دوای دوو ساڵ لە وەستانی لەبەر پەتای کۆڕۆنا، بڕیاره ئەمساڵ دووبارە چالاكییه‌كانی کۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی له شاری میونخ ده‌ست پێ بكاته‌وه و تا ئێستاش دیار نییه شاندی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شداریی كۆنفڕانسه‌كه ده‌بێت یان نا.
ڤۆلگانگ ئیشینگەر سەرۆکی کۆنفڕانسی ئاسایشی جیهانی ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی 18 تا 20 ئەم مانگە چالاكییه‌كانی 58مین كۆنگرەی ئاسایشی جیهانی (MSC) لە هۆتێلی بایەریش هۆڤ لە شاری میونخ بەڕێوه ده‌چێت.
ڕاشیگه‌یاند: به‌گوێره‌ی زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌كان بڕیاره 450 کەسایەتی پایه‌بڵند لە سیاسەتمەداران و کەسایەتییە بڕیاربەدەستەکان لەسەر ئاستی جیهان به‌شداربن، له‌نێویشیاندا 35 سەرۆک وەزیران و سەرۆک وڵاتان و نوێنەری حکوومەتەکان هه‌ن لەگەڵ زیاتر لە 80 وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و ناوخۆ له‌گه‌ڵ دەیان شارەزای تر.
پێشبینی ده‌كرێ لەناو میوانەکانی کۆنفڕانسی ئەمساڵی ئاسایشی جیهانی، هه‌ریه‌ك له کامالا هاریس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئۆلاف شوڵز ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆکی ئۆکڕانیا و سکرتێری ناتۆ و سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و دەیان کەسایەتی بڕیاردەری تری جیهانی به‌شداربن.
"لەبەر پەتای کۆڕۆنا ڕێوشوێنی توند دەگیرێتەبەر"
به‌هۆی په‌تای کۆڕۆنا، ژمارەی بەشداربوو و میوان و ڕۆژنامەنووسانی کۆنفڕانسی ئه‌مساڵی ئاسایشی جیهانی سنووردار دەبێت، جگه له‌وه‌ش ئەوانەی بەشدار دەبن دەبێت پێشتر هەردوو ڤاکسینی دژی په‌تای كۆڕۆنایان وه‌رگرتبێت و هه‌روه‌ها ڕۆژانەش تێستی pcrیان بۆ ده‌كرێت به‌ر له‌وه‌ی بچنه هۆڵی كۆبوونه‌وه و كۆنفڕانسه‌كان.
چاوه‌روان ده‌كرێ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ڕاسته‌وخۆ به‌شداریی كۆنفڕانسه‌كه نه‌كات و به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی ڤیدیۆوه بەشدار بێت و کێشەكانیان له‌گه‌ڵ ئۆکڕانیا و هه‌روه‌ها پرسی په‌تای كۆڕۆنا له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ڕه‌وشی کەشوهەوا و چەند پرسێکی دیكه‌ی جیهانی له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌كانی تاوتوێ بكات.
خالید عه‌لی په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) له ئه‌ڵمانیا له‌باره‌ی به‌شداریكردنی شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: له ساڵانی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی کۆنفڕانس، شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەشداری كۆنفڕانسه‌كه دەبوون و سەرۆكی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم له‌میانه‌ی كۆنفڕانسه‌كه‌دا زۆرترین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی جیهان ئه‌نجام ده‌دا.
ڕاشیگه‌یاند: بۆ ئەمساڵ تا ئێستا ناوی میوان و شاندی وڵاتانی جیهان بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه و تەنیا چەند ناوێکی كه‌م نه‌بێت، بۆیه دیار نییه كه ئه‌مساڵیش شاندی هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی كۆنفڕانسه‌كه ده‌بێت یان نا.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه چالاكییه‌كانی ئەمساڵی كۆنفڕاسهكه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌تای كۆڕۆنا توند دەبن و هه‌روه‌ك ڕاشگه‌یه‌نراوه ژمارەی میوان و شاندەکانیش سنووردار ده‌بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.