لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی ماستەرزی مەیامی ئەمەریكی لە یاری تێنسی سەرزەوی و لە ڕكابەریەكانی ئاستی خانماندا، هەردوو كچە یاریزان، ناومی ئۆساكای ژاپۆنی و ئیگا سویاتێكی پۆڵەندی گەیشتنە یاری كۆتایی.
لە قۆناغی پێش كۆتاییدا، ئۆساكای پۆلێنكراوی حەفتاوحەوتەمی ڕیزبەندی كچە تێنسزانانی جیهان بە دوو كۆمەڵە بەرامبەر بە كۆمەڵەیەك لە بێلیندا بێنشیچی سویسری و پۆلێنكراوی بیست و هەشتەمی ڕیزبەندی جیهانی بردەوە.
یاریەكە دوو كاتژمێری خایاندو ئەنجامی كۆمەڵەكان چوار شەش، شەش سێ، شەش چوار بوو، بەم ئەنجامەش ئۆساكای تەمەن بیستوچوار ساڵ بۆ یەكەمجار لە دوای كانوونی دووەمی دووهەزاروبیستویەك گەیشتە یاری كۆتایی یەكێك لە پاڵەوانێتیەكانی تێنسی سەرزەوی، لە یاری كۆتایش، ئۆساكا ڕووبەڕووی ئیگا سویاتێكی پۆڵەندی و پۆلێنكراوی یەكەمی ڕیزبەندی جیهان دەبێتەوە كە ئەویش لای خۆیەوەو لە قۆناغی پێش كۆتاییدا، بە دوو كۆمەڵەی بێ وەڵام سەركەوتنی لەبەرامبەر جێسیكا پێگولای ئەمەریكی و پۆلێنكراوی بیست و یەكەمی ڕیزبەندی جیهان تۆماركردو خۆی گەیاندە یاری كۆتایی، ئەم یاریەش یەك كاتژمێر و چل و هەشت خولەك بەردەوام بوو، ئەنجامی كۆمەڵەكان شەش سێ، شەش سێ بوو .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.