Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 09:44

مەسرور بارزانی لە داڤۆس: ڕێگە نادەین مافە دەستوورییەکانمان پێشێل بکرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە لە پانێڵێکی داڤۆس جەختی کردەوە کە پابەندی دەستوورن، ڕێگەش نادەن مافە دەستوورییەکانیان پێشێل بکرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە پانێڵیک لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس لەبارەی قەیرانی ئاسایشی خۆراک ڕایگەیاند: کێشەکان لە شوێنێک ناوەستن و بڵاو دەبنەوە، وەک دەزانین کاریگەری ئەو شەڕەی ئۆکراینا کاریگەری بەسەر هەموو جیهان هەیە، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئاسایشی خۆراک لە جیهان، باشترین ڕێگە ئەوەیە چارەسەرێکی هاوبەش و ئاشتیانە بۆ ئەو قەیرانەی هاتووەتە ئاراوە بدۆزینەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران و دەستوەردانی وڵاتان لە عێراق جەختی کردەوە کە "دەبێت لەسەر بابەتەکە زۆر بەگشتی سەبارەت بە ئاسسایشی ناوچەکە قسە بکەین، ئەم هێرشانە بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنی تەواوەوە بووە، خواستێک هەبووە هەندێک وڵات هەیانبووە، دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتێکی دیکەدا بسەپێنن، لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری ڕابردووی عێراق خەڵک بڕیاری دا چ جۆرە عێراقێکی دەوێ."

ئاماژەی بەوە دا کە "هاوپەیمانی دروستکرا، بێگومان هەر وەکو وڵاتێکی دیموکرات براوە و دۆڕاو هەیە، دۆڕاوەکان نەیانتوانی حکوومەت پێکبهێنن، ئەمەی لە عێراق  هەیە، تاکە نموونەیە لە جیهان دەیبینن کە دەبێت (دوو لەسەر سێ)ت هەبێت لە پەرلەمان ئەگەر نا ناتوانی حکوومەت پێکبهێنیت، بۆیە ئەم هێرشانە دەکرێت بەشێوەیەک خوێندنەوەیان بۆ بکرێت کە فشاریان بۆ سەر ئەو هاوپەیمانییەی لەنێوان کورد سوننە و سەدر و بۆ ئەوەی بکشێنەوە."

هەروەها گوتی: پەیامێکی دیکەی ئەم هێرشانە گەیاندنی ئەوەبوو کە زیادکردنی هەژموونی وڵاتان لە عێراق بەردەوامە، بۆ سنووردارکردنی ئەم هێرشانە پێویستی بە هەوڵێکی هەمەلایەنەی وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە، هەموو ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندییان هەیە پێویستە ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن، ئێمە دەمانەوێت جارێکی دیکە سەروەری خۆمان بەدەستبهێنێنەوە، بۆیە دەبێت دڵنیابن زیادبوونی هەژموون لە عێراق خراپە.

گوتیشی:ئەوەی کە بینیوومانە تەنها هیواخواستن بووە، بەڵام بە کردار هیچمان نەبینیوە کە عێراق بەرگری لە خۆی بکات و ڕێگە بە دەستوەردان نەدات.

مەسرور بارزانی هەروەها ڕایگەیاند: کاتێک سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین کە ئایا نەوت بێت یا داعش و قاعیدە، لە عێراق ئێمە دەبێت سەیری هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو کێشانە بکەین، ئەگەر سەیری هەموو دۆخەکە بکەین بە گشتی چەندین بڕیاری سیاسی هەڵە دراون کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم دۆخە، لەناویشندا قەیرانی نەوت، پشتگوێخستن و ڕێزنەگرتن لە دەستووری عێراق، هەبوونی هەژاری و نادادپەروەری، نایەکسانی و بڕیاری هەڵە و بەڕێوەبردن و حکوومەتێکی هەڵە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم کێشانە.

ڕاشیگەیاند: عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ نییە و خاوەن بڕیاری خۆی نییە بۆیە کاریگەری خراوەتە سەر لەلایەن وڵاتانی دەرەوە، زۆرێک لە دۆستەکانمان دەڵێن با عێراق خۆی بڕیار بدات، بەڵام عێراق خۆی بڕیاری نەداوە کەلێنێکی زۆر هەیە، بۆیە گرنگە بۆ هەموو وڵاتان بزانن کە خەڵکی عێراق خۆیان چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن، کاتێک ئەمە دێتە ئاراوە کە دەستوور ڕێزی لێ گیرا.

جەختیشی کردەوە کە "ئێمە دەستوورێکمان هەیە بەداخەوە زۆرێک لە ماددە گرنگەکان کە پەیوەستە بە هەموو نەتەوەکانی عێراق پشتگوێ خراون، سڕینەوەی نەتەوەیی جێبەجێ کراوە، هۆکارێک بووە کە لە ناوچە دوورە دەستەکان هاوکاری لەگەڵ تیرۆریستان بکەن، چونکە مافەکانیان پشتگوێ خراوە.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕالی مەسرور بارزانی ئاشکرای کرد کە "ئەم بڕیارە سیاسییەی لەلایەن ئەو شوێنەی کە پێی دەڵێن دادگەی فیدڕالی بەناوی دامەزراوەیەکی سیاسی هیچ شتێک چارەسەر ناکات."

جەختیشی کردەوە کە "عێراق ئەوەندە کێشەی هەیە پێویست ناکات کێشەی دیکەی بۆ دروست بکرێت."

مەسرور بارزانی هەر لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕالی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە "حکوومەتەکەی من دەسەڵاتی تەواومان هەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەت و پەرلەمان هەمووی بڕیارەکەی ڕەت کردووەتەوە، چونکە بڕیارەکە سیاسی بوو و دەستووری نەبوو."

جەختیشی کردەوە کە "نە بڕیارەکە دەستووری بوو، نە دامەزراوەکە بەشێوەیەکی دەستووری دانەمەزراوە، بۆیە ئەمەی کە لایەنێکی یاسایی دەریکرد سیاسیی بوو."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەمە ناوچەیەک نییە کە ئێمە پێمان وابێ بتوانین ئەو بڕیارە پەسەند بکەین، چونکە ئەمە پێشێلی دەستووری عێراق و مافەکانمانە، بێگومان ئێمە ملکەچ و پابەندی دەستوورین، ڕێگەش نادەین مافەکانمان پێشێل بکرێت."

کوردستان جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.