Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 11:39

گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ هەولێر و ئەرمینیا دەست پێ دەکات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند کە لە 24ی کانوونی دووەمدا، دەست دەکرێت بە گەشتی ئاسمانیی بۆ شاری هەولێر و لە دووی شوباتیشدا بۆ ئەرمینیا.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پەتای کۆرۆنا زۆرترین کاریگەری لەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی دروست کردووە، بەڵام بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست ئەو کاریگەریانە دابەزیوە بۆ نزمترین ئاست.

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنەکان و ئەو سەرکەوتنەی لە میانی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە بەدەستهاتووە، دەستکراوە بە ئاساییکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و تۆڕی گەشتەکانیش فراوان کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکانی نێوان تورکیا-ئەرمینیادا بڕیار دراوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و هاتووە:

''ئانادۆڵوجێت لە 24ی کانوونی دووەمدا، دەست دەکات بە گەشتەکانی عەنتاب-هەولێر و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ، واتا لە دووشەممە و پێنجشەممەدا ئەنجام دەدرێن.

لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنییەوە رێگە بە هێڵی ئاسمانیی پێگاسوس دراوە لە هەفتەیەکدا سێ گەشت لە هێڵی سابیحە گۆکچەن-ئەریڤان ئەنجام بدات.

رێگە دراوە هێڵی ئاسمانیی فلای وەن ئەرمینیا لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ لە هێڵی ئەریڤان-ئیستانبوڵ گەشت ئەنجام بدات.

بەپێی ئەو رێککەوتنانەی کراون یەکەم گەشت لە دووی شوباتدا ساز دەکرێت کە فڕۆکەی فلای وەن ئەرمینیا کاتژمێر 19:50 خولەک لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ دەنیشێتەوە. فڕۆکەی پێگاسوس هەمان ئێوارە کاتژمێر 23:35 لە فڕۆکەخانەی سابیحە گۆکچەن دەست بە فڕین دەکات''.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.