Erbil 5°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 02:23

په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى .. بێژه‌رێکى سه‌رکه‌وتوو و خاوه‌ن ده‌نگێکى زوڵاڵ و ناسک

له‌ڕێكه‌وتى ( 18/12/1941) له‌شارى سنه‌ له‌دایك بووه‌
کوردستان TV
100%

به‌رله‌وه‌ى ئه‌م خانمه‌ بێژه‌ر و ده‌نگ  زوڵاڵ و بوێر و خاوه‌ن هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی و شیعر دۆسته‌،  ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ  خزمه‌تى به‌ وێژه‌ و هۆنراوه‌ى كوردى كرد ، له‌ڕێی ڕادیۆ وه‌ ، بیناسێنین و خوێندنه‌وه‌ بۆ ژیان و كاره‌كانى بكه‌ین ، به‌پێویستى ده‌زانم سه‌ره‌تایه‌ك له‌ مێژووى ڕادیۆ كوردییه‌كان بكه‌ین ، كه‌هه‌ریه‌كه‌یان به‌ئه‌ندازه‌ى خۆیان خزمه‌تێكى گه‌وره‌یان به‌ هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و زمان  و  رۆشنبیرى  وهونه‌ر و وێژه‌ى كوردى كردووه‌ .

1/ ڕادیۆى كوردى به‌غدا له‌ساڵى (1939 تا 2003) ، (64) ساڵ خزمه‌ت .11

2/ ڕادیۆى یه‌ریڤان  ( 1955 تا 2005) ، ( 55) ساڵ خزمه‌ت .

3/ ڕادیۆى قاهیره‌  (1957 تا 1968) ، ( 11) ساڵ خزمه‌ت

4/ ڕادیۆى تاران و كرماشان  ( 1946تا 1978)    ،(32) ساڵ خزمه‌ت. (*1)

شارى سنه‌ ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ، به‌هۆى ئه‌و پێگه‌ جوگرافى و مێژووییه‌وه‌ له‌ كوردستان به‌گشتى و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌تایبه‌تى هه‌یبووه‌ ، پایته‌ختى میرنشینى ئه‌رده‌ڵان و ناوه‌ندێكى كه‌لتوورى و ڕۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگى  و هونه‌رى بووه‌ ،  شارى سنه‌ زێدى ده‌یان نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و گه‌وره‌ى گه‌له‌كه‌مانه‌ . كه‌هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی بواره‌كه‌ى خۆیی كۆشش و ته‌قه‌لاى كردووه‌ و خزمه‌تێكى بێ وێنه‌یان ئه‌نجامداوه‌،كه‌بۆمێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان پڕ بایه‌خ و هه‌ریه‌كه‌یان گه‌نجینه‌یه‌كى به‌نرخن.

ڕادیۆى كرماشان له‌بیره‌وه‌رى زۆرماندا ناوێكى شیرین و پرشنگداره‌ ، هه‌ركات باسى ئه‌و ڕادیۆیه‌ ده‌كرێت ، هه‌ندێك به‌رنامه‌ وه‌ك ( چیرۆكى شه‌و، ئێمه‌و گوێگره‌كان، تاپۆ و بوومه‌ لێڵ،شیعر و مۆسیقا ، هه‌وراگه‌ى دڵان  ...تاد ) هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك بێژه‌رو پێشكه‌شه‌كارى دلسۆزى  ڕاگه‌یاندن و وێژه‌و هونه‌ر ناوه‌كا‌نیان دێته‌ سه‌رزار و به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ یادییان لێده‌كرێته‌وه‌  ( شكروڵڵاى بابان، سه‌ید تاهیرى هاشمى ، محه‌مه‌دى كه‌مانگه‌ر ، میدیاى زه‌ندى و په‌روین موشیر وه‌زریرى  و ...تاد ) كه‌هه‌ریه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه‌ ناودێكى دیار و سه‌ركه‌وتووى بوارى ڕاگه‌یاندنى بیسراون .

په‌روین موشیر وه‌زیرى، كچى حسێن موشیر وه‌زرییه‌ ،  بنه‌ماڵه‌یه‌كى ناودارو سه‌رده‌مانێك حاكمى شارى سنه‌بوون .

په‌روین خانم له‌ڕێكه‌وتى ( 18/12/1941) له‌شارى سنه‌ له‌دایك بووه‌ ، ،دایكى ناوى (دلبه‌ر)ه‌ و خاوه‌نى یه‌ك خوشك و دوو برا بووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كى ڕۆشنبیرى ئه‌و شاره‌ن په‌روین خانمیان خستۆته‌ به‌رخوێندن ، قۆناغى سه‌ره‌تایی و دواتر ناوه‌ندىى و ئاماده‌یی لهقوتابخانه‌ى ( مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان) ته‌واو ده‌كات .

22

له‌ته‌مه‌نى (19) ساڵیدا واته‌ ساڵى (1960) ژیانى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ( ئه‌سعه‌د خالید سه‌ڕاجه‌دینى نه‌قشبه‌ندى) پێكدێنێ ، بوونه‌ته‌ خاوه‌نى (3) منداڵ ( دڵئارام  ، كاوان و ئاره‌زوو) .

ده‌ركه‌وتن و ناساندنى په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى له‌ڕێی ڕادیۆ وه‌ بووه‌ ، به‌هۆى ده‌نگى خۆش و ناسك و هه‌ست بزوێنى له‌ناساندن و خوێندنه‌وه‌ى هۆنراوه‌ى به‌رزى شاعیرانى گه‌له‌كه‌مان ،

كه‌ى و چۆن ڕێی ده‌كه‌وێته‌ ڕادیۆ وده‌بێته‌ ئه‌ستێره‌كى پرشنگدار له‌ دیكله‌مه‌ى هۆنراوه‌ى شاعیران ..؟

 دكتۆر ( عابدى سه‌رڕاجه‌دینى  1924 _ 28/5/1995) براى ئه‌سعه‌دى سه‌ڕاجه‌دینى ، له‌ڕادیۆى تاران به‌شى كوردى له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و شاعیر و ڕۆشنبیر وه‌ك ( دكتۆر محه‌مه‌د سه‌دیقى موفتیزاده‌، شوكروڵڵاى بابان، دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان موفتیزاده‌ ، خوسره‌و شێخ كانلوو ،حیسامه‌دینى ئه‌مین ، مێدیاى زه‌ندى، و عوسمان ئه‌حمه‌دى، له‌گه‌ڵ هه‌ردوو براى ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر حه‌سه‌ن و حوسێنى یوسف زه‌مانى)  كارده‌كات ، پێشنیار به‌  په‌روین خانم  و ئه‌سعه‌د سه‌ڕاجه‌دینى براى ده‌كات كه‌ ڕادیۆى كرماشان پێویستیان  به‌ ( بێژه‌ر و پێشكه‌شكار) هه‌یه‌ ، بۆ ناچن له‌وێ كاربكه‌ن ، هه‌ردووكیان به‌پێشنیاره‌كه‌ى ڕازى ده‌بن و ، له‌ساڵى (1960)  ده‌چنه‌ ڕادیۆ ، دواى تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌نگیان  په‌سه‌ند ده‌كرێن و له‌ڕادیۆ كرماشان وه‌رده‌گیرێن.

پرسیارێك كه‌جێى هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌ ...؟!

له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان زمانى خوێندن و نوسین ، به‌زمانى فارسی یه‌ و زمانى دایك ( كوردى ) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ قه‌ده‌غه‌بووه‌ ، باشه‌ ئه‌م دوو هه‌ڵوه‌دایه‌ بۆ هونه‌ر و وێژه‌ ى نه‌ته‌وه‌كه‌یان ، نوسین و خوێندنه‌وه‌ به‌زمانى دایكیان نازانن ، ئه‌ى چۆن فێرى ئه‌و خوێندنه‌وه كوردییه‌ شیرینه‌ بوون ، ده‌كرێت بڵێین هۆشیارى و ڕۆشنبیرى هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ى ( موشیر وه‌زیرى و نه‌قشه‌به‌ندى ) كاریگه‌رى هه‌بووبێت له‌سه‌ریان ، به‌ڵام هۆكارى یه‌كه‌م ئه‌و ده‌ستگیرۆیی و ماندووبوونه‌ى ( دكتۆر عابد سه‌ڕاجه‌دینى ) نابێت له‌یادبكرێت كه‌ فێرى نوسین و خوێندنه‌وه‌ى كوردى كردوون ،چونكه‌ (د.عابد ) خۆى له‌حوجره‌كانى( بیاره‌و دووڕوو)له‌لاى مامۆستایانى ئایینى  وه‌ك ( مه‌لاعه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس) وانه‌ى خوێندووه‌ و فێربووه‌.

په‌روین خانم زۆر زوو فێرى خوێندنه‌وه‌ نوسین بووه‌ ، به‌عه‌شقێكى زۆره‌وه‌ خولیای نوسین و خوێندنه‌وه‌ى  كوردى بووه‌ و تێیدا سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا ،

ڕادیۆى كرماشان به‌هۆى تێكۆشان و خه‌باتى ده‌یان كه‌سایه‌تى ناسراوى كورد ، بووبه‌ مه‌كۆى زانایان ، ئه‌دیبان ، هونه‌رمه‌ندان  و دلسۆزانى  وه‌ك ( سه‌ید محه‌مه‌د تاهیرى هاشمى ،شكروڵڵاى بابان ، مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانى ، سواره‌ى ئیلخانى زاده‌ ، مه‌لا محه‌مه‌د ڕه‌بیعى ، ئه‌سعه‌د سه‌ڕاجه‌دینى ، عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخ ، سه‌ید ئیبراهیمى ستووده‌ ، سه‌دیق بۆره‌كه‌یی ، محه‌مه‌دى كه‌مانگه‌ر ، عه‌بدوله‌تیف هاشمى ، مه‌نسور ئه‌رده‌ڵان ، سه‌ید جه‌لال نیزامى ، ئه‌حمه‌د شه‌ریفى ،محه‌مه‌د ساڵه‌ح ئیبراهیمى  و په‌روین موشیر وه‌زیرى ... تاد  ) مێژوویه‌كى زێڕین و پڕ شانازى تۆماركرد ، ئه‌مانه‌ چونكه‌ خاوه‌نى بیر و هه‌ڵوێست بوون ، به‌چاوى ئه‌ركى ئیدارى له‌كاره‌كه‌یان نه‌ده‌ڕوانى ، به‌ڵكو خۆیان به‌ئه‌ندامى بنه‌ماڵه‌ى ڕادیۆ ده‌زانى و ئامانجیان خزمه‌تى زیاتر بوو ، هه‌ربۆیه‌ سه‌رجه‌م ده‌ستییان دابوویه‌ ده‌ستى یه‌كتر و نه‌تده‌زانى كامیان نووسه‌ر و كامیان وێژه‌ر و كامیان ده‌ورگێڕ یان به‌ڕێوه‌به‌ره‌ ) (*2)

33

په‌روین خانم له‌و ژینگه‌ پڕ خۆشه‌ویستى و هه‌ست كردن به‌به‌رپرسیارێتى و دڵسۆزى بۆ كاره‌كه‌ى گه‌شه‌ى كرد ، زیره‌كى و لێهاتوویی بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌به‌زووترین كات له‌نێو خه‌ڵكیدا بناسرێت و، به‌هۆى ده‌نگه‌ ناسك و زوڵاڵه‌كه‌یه‌وه‌ وه‌ك بێژه‌ر و پێشكه‌ش ‌كارێكى سه‌ركه‌وتوو ناسرا، چونكه‌  ئه‌و عه‌شقه‌ له‌دڵێكى گه‌رمى هه‌ست به‌ئه‌وێنێكى نادیاره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌دا.

له‌ڕادیۆ وه‌ك بێژه‌ر و پێشكه‌شكار ، چیرۆك ، هۆنراوه‌و  په‌خشان و ته‌نانه‌ت هه‌واڵى ڕۆژانه‌شى  خوێندۆته‌وه‌، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌ ئارام به‌خشه‌كه‌ى  له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستى گوێگر و بیسه‌ر كاریگه‌رى داناوه‌ و، بیسه‌ر و هه‌وادارێكى زۆرى له‌ده‌ورى ڕادیۆ كرماشان له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان كۆكردۆته‌وه‌ و بیسه‌ر به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ گوێبیستى ده‌نگى په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى و كارو چالاكییه‌ هونه‌رى و ئه‌ده‌بییه‌كانى ڕادیۆى كرماشان بوون.

له‌ڕادیۆى  ناوبراو په‌روین خانم  ڕۆڵى له‌چه‌ند به‌ر‌نامه‌یه‌كدا هه‌بووه‌ ،وه‌ك به‌رنامه‌ى ( شیعر و مۆسیقا ) له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تى و بێژه‌رى به‌توانا ( شكروڵڵاى بابان 1923 _ 16/11/2012) ، به‌رنامه‌ى ناساندنى شاره‌كان ، به‌رنامه‌ى ( هه‌وارگه‌ى دڵان) له‌گه‌ڵ ( سه‌ید محه‌مه‌د تاهیر هاشمى) .

شاعیر و نووسه‌ر ( عوسمان ئه‌حمه‌دى) سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاى ڕادیۆى كرماشان و  چۆنیه‌تى  تۆماركردنى به‌رنامه‌كانى ده‌ڵێت ( ڕادیۆى كرماشان له‌سه‌ره‌تاوه‌ ڕادیۆیه‌كى ناوچه‌یی بووه‌، پاشان به‌مه‌به‌ستى بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌كانى بۆ باشوورى كوردستان، ڕادیۆكه‌ به‌هێزتر كرا، له‌ڕادیۆى كرماشان ناوه‌ندى به‌رهه‌مهێنان نه‌بوو ، به‌رنامه‌كان له‌ڕادیۆى تاران به‌رهه‌م ده‌هێنران و به‌شریت ( كاسێت) ڕه‌وانه‌ ده‌كرا بۆ كرماشان ، هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵێم به‌رنامه‌ى (هه‌وارگه‌ى دڵان) (11) یانزه‌ به‌رنامه‌ى لێ تۆماركرا ، له‌نوسینى عوسمان ئه‌حمه‌دى و له‌گه‌ڵ په‌روین خانم تۆمارده‌كرا ، به‌رنامه‌ى لێكدانه‌وه‌ى وێژه‌یی له‌نوسینى  دكتۆر ( سدیق موفتیزاده‌ ) بوو ئه‌ویش هه‌ر له‌گه‌ڵ په‌روین خانم تۆمارى ده‌كرد ، هه‌روه‌ها چیرۆكى شه‌ویش له‌ده‌رهێنانى عوسمانى ئه‌حمه‌دى و جاروبارپه‌روین خانم به‌شدارى ده‌كرد )(*3)

به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌روین خانم زیاتر سه‌رمه‌ست و ڕۆچۆته‌ قوڵایی وێژه‌و هۆنراوه‌ى خۆشده‌ویست ، زیاتر حه‌زى به‌ خوێندنه‌وه‌و ناساندنى هۆنراوه‌ى شاعیرانى گه‌له‌كه‌مان بووه‌ ، به‌هۆى جوانبێژى و ئه‌داو فۆنه‌تیكى ده‌نگى ئه‌وه‌نده‌ سه‌ركه‌وتووبووه‌ ، چه‌ند جارێك له‌ ڕادیۆى تاران به‌شى فارسى داوایان لێكردووه‌ كه‌بچێته‌  ئه‌وێ و كاریان له‌گه‌ڵدا بكات ، به‌ڵام په‌روین خانم به‌داواكه‌یان ڕازى نه‌بووه‌، (وتوویه‌تى ناچم و پێم خۆشه‌ لێره‌ بمێنمه‌وه‌  خزمه‌ت به‌فه‌رهه‌نگ و وێژه‌و هونه‌ر و زمانى نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م ) ( *4)

چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بیرى كردۆته‌وه‌ ده‌توانێ له‌ڕێی كاره‌كه‌یی و به‌رنامه‌كانى كه‌له‌ڕادیۆ پێشكه‌شى ده‌كات فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمان و وێژه‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌پارێزێت  و زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات.

به‌شێوه‌یه‌ك هۆنراوه‌و وێژه‌ له‌ژیانیدا بۆته‌ خۆراك و هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ ده‌ست به‌ردارى ببێت ، باوه‌ڕى وابووه‌ كه‌ هۆنراوه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كى گرنگه‌ له‌بیرى نه‌ته‌وه‌ییدا ، به‌پێویستى زانیوه‌ كه‌ منداڵه‌ شیرین و جوانه‌كانى كورد هه‌رله‌ قۆناغى سه‌ره‌تاییه‌وه‌  به‌ هۆنراوه‌ى شاعیره‌ به‌رزه‌كان ئاشنا  و فێربكرێن  و بزانن كه‌ وڵات چییه‌ ؟ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى چییه‌؟

111

په‌روین خانم ئافره‌تێكى نه‌فس و به‌رزو هه‌ست ناسك و بوێر و ڕچه‌ شكێن بووه‌ له‌دنیاى ڕاگه‌یاندن دا، كوردپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌په‌رست و شیعر خۆشه‌ویست بووه‌ ، هه‌میشه‌ خه‌مى میلله‌ته‌كه‌یی له‌دڵدا هه‌ڵگرتووه‌، پێى وابووه‌ تاكه‌ ڕێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌ ژێر ده‌سته‌یی و پێشكه‌وتنى میلله‌ته‌كه‌ى كارو تێكۆشان بووه‌ له‌پێناوه‌دا و زیندكردنه‌وه‌ و به‌رز ڕاگرتن و به‌رزنرخاندنى فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمانى كوردى ده‌گه‌ین به‌ئامانج ، له‌ هه‌ڵبژاردنى  هۆنراوه‌ى  شاعیران، په‌روین خانم ئه‌و هۆنراوانه‌ى هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌ ده‌نگى خۆش و پڕ چێژى مۆسیقا خوێندویه‌تیه‌وه‌  زیاتر  ئه‌و هۆنراوانه‌بوون كه‌باس له‌ خوشویستنى نیشتمان  و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات ، جیا له‌وهۆنراوه‌ى ئه‌وینداریی و عیرفانیانه‌ى  شاعیران .

ئه‌و ڕێگایه‌ى په‌روین خانم گرتییه‌ به‌ر ، له‌بوارى كارى ڕاگه‌یاندن و خزمه‌ت كردن به‌ فه‌رهه‌نگى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ڕێگاى ڕۆشن كردووه‌ بۆ كچ  و ئافره‌تانى دیكه‌ى  كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى .

له‌ ساڵی (1977)  ( شوكروڵڵای بابان) بەرپرسی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی شارى سنە بووە ، بەهاوكاری ( ئەسعەدی سەڕڕاجەدینی )، بەرنامەیەكی كاروانی شیعر و گۆرانی بۆ پەروین خانمى موشیر وەزیری و هونەرمەند ناسری ڕەزازی تۆماردەكەن ، بەشێوەی ڕەش و سپی تۆماركراوە و لەتەلەفزیۆنی سنە بڵاوبۆتەوە و تائێستاش ئەو كاروانی شیعرو گۆرانییە بەدەنگ و ڕەنگ هەیە ، بەكارە جوان و دەگمەنەكانی ئەوكاتە ئەژماردەكرێت ، لەبەرنامەكەدا په‌روین خانمى موشیر وەزیری بەسەرو كڵاو جل و بەرگێكی كوردی شیرینەوە دانیشتووە و هێدی هێدی هەندێك لەهۆنراوەی شاعیرانی گەلەكەمان و بەسەرهاتی شاعیران بەدەنگە مەخمەلییەكەی دەخوێنێتەوە و هونەرمەند ناسری ڕەزازی بەهاوكاری هونەرمەندانی ژەنیار ئەوانیش بەهەمان شێوە بەجل و بەرگی كوردییەوە دانیشتوون و مۆركی ڕەسەنی كوردی نیشان دەدەن ، هونەرمەند ناسری رەزازی هەمان هۆنراوە بەشێوەی مەقام دەخوێنێ و دواتر بەستەیەك ،

هونەرمەند ناسری رەزازی سەبارەت بەچۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو بەرنامەیە لەیەكێك لەدیدارەكانیدا دەڵێت : ( لەئیستگەو تەلەفزیۆنی سنە بانگیان كردین كە چەند كاروانێكی شیعرو گۆرانییان بۆ تۆماربكەین ، كاروانەكە بریتی بوو لەشیعر خوێندنەوە ، پاشان مەقام و بەستە ، هەرئەو شیعرە كەپەروین خانم ئەیخوێندەوە منیش بەمەقام ئەمخوێند ، هەركاروانێك (2) دوو مەقام و (2) دوو گۆرانی تێدا هەبوو ، (6) شەش كاروانم تۆماركرد ، واتە (12) گۆرانی و ( 12) مەقام  ) (*4)

ئه‌و هۆنراوانه‌ى په‌ورین خانمى موشیر وه‌زیرى له‌به‌نامه‌ى  (كاروانى شیعر و گۆرانى ) به‌ده‌نگه‌ ئارام به‌خشه‌كه‌ى خوێندوویه‌تیه‌وه‌ بریتین له‌  :

ئەو مەقام و بەستانەی لەكاروانی شیعرو گۆرانیدا هونەرمەند ناسری رەزازی خوێندوونی بریتین لە :

1/ كڵاو لار ... هۆنراوەی ( گۆران)

2/ ئەزیزم رۆحی شیرینم ... هۆنراوەی (كوردی )

3/ باڕەفیقانم بكەن شینم ... هۆنراوەی ( نالی)

4/ بەغه‌مزەی چاوی مەخموری ... هۆنراوەی ( تایەربەگی جاف و ناری )

5/ دڵ نەخۆشیی دەردی هیجرە جانى جانانم وه‌ره‌... هۆنراوەی ( تایەربەگی جاف )

په‌روین خانم  و ئه‌سعه‌د سه‌ڕاجه‌دینى هاوسه‌رى ، له‌سه‌ر كارى ڕاگه‌یاندن له‌ڕادیۆ به‌رده‌وام ده‌بن تا ڕووخاندنى ڕژێمى ( شا) و هاتنى كۆمارى ئیسلامى ئێران ساڵى (1979)  ، ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان به‌جێ دێڵن و ماوه‌یه‌ك له‌شارۆچكه‌ى (بیاره‌ ) ده‌مێننه‌وه‌ و دواتر ڕووده‌كه‌ن شارى سلێمانى ، پاشان ده‌چنه‌ به‌غدا و سه‌ردانى ڕادیۆى كوردى ده‌كه‌ن ، ماوه‌یه‌ك  هه‌ردوو هاوسه‌ر له‌ته‌له‌فزیۆنى  ئۆپۆزیسۆنى ئێرانى وه‌ك بێژه‌ر كارده‌كه‌ن ، دواى چه‌ند ساڵێك هه‌واره‌كه‌یان ده‌گوازنه‌وهڕوو ده‌كه‌نه‌ شارى ( له‌نده‌ن) و له‌وێ نیشته‌ جێ ده‌بن ، له‌تاراوگه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى كورد زمان  له‌ ته‌واوى ئه‌وروپادا نیشته‌جێ بوون ، په‌یوه‌ندییه‌كانیان فراوانتر ده‌بێت و سه‌رله‌نوێ له‌غوربه‌ت به‌دواى ده‌رفه‌تێكدا وێڵ ده‌بن كه‌ حه‌زو خولیا له‌مێژینه‌كه‌یان درێژه‌ پێبده‌ن، هه‌لایه‌نێك  بۆ هه‌ربۆنه‌یه‌كى ڕۆشنبیرى و فه‌رهه‌نگى و كه‌لتوورى داوایان له‌ په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى كردبێت ، به‌دڵێكى فراوان و هه‌ستێكى كوردانه‌وه‌ هاوكارى كردوون ، له‌  ( له‌نده‌ن) هه‌ردوو هاوسه‌ر ماوه‌ى (9) مانگ ڕادیۆیه‌كى  كوردى ( سه‌ربه‌خۆ ) ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌ و به‌رنامه‌كانیشیان زیاتر ( گۆرانى و موزیك و ئه‌ده‌ب ) بووه ، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونى بودجه‌ نه‌توانراوه‌ درێژه‌ به‌كارى ڕادیۆكه‌ بده‌ن و ڕاگیراوه‌.

كۆمه‌ڵه‌ى ڕۆشنبیرى كورد له‌له‌نده‌ن چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كى بۆ ڕێكخستوون ، ئه‌مانیش به‌په‌رۆش و دڵسۆزییه‌وه‌  هه‌ستاون به‌وكارانه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى جوان ئه‌و به‌رنامانه‌یان ئه‌نجامداوه‌  ، به‌رنامه‌كان بریتى بوون له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان و شاعیران وه‌ك   مه‌وله‌وى ، بێسارانى  ، حاجى قادرى كۆیی ، گۆران  ، سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى  و حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌ له‌ شارى (كۆڵن) ى ئه‌ڵمانیا  كه‌  ( ئیبراهیمى فه‌رشى ) به‌ڕێوه‌ى بردووه‌  ).

په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى ، ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ پڕ چێژه‌ ئارامبه‌خشه‌ ،كه‌له‌خوێندنه‌وه‌ى هۆنراوه‌ى شاعیراندا ده‌نگى بێ هاوتایه‌و  بیسه‌ر سه‌رمه‌ست ده‌كات ، بۆخۆشیی خاوه‌نى خامه‌یه‌كى جوان بووه‌ له‌نوسینى  په‌خشان و هۆنراوه‌دا ، یه‌كێك له‌هۆنراوه‌كانى به‌ناوى ( دلبه‌ر ) ه‌ كه‌بۆ دایكى نوسیوه‌ .

دواى چه‌ندین ساڵ له‌ئاواره‌یی و ژیانێكى له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و مردن ، له‌ساڵى  (2010) به‌هیواو شه‌وق ودڵگه‌شییه‌كى زۆره‌وه‌  له‌ته‌ك ئه‌سعه‌دى سه‌ڕاجه‌دینى هاوسه‌رى  به‌ره‌و  وڵات ڕێ ده‌گرنه‌به‌ر ، به‌ره‌و نیشتمانى جوانى  كوردستان ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه باشوورى كوردستان ، هاتنه‌وه‌كه‌شیان  بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ بووه‌  كه‌ڕێوشوێن دابین بكه‌ن و  دواتر به‌یه‌كجارى بگه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان ، ماوه‌یه‌ك له‌شارى سلێمانى ده‌مێننه‌وه‌ ، له‌وماوه‌یه‌دا كه‌له‌سلێمانى ده‌بێت په‌روین خانم پێشنیار ده‌كات و ده‌ڵێت ( به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك  كه‌س هۆنراوه‌ى هه‌ورامى ده‌خوێننه‌وه‌ زۆر به‌خراپى  و كاتێك گوبێستیان  ده‌بم ئازار ده‌چێژم، داواكارم هاوكاریم بكه‌ن ، كۆمه‌ڵێك له‌هۆنراوه‌ جوان و به‌رزه‌كانى ( مه‌وله‌وى ) بخوێنم و له‌سه‌ر ( سی دى ) تۆماربكرێن ، بۆ له‌هه‌موو ماڵه‌ فارسێكدا كتێبێكى ( حافزى شیرازى ) بوونى هه‌یه‌ ، بۆ نابێت له‌هه‌موو ماڵه‌ كوردێكدا هۆنراوه‌ شیرین و جوانه‌كانى مه‌وله‌وى  بوونى نه‌بێت ؟!) (*6)

له‌كاتى مانه‌وه‌یان له‌شارى سلێمانى  ، په‌روین خانم بارى ته‌ندروستى تێك ده‌چێت و ده‌یبه‌نه‌ لاى پزیشكى پسپۆر ، دواى نۆڕین و شیكارى پزیشك به‌ ئه‌سعه‌دى سه‌ڕاجه‌دینى هاوسه‌رى ڕاده‌گه‌یه‌نێ ، كه‌ بارى ته‌ندروستى ( دڵ) ى جێگیر نییه‌و  ده‌بێت به‌زووترین كات  نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بكرێت، هه‌واڵێكى ناخۆش و گه‌شته‌كه‌یان كۆتا پێدێنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شارى ( له‌نده‌ن) ، له‌ ڕێكه‌وتى ( 12/12/2010) له‌نه‌خۆشخانه‌ى ( ڕۆیاڵ هۆسپیته‌ڵ)له‌ژێر چاودێرى پزیشكدا ده‌بێت ، به‌داخه‌وه‌  له هه‌مان ‌ڕۆژى له‌دایكبوونى  واته‌  له‌ڕێكه‌وتى ( 18/12/2010)  له‌ته‌مه‌نى ( 69) ساڵیدا بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی ده‌كات و ئاواته‌ له‌مێژینه‌كه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ  خاك و وڵاته‌كه‌ى نه‌هاته‌دى ،  ته‌رمى په‌روین خانم  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان  و له‌پشتى خانه‌قاى  بیاره‌  ده‌ینێژن و ئه‌سپه‌رده‌ى خاكى پیرۆزى كوردستانى ده‌كه‌ن.

له‌دواى كۆچى دوایی ئه‌و خاتوونه‌ كه‌ له‌ڕێگاى ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێكى گه‌وره‌ى به‌ئه‌ده‌ب و هۆنراوه‌ى كوردى كرد ،  له‌ ساڵى ( 2013) له‌سه‌ر ئه‌ركى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ڕۆشنبیرى و هونه‌رى گه‌رمیان / به‌شى سه‌نته‌ره‌ ڕۆشنبیرى و هونه‌رییه‌كانى گه‌رمیان ، ئه‌لبومێك به‌ناوى  ( په‌روین موشیر وه‌زیرى  ... ده‌نگێكى ئاوریشمى) كه‌ پێكهاتووه‌  له‌ (4) سى دى  له‌هۆنراوه‌ى  (شاعیران ) و (1) دیڤى دى یه‌ك له‌و هۆنراوانه‌ به‌ده‌نگى په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى خوێندراون،

هۆنراوه‌ى  ئه‌م شاعیرانه‌ له‌ ئه‌لبومه‌كه‌دایه‌  وه‌ك نالى ، د. عابد سه‌ڕاجه‌دینى ، عه‌لى عارف ئاغا ، مه‌وله‌وى ، ئه‌حمه‌د هه‌ردى ، شێركۆ بێكه‌س ، پیره‌مێرد ، هێمن ، قانع ، ئه‌حمه‌د به‌گى جاف ، نارى  ، ئه‌سعه‌د ی سه‌ڕاجه‌دینى ، سه‌یده‌ى هه‌ورامى ، مه‌ولانا خالید ، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ، بێسارانى ، عه‌بدولقادرى پاوه‌یی ).

یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانى به‌رزو گڵكۆكه‌ى هه‌میشه‌ چراخان و لێوڕیژبێت له‌ وشه‌ى ناسك و هۆنراوه‌ى به‌رزى شاعیرانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، ڕۆحى شاد و ئارام بێـت .

سه‌رچاوه‌ : (*1) كتێبى  ( یار و دیار ) كۆمه‌ڵیك بابه‌ت ده‌رباره‌ى فه‌رهه‌نگى كوردستان ، له‌ئێران و تۆران ، له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا لاچین  ،،

( جه‌میلى مه‌لا قه‌ره‌ _2019) لاپه‌ڕه‌ ( 57)

(*2) عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دى  23/1/2020 ،،تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌سیبوك ، ئه‌كاونتى  عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دى .

(*3) په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( عابدى موفتیزاده‌ ) وه‌رگرتنى ئه‌وا زانیارییانه‌ له‌ (عوسمان ئه‌حمه‌دى ) ناردندى له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌.

(*  4 و 6) به‌رنامه‌ى بیره‌وه‌رى ، كه‌ناڵى ژن  ،،،ئه‌سعه‌د سه‌ڕڕاجه‌دینى  (21/1/2020)

(*5) دیداری هونەرمەند سالار قەرەداخی لەگەڵ هونەرمەند ناسری ڕەزازی ساڵی 1980 سلێمانی.

بۆزانیارى له‌ساڵى ( 2011  و 2012 و 2013) بۆ چه‌ندین جار له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تى  به‌ڕێز (ئه‌سعه‌دى سه‌ڕاجه‌دینى) له‌شارى سلێمانى و هه‌ولێر گه‌یشتووم و له‌و دیدارانه‌دا  چه‌ند جارێك باسه‌كه‌مان له‌سه‌ر په‌روین خانمى موشیر وه‌زیرى  هاوسه‌رى بووه‌( ج،د)

جه‌مالى ده‌لاك  5/4/2021

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.