Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:44

شاکاری موزیک له‌ بونیادی شانۆدا

کوردستان TV
100%


ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌زه‌لییه‌ی نێوان هونه‌ره‌ جوانه‌كان، بۆته‌ هۆی دروستبوونی بۆته‌یه‌كی هونه‌ری زیندوو كه‌ عه‌قڵیه‌ت و هه‌ستی شانۆكار و موزیكژه‌ن و بینه‌ر زۆر به‌ وریایی ده‌ركی پێده‌كات .
كاتێك خوازیارین كه‌ كارێكی شانۆیی بخه‌ینه‌ باوه‌شی به‌راووردكارییه‌كی زانستی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ هونه‌ره‌ زیندووه‌كان, یاخود راستتر بڵێین له‌گه‌ڵ هونه‌ری موزیك و شێوه‌كاریدا، ئه‌وا ده‌بێ ره‌چاوی كۆمه‌ڵێك بنه‌مای هونه‌ری زانستی بكه‌ین له‌ روانگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بابه‌ته‌ هونه‌رییه‌كه‌ ده‌بێ شیكردنه‌وه‌یه‌كی گشتی له‌ڕووی په‌ره‌گراف و دیالۆگ و زمانی هونه‌ری و بنه‌ما هونه‌رییه‌كان به‌خۆوه‌ بگرێ .
گه‌ر به‌ باگراوندێكی خێرا سه‌یری مێژوویه‌كی دوور بكه‌ین هه‌ست ده‌كه‌ین كه‌ دراما و موزیكی بابه‌ت ئامێز وه‌ك دووهێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر بارگه‌و كه‌لوپه‌لی شاكارێكی گه‌وره‌ی هونه‌ریان له‌كۆڵ ناوه‌و رووه‌ودوورگه‌ی ئه‌مان و وێستگه‌ی حه‌سانه‌وه‌یان بردووه‌، هه‌ر له‌ كاره‌كانی چاخی رێنسانسه‌وه‌ بگره‌ و له‌ كاره‌كانی موزیكی ئایینی و زه‌نگۆڵه‌كانی كڵێساكانیشدا سرووته‌ گریگۆرییه‌كان و گۆرانییه‌ ئه‌به‌دییه‌كان هه‌میشه‌ به‌دوای ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ لێڵه‌دا وێڵ بوون كه‌ بڕوایان به‌ بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌فسوس له‌و كاته‌دا نه‌ده‌كرا به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ بدرێن، چونكه‌ زمانی راسته‌قینه‌ی هونه‌ری موزیك زیاتر له‌ دیالۆگێكی هه‌میشه‌یی دابوو له‌گه‌ڵ رۆح و گیان و جه‌سته‌ ماندووه‌كانی مرۆڤه‌ سه‌رشێته‌كان، كۆڕاڵه‌ جیاجیاكانی چه‌رخی باڕۆك و رۆمانتیك و ئۆپێرا خه‌م ئامێزه‌كان و كۆمیدیا هه‌ڵگره‌كانیش رووی دووه‌می ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ن كه‌ به‌رجه‌سته‌كردنی كارێكی جوڵه‌ ئامێزه‌و هه‌رگیز له‌ باوه‌شی موزیكێكی تراژیدی جیانه‌ده‌بووه‌وه‌و هه‌میشه‌ هۆگری ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزانه‌ بوون كه‌ له‌ گیانی شانۆكاره‌كان ده‌رده‌چوو، ئینجا ده‌گه‌یشته‌ جه‌سته‌ی ژه‌نیاره‌كان و له‌وێوه‌ش به‌ره‌و پانتایی شاكارێكی هونه‌ری گه‌وره‌ی هه‌نگاو ده‌به‌ست و دواجار له‌به‌رده‌م گوێچكه‌ و دیده‌ی بیسه‌روبینه‌ردا ده‌بووه‌ به‌رهه‌مێك كه‌ گیانی سه‌ر له‌به‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌هه‌ژاند له‌ هونه‌ری موزیكدا.. ئه‌وه‌ی دڵ مه‌رامیه‌تی و په‌نجه‌ خواستییه‌تی له‌به‌رده‌م عه‌قڵێكی كاملأ بووی شانۆكارێكدا ده‌بێته‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك و ده‌بێ ئه‌و دووئایدا گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاكامدا له‌یه‌ك بئاڵێن و ئاوێته‌یه‌كی هاڕمۆنیایی بیانگرێته‌ ئامێز.. 
ئه‌گه‌ر گۆرانی كوردی هه‌ر له‌یه‌كه‌مین په‌لامار بۆ سه‌ر كوردستان وه‌ك چه‌كێكی به‌رگری به‌رامبه‌ر دوژمن له‌ خزمه‌ت بایه‌, ئه‌وا بێگومان جووڵه‌و رێكخستنی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر وه‌ك تێڕوانینێكی هونه‌رییانه‌ بۆ خۆی پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر جوگرافیای جیهانی شانۆدا داگیركردووه‌، كه‌واته‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یی كردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ یه‌كێك له‌ میلله‌ته‌ هه‌ره‌ زیندووه‌كانی ( میزۆپۆتامیا ) كارێكی پڕ شه‌ره‌فی هونه‌رییه‌، چونكه‌ ئه‌و خاسیه‌ته‌ی ئه‌مڕۆ باسی لێوه‌ ده‌كه‌ین ( سۆزی نۆته‌ی كوردی و ده‌قی شانۆیی خۆماڵی ) ئامانجێكن تا ئێستا ده‌ستی تامه‌زرۆ و رۆحی شه‌كه‌تی هونه‌رمه‌ندانی كوردی نه‌گه‌یشتووه‌تێ, سه‌د حه‌یف و مخابن تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێ كراسێكی هه‌مه‌ڕه‌نگی ره‌سه‌نایه‌تی نه‌كرایه‌ به‌ر جه‌سته‌ی رووتی كاره‌ هونه‌رییه‌كانمان، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو ته‌پ و تۆزی كاره‌ سه‌رپێیه‌كان په‌له‌ قاژێیه‌تی و نه‌كراوه‌ رۆژێك ده‌رهێنه‌رێكی ویژدان زیندوو له‌گه‌ڵ موزیكژه‌نێكی په‌نجه‌ ماندوو باس له‌و به‌رهه‌مه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ عه‌قڵی په‌نگ خواردوویانی مێرووله‌ ده‌كات و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ره‌و ئه‌و جیهانه‌ په‌له‌یه‌تی كه‌نازانێ كۆتاییه‌كه‌ی هه‌ر ده‌گاته‌وه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی كه‌به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌ره‌و ره‌سه‌نایه‌تیان كرده‌ ده‌ستپێك .
 ئامانج غازی

كوردستان TV

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.