هیچ گومانی تێدا نییه كه هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ، له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه له‌ناو گه‌له‌كه‌یدا ده‌ناسرێت و ده‌بێته هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن مێژوو له‌بواری گۆرانیی چڕیندا، هه‌ركات باس و خواس دێته سه‌ر ناو و نازناوی هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ ، ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وینه سه‌ر پیاهه‌ڵدان و باس له‌به‌رهه‌م و توانا هونه‌رییه‌كه‌ی ، ڕاسته و كارێكی گونجاوه‌و هه‌روه‌ها ئه‌ركه ڕێز و حورمه‌ت بۆ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دابنێین، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌و باسكردن و پیاهه‌ڵدانه به‌هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ، پێویسته و هه‌میشه ده‌بێت ئه‌وه بزانین له‌پشتی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ كێیه؟! وائه‌و هه‌سته پڕ چێژه و زه‌وق و نه‌شئه هونه‌رییه ده‌دات به‌گۆرانیبێژ ..!
له‌پشت هه‌رهونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژه‌وه، شاعیر ، ئاوازدانه‌ر و ئاماده‌كاری مۆسیقا و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری مۆسیقا بوونیان هه‌یه ، كه‌هه‌موو پێكه‌وه ته‌واوكه‌ری خوڵقاندنی ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ن كه هه‌ست و نه‌ستی گوێگر و بیسه‌ر بۆلای ده‌نگ و ئاواز و تێكستی گۆرانییه‌كه كه‌مه‌ندكێش ده‌كات.
وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێره‌كانی مۆسیقاین ، هه‌ریه‌كه به‌پێی ئامێره‌كه‌یی و هه‌ستی به‌رزی هونه‌ری چێژی به‌خشیوه ، خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه ، ئه‌گه‌ر به‌تاكژه‌نیی یان به‌كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ تیپێكی مۆسیقی یان گروپێكی مۆسیقی بووبێت.
زۆرن ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌تای هه‌نگاونانیان بۆ نێو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی تا دواساته‌كانی ژیانیان به‌به‌رده‌وامی تێكۆشاون و كاروچالاكی هونه‌رییان ئه‌نجامداوه ، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له‌ڕۆژان ده‌نگی ناڕازیان لێبه‌رزبووبێته‌وه و منه‌ت به‌سه‌ر هاوزمانه‌كانیاندا بكه‌ن و بڵێن من ئه‌وه‌م كردووه و بۆ ئێوه‌م كردووه ، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیار و ئاوازدانه‌رانه‌ی كه ماوه‌ی نیوسه‌ده كار‌و تێكۆشان و چالاكیی هونه‌ری له سه‌رشانۆ و له‌فیستڤاڵ و ئه‌كله‌نجه‌و ئاهه‌نگه‌كان و ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا ئه‌نجامداوه ، به‌بێ ئه‌وه‌ی گله‌یی و گازانده بكات له‌ومێژووه پڕ به‌خششه ، نه‌خێر هونه‌رمه‌ندێكی رۆح شیرین و هه‌ست ناسك و ده‌ست و په‌نجه زێڕین ، هونه‌رمه‌ند ( جه‌وده‌ت شاكر عه‌لی) یه .
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر عه‌لی ( 21/10/1946)
له‌گه‌ڕه‌كی ( ته‌كیه‌ی) پیره قه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر ، له‌ڕێكه‌وتی ( 21/10/1946) په‌روه‌ردگار منداڵێك ده‌به‌خشێته ( شاكر عه‌لی) و دڵی ئه‌و خانه‌واده خۆش ده‌كات ، به‌پێی سرووتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناوی ده‌نێن ( جه‌وده‌ت) .
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، به‌مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌و فێربوون، ده‌خرێته به‌رخوێندن له قوتابخانه‌ی ( ئه‌ربیل ئولا) ی سه‌ره‌تایی له‌ساڵی ( 1952) ، دواتر درێژه به‌خوێندن ده‌دات له قوتابخانه‌ی ( النهضه) له‌ساڵی (1962) قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كات، پاشان ڕووده‌كاته خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر ، له‌ساڵی (1965) بڕوانامه‌ی خانه‌ی مامۆستایان به‌ده‌ست دێنێت و ، داده‌مه‌زرێت وه‌ك ( مامۆستا) له‌ناوچه‌ی
( مێرگه‌سوور) .
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر له‌ڕێكه‌وتی ( 1/6/1966) ژیانی هاوبه‌شی پێكدێنێ و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوسه‌رگیرییه ، په‌روه‌ردگار ( 8) منداڵیان پێده‌به‌خشێت ( 6كوڕ و 2كچ) .
هونه‌رمه‌ند حه‌زو خولیا‌و ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا له‌ساڵی (1962) له‌خانه‌ی مامۆستایانی هه‌ولێر ده‌ست پێده‌كات و له‌گه‌ڵ ئامێره خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ( كه‌مانچه _ ڤیۆلۆن) ده‌بنه دوو هاوڕێی خۆشه‌ویستی ڕێگایه‌كی فراوانی لێوریژ له‌هونه‌ری مۆسیقا،یه‌كه‌م به‌شداربوونی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كه‌مانچه‌ژه‌ن له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای خانه‌ی مامۆستایان بووه به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا
( زیائه‌دین نوری قه‌ساب) ، له شانۆی هۆڵی ( گه‌ل) له‌هه‌مان ساڵی (1962) .
له‌ساڵی (1970) هێشتا تیپی هونه‌ری هه‌ولێر به‌شێوه‌ی فه‌رمی مۆڵه‌تی كاركردنی وه‌رنه‌گرتبوو، هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌وتیپه هونه‌رییه ،( تیپی هونه‌ری هه‌ولێر، ئه‌و تیپه هه‌رله‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه ، به‌گوڕو تینێكی هونه‌ری به‌رزه‌وه ، له‌شاری هه‌ولێر و باشووری كوردستان به‌شێوازو تایبه‌تمه‌ندی خۆیان ، له‌نێوه‌ندی هونه‌ری خۆیان ناساند‌و مێژوویه‌كی جوان و پڕ به‌خششی هونه‌رییان له هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی تۆماركردووه).
هه‌رچه‌نده له‌شاری هه‌ولێر پێشتر تیپێكی هونه‌ری هه‌بووه به‌ناوی ( تیپی مۆسیقای ده‌رسیم ) به‌سه‌ر په‌رشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند جه‌مال هیدایه‌ت، سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( جه‌مال هیدایه‌ت) به‌وشێوه‌یه ئه‌ومێژووه‌مان بۆ ده‌گێرێته‌وه :
( دوای به‌یاننامه مێژووه‌كه‌ی 11ی ئاداری ساڵی 1970 ده‌رفه‌تم بۆ ڕه‌خسا بۆده‌رهێنانی مۆڵه‌تی فه‌رمی به‌ژماره ( 713) له رۆژی ( 23/2/1971) مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌رگرت به‌ناوی ( تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ) له‌به‌رامبه‌ر گۆڕه‌پانی كۆتری ئاشتی بۆ باره‌گای تیپ شوێنێكمان به‌كرێ گرت و یه‌كه‌مین ده‌سته‌ی كارگێڕی تیپ به‌هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد پێكهاتبوون له ( جه‌مال هیدایه‌ت ، سوڵتان عه‌بدوڵڵا ، ته‌حسین ته‌ها ، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان، مونعیم مه‌زهه‌ر ، كه‌مال حه‌مه‌ده‌مین و عه‌دنان ئه‌حمه‌د) ، له‌ساڵی (1971 ) چه‌ند به‌رهه‌مێكمان بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و موسڵ تۆماركرد ، له‌وانه گۆرانی ( كه‌ویار ، گوتنی هیتۆ غه‌فور و نیگار محه‌مه‌د) ، گۆرانی ( شلكه‌و ته‌نكه گوتنی سه‌لاح نه‌جمه‌دین ) ، گۆرانی غه‌زالێ بڵێ غه‌زالێ گوتنی ساڵه‌ح برێخت ) ، گۆرانی ( له‌ملان و له‌ولانتكه‌م و ئامۆزاگیان ، وتنی كۆرس ) ، پارچه موزیكی ( سۆزان ، ئاوازی سه‌ردار ئه‌حمه‌د) ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ( سابیر عه‌بدولڕه‌حمان) به‌مه‌نه‌لۆج به‌شداری ده‌كرد، ئه‌ندامانی ئه‌و كاته‌ی تیپه‌كه‌مان پێكهاتبوون له ( مونعیم مه‌زهه‌ر _ كه‌مانچه ژه‌ن و سه‌رۆكی تیپ ، واحید مه‌رجان ، جه‌وده‌ت شاكر ، زیائه‌دین نوری قه‌ساب ، قادر عه‌زیز، فازیل میكائیل ، سیروان سه‌یدئه‌حمه‌د، ئامێری كه‌مان ، مسته‌فا ڕه‌ئووف _عوود ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د_ فلوت و شمشاڵ ، نه‌شئه‌ت حه‌مید _ شمشاڵی قامیش ، چه‌تۆ حه‌سه‌ن_ ئۆكۆردیۆن ، عه‌دنان ئه‌حمه‌د _ ته‌پڵی شه‌ربه ، نوره‌دین ته‌قی _ به‌نگۆزو ده‌ف ) له‌هه‌مانكاتدا ژماره‌یه‌ك گۆرانیبێژ به‌به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای هه‌ولێر دا بوون ، له‌وانه ( تایه‌ر تۆفیق ، مام ڕه‌سوڵ بێزارگه‌ردی ، مام حه‌یده‌ر به‌قاڵ، فوئادئه‌حمه‌د، ته‌حسین ته‌ها ، عه‌بدولڵا دڵسۆز ، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیلی ، باكووری ، قادر مه‌ردان كه‌ركوكی ، یه‌حیا مه‌رجان و جه‌بار ئه‌حمه‌د ) (1)
كه‌واته ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كه كه هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر له‌ومێژووه‌وه جێ ده‌ستی دیاره له‌ناو دنیای مۆسیقا و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر دا ،
له‌ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ده‌چێته شاری به‌غدا به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌خولێكی مۆسیقای مه‌ركه‌زی ، له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا، دوای ته‌واوبونی خوله‌كه هونه‌رمه‌ند بڕوانامه به‌ده‌ست دێنێت .
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر دوای ئه‌نجامدانی كاری وه‌زیفی وه‌ك مامۆستا له ( مێرگه‌سوور و بارزان و سرێشمه) ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ ناو شاری هه‌ولێر له‌ساڵی (1965) بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان و ده‌بێته ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای چالاكی قوتابخانه‌كان ، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و ئه‌مه‌كدارییه‌وه كاره‌كانی ئه‌ستۆی ڕاده‌په‌ڕێنێ و ، ده‌مێنێته‌وه تا ساڵی (1982) .
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جوان و مرۆڤانه بووه ، كه‌سێكی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆ و كه‌مدوو، هه‌ست ناسك و گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا كاری تێداكردووه، هاوڕێ و دڵسۆزیی برا هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ ته‌واوی هونه‌رمه‌نداندا هه‌بووه، هه‌روه‌ها باوكێكی دڵسۆز‌و نموونه‌یی بووه بۆ منداڵه‌كانی، ئاره‌زووی بووه كه منداڵه‌كانی ئه‌و ڕێچكه هونه‌رییه بگرنه به‌ر تا چرای ڕۆشنی هونه‌ر له‌خانه‌واده‌كه‌یدا هه‌میشه ڕۆشن بێت ، خۆش به‌ختانه دوو له‌منداڵه‌كانی ڕێبواری ڕێگا پیرۆز‌و ڕۆشنه‌ی باوكیانن، ( ماجد) ی كوڕه گه‌وره‌ی ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه و (واجید) ماوه‌ی (33) ساڵه ئه‌ندامی تیپی هونه‌ره میللییه‌كانی شاری هه‌ولێره ، وه‌ك ڕاهێنه‌ر كاری هونه‌ری ده‌كات .
هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی ژیانی هونه‌ری كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ئاهه‌نگ و شه‌ودانیشتن و كاری هونه‌ری تیپه مۆسیقیه‌كان و هه‌روه‌ها به‌رنامه هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌ئاسمانییه‌كان و لۆكاڵیه‌كان،
ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر له‌ماوه‌ی نیوسه‌ده خزمه‌تكردنی به‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی :
1/ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای خانه‌ی مامۆستایانی شاری هه‌ولێر ، له‌ساڵی ( 1962تا 1965)
2/ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای چالاكی قوتابخانه‌كانی شاری هه‌ولێر، له‌ساڵی ( 1965 تا 1982)
3/ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای هونه‌ری هه‌ولێر بووه ، هونه‌رمه‌ند به‌شداری ته‌واوی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپی ناوبراوی كردووه له‌ساڵی (1970تا 1991)
4/ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای مامۆستایان بووه له‌ساڵی ( 1968 تا 1991)
5/ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای هونه‌ره میللییه‌كان بووه له‌ساڵی ( 1979 تا 2005)
6/ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر بووه له‌ساڵی ( 1975تا 1991)
7/ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی ئۆركێسترای كوردستان بووه له‌ساڵی ( 1997) وه.
8/ ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی عێراق و ڕێكخراوی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان بووه.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1979) له‌گه‌ڵ چالاكی قوتابخانه‌كان ، خه‌ڵاتی یه‌كه‌م كه‌مانچه ژه‌نی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو پارێزگاكانی عێراق وه‌رگرتووه،
جه‌وده‌ت شاكر له‌ساڵی (1979) بۆته ئه‌ندامی تیپی هونه‌ره میللییه‌كان و دواتر له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك به‌شداری هه‌موو چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ی كردووه و بۆته جێگری به‌ڕێوه‌به‌ر و هه‌روه‌ها لێپرسراوی به‌شی مۆسیقا ، به‌مه‌به‌ستی زانیاری وه‌رگرتن له‌سه‌ر كار‌و چالاكییه‌كانی هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، پێوه‌ندیم به هونه‌رمه‌ند ( شێرزاد سه‌رسپی_1948) یه‌وه كرد، كه‌هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مێژوویه‌كی دوور‌و درێژییان پێكه‌وه له‌و كاروانه هونه‌رییه‌دا هه‌یه ،( من و به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، مێژوویه‌كی دوور‌و درێژمان پێكه‌وه هه‌یه ، ساڵی 1979 له‌تیپی هونه‌ره میللییه‌كان بووم ،ئه‌وكاته سه‌ربه ( سینه‌ما و شانۆی به‌غدا )بووین، هونه‌رمه‌ندمان كه‌م بوو داوامان له‌هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه كرد كه‌بێن و له هونه‌ره میللییه‌كان خزمه‌ت بكه‌ین ، جه‌وده‌ت شاكر له چالاكی قوتابخانه‌كان بوو، هات و له‌گه‌ڵمان كاری كرد ، دوایی نقل بوو بۆ تیپی هونه‌ره میللییه‌كان له‌سه‌ر میلاكی ئه‌مانه عامه‌ی هه‌ولێر ، له‌دوای ڕاپه‌ڕین داواكاریمان پێشكه‌شی كۆچكردوو كاك ( فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی) كرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك دامه‌زرا و تیپی هونه‌ره میللییه‌كان له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك كار‌و چالاكییه‌كانی خۆی درێژه پێدا.
دواتر سه‌باره‌ت به‌كه‌سایه‌تی و ئاستی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، هونه‌رمه‌ند شێرزاد سه‌رسپی وتی : تابڵێی كه‌سێكی جوان و دڵسۆز و خه‌مخۆر ، كه‌سێكی زۆر جدی له‌كاره‌كه‌یدا ، خوانه‌كا كارێكی پێبسپێردرایه ، تا به‌وپه‌ڕی دلسۆزییه‌وه ئه‌نجامی نه‌دابایه وازی نه‌ده‌هێنا ، كه‌سێكی هێمن و خوڕه‌وشت به‌رز ، به‌درێژایی ئه‌و چه‌ندین ساڵه كاك جه‌وده‌ت جێگری من بوو، خوانه‌خواسته ڕۆژێك نه‌دڵی من و هیچ یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندان و هاوكاره‌كانی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی موزیك نه‌ئێشاندووه ، تا خانه‌نشین بوونی پێكه‌وه كاری هونه‌ری و ئیداریمان به‌خۆشه‌ویستی یه‌وه ئه‌نجام داوه ) (2)
هونه‌رمه‌ند جیا له‌وه‌ی كه ژه‌نیارێكی به‌تواناو ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین بووه ، ئاوازدانه‌ریش بووه و چه‌ندكارێكی هونه‌ری ئاوازی بۆداناوه ، هه‌ردوو تابلۆی تیپی هونه‌ره میللییه‌كان به‌ناوی ( لۆشوانۆ و سنجانێ) ، هه‌روه‌ها ئاوازی بۆ چه‌ند گۆرانیبێژێك داناوه له ( كۆمپانیای بابلی عێراقی ) تۆماركراوه.
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر زۆر هونه‌ره‌كه‌ی خۆشویستووه و به‌رده‌وام له‌بیری ئه‌وه‌دابووه ، كه‌منداڵانی شاره‌كه‌ی له‌وبه‌هره جوان و شیرینه‌ی مۆسیقا بێ به‌ش نه‌بن ، له‌م بواره‌شدا له چالاكی قوتابخانه‌كان هونه‌رمه‌ند وه‌ك مامۆستا و فێركار چه‌ندین خولی مۆسیقای بۆپێگه‌یاندنی منداڵان و مێردمنداڵان كردۆته‌وه و فێری مۆسیقای كردوون .
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، به‌شداری چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كردووه و هاوكاری گۆرانیبێژان بوه به‌ژه‌نینی سۆلۆی كه‌مانچه‌كه‌ی ، به‌شداری له (23) به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كردووه و گۆرانی بۆ (50) گۆرانیبێژی توركمان مۆسیقای بۆئاماده‌كردوون ،
هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ره میللییه‌كان رۆڵی چالاك و دیاری هه‌بووه ، به‌مه‌به‌ستی ناساندن و نمایشكردنی تابلۆ و كه‌لتووری كوردی چه‌ندین گه‌شتی هونه‌رییان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه له‌م ساڵانه‌دا
: ( ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا _1981) ( یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌تی پێشوو _1982) ، ( نه‌مسا _1982) هه‌روه‌ها له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) وه هونه‌رمه‌ند به‌شداری له‌فیستڤاڵه هونه‌رییه‌كان له‌وڵاتی ( فه‌ره‌نسا و نه‌مسا ) له‌ساڵی (2005) كردووه ، له‌هه‌مان ساڵدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی ( نه‌ورۆز) ه‌وه له
( شتوتگارت) ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌شداری ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی كردووه.
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو تێكۆشان و خزمه‌ت و خۆماندووكردنه له‌پێناو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی،خاوه‌نی مێژوویه‌كی لێوان لێوه له‌به‌خششی هونه‌ریی له‌گه‌ڵ تیپه مۆسیقیه‌كان و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره‌كانی هاوڕێی ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی گۆرانبێژی كورد و توركمانی شاری هه‌ولێر ، كاری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان كردووه له‌ئاهه‌نگ و ئه‌كله‌نجه دا ، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ته‌حسین ته‌ها ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، تایه‌ر تۆفیق ، مشكۆ ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی ، حه‌مه جه‌زا ، جه‌لال سه‌عید ، مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی ، ناسری ڕه‌زازی ، عاره‌ب عوسمان و ...تاد ) یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگه لێوڕیژه له‌چێژی هونه‌ری مۆسیقا و ده‌نگی ڕه‌سه‌ن، ئه‌و ئاهه‌نگه‌یه كه‌له‌رێكه‌وتی ( 10/5/1984) له‌ماڵی ( به‌هرامی مۆبیلیات ) له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی ( شێرزاد سه‌رسپی _ عود ) ، ( مسته‌فا ڕه‌ئووف _ قانوون) ، ( شاكر ڕواندزی_ كه‌مانچه) ، ( زرار به‌كر _ ئیقاع ) وه خۆشیی به‌ئامێری كه‌مانچه‌كه‌ی به‌شداربووه ، كه له‌و ئاهه‌نگه‌دا چه‌ندین مه‌قام و گۆرانی‌یان بۆ هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی ) تۆماركردووه.
بۆبه‌ده‌ستهێنانی زانیاری زێده‌تر له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه هانام برده به‌ر هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو _ 1955 شه‌قڵاوه )به‌ڕێزیان زۆر به‌لوتف و وه‌فاوه له‌كه‌سایه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ڕۆح سووكه دووا ( هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر هه‌زار ڕه‌حمه‌تی لێبێت ، ماوه‌یه‌كی زۆر به‌یه‌كه‌وه كاری هونه‌ریمان كردووه، له‌چالاكی قوتابخانه‌كان و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر و شه‌و ئاهه‌نگه‌كانی ئه‌كله‌نجه و هه‌روه‌ها هه‌موو بۆنه‌كان ، كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و له‌سه‌رخۆ وه‌ك كه‌مانچه‌ژه‌نینه‌كه‌ی ، خاوه‌ن خوڕه‌وشتێكی به‌رز و ده‌ست و دڵ پاك ، خاوه‌نی ستایلێكی زۆرجوانی هه‌ولێریانه بوو ، هونه‌رمه‌ندێك بوو شاره‌زا له‌مه‌قامه‌كاندا ، كه‌سێك بوو زۆر جددی و هه‌میشه پابه‌ندبوو به‌پرۆڤه‌و كۆبوونه‌وه‌كان ، په‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا هه‌بوو، تا دواهه‌ناسه وه‌ك برابووین پێكه‌وه ، یه‌ك ڕۆژ له‌ڕۆژان دڵی یه‌كترمان نه‌شكاند و وه‌ك خۆم شانازی به‌ناسین و ئه‌و مێژوه جوانه‌وه ده‌كه‌م كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده ڕه‌وانشاده جه‌وده‌ت شاكر هه‌مبووه ، ڕۆحی شاد بێت) (3)
به‌داخه‌وه نه‌خۆشیی به‌رۆكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ڕۆح سوك و هێمن و ده‌ست و په‌نجه زێڕینه ده‌گرێ و ماوه‌ی (6) ساڵ هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر به‌ده‌ست ئازاری سینگییه‌وه ده‌ناڵێنێ و ململانێی توندی له‌گه‌ڵدا ده‌كات ، ڕۆژی ( 24/4/2021) ئه‌و ڕۆژه‌یه كه هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندێكی دێرینی بواری مۆسیقا‌و گۆرانی شاره‌كه‌ی هه‌ولێر بڵاوبۆوه و خه‌م و ناسۆری له‌ده‌ستدانی ئه‌و قامك و په‌نجه پڕ سۆزه هونه‌رییه دڵی هه‌موو هاوڕێیان و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌هه‌ژێنێ و هه‌مووان دڵ پڕ له‌خه‌م بوون بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌و كه‌سایه‌تی و ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته، له‌هه‌مان ڕۆژدا ته‌رمی پیرۆزی ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌كرێت ،
هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر (75) ساڵ ژیا ، به‌ڵام نیوسه‌ده له ته‌مه‌نی به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌خشی ، كاكه واجیدی كوڕی كه‌یه‌كێكه له‌ڕاهێنه‌رانی تیپی هونه‌ره میللیه‌كان سه‌باره‌ت به‌باوكی كۆچكردووی ده‌ڵێت ( وه‌ك باوكێك میهره‌بان و هه‌موو كات پشت و په‌ناو هاوكارم بوو، وه‌ك مامۆستا فێركارم بوو ، له‌په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی دا نه‌ك هه‌ربۆ من به‌ڵكو بۆ خوشك و براكانم ، هه‌م برا و هاوڕێیه‌كی دڵسۆزمان بوو، به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه به‌جێیی هێشتین و هه‌تا ماوین له‌یادی ناكه‌ین و ئێمه‌ش به‌ڵێنمان داوه هه‌میشه ڕێبواری رێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكم بین كه خزمه‌تكردن به‌هونه‌ره) (4)
ماڵئاوا هونه‌رمه‌ند جه‌وده‌ت شاكر ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری كرد‌و ، به‌بێ ده‌نگی ماڵئاوایی كرد ...! ڕۆحت شاد و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانت به‌رزو به‌ڕێز بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 1/2/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه:
تیپی مۆسیقای هه‌ولێر و ته‌مه‌نێك له‌ڕه‌سه‌نایه‌تی ،،،،ڕۆژنامه‌ی ئاسۆی مۆسیقا ، پاشكۆیه‌كی تایبه‌ته به‌یادی (38) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای هه‌ولێر ، ژماره‌ی تایبه‌ت ، پێنج شه‌ممه (19/2/2009)
(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( شێرزاد سه‌رسپی ) له‌ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی (31/1/2022)
(3) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك _ ماسنجه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو ) له‌ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێكه‌وتی (31/1/2022)
(4) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك _ ماسنجه‌ر له‌گه‌ڵ كاك واجید كوڕی هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد ( جه‌وده‌ت شاكر ) له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه ڕێكه‌وتی (26/1/2022)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.