Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 06:21

هۆشداری لە دروستبوونی قەیرانی خۆراک دەدرێت

کوردستان TV
100%

بەرپرسانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، رێکخراوە بازرگانییە جیهانییەکان و بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدەن لە دروستبوونی قەیرانی خۆراک لە دەرەنجامی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و داوا دەکەن بە پلانی نوێ و بە خێرایی کار بکەن بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

کریستالیا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند: پێویستە خێرا کار بکەین لە پێناو خۆبەدوورگرتن لە مردن و برسێتی کە باڵ بەسەر جیهاندا نەکێشن.

 لە لایەکی دیکەوە دەیڤد ماڵباس، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی گوتی: یەکێک لەو هەنگاوە زۆر گرنگانەی کە دەبێت ئێمە کاری بۆ بکەین، دەستبەرکردنی شەفافییەتی زیاترە سەبارەت بە گەنجینەی خۆراکی وڵاتانی جیهان، لە پێناو یارمەتیدانی بازاڕ تاوەکوو چالاکتر لە جاران کار بکات.

ئەم نیگەرانییانەی بەرپرسانی نێودەوڵەتی هاوکاتە لەگەڵ مەترسی زیادبوونی قەیرانی خۆراک لە سەرتاسەری جیهاندا بەهۆی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراین کە کاریگەریی کردووەتە سەر نرخی ماددە خۆراکییەکانی وەک گەنم. هەر لەمبارەیەوە گۆڤاری (فۆرێن ئەفرێز) لە راپۆرتێکیدا باس لە مەترسی بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکات و ئاماژەی بەوە دا کە لە ئەگەری درێژەدان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، مەترسی دروستبوونی چەندین شەپۆڵی برسییەتی سەرهەڵدەدەن بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەی کە هەر یەکێک لەو دوو وڵاتە لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی ماددە خۆراکییەکانی وەک گەنمن.

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.