Erbil 15°C دووشەممە 06 ئایار 11:11

دوو پرۆژەی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرانەوە

کوردستان TV
100%


هەردوو پرۆژەی دابینكردنی وێستگەیەکی مۆبایلی كارەبا و راكێشانی 6 فیدەری 11 كەی ڤی لە وێستگەی كارەبای دیلزیان، لە مەراسیمێکدا بە بەشداری وەزیری کارەبا و سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرانەوە. 
کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لە وتەکەیدا راگەیاند: ئەم پرۆژەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. 
بە ئاماژەپێدان بە پرۆژەکانی جێبەجێ کراوی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتی دوو پرۆژەی گرنگی دیکەش لەم سنوورە جێبەجێ دەکرێن: بەم زووانە دەست بە دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا و هەروەها پرۆژەی راکێشانی هێڵی 132 کەی ڤیی سۆران - چۆمان - حاجی ئۆمەران دەکرێت.  هەڵگورد شێخ نەجیب سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سوپاسی وەزیر و وەزارەتی کارەبای کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە لە سۆران.
وەزیری کارەبا سەبارەت بە دۆخی ئێستای کارەبا گوتی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا 3300 بۆ 3400 مێگاواتە و لە مانگی نیسان بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە. کێشەی ئێستای کارەبا لە نەبوونی سوتەمەنی دایە، نەک لە ژێرخانی کارەبادا. 
لە بارەی پرۆژەی پێوەری زیرەکیش وتی تا ئێستا 1,250,000 پێوەری زیرەک بەستراون و بەم زووانە تەواو دەبێت و بەهۆیەوە بە شێوەیەکی باشتر کارەبا ڕێک دەخرێت و کۆنترۆڵ دەکرێت. 
ئەم دوو پرۆژەیەی کە ئەمڕۆ لە دێلزیانی سۆران لە لایەن هەردوو کۆمپانیای پالۆس و گرشین بە گوژمەی 2.1 ملیار دینار جێبەجێ کراون، هەر یەک لە  شاره‌دێی مەزنێ و 28 گوندی سۆران و گوندەكانی مه‌جیداوە، هاودیان، دیلزیان، شاوراوە، بادلیان، بیلنگری سەروو، بیلنگری خواروو، قەرەنی و دەوروبەری لێى سوودمەند دەبن.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.