Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 11:37

ماملێ: ئاخر هونەرمەند دەبێ چ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ یەکتر هەبێت کە کار بگاتە پیاوکوشتن؟

هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی پێگه‌و كه‌سایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی خۆیانن
کوردستان TV
100%

هه‌روه‌ك وه‌رزی هاوینه‌كانی پێشو ئه‌وساڵه‌ش دوای ته‌واو بوونی خوێندنی قوتابخانه‌ ده‌رچووبووم بۆ پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی واته‌ هاوینی (1972) بووم به‌شاگردی كاك به‌كر خه‌رابه‌یی به‌قاڵ (ڕۆحی شادبێت ) له‌لای دوكانه‌كانی خه‌تیب ڕۆژی به‌په‌نجا فلس ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكم ئه‌وكات سه‌رقاڵی پیشه‌ی چاپكردنی كتێب بوو له‌چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین له‌شه‌قامی كاوه‌ ، هه‌ستی گوێگرتنی زۆری هه‌بوو له‌موزیك و گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، ئیبراهیمی قادری و مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵازاده‌) ئامێری ته‌سجیل و گرامه‌فۆن مان هه‌بوو له‌ڕێگه‌ی ئه‌و ئامێرانه‌وه‌ منیش خولیای ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ بووبووم ، و به‌رده‌وام گۆرانییه‌ خۆشه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌هه‌ست و به‌گوێم ئاشنا بوون ، له‌یه‌كێك له‌و ڕۆژانه‌ی له‌لای كاك به‌كری به‌قاڵ كارم ده‌كرد ، هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌وته‌ به‌رگوێم ،بۆئه‌وكاته‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕۆنه‌چووبوومه‌ نێو دونیا گه‌وره‌و فراوانه‌كه‌ی هونه‌رو هونه‌ری ئه‌و بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌ (حه‌سه‌ن زیره‌ك )، زۆر به‌ئاسایی ئه‌و هه‌واڵه‌م وه‌رگرت ،به‌ڵام ڕۆژانه‌ به‌رگوێم ده‌كه‌وت هه‌واڵی كۆچی دوایی حه‌سه‌ن زیره‌ك زیاتر له‌و كاتانه‌ی كڕیاره‌كان كه‌ده‌هاتن میوه‌یان ده‌كڕی زۆرتر هاوڕێكانی كاك به‌كری به‌قاڵ بوون به‌داخه‌وه‌ باسیان له‌و كۆسته‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌كرد ، ئه‌و دڵته‌نگی و ناڕه‌حه‌تی و خه‌مباریه‌شم له‌سیمای باوكمدا به‌دی ده‌كرد ، دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆچی دوایی زیره‌كی نه‌مر ، ده‌نگۆیه‌كی زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ له‌نێو گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی شاردا بڵاو بۆیه‌وه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ ، حه‌سه‌ن زیره‌كی ژه‌هر خواردوو كردووه‌ بۆیه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك كۆچی دوایی كردووه‌، ئه‌و هه‌واڵه‌ مێشكی منیشی داگیر كرد ، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و زیاتر ئاشنابوون به‌هونه‌ری موزیك و گۆرانی و چێژ وه‌رگرتنی زۆرتر له‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان حه‌سه‌ن زیره‌ك و محه‌مه‌دی ماملێ ، ناوه‌ ناوه‌ ئه‌و ئه‌و هه‌واڵه‌ خۆی ده‌خسته‌ نێو مێشكمه‌وه‌ و به‌ڵام نه‌ده‌بووه‌ جێی باوه‌ڕو هه‌واڵێكی درووست .

له‌كۆتایی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان (1998 تا 2004 ) ڕادیۆی هه‌رێم ڕۆژانه‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆی هه‌بوو ، یه‌كێك له‌وبه‌رنامانه‌ی كه‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ گوێم لێ ڕاده‌گرت به‌رنامه‌ی (میوانی ستۆدیۆی هه‌رێم ) و ڕۆژانی هه‌ینی پێشكه‌شكار و بێژه‌ری به‌توانا خاتوو ( فریشته‌ مسته‌فا ) به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ پێشكه‌شی ده‌كرد هه‌ر هه‌ینی یه‌ك میوانداری له‌هونه‌رمه‌ندێك ده‌كرد و سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیانی ئاسایی و هونه‌ری خۆی له‌و به‌رنامه‌یه‌وه‌  ده‌دا به‌بیسه‌ر و گوێگری به‌رنامه‌كه‌ ،له‌و ساڵانه‌دا له‌یه‌كێك له‌ئه‌ڵقه‌كانی میوانی ستۆدیۆی هه‌رێم برای ئازیزم ، هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست و خاوه‌ن گه‌روویه‌كی پاراوی كوردی هونه‌رمه‌ند ( عه‌تا چاوشین  ) بوو ،هونه‌رمه‌ند عه‌تا چاوشین یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشانه‌ی شاری سلێمانی و كوردستان‌، توانایه‌كی هونه‌ری باشی هه‌یه‌ له‌گۆرانی چڕین و ئاواز و هۆنراوه‌ دا ، له‌كاتی چڕینی گۆرانیدا سوود له‌وشه‌ی پاراوی كوردی ده‌بینێت و وه‌ك كانی وشه‌ به‌سته‌ی گۆرانییه‌كانی پێ ده‌ڕازێنێته‌وه‌ و ده‌یكاته‌  ملوانكه‌وه‌ ده‌یخاته‌ گه‌ردنی  ئاوازه‌كانی و سۆزو چێژی هونه‌ری ده‌به‌خشێته‌ گوێگر، زیاتر ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی هونه‌رمه‌ند‌ عه‌تا چاوشین  له‌وبواره‌دا و گه‌ڕانی زۆری هونه‌رمه‌ند بووه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و به‌دیداری گه‌لێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ به‌توانا و ده‌نگخۆشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان شادبووه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ڕه‌زای سه‌قایی ، سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، قاله‌مه‌ڕه‌ ، سه‌یدعه‌لی سه‌رده‌شتی ، برایانی زیزی ، ئیبراهیمی قادری ،عه‌زیز شارۆخ و محه‌مه‌دی ماملێ ).

هونه‌رمه‌ند عه‌تا چاوشین له‌به‌رنامه‌كه‌دا كێوماڵیكی به‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی هونه‌ری خۆی كرد تاگه‌یشته‌ سه‌ر باسكردن له‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی كورد ( محه‌مه‌دی ماملێ )، عه‌تا چاوشین  به‌سه‌لیقه‌وه‌‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی هونه‌ری به‌رزی بۆ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ كردو ئاماژه‌ی پێدا كه‌ به‌خزمه‌تی گه‌یشتووه‌ و زۆر باس و خواسی هونه‌رییان پێكه‌وه‌ كردووه‌ و دیدارێكی له‌گه‌ڵدا سازكردووه‌ ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا و وتی پێم خۆشه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌گوێگران و بیسه‌رانی ڕادیۆی هه‌رێم ڕابگه‌یه‌نم كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌و و هاوڕێیانه‌و برایانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و محه‌مه‌دی ماملێ )  دا هه‌بووه‌و زۆر یه‌كترییان خۆشویستووه‌و ڕێزییان بۆ یه‌كدی داناوه‌ ، لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند كاك محه‌مه‌دی ئاشناتان بكه‌م له‌كاتی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئاغای ماملێ دووچاری چ بارودۆخێكی دژواربووه‌ ، عه‌تا چاوشین ته‌نها ئه‌وبڕگه‌یه‌ی دیداره‌كه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند  محه‌مه‌دی ماملێ سازیكردبوو سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ڕێی ڕادیۆی هه‌رێمه‌وه‌ دای به‌گوێی بیسه‌ران وگوێگران ،هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ له‌دیداره‌كه‌دا ده‌فه‌رموێت (ئەوەڵەن، یەک هونەرمەند ناتوانێ ببێتە قاتڵ. چوون شوغڵ و پیشەی ئەو لەتافەت و جوانی تێدایە. تانک و تۆپ و تەیارەی تێدا نییە. (مەبەستی کەرەسەی کوشتن و بڕە). پیاوکوشتنی تێدا نییە. مه‌حاڵە، ناتوانێت پیاوی بکوژێت. گەر کەسێک خۆی بە هونەرمەند بزانێت. من لە زۆر بۆنەی و شایی گەورە بانگهێشت ده‌کرام و ئەوەش بەدڵی زۆر کەس نەبوو کە خۆیان بە ڕکەبەری من دەزانی. هەر بۆیە زۆرجار دەکەوتنە بوختان سازکردن بۆ من. تا بەڵکو من لە سێبەری بوختانی ئەوان دا بگیرێم و ئەوان نانێک بخۆن، بەچەشنێک ئەوەندە زۆر ئەو دەنگۆیە و بوختانەیان باس دەکرد لای خەڵک و بڵاویان دەکردەوە کە تەنانەت من نەمتوانی بچمە بۆکان بۆ سەرەخۆشی کاک حەسەن. ماوەیەکی زۆری پێچوو کە من توانیم بچم سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان و بەتایبەت کاک حوسێنی برای بکەم. ئەوجار با شتێکی تر باس بکەم. من نازانم چەندەم مڵک و سامان هەبووە کە کاک حەسەن لە منی داگیر کردووە و یا پێچەوانەکەی کە لێمان ببێتە دوژمنایەتی و بگاتە یەکتر کووشتن؟ ئاخر هونەرمەند دەبێ چ دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ یەکتر هەبێت کە کار بگاتە پیاوکوشتن؟ من خوا دڵێکی داومەتێ کە بە هیچ هونەرمەندێ حەسادەت نابەم. نازانم هونەرمەندانی تر چۆنن؟ بەڵام من بەخیلی بە کەس نابەم. خەڵکیش چ دەڵێن با بڵێن. هاتن بە منیان گووت کە ئەو هەواڵە لە کوردستانی عێڕاق دەنگی داوەتەوە و هەستی خەڵکی بریندار کردووە. من زۆر دڵگران بووم. بیرم دەکردەوە کە چۆن داکۆکی لە خۆم بکەم و ڕاستییەکانیان بۆ باس بکەم. خۆ من نە ڕادیۆم هەیە نە کەرەسەیەکی وام هەیە کە بە تەواوی کوردی ئێران و عێڕاقێ بڵێم کە وەڵڵاهی وە بیللاهی من چۆلەکەم پێ ناکوژرێت سەهلە حەسەن زیرەک. دیسانیش گەر بمهەوێ هەموو کەس قانع بکەم دەبێ قورئانێک لە بن هەنگڵم بنێم و شاربەشار و دێ‌بەدێی کوردستانی ئێران، عێراق، تورکییە و سورییەی دا بگه‌ڕێم و بڵێم کاکە بە حەقی ئەو قورئانەی من کاری ئاوام نەکردووە. (بە پێکەنینەوە دەڵێت) جا ئەگەر باوەریشم پێ بکەن باشە (دیسان زەردەیەک دێتە سەر لێوانی). چۆن دەبێ هونەرمەندێک هونەرمەندێکی تر بکوژێت؟ لەسەر چی؟ بۆچی؟  ) (*)

كاتێك گوێم له‌وشه‌ به‌رزو به‌نرخانه‌ی هونه‌رمه‌ند  محه‌مه‌دی ماملێ بوو ، هه‌موو ئه‌و وته‌ نابه‌جێیانه‌ ده‌هاته‌وه‌ گوێم كه‌ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ یان پێ تاوانبارده‌كرد .

هه‌زار جار ماڵت ئاوه‌دان بێت هونه‌رمه‌ند‌ عه‌تا چاوشین بۆئه‌و دیداره‌ كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند  محه‌مه‌دی ماملێ سازت كردووه‌ و ئه‌و ڕاستییه‌تان وه‌كو تیشكی خۆر ڕۆشن كرده‌وه‌ ، دوای ماوه‌یه‌ك به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ند عه‌تاچاوشین گه‌یشتم و باسی ئه‌ودیداره‌م لێپرسی كه‌ كه‌یی و له‌كوێ ؟ له‌گه‌ل ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ سازت كردووه‌، فه‌رمووی له‌شه‌وێكی زستانی شاری مه‌هاباد ، له‌ (مانگی 2 ی ساڵی 1986 ) له‌ماڵی خۆیان دوای میواندارییه‌كی زۆر میهره‌بانانه‌ ئه‌ودیداره‌م ئه‌نجامداو ماوه‌كه‌ی یه‌ك كاتژمێره‌و له‌سه‌ركاسێت پاراستوومه‌ هه‌ر‌چه‌نده‌ ئه‌و كات و سه‌رده‌مه‌ واته‌ (26/6/1972 ) ڕۆژی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌كه‌ ، له‌نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا به‌گشتی ئه‌و ئاستی ڕۆشنبیری و ڕۆشنفكرییه‌ به‌وئه‌ندازیه‌ نه‌بووه‌ كه‌ خه‌ڵك هوشیار بێت له‌وه‌ی كه‌ چۆن ڕێی تێده‌چێت ئه‌و كرده‌وه‌ نابه‌جێیه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و خاوه‌ن ده‌نگ و سه‌دایه‌كی به‌رزو فراوان و مێژووییه‌كی به‌رزی هونه‌ری له‌چڕینی قه‌تار و به‌سته‌دا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ ئه‌و كاره‌بكات به‌رامبه‌ر به‌هونه‌رمه‌ندێك كه‌ هه‌موو گه‌لی كورد شانازی به‌ ده‌نگ وهونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات ، له‌ڕوانگه‌ی كه‌سایه‌تی و خانه‌دانی و مرۆڤدۆستی و كوردپه‌روه‌رییه‌وه‌ له‌ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ بڕوانین هه‌رگیز ئه‌و كاره‌ ناشیرنه‌ له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌و ناوه‌شێته‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی پێگه‌و كه‌سایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی خۆیانن و خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی كوردستانن ، دڵنیاشم له‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی نه‌مر پێوه‌ندییه‌كی زۆر پته‌و و دۆستانه‌و برایانه‌یان هه‌بووه‌ دوور له‌كاری هونه‌ری ته‌نانه‌ت بلیمه‌تی نه‌مر هاتوچۆی ماڵی كاك محه‌مه‌دی ماملێشی كردووه‌ و پێكه‌وه‌ گۆرانیشیان خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست كاك عه‌زیزی ماملێ كوڕی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ كه‌ به‌ ( خانه‌ ) ناسراوه‌ ، له‌یه‌كێك له‌زه‌ماوه‌نده‌كان له‌شاری مه‌هاباد كه‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌وێ به‌شداربووه‌ ،و برسیی بووه‌ كاك عه‌زیز ده‌ستووری داوه‌ له‌ماڵی خۆیان به‌وپه‌ڕی دڵسۆزی و په‌رۆشییه‌وه‌ خواردنی یان بۆئاماده‌كردووه‌و بۆ  هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كی هێناوه‌ ،هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌‌و كرده‌وه‌ به‌رزو جوان و هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی ئه‌و لاوه‌ كه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌ ئه‌و خواردنه‌ی بۆ هێناوه‌ زۆر سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌و پرسیویه‌تی ئه‌و كوڕه‌ كێیه‌ ؟ پێیان ڕاگه‌یاندووه‌ ئه‌وه‌ له‌خانه‌واده‌ی ئاغای ماملێ یه‌ ..!

زۆر خۆشحاڵ بووه‌و زیاتر ڕێزو خۆشه‌ویستی بۆ كاك خانه‌ ده‌ربڕیوه‌ و هه‌ر له‌و زه‌ماوه‌نده‌ دا كاك خانه‌ گۆرانی ( ئه‌ی وه‌ی له‌رزانه‌) به‌ده‌نگێكی خۆش له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر حه‌سه‌ن   ده‌خوێنێ .

له‌پێوه‌ندی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌دا سه‌ری ڕێزو حورمه‌ت داده‌نه‌وێنم له‌ئاست گڵكۆی پیرۆزتان هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زن و ده‌نگخۆشه‌كانی كورد ( حه‌سه‌ن زیره‌ك  1921_26/6/1972)و (محه‌مه‌دی ماملێ 1925_ 23/1/1999 )  هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ  (عه‌تا چاوشین  1962_22/6/2020) گڵكۆكانتان هه‌مووكات چراخان و ڕووحتان شاد ،،،،سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزتان كه‌بۆهه‌میشه‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كانتان له‌گوێماندا ده‌زرینگێته‌وه‌ ، به‌هه‌وڵ و كۆشش و ماندووبوونتان به‌بێ ڕه‌چاوكردنی پاداشتێك له‌نه‌ته‌وه‌كه‌تان خه‌رمانی ئه‌رشیفی گۆرانی و موزیكی كوردیتان گه‌یانده‌ لوتكه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندترتان كرد ،تا موزیك و گۆرانی كوردی بوونی هه‌بێت ئێوه‌ی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و له‌لوتكه‌دان .

(جه‌مالی ده‌لاك ) 14/5/2021

(*) سه‌رچاوه‌ / بۆ وه‌رگرتنی ده‌قی وته‌كانی هونه‌رمه‌ند كاك محه‌مه‌دی ماملێ وه‌ك خۆی بیخه‌مه‌ به‌ردییه‌ی خوێنه‌ر هانام بۆ كاك (وریای كوڕی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی  ماملێ ) ی ئازیز برد و ته‌واوی وته‌كانی كاك محه‌مه‌دی ماملێی باوكی بۆناردم و ئه‌و دیداره‌ش كه‌له‌ساڵی 1986 هونه‌رمه‌ند  عه‌تا چاوشین سازی كردووه‌، كاكه‌ وریای ماملێ تۆماری كردووه‌ سوپاسی ده‌كه‌م (ج،د)

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.