Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 20:07

نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی خاو گەیشتە 112 دۆلار و 10 سەنت

کوردستان TV
100%


رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 113 دۆلار و 50 سەنت و رۆژەکەی بە 112 دۆلار و 39 سەنت تەواو کرد.

 بەیانی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 9 ی 5 ی 2022،  کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەستپێکی هەفتەی نوێیە، نرخەکان بەڕێژەی سەدا 0،25 دابەزینیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە 112 دۆلار و 10 سەنت.

لە هەمان کاتدا بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بە 109 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەردەوامی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین و نیگەرانییەکان لە کاریگەرییەکانی ئەم رێوشوێنانە لەسەر ئابووری جیهان، یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی نرخی نەوت.

لە لایەکی دیکەشەوە لێدوانی سعوودیە لەبارەی ئەوەی کە نرخی نەوت روو لە داکشانە، بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو سووتەمەنییە و بووە هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخەکان، واش چاوەڕوان دەکرێت ئەو وڵاتە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، نرخی نەوت بۆ کڕیارەکانی لە ئاسیا و ئەورووپا دابشکێنێت.

بەهەمان شێوە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامن لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پاکێجی سزایەی کە بڕیارە بەسەر رووسیادا بیسەپێنن و سزاکان قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتەش لەخۆدەگرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکیش کە لە راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، بەهۆی ناڕەزایی بەشێک لە وڵاتانی ئەندامەوە داوای کردووە بەشێک لە بەندەکانی پاکێجی سزاکانی سەر رووسیا، گۆڕانکارییان تیادا بکرێت. لەنێو ئەو وڵاتانەشدا هەریەکە لە هەنگاریا، سلۆڤاکیا و کۆماری چیک قۆناغی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە درێژ دەکەنەوە.

لەو قۆناغەشدا ئەو وڵاتانە ژێرخانی تایبەت بە بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوت درێژە پێ دەدەن، هەنگاریا و سلۆڤاکیا تا کۆتایی 2024 و کۆماری چیک تا ناوەڕاستی 2024 لە رووسیاوە نەوت هاوردە دەکەن.

هەروەها وڵاتانی G7 لە راگەیەندراوێکدا ئەوەیان ئاشکرا کردبوو کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی یەکشەممەدا، گفتوگۆیان کردووە لەسەر پاکێجێکی نوێی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا و ئەگەری هەیە هاوردەکردنی نەوت لەو وڵاتە بەشێوەی پلە بە پلە یان بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنن.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.