Erbil 15°C سێشەممە 21 ئایار 04:59

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال..یه‌كه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه‌..!

 ( 1908_1979) ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ی له‌ده‌نگی ئافره‌تاندا بۆیه‌كه‌م جار سروودی خوێندووه‌ ..!
کوردستان TV
100%

ئافره‌تی كورد به‌رده‌وام هاوشانی  پیاو هه‌نگاوی ناوه‌ بۆ بنیاتنانی ژیان له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌له‌شار و گوند دا ، ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ ڕێكخستنی كاروباره‌كانی ناوماڵ و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت بواری ڕامیاریشدا، به‌ڵام له‌بواری هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقادا كه‌م نین ئه‌و خاتوونانه‌ی كه‌ ته‌لیسمی كۆت و به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیان شكاندووه‌و هاوشانی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی پیاو هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی هونه‌ر و هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی كات و ده‌رفه‌ت خزمه‌تێكی پر به‌خششی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی یان كردووه‌ ، نموونه‌ی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ زۆرن ، به‌ڵام زۆرێك له‌و خانمه‌ ده‌نگبێژ و ده‌نگخۆشانه‌ ده‌نگیان تۆمارنه‌كراوه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ندێك له‌و ده‌نگه‌ به‌سۆز و ده‌نگخۆشه‌ ئافره‌تانه‌ تێكۆشاون  به‌هه‌رشیوه‌یه‌ك بووه‌ خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئه‌و تروسكاییه‌ و به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كه‌سانی دڵسۆز  و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌نگیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه‌ و یان  له‌ڕادیۆ گۆرانیان بۆ تۆماركردوون .

خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( گوڵ جه‌مین  1870_1924) ،( مریه‌م خان 1904_1948) ،(  فه‌وزیه‌ محه‌مه‌د 1926_1992) ،( گوڵبه‌هار1933_23/2/2010) ، (نه‌سرین شیروان 1922_10/10/1990)،( ئه‌ڵماس محه‌مه‌د 1894_1974)، (ئایشه‌ شان 1938_18/12/1996) ،(نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد) و  دایكی جه‌مال  و ....تاد)

كوردستان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، ژینگه‌یه‌كی شیاو له‌باربووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینزاكان (  زه‌رده‌شتی ، ئیسلام ، كریستیان،  جوله‌كه‌ و ئه‌رمه‌نی ) ئه‌وپێكه‌وه‌ ژیانه‌ مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه‌ له‌هه‌موو شار و شارۆچكه‌و گونده‌كان له‌ته‌واوی كوردستان به‌گشتی، جووه‌كانی كوردستان له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیانه‌وه‌ جێده‌ستیان دیاربووه‌ له‌بواری ئابووریی ، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت هونه‌ریش به‌تایبه‌ت هونه‌ری گۆرانی و ئاوازی كوردی.

یه‌كێك له‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئایینزای جوو بووه‌و  خزمه‌تێكی به‌هونه‌ری گۆرانی كردووه‌، ئه‌ویش خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( دایكی جه‌مال) ه‌.

به‌داخه‌وه‌ كه‌ زۆر زانیاریی وورد نییه‌ له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی هونه‌ریی دایكی جه‌مال ، پێویسته‌ دڵسۆزیی و ماندووبوونی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ به‌رزبنرخێنین كه‌  گه‌ڕاون به‌دوای زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده، به‌تایبه‌ت ڕه‌وانشاد ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د)، كه‌دوای چه‌ندین ساڵ گه‌ڕان و له‌دوا ساڵه‌كانی ژیانی دایكی جه‌مالی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و دیداری له‌گه‌ڵدا سازكردووه‌‌.

دایكی جه‌مال كێیه‌..؟

خاتوونیكی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش، ڕچه‌ شكێن و بوێر له‌سه‌رده‌مێكدا گۆرانی خوێندووه‌، كه‌ گۆرانی گوتن بۆ نه‌ك بۆ ئافره‌ت و كچ ، به‌ڵكو بۆ پیاویش شیاو نه‌بووه‌و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێ كوردییه‌وه‌‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و تانه‌ كه‌وتووه‌، به‌ڵام دایكی جه‌مال به‌هۆی ئه‌وه‌ی جوو بووه‌و ئازادی و  كرانه‌وه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووری له‌ناویاندا هه‌بووه‌،  به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و داب و نه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ دواكه‌وتووه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، هاتۆته‌ گۆڕه‌پان و گۆرانی خوێندووه به‌زاراوه‌ی ( سۆرانی ) و ده‌نگی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه‌‌، سه‌باره‌ت به‌ ساڵ و شوێنی له‌دایكبوونی  دایكی جه‌مالی  هونه‌رمه‌ند چه‌ند ڕاو بۆچوونێك هه‌یه‌ ،

خاتوو ( فه‌رحه‌ ئیبراهیم یه‌عقوب) یان

( به‌هیجه‌ئیبراهیم یه‌عقووب) كه‌ به‌دایكی جه‌مال ناسراوه‌ ،

نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به‌ساڵی له‌دایكبوونی نوسیویه‌تی ( 1914 ) له‌دایكبووه‌ و له‌ساڵی ( 1978) كۆچی دوایی كردووه‌ ، به‌ڵام نووسه‌ر و مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) پشتن به‌ستن به‌هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ و به‌گومانه‌وه‌ نوسیویه‌تی ( ناوی ته‌واوی  ( فه‌رحه‌ ئیبراهیم یه‌عقووب) ساڵی 1908  ؟! ( گومان هه‌یه‌ له‌م مێژووه‌) هاتۆته‌ دنیاوه‌ ، خۆی جارێكیان وتوویه‌تی ( خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌مه‌) و ناسنامه‌ی به‌ ( به‌هیجه‌ ئیبراهیم ) بۆ ده‌ركراوه‌) (1)

به‌ڵام نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( ستار جه‌باری) ده‌ڵێت ( له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ جووه‌ كورده‌كانی كه‌ركوك بووه‌ و له‌ساڵی (1908) له‌شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه‌، ماوه‌یه‌كیش له‌شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ ژیاوه‌ ) (2)

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند و مامۆستای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ( عه‌لی مه‌ردان) ده‌ڵێت( ام جمال _ دایكی جه‌مال، له‌ 1908 هاتبووه‌ دنیاوه‌ ، له‌جوله‌كه‌ كورده‌كانی كه‌ركوك بوو ) (3)

گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌ كورد زمان و ئایینزای جوو بووه‌، له‌زاری (عومه‌ر قه‌زاز) یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ له‌ساڵی (1927) بریكاری كۆمپانیاكانی قه‌وان بووه‌ له‌شاری سلێمانی ،له‌شاری به‌غدا كه‌سێكی به‌هۆی قه‌وانه‌وه‌ ناسییوه‌  به‌ناوی ( میناس) وه‌ك پیشه‌ ئه‌ندازیار بووه‌، ( گوتوویه‌تی ژنه‌كه‌م كورده‌ و ئیتر ناسیاویمان په‌یداكردووه‌ ، خۆی ده‌یگووت ( واته‌ دایكی جه‌مال) خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌م ، به‌ڵام له‌هجه‌ی له‌ئی سلێمانی نه‌ده‌كرد ، ئه‌وكاته‌ ته‌مه‌نی 25 ساڵیدا ده‌بوو )  (4) .

ئه‌گه‌ر دایكی جه‌مال ، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ یان كه‌ركوك بووبێت، گۆرانییه‌كانی له‌سه‌ر قه‌وان  له‌هه‌ردوو كۆمپانیای ( به‌یزافۆن و ئۆدیۆن)له‌نێوان ساڵه‌كانی (1927 تا 1930) تۆماركردبێت ، ئایا ده‌بێت له‌چ ساڵێكه‌وه‌ ڕووی كردبێته‌ شاری به‌غدا بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی؟

بۆ نازناوی ( دایكی جه‌مال) ..؟!

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ماوه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیرییدا، خاوه‌نی منداڵ نه‌بووه‌ تا به‌ناوی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ بانگ بكرێت یان پێوه‌ی بناسرێت ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م خاتوونه‌ له‌ سه‌رده‌می گه‌نجیدا، خانمێكی زۆر جوان  و به‌ژن و باڵای ڕێكی هه‌بووه‌ ، له‌به‌ر جوانی و شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ی ئه‌و نازناوه‌ی به‌سه‌ردابڕاوه‌ ( ئوم جه‌مال یان دایكی جه‌مال) .هه‌رسه‌باره‌ت به‌م نازناوه‌ جوانه‌ له‌م خاتوونه‌ نراوه‌ ، به‌ڵام كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ناوێكی دیكه‌شی لێنراوه‌ ( ژنه‌ سترانبێژی كوردیی زمانه‌ كه‌ به‌ كۆمپانیای به‌یزافۆن به‌ (ئوم جه‌مال) و به‌ كۆمپانیای ئۆدیۆن به‌ ( شیرین خانم) ئاشناكراوه‌ ) (5)

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ دوای تۆماركردنی ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ گۆرانی و سروود له‌كۆمپانیاكانی قه‌وان له‌شاری به‌غداد، ( فه‌رحه‌ _ به‌هیجه‌، یه‌كه‌م ئافره‌تی كورد بوو كه‌به‌شێوه‌ی سۆرانی گۆرانی خۆی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركرد، به‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ زۆر ئافره‌تی تر كرده‌وه‌) (6) .

 تاساڵی (1930) به‌داخه‌وه‌ له‌دوای ئه‌و ساڵه‌وه‌ هیچ كارێكی هونه‌ری تۆمارنه‌كردووه‌، كاتێك كه‌له كۆتایی ‌ساڵی (1939) ڕادیۆی كوردی له‌به‌غدا دامه‌زراوه‌ نه‌چۆته‌ ئه‌و ڕادیۆیه‌ تا به‌رهه‌می دیكه‌ تۆماربكات ، به‌ڵكو له‌ڕێی ڕادیۆی كوردیی به‌غداوه‌ سوود له‌و قه‌وانانه‌ی دایكی جه‌مال وه‌رگیراوه‌و  به‌رهه‌مه‌ ده‌نگی وهونه‌رییه‌كانی دایكی جه‌مال بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

دیاره‌ ئه‌و كاته‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌ ناوی ( میناس ) بووه‌،تا ژیانی هاوسه‌رگیریان پێكه‌وه‌ بووه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆڕه‌خسێندراوه‌ تا سوود له‌تواناو هونه‌ر و ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی دایكی جه‌مال وه‌ربگیردرێت، ئیتر كه‌ له‌هونه‌ری گۆرانیگوتن دووركه‌وتۆته‌وه ، دیاره‌ ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی زۆر درێژه‌ ناكێشێ و  كۆتایی هاتووه‌ و پێده‌چێت چیتر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا بێته‌وه‌.

ناوی له‌ فه‌رحه‌وه‌ چۆن گۆڕاوه‌ بۆ به‌هیجه‌ ..؟!

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌وشێوه‌یه‌ بۆمان ده‌گێریته‌وه‌ (  ئوم جه‌مال یان دایكی جه‌مال ، من زۆر كه‌م ده‌مبینی به‌ڵام یه‌كترمان ده‌ناسیی، به‌ڵام ده‌نگێكی زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێشی هه‌بوو ، ماڵی له‌یه‌كێك له‌ماڵه‌كانی ( صاڵحیه‌) بوو ، گه‌لێ له‌پیاوه‌ گه‌وره‌و لێپرسراوانی ئه‌و ڕۆژه‌ ناوبه‌ناو سه‌ردانی ئه‌م ماڵه‌یان ده‌كرد، ده‌یانووت ( مه‌لیك غازی 12/3/1912_ 4/4/1939 ) بۆخۆی  یه‌كێكبووه‌ له‌وانه‌ و هه‌رئه‌ویش ناوه‌كه‌ی له‌ ( فه‌رحه‌) وه‌  گۆڕیوه‌ بۆ ( به‌هیجه‌) چونكه‌ ئه‌وه‌ی دوایی ئاوازدارتر و به‌ده‌م خۆشه‌ ، له‌زمانی عه‌ره‌بیشدا هه‌رمانایه‌ك ده‌به‌خشن) (7) .

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ دایكی جه‌مال ، چیتر نه‌له‌سه‌ر قه‌وان  و نه‌چۆته‌ ڕادیۆ گۆرانی تۆمارنه‌كردووه‌ ، له‌وانه‌یه‌ له‌دانیشتن و شه‌و ئاهه‌نگ و كۆڕو كۆبوونه‌دا له‌شاری به‌غدا هه‌ربۆخۆشیی خۆیی و ئاماده‌بووان گۆرانی  خوێندبێ به‌ڵام تۆمار نه‌كراوون.

دایكی جه‌مال جارێكی دیكه‌ ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كی موسڵمان پێك دێنێته‌وه‌ و خۆیشی دواتر بۆته‌ ( موسڵمان) به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر ئایینه‌كانی ( جوو و مه‌سیحی) كه‌بوونه‌ته‌ موسڵمان پێیان وتراوه‌ ( نه‌وموسڵمان) سه‌باره‌ت به‌م هاوسه‌رگیرییه‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) نوسیویه‌تی  ( به‌هیجه‌ ناوی ڕاسته‌كه‌ی  نییه‌ و  خۆی (جوو) و ناوی ( فه‌رحه‌) بووه‌ و فره‌ پێده‌چێ كه‌س و كاری جووی سلێمانیی بووبن، خۆیشی دوایی بووه‌ به‌ ( نه‌وموسڵمان) كه‌ شووی به‌ ( حه‌مید سوڵتان) ی ئه‌فسه‌ری كوردی سلێمانی كردووه‌و (30) ساڵ پێكه‌وه‌ بوون، ئه‌وجا به‌خۆشیی له‌كه‌ركوكدا جیا بوونه‌ته‌وه‌)(8).

ماوه‌ی ئه‌و (30) ساڵه‌ ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌ی دووه‌می دایكی جه‌مال ، لێوان لێو نه‌بووه‌ له‌ژیانێكی ئارامیی و پڕ خۆشیی و به‌خته‌وه‌ری ..! به‌ڵكو ئه‌م خاتوونه‌ له‌وماوه‌یه‌دا ژیانی پڕ بووه‌ له‌ هه‌ورازو نشێو و نائارامیی ناو خانه‌واده‌كه‌ی ، له‌م باره‌یه‌وه‌  چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ دیارترینیان ئه‌و ماوه‌یه‌ بووه‌ دایكی جه‌مال له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ ( ڕواندز) ژیاوه‌ ، به‌ڕێز ( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) له‌زاری ( سامی ڕواندزی) شاعیره‌وه‌  نوسیویه‌تی ( له‌دووشه‌ممه‌ی 15/5/2006 كاك سامی ڕواندزی شاعیرم بینی هاتبووه‌ گۆڤاری ( هه‌نگ) ده‌رباره‌ی ( ئوم جه‌مال) پرسیارم لێكرد ، پێی وتم كه‌ : كاتی خۆی دایكم بۆی باس كردووم كه‌ئه‌و ئافره‌ته‌ گۆرانیبێژه‌ له‌ڕواندوز دراوسێمان بووه‌ ، له‌گه‌ڕه‌كی ( خوارێ) مێرده‌كه‌ی ئه‌فسه‌ری ته‌جنید بوو ، هه‌میشه‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌ له‌نێویاندا بوو ، مێرده‌كه‌ی پێی ده‌ووت : هه‌رچه‌ند ده‌ڵێن ئه‌مه‌ ده‌نگی ژنه‌كه‌ته‌ گۆرانی ده‌ڵێ ، من له‌شه‌رما ده‌مرم، ئه‌ویش پێی ده‌وت: ده‌ی بۆنه‌تده‌زانی من گۆرانیبێژ بووم ؟! پاش ماوه‌یه‌ك ڕۆیشتن و ئیتر ده‌نگ و باسیان نه‌ما ) (9) .

له‌هیچ یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌ به‌ئاستی خوێنده‌واری دایكی جه‌مال نه‌دراوه‌، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و گۆرانییانه‌ی له‌به‌ركردووه‌،زیاتر به‌رهه‌مه‌كانی فۆلكلۆربوون ، جگه‌ له‌ دوو هۆنراوه‌ نه‌بێت ، كه‌ یه‌كێكیان  هۆنراوه‌ی ( وه‌فایی) بووه‌ و ئه‌وی تریشیان هۆنراوه‌ی ( زێوه‌ر) ی شاعیر بووه‌..!

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) له‌دیدارێكدا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت( گۆرانییه‌كانی له‌شێوازی فۆلكلۆره‌،شیعرێك كه‌وا به‌ربڵاوه‌ چونكه‌ سه‌رده‌می زوو شیعری شه‌عبی  یان فۆلكلۆر له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر باو بووه‌ ، چونكه‌ خه‌ڵك خوێنده‌واری  نه‌بووه‌ ،شتی ده‌ماو ده‌م وه‌رئه‌گرت ، یان ئه‌وشیعرانه‌ی كه‌ئه‌یان ووت به‌ده‌ماو ده‌م وه‌رئه‌گیرێ شتی سووكه‌ڵه‌ بوون  له‌سه‌ر زار ئاسان بووه‌ ، ئه‌وانه‌ی كه‌ خوێنده‌وارییان هه‌بووبێ ڕۆیشتوون هه‌ندێ شیعری شاعیری گه‌وره‌یان له‌به‌ركردووه‌ ، ئه‌م تێكستانه‌ی ئه‌م وتوونی وابزانم هه‌موویان له‌ئاستی شه‌عبی دابوون) (10)

هه‌رسه‌باره‌ت به‌ئاوازی گۆرانییه‌كانی دایكی جه‌مال ،( عومه‌ر قه‌زاز) ده‌ڵێت ( له‌سلێمانی  ( حه‌مه‌ خانی قۆنده‌ره‌چی) هه‌بوو، ئه‌و به‌سته‌و مه‌قامی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستی و ده‌ینارد بۆ من ، منیش ده‌منارد بۆی ، یان به‌عزێ جار خۆم ده‌چووم بۆ به‌غدا و بۆم ده‌برد و ده‌مدا به‌مێرده‌كه‌ی ، ئه‌ویش پرۆڤه‌ی له‌گه‌ڵا ده‌كرد و فێری ده‌كرد) (11) .

كه‌واته‌ عومه‌ر قه‌زاز ، نێوه‌ندێك بووه‌ له‌به‌ینی حه‌مه‌ خان و دایكی جه‌مال دا، چونكه‌ ئه‌و بریكاری كۆمپانیاكانی قه‌وان بووه‌ و زوو زوو چۆته‌ به‌غداو ئه‌و تێسكت و ئاوازانه‌ی بۆبردووه‌و  داویه‌تیه‌ ده‌ستی میناسی هاوسه‌ری دایكی جه‌مالیان خۆی له‌نزیكه‌وه‌ بینیویه‌تی.

گۆرانییه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ...!

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ماوی چوار تا پێنج ساڵ گۆرانی گوتن و تۆماركردنی له‌سه‌ر قه‌وان ، چه‌ند گۆرانییه‌كی له‌پاش به‌جێماوه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی فۆلكلۆرن وزۆر به‌سانایی دێته‌ به‌رگوێی و میلۆدییه‌كان ساده‌ن و  به‌زوویی چۆته‌ سه‌رزاری بیسه‌ران و گوێبیستی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی و ، هه‌روه‌ها گۆرانیه‌كانی چێژی هونه‌ری یان به‌رزو خۆشه‌ تائێستاش ئه‌و میلۆدیی و تێكستانه‌ له‌لایه‌ن گوێگرانه‌وه‌ جێی بایه‌خه‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ گۆرانییه‌كانی دایكی جه‌مال له‌لایه‌ن زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژه‌وه‌  دووپاته‌ كراونه‌ته‌وه‌،

یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ( سروود) ێكه‌ به‌ناوی( وه‌ته‌نی من كوردستانه‌) له‌هۆنراوه‌ی (زێوه‌ر) ه‌

( وه‌ته‌نی من كوردستانه‌ ، یادگاری ئه‌جدادمانه‌

به‌هه‌شتی ڕووی سه‌رزه‌مینه‌ ، خاكی پاكی كوردستانه‌

باهه‌موومان وه‌ك برابین ، ڕه‌فیقی دین و دنیابین

باله‌وه‌حشه‌ت ته‌وه‌للابین، نۆبه‌تی عیلم و عیرفانه‌ )

به‌م  هۆنراوه‌و خوێندنی ئه‌م سرووده‌ ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنێ كه‌ دایكی جه‌مال خاوه‌نی هه‌ستێكی به‌رزی نه‌ته‌وایه‌تی  و نیشتمانی بووه‌ و خاك و وڵاته‌كه‌ی خۆی خۆشویستووه‌ ، له‌م باره‌یه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ده‌ڵێت (  ئه‌گه‌ر باس له‌سروود بكه‌ین ،دایكی جه‌مال  به‌یه‌كه‌م ئافره‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌سروودی ووتووه‌، به‌ناوی ( وه‌ته‌نی من كوردستانه‌) (12)

كه‌واته‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال له‌باره‌ی خوێندنی سرووده‌وه‌ به‌یه‌كه‌م ئافره‌تی كورد دێته‌ ئه‌ژمار له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا و له‌م ڕووه‌وه‌ ڕچه‌ شكێن بووه‌ و هه‌رئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌  درێژكراوه‌ته‌وه‌ و ڕێی بۆئافره‌تانی دیكه‌ی كورد ڕۆشن كردووه‌ له‌بواری سروود خوێندندا ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن و سروود بۆ وڵات و خاكی كوردستان بخوێنن، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌دوو خانمی سروودبێژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ده‌م  وه‌ك ( ئه‌سلیكا قادر  1945) سروودی وه‌ڵاتێ مه‌ كوردستانه‌ ) و ( مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی 22/5/1958_18/9/2005) سروودی سڵاو بۆ پێشمه‌رگه‌ ).

گۆرانییه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ..!

لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و گه‌ڕان و به‌دواداچوونه‌ وورده‌ی ڕه‌وانشاد ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌كۆی به‌رهه‌مه‌كانی دایكی جه‌مال ده‌دات ( دوای گه‌ڕانێكی فره‌ گران بۆم ساغ بووه‌ته‌وه‌  به‌ (7) قه‌وان _ (13) سترانی كوردیی شێوه‌ی سۆرانی چڕیوه‌ ) (13).

گۆرانییه‌كان ...

1/ هه‌ی ئاغا و ئاغا  ...

( هه‌ی ئاغا و ئاغا و ئاغا ، بۆم تێكه‌ جه‌رگم داغه‌

مانگ له‌ئاسمان ڕاوه‌ستاوه‌ ، ئه‌ستێره‌ ده‌وری لێداوه‌

یاری خۆمه‌ و لێم تۆراوه‌  ،،، هه‌ی ئاغا و ئاغا و ئاغا )

2/ ئامین و ئامین  ...

( ئامین و ئامیم هه‌رتۆی دنیاو دینم

قۆڵه‌كه‌ت بێنه‌ ، بیكه‌ به‌سه‌رینم )

3/ ئای بێنن بێنن ...

( ئای بێنن بێنن ، گالیسكان بێنن ، یارم منداڵه‌ دڵی مه‌شكێنن )

4/ ده‌ردێكم گرتووه‌ ...

( ده‌ردێكم گرتووه‌ ، نی یه‌ ده‌رمانی  ، كاول بێ (....) خۆشه‌ سلێمانی )

5/ هه‌ی به‌للار ...

( هه‌ی به‌للار و به‌للار و به‌للارت بم

به‌فیدای مه‌مكۆڵه‌ی گوڵ هه‌نارت بم )

6/ خانمی سله‌یمانی...

 چاو ده‌گێڕم نابینم كه‌س ، گریان دێ هه‌ربه‌هه‌وه‌س

وه‌فا نه‌ماوه‌ له‌لای كه‌س ...

باریكی ، ته‌نكی به‌خوا زۆرجوانی ئه‌مان ڕۆحم

( خانمی سله‌یمانی) (14) .

7/ وه‌ته‌نی من كوردستانه‌  ( سروود)

8/ ڕۆحی شیرینم

9/ یارم شێوه‌ی شیرینه‌

10/ گوێگرن ئه‌ی ڕه‌فیقان

11/ ئه‌ی ئاوێنه‌ی دولبه‌ر

12/ سه‌وزه‌ مه‌ڕۆ .

له‌دوای چه‌ندین ساڵ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌، جارێكی دیكه‌  ( ئه‌نیستیتیۆی كه‌له‌پووری كورد له‌شاری سلێمانی ، به‌هاوكاری ( شوانی حاجی ئه‌وڕه‌حمانی خه‌فاف) خاوه‌نی تۆمارگای ( ئۆسكار) ، (12) دوانزه‌ گۆرانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال به‌ناوی ئه‌لبومی یادگارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پاك و ڕێك و پێك بڵاوكرده‌وه‌.

خۆزگه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ئه‌م خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌ بڕه‌خسایه‌ و به‌رهه‌می زیاتری بخستایه‌ سه‌رخه‌رمانی مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی كوردی ، به‌ڵام جێی داخه‌ كه‌ به‌هۆی داب و نه‌ریتی كۆنه‌په‌رستانه‌و  ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ژیانی هاوسه‌ری، دایكی جه‌مال نه‌یتوانیوه‌  خزمه‌تی زۆرتر بكات ، له‌دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ، جگه‌ له‌ دوو گۆرانی ( هه‌ی به‌للار و ئاغا و ئاغا ) دووپاته‌ كراونه‌ته‌وه‌ ، یان له‌زۆربه‌ی شه‌و ئاهه‌نگ و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی یاراندا هه‌ربۆخۆشیی ئه‌و دوو گۆرانییه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، جیا له‌و هه‌موو گۆرانیبێژ و ده‌نگبێژه‌ پیاوه‌، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئافره‌ت و ژ ن و كچی ده‌نگخۆشمان زۆره‌، خزمه‌ت به‌ مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌ن ، خۆزگه‌ له‌ناو ئه‌و خانمه‌ ده‌نگبێژانه‌دا یه‌ك _ دوو خاتوونێك  هه‌ڵده‌كه‌وت له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی ئه‌داو میلۆدییانه‌ی دایكی جه‌مال  گۆرانییه‌كانیان به‌شێوازو ته‌كنیكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌  دووپاته‌ بكردایه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی زیاتر به‌گوێگران و نه‌وه‌ی ئێستا بناسرێن، هه‌رچه‌نده‌ ناو و هونه‌ر و ده‌نگی دایكی جه‌مال نامرێت و هه‌میشه‌ به‌زیندووێتی ده‌مێنێته‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌ دایكی جه‌مال گۆرانییه‌كانی تۆماركردووه‌ ، زۆربه‌ی ژه‌نیاره‌كان جووله‌كه‌ بوون و كورد نه‌بوون تا به‌هه‌ست و سۆزی كوردانه‌ موزیكی بۆ بژه‌نن و هه‌روه‌ها ته‌كنیكی تۆماركردنه‌وه‌ به‌وشێوه‌ باش و گونجاوه‌ی ئێستا نه‌بووه‌،

دوای ساڵانێكی زۆر ناو و شوێنی نیشته‌جێبوونی ناڕۆشن و دیار نابێت ،  به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و گه‌ڕانێكی زۆری  نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری سلێمانی ده‌یدۆزێته‌وه‌و  دیداری له‌گه‌ڵدا ساز ده‌كات  ( ئه‌ز یه‌كه‌م كه‌سم بگه‌ڕێم و بیدۆزمه‌وه‌ و له‌ ڕۆژنامه‌و ڕادیۆدا باس و ئاشنای بكه‌م و سترانه‌كانی بدۆزمه‌وه‌ و ببوژێنمه‌وه‌ ،دوای (10) ساڵ گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌ی له‌ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ (11/12/1975) له‌ ژوورێكی بچكۆله‌ی گه‌ڕه‌كی ( شێخان) ی سلێمانیدا دۆزیمه‌وه‌) (15).

دایكی جه‌مال ماوه‌ی (13) ساڵ له‌و ژوور و گه‌ڕه‌كه‌دا ژیاوه‌ به‌ته‌نیا ، خاتوونێكی خۆشه‌ویستی گه‌ڕه‌ك و ده‌رودراوسێ بووه‌، زۆر پاك و خاوێن بووه‌، له‌ڕووی كه‌سایه‌تیه‌وه‌ كه‌سێكی نه‌فس به‌رزبووه‌و هیچ كات ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌كه‌سێكی كه‌م و له‌چاوی به‌زه‌ییه‌وه‌ لێی بڕوانن، گوایه‌ ته‌نهاكه‌سێك مانگانه‌ كرێی ژووره‌كه‌ی بۆ داوه‌ ..؟!

له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی دا دایكی جه‌مال دووچاری نه‌خۆشیی ( شێرپه‌نجه‌ی سینگ) ده‌بێت، هه‌رچۆنێك ده‌بێت ئه‌م خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌ بێكه‌سه‌ خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ شاری به‌غدا و ڕووده‌كاته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ( شاری پزیشكان _ مدینه‌ الطب) به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  ده‌رده‌كه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ ده‌رمان ده‌بێت، به‌بێكه‌سی و له‌غوربه‌تدا ، له‌ساڵی (1979) سه‌رده‌نێته‌وه‌ و بۆهه‌میشه‌ چاو لێك ده‌نێ ، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ماڵئاوایی له‌ژیانی هونه‌ری و دواساته‌كانی ته‌مه‌نی ته‌نیایی و شاری سلێمانی به‌بێكه‌سی له‌نه‌خۆشخانه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ  ، دواتر ته‌رمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ( ئه‌میندارێتی به‌غدا _ امانه‌ العاصمه‌ ) له‌گۆڕستانی  ( شێخ مه‌عروفی كه‌رخی ) به‌خاك ده‌سپێردرێ ، دایكی جه‌مالی هونه‌رمه‌ند وه‌ك  هونه‌رمه‌نده‌ ئافره‌ته‌كانی دیكه‌ی كورد ، ( گوڵبه‌هار له‌( نه‌جه‌ف)  و ئایشه‌ شان له‌ ( ئیزمیر)  ) گۆڕغه‌ریب ده‌بێت، ڕۆحت شاد و سڵاو له‌و هه‌سته‌ به‌رزه‌ی هونه‌رت كه‌له‌و سه‌رده‌مه‌ دا توانیت به‌وچه‌ند گۆرانییه‌ خه‌رمانی هونه‌ری كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندبكه‌یت.

جه‌مالی ده‌لاك  29/1/2022 هه‌ولێر .

  سه‌رچاوه‌ :

(1 و 4 و 11) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ، دانانی باكووری ، به‌شی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه‌ (39) .

(2) دایكی جه‌مال یه‌كه‌م ژنی كورده‌ كه‌ گۆرانیی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه‌،  ستار جه‌باری ، كه‌ركوك _ سایتی وشه‌.

(3 و6 و 7 و9)  كتێبی گه‌ڵای پایز ، بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ، ئاماده‌كردنی عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان ، لاپه‌ڕه‌ (340)

( 5 و 8 و 13 و 15) كتێبی مێژووی ڕادیۆیی كوردیی به‌غداد (1939_ 1958) به‌رگی یه‌كه‌م _ جزمی یه‌كه‌م ، نوسینی كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه‌ ( 571) .

 (10 و 12) به‌رنامه‌ی بیره‌وه‌ری ، كه‌ناڵی ژن  ، ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( ئه‌ڤین نه‌سرین) 1/3/2021

( یوتوب)

(13) بۆتێكستی ئه‌و گۆرانییانه‌ سوودم له‌كتێبی  ( گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی  ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ( عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه‌ ( 178_179_ 180_182_183 و 251) وه‌رگرتووه‌.( ج،د)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.