رپه‌رشتیارمان بوو، منیش لێپرسراوی دووه‌م بووم، ده‌مه‌و عه‌سرێكی دره‌نگ پرۆڤه‌مان ده‌كرد له‌ڕێگه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د سالار و بابه‌عه‌لی یه‌وه‌ ، كوڕێكی گه‌نجی قۆزی باڵابه‌رز  به‌جلی كاره‌وه‌ خۆی كرد به‌ژووری مۆسیقادا ، ئه‌و گه‌نجه‌یان پێ ناساندین و وتیان ئه‌مه‌ كاك سه‌لاح مه‌جیده‌و ده‌نگی خۆشه‌ حه‌زئه‌كه‌ین ده‌نگی تاقی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت كاك شه‌وكه‌ت ڕه‌شید پێی ووت:  گۆرانیه‌كمان بۆبڵێ ..؟! كاك سه‌لاح گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند ( مه‌زهه‌ری خالقی) ووت ، وه‌ك خۆی وتی نه‌ك وه‌ك ئه‌داو شێوازی مه‌زهه‌ری خالقی ، به‌ڕاستی  هه‌موومان سه‌رمان سوڕما له‌و ده‌نگه‌ به‌سۆز و خۆشه‌ له‌چڕینی ئه‌و گۆرانییه‌، هێشتا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ و نه‌بووه‌ به‌هونه‌رمه‌ند ئه‌م شێواز و مۆركه‌ی خۆی هه‌بێت، دواتر داوای گۆرانییه‌كی دیكه‌مان لێكرد و هه‌وڵماندا له‌گه‌ڵ مۆسیقادا ده‌نگی تاقی بكه‌ینه‌وه‌ به‌ڕاستی له‌هه‌موویاندا سه‌ركه‌وتو بوو، كه‌وتینه‌ پرۆڤه‌ كردن له‌گه‌ڵیدا و پاش ماوه‌یه‌ك هه‌وڵماندا كه‌ گۆرانی بۆ تۆماربكه‌ین و بیبه‌ین بۆته‌له‌فزیۆن) (3)

خودی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جیدیش  لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌  و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌ وه‌خته‌ كه‌ چۆته‌ كۆمه‌ڵ و چییان پێ ووتووه‌..؟!

( ئێواره‌یه‌ك منیان برد بۆ كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، كه‌چووم ئه‌و كاته‌ خوالێخۆشبووان هونه‌رمه‌ند  شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و مامۆستا حه‌مه‌ سه‌عیدعه‌بدوڵڵا و سه‌لاح ڕه‌شید و مامۆستا نامدار قه‌ره‌داخی و براده‌رێك ئیقاعی لێده‌دا ناوی (قادر ) بوو ، هوشیار ئه‌حمه‌د و فه‌ریدون كه‌ ده‌فسنجانی لێده‌دا، من له‌ڕێی برایه‌كی كاك شه‌وكه‌ت ڕه‌شیده‌ وه‌ كاك ( فوئاد) هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید منی ده‌ناسی ،  كه‌وتیان گۆرانیه‌كمان بۆ بڵێ و منیش گۆرانیه‌كی هونه‌رمه‌ند ( مه‌زهه‌ری خالقی ) م ووت ، كاك شه‌وكه‌ت وتی ( كوڕی باش ئه‌وه‌ ده‌نگیشت خۆشه‌ پێش مان ناڵێیت ) منیش وتم كاك شه‌وكه‌ت من نازانم ده‌نگخۆشی چی یه‌ ؟ ئه‌بێ خه‌ڵك پێت بڵێ..!دواتر ئه‌و براده‌رانه‌ وتیان ، تۆ ئه‌م به‌هره‌یه‌ت هه‌یه‌ و ده‌نگت خۆشه‌ له‌م ساته‌ وه‌خته‌وه‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵیت و ڕۆژانه‌ وه‌ره‌ بۆ ئێره‌ لێره‌ پرۆڤه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین، به‌هاندانی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ چوومه‌ كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی) (4)

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ساڵی (1971) ده‌بێته‌ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی، به‌شی گۆرانی و مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ،له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌ شانۆگه‌ری له‌شاری سلێمانی پێشكه‌ش ده‌كرا له‌هۆڵی ئاماده‌یی سلێمانی ، له‌سه‌ره‌تای نمایشكردنی شانۆكه‌ ، به‌شی مۆسیقا و گۆرانی  كۆمه‌ڵ ‌ چه‌ند گۆرانییه‌كیان پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بووان كردووه‌ ،  هه‌روه‌ها له‌كاتی گۆڕینی كه‌والیس دا جارێكی دیكه‌ به‌شی مۆسیقا و گۆرانی هاتوونه‌ته‌وه‌ سه‌رشانۆ و چالاكی هونه‌رییان پێشكه‌ش كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید یه‌كێك بووه‌  له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  كه‌ له‌كۆرس دا به‌شدار بووه‌و  هه‌م گۆرانیشی خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ند ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بۆ یه‌كه‌م جار چۆته‌ سه‌رشانۆ و له‌به‌رده‌م مایك دا و هه‌ستی به‌چی كردووه‌ ؟!

( من هیچ كات ئه‌و ڕۆژه‌م له‌بیر ناچێته‌وه‌ مانگی (10) ی ساڵی (1971) یه‌كه‌مجار چوومه‌ به‌رده‌م مایكرفۆن  هه‌موو گیانم ئه‌له‌رزی) (5)

هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌وه‌ی بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، په‌یوه‌ندییه‌كی باش و دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان دا په‌یدا ده‌كات و زیاتر چاوی ده‌كرێته‌وه‌، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ دا ده‌بێت كه‌ كۆمه‌ڵ گۆرانی بۆ تۆماربكه‌ن.

 گۆرانی  زه‌ماوه‌ند ده‌بێته‌ ده‌سپێكی هونه‌ری و ناساندنی ..!

ئه‌و سه‌ر‌ده‌مه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ تۆماركراو له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌،  ببووه‌ وێردی سه‌رزاری خه‌ڵكی و له‌چایخانه‌و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا ئه‌و گۆرانییه‌ به‌رگوێی بیسه‌ران و ڕێبواران ده‌كه‌وت،  هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ڕێی ئه‌م گۆرانییه‌وه‌ناسراو ناوبانگی په‌یدا كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( نامدار قه‌ره‌داخی ) سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ئه‌م گۆرانییه‌ ده‌ڵێت( گۆرانی زه‌ماوه‌ند له‌ساڵی (1972) تۆماركرا، ڕۆژێك كاك سه‌لاح مه‌جید هات بۆ كۆمه‌ڵ وتی گۆرانیه‌كم هه‌یه‌ حه‌زئه‌كه‌م گوێی لێبگرن ، گۆرانی زه‌ماوه‌ند بوو ، هه‌موومان زۆر زۆر به‌دڵ مان بوو،چونكه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ لێوان لێو بوو له‌مۆركی كورده‌واری، كاك شه‌وكه‌ت به‌ڕه‌حمه‌ت بێ زۆری به‌دڵ بوو ، وه‌ ئه‌ركی ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقاكه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ ، وه‌ پێشه‌كییه‌كی زۆر جوانی بۆ گۆرانییه‌كه‌دانا، گۆرانیه‌كه‌مان برد بۆ به‌غدا له‌ستۆدیۆی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌نگمان تۆمار كرد، دوایش چوینه‌ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا، بۆ ته‌له‌فزیۆن به‌شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی تۆماركراو)(6)

له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا تۆماركراوه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ به‌سانایی ڕه‌زامه‌ندی نه‌دراوه‌ له‌سه‌ر تۆماركردنی به‌ڵكو له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه‌  تایبه‌تمه‌ندبوون له‌ ( تێكست و ئاواز و ده‌نگ)  وه‌ به‌چه‌ندین فلته‌ردا ئه‌و گۆرانییه‌ ڕۆیشتووه ‌تا كۆتا بڕیار كه‌ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر تۆماركردنی دراوه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ی كه‌ڕۆڵیان هه‌بووه‌ له‌تۆماركردنی گۆرانی ( زه‌ماوه‌ند) هونه‌رمه‌ندان ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، نامدار قه‌ره‌داخی ، حه‌مه‌سه‌عید عه‌بدوڵڵا ، هوشیار ئه‌حمه‌د و سالار حه‌مه‌ بچكۆل و فه‌ره‌یدوون) ،

سه‌باره‌ت به‌ گۆرانی ( زه‌ماوه‌ند) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید به‌وشێوه‌یه‌ باس له‌وگۆرانییه‌ ده‌كات ( ئه‌و گۆرانیه‌ پێشتر من له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( فه‌تانه‌ی وه‌لیدی) یه‌وه‌ بیستبووم، به‌ڵام من كه‌ خوێندم گۆڕانكاری و جوانكاریه‌كم له‌ئاوازه‌كه‌یدا كردوبه‌هه‌مان ئاوازی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی نه‌مخوێنده‌وه‌، به‌ڵكو به‌وشێوه‌یه‌ی كه‌ تۆماركرا ، من به‌گۆرانی زه‌ماوه‌نده‌  زیاتر ناوبانگم پێ ده‌ركرد) (7)

كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی ،له‌گه‌ڵ تۆماركردنی گۆرانی ( زه‌ماوه‌نده‌) بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید، گۆرانی ( شه‌وی به‌رات) له‌هۆنراوه‌ی ( حه‌مه‌ عه‌لی مه‌دهۆش) و له‌ئاوازو وتنی هونه‌رمه‌ند ( عوسمان عه‌لی) تۆمارده‌كه‌ن، ئه‌و دوو گۆرانییه‌ ( زه‌ماوه‌نده‌و شه‌وی به‌رات ) بوون به‌گۆرانی ساڵ .

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌گۆرانی گوتنه‌وه‌ بۆ نواندن..!

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید به‌هۆی گۆرانی زه‌ماوه‌نده‌وه‌ ناوبانگی ده‌ركرد بوو، به‌ڵام دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ دراماكانی تیپی نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی دا ده‌ركه‌وت ..؟

سه‌لاح مه‌جیدی هونه‌رمه‌ند باس  له‌ چۆنیه‌تی به‌شداربوونی له‌ دراماكاندا ده‌كات و ده‌ڵێت ( ده‌ركه‌وتنی من له‌ڕێی گۆرانی و ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ بوو، ئه‌وكاته‌ تیپی نه‌قابه‌ی كرێكاران هه‌بوو  له‌سلێمانی، ڕۆژێك هونه‌رمه‌ند مه‌كی عه‌بدوڵڵا 1939_ 18/12/2015) هات بۆكۆمه‌ڵ و داوای كرد كه‌ مه‌شهه‌دێكمان هه‌یه‌ و سه‌لاح مه‌جیدمان بده‌نێ تائه‌وڕۆڵه‌ ببینێ، به‌ڕاستی وه‌كو خۆم قه‌ت ئه‌و كاره‌م نه‌كردبوو..! هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بوو چوبوومه‌ نێو كاری هونه‌رییه‌وه‌، به‌هه‌رحاڵ چووم و له‌وێوه‌ كاری نواندنم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مه‌كی عه‌بدوڵڵا و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ ده‌ست پێكرد )( 8)

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌م كاره‌ هونه‌رییانه‌دا ڕۆڵی نواندنی بینیوه‌  وه‌ك ( چاره‌نووس ، ئاژاوه‌ ، پێ به‌قه‌دبه‌ڕه‌كه‌ت ڕاكێشه‌ و پێویستیمان به‌نه‌قابه‌ هه‌یه‌) .

هه‌ر له‌ساڵی (1972)  هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید گۆرانی ( حه‌ریره‌) له‌ئاهه‌نگێكدا له‌هۆڵی ( خولد) له‌شاری به‌غدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌  له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌خوێنێ.

دوای گۆرانی  زه‌ماوه‌نده‌ و حه‌ریره‌  ،هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ساڵی (1973)  له‌گه‌ڵ هه‌ردوو  هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ی نێرگز و عوسمان عه‌لی ) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا گۆرانی ( ئامۆزاگیان ) تۆمارده‌كه‌ن ، 

 هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌به‌هاری ساڵی (1974) وه‌ك گۆرانیبێژێك به‌شداری ده‌كات له‌میهره‌جانی یه‌كه‌می كوردی له‌به‌غداد ،به‌گۆرانی  ( حه‌ریره‌) ده‌خوێنێ و یه‌كه‌م  ده‌بێت و  خه‌ڵاتی باشترین گۆرانی،  مه‌دالیای ئاڵتوونی وه‌رده‌گرێت ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ) دووه‌می میهره‌جانه‌كه‌ ده‌بێت، سه‌باره‌ت به‌گۆرانی حه‌ریره‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ده‌ڵێت: ( له‌ساڵی 1972 بۆیادی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی سێ چوار گۆرانیبێژییان هه‌بوو، وه‌ك میوان منیان بانگهێشت كرد، له‌ڕێگا له‌نزیك ( خاڵص) مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار) وتی سه‌لاح گیان ده‌توانی ئه‌م گۆرانییه‌ بڵێی، وتم كام گۆرانی ، وتی ( حه‌ریره‌) ئه‌وه‌ی مامۆستا خالید سه‌ركار وتی  و ئه‌وه‌ی من پێشتر له‌لایه‌ن گۆرانیبێژه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ بیستبووم ، جیاوازی هه‌بوو، كاتی خۆی من ئه‌و گۆرانییه‌م له‌ (كه‌ریم شایه‌ر) ه‌وه‌ بیستبوو، كه‌ریم شایه‌ر گۆرانیبێژێكی زۆر چاك بوو  له‌شایی و زه‌ماوه‌نده‌كاندا گۆرانی ئه‌ووت ، منیش به‌وشێوه‌ی كاك كه‌ریم شایه‌ر ووتم ، به‌ڵام كه‌مێك حه‌ره‌كه‌م دا به‌ قوڕگم و كه‌مێك جوانكاریم تێدا كرد وه‌ك شێوازه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ هێشتمه‌وه‌ ، كه‌مامۆستا خالید سه‌ركار گوێی لێبوو ، وتی ئێمه‌ ئه‌م گۆرانییه‌مان به‌سه‌، كاتێك ئاهه‌نگه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد و منیش له‌سه‌ر شانۆ گۆرانی حه‌ریره‌م ووت، ئاماده‌بووان و خۆشم زۆر خۆشحاڵ بووم، هه‌روه‌ها له‌میهره‌جانی یه‌كه‌می كوردی ساڵی 1974 له‌به‌غدا به‌بۆنه‌ی گۆرانی حه‌ریره‌وه‌ مه‌دالیای ئاڵتونم وه‌رگرت ) .(9)

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول له‌به‌رهاری ساڵی (1974) وه‌ك تاكێكی كورد دڵسۆز بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانه‌كه‌ی ، ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تیپی مۆسیقای شۆڕشه‌وه‌ ده‌كات، وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆرسی ئه‌و تیپه‌ به‌شداری هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای شۆڕش ده‌كات  له‌ شاخ و ناوچه‌ئازادكراوه‌كان و هه‌روه‌ها ته‌واوی ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ی  له‌ئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ ئاواره‌كانی باشووری كوردستان  درووست كرابوو ، ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ی تیپی مۆسیقای شۆڕش بۆبه‌رزكردنه‌وه‌ی ڕۆحییه‌تی  ئه‌و ئاوارانه‌ بووه‌ كه‌ براو باوك و كوڕه‌كانیان پێشمه‌رگه‌بوون له‌هێڵی به‌رگری دابوون  دژ به‌سوپای حكومه‌تی به‌عس، هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شۆڕش ده‌مێنێته‌وه‌.دوای نسكۆی ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  شاری سلێمانی و  ده‌ست ده‌كاته‌وه‌ به پیشه‌كه‌ی كه‌ وه‌ستای كاشی و  به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌شی فه‌رامۆش ناكات،

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید تاساڵی (1977) له‌كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ده‌مێنێته‌وه‌، له‌و ساڵه‌دا جیا ده‌بنه‌وه‌ و یه‌كێك ده‌بێت له‌ئه‌ندامانی  دامه‌زراندنه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی).

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید به‌هاوكاری مامۆستا نامدارقه‌ره‌داخی و ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی درێژه‌ به‌كاروانی هونه‌ری خۆی ده‌دات ، به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید :

1/ زه‌ماوه‌نده‌

2/ حه‌ریره‌

3/ ئامۆزاگیان

4/ شه‌وانی شوانی  ( ئاوازی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ)

5/ گوڵم گوڵم

6/ شه‌ماڵ وه‌ره‌ ( هۆنراوه‌و ئاوازی  شێخ ڕه‌ووف به‌رزنجی)

7/ گورج و گۆڵ و ئازایه‌ ( ڕه‌نج)

8/ جێم مه‌هێڵه‌ .

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید،  له‌ساڵی ( 1996) ڕێی هه‌نده‌ران ده‌گرێته‌به‌ر و له‌وڵاتی ( هۆڵه‌ندا) ده‌گیرسێته‌وه‌، ژیانی غوربه‌ت و نامۆیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داده‌نێ و بۆماوه‌یه‌ك له‌ هونه‌ر دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌وه‌ش هۆكارو كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید نه‌توانێ كاری هونه‌ری ئه‌نجام بدات ، دیاره‌ باری ماڵی یه‌كێك بووه‌ له‌هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان ، له‌وباره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ده‌ڵێت ( ئه‌و وڵاته‌ی منی لێبووم  هۆڵه‌ندا هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی زۆر كه‌می لێبوو، به‌ڵام  هونه‌رمه‌ند نامدار قه‌ره‌داخی كه‌ هه‌میشه‌ به‌هاوڕێی و مامۆستای خۆمی ده‌زانم ، ئه‌ویش له‌هۆڵه‌ندا بوو له‌وێ یه‌كترمان دۆزییه‌وه‌ و زۆر یارمه‌تی دام  و منی هێنایه‌وه‌ به‌رچاو و دوو ئاوازی خۆی دامێ ، ماوه‌ی (12) ساڵ له‌هه‌نده‌ران بووم  ته‌نهاتوانیم (4) گۆرانی تۆماربكه‌م، ئه‌ویش له‌به‌رنه‌بوونی پاره‌و توانای ماددی ، من زۆر زۆر سوپاسی كاكه‌ نامدار قه‌ره‌داخی ده‌كه‌م كه‌هه‌میشه‌هاوكار و یارمه‌تیده‌رم بووه‌) (10)  

دوای به‌سه‌ربردنی (12) ساڵ له‌ژیانی ئاواره‌یی و دوور له‌نیشتمان ، له‌ساڵی (2008) سۆز و خۆشه‌ویستی نیشتمان و زێده‌كه‌ی په‌لكێشی ده‌كاته‌وه‌ و ، ڕه‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی ڕاده‌ستی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كاته‌وه‌ بارگه‌كه‌ی ده‌پێچێته‌وه‌ و ڕوو له‌ كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نێو باوه‌شی شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی سلێمانی .

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند نامدار قه‌ره‌داخی ، ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ هه‌موو كات پشتیوان و هاوكاری هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید بووه‌ و كاری ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقای گۆرانییه‌كانی له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌ و هه‌روه‌ها ئاوازیشی بۆداناوه‌، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ نامدار قه‌ره‌داخی به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ توانای هونه‌ری سه‌لاح مه‌جید ده‌كات  ( سه‌لاح مه‌جید خاوه‌نی ده‌نگێكی تایبه‌ته‌، كه‌مه‌ودایه‌كی زۆر فراوانی هه‌یه‌ ، ئه‌توانێ له‌ ته‌به‌قه‌ به‌رزه‌كاندا گۆرانی بچرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌نگی تێك بچێت، به‌ڵكو ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌یی و نه‌بره‌ خۆشه‌كه‌ی له‌ته‌به‌قه‌به‌رزه‌كاندا به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت و له‌ززه‌ت و چێژی خۆی ئه‌داتێ ، هه‌رچه‌نده‌ خاوه‌نی زۆر گۆرانی نییه‌ ..! كۆمه‌ڵێك گۆرانی هه‌یه‌ كه‌ژماره‌یان كه‌مه‌ به‌ڵام له‌ڕووی كوالێتی یه‌وه‌ به‌ڕاستی زۆر به‌رزن و توانیویه‌تی گۆرانییه‌كانی جێی خۆی بكاته‌وه‌ له‌ناو مۆسیقا و هونه‌ری كوردیدا) (11)

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌دا كه‌ ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی بواری گۆرانی مۆسیقا و ئاوازی كوردی یه‌ ، هیچ كات ڕێگه‌ به‌خۆی نادات بڵێ هونه‌رمه‌ندم ، هه‌میشه‌ وای بیركردۆته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ خه‌ڵكه‌ ده‌بێ ئه‌و وشه‌ جوان و به‌نرخه‌ت پێ ببه‌خشن ،

له‌ڕووی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی ساده‌و بێخه‌وش و دڵساف و ڕووخۆشه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا هه‌یه‌ و وه‌ك گوێگرێك بۆ هونه‌ر و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، سه‌لاح مه‌جید له‌ژێركاریگه‌ری  ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق) و  ( حه‌مه‌ی نێرگز ) دایه‌ ، له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی یاران و دۆستاندا و  ئه‌وكاتانه‌ی كه‌ به‌ته‌نها یه‌  به‌ گۆرانییه‌كانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ڕۆحی خۆی ئارام ده‌كاته‌وه‌،

كاتێك كه‌باس دێته‌ سه‌ر هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ، ڕاسته‌وخۆ ناوی دوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش دێته‌ سه‌رزار و هه‌ندێك جار به‌سێكوچكه‌ی هونه‌ری گۆرانی ناوده‌برێن ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندان( عوسمان عه‌لی و حه‌مه‌ی نێرگز) ه‌،  چونكه‌ هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند هاوڕێی ته‌مه‌ن و هاوڕێی هونه‌ر بوون، په‌یوه‌ندییه‌كی قوڵ و پته‌وی برایانه‌ له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌ ،

هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ی نێرگز له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌حه‌فتایه‌كانه‌وه‌ هاته‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ره‌وه‌، نه‌ من و نه‌ عوسمان عه‌لی و نه‌ سه‌لاح مه‌جید ، هیچمان خولی مۆسیقامان نه‌بینیوه‌، ئه‌وكاته‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید گۆرانی ( شاییه‌ زه‌ماوه‌نده‌) ی ووت ، عوسمان عه‌لی ( شه‌وی به‌رات) ی ووت، منیش گۆرانی  ( جوتێ چاوی شین) م تۆماركرد) ( 12)

هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید له‌ئێستادا له‌شاری سلێمانی ده‌ژی و شانازی به‌ومێژووه‌ جوانه‌ هونه‌رییه‌ی خۆی ده‌كات و سوپاسگوزاری ماندووبوون و یارمه‌تی  ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌یه‌ كه‌ له‌پشت كاره‌ هونه‌رییه‌كانیه‌وه‌ بوون، ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی ئارام بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ده‌خوازم.

جه‌مالی ده‌لاك  ( 18/1/2022) هه‌ولێر   

سه‌رچاوه‌ :

( 1 و 3 و 4 و 8 و 11) به‌رنامه‌ی( ئه‌زموون و ژیان ) ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( محه‌مه‌د ڕه‌زا ) ته‌له‌فزیۆنی خاك 9/7/2016 .

و 9 و 10) به‌رنامه‌ی  ( ڕوونتر ) ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند ( هه‌ڵگورد ساڵح) له‌ساڵی (2011) له‌كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

و 6 و7) به‌رنامه‌ی گۆرانییه‌كی تۆ ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی ( شوان تالیب) له‌ساڵی (2014) له‌كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

(12) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ی نێرگز _ ئازاد عه‌بدولواحید ،  گۆڤاری ڕامان  ، ژماره‌ (188) كانوونی دووه‌می 2013، لاپه‌ڕه‌ (41) .

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.