Erbil 15°C دووشەممە 02 کانونی یەکەم 13:01

رۆژنامه‌گه‌رى کاغه‌ز له‌پاشه‌کشه‌ و په‌له‌قاژێدایه‌ !

کوردستان TV
100%

 له‌كوردستانیش ئێستا گه‌نجه‌كان زۆر گرنگى به‌رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز ناده‌ن و زیاتر مۆبایل و ئایپاده‌كانیان له‌ناو ده‌ستدایه‌ و هه‌رده‌م ده‌ڕواننه‌ شاشه‌كان، به‌ڵام هه‌وڵ هه‌یه‌ رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز زیندوو بكرێته‌وه‌

كاتێك باس له‌رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان ده‌كه‌ین، واته‌ چاپكردن له‌سه‌ر كاغه‌ز، سه‌رده‌مانێك له‌گه‌ڵ گه‌ردى به‌یانیان، رۆژنامه‌كان  له‌به‌رده‌م شوێنى فرۆشتنى رۆژنامه‌ یان ماركێته‌كان داده‌ندرا، زۆرێك له‌رێبواران له‌پێش ئه‌وه‌ى خاوه‌ن شوێن و ماركێته‌كان بێن، رۆژنامه‌یه‌كیان هه‌ڵده‌گرت، به‌ده‌م رێگه‌وه‌ یان له‌ناو پاسه‌كان ده‌یانخوێنده‌وه‌، رێبواران به‌جۆش و خرۆشه‌وه‌ هه‌واڵ و بابه‌ته‌كانیان ده‌خوێنده‌وه‌، له‌ته‌ك بابه‌ته‌كانیش به‌شێك له‌ ریكلام و ئاگادارییه‌كانیان ده‌خوێنده‌وه‌، هۆكارێك بوو، تا بزاندرێ چ كار و كاڵایه‌ك له‌به‌رده‌ستدایه‌، كه‌چى له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ى ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى و داتاكان، لایه‌نى كاغه‌ز هێدى هێدى به‌ره‌و پاشه‌كشه‌ رۆیشت، سه‌ره‌تا هه‌موو لایه‌ك باسیان له‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ هیچ شتێك ناتوانێ شوێنى كاغه‌ز بگرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌رووى كتێب و رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كان، جگه‌ له‌و بڵاوكراوانه‌ى زیاتر بۆ ریكلام بوون، كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، له‌پێش وڵاتانى پێشكه‌وتوو، وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو و هه‌ژاره‌كان تیایدا كاغه‌ز به‌ره‌و پاشه‌كشه‌كردن ده‌ڕوا، دیار بوونى هیڵى ئه‌نته‌رنێت و ماڵپه‌ڕه‌كان و كتێبخانه‌ى ئه‌لیكترۆنى و مۆبایل و ئایپادى زیره‌ك، زۆرێك كه‌س وازیان له‌رۆژنامه‌ و گۆڤار و كتێبى كاغه‌ز هێناوه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌رده‌م كه‌سانێك بیانووى ئه‌وه‌ ده‌هێننه‌وه‌.

رۆژنامه‌

قوتابییانى ژاپۆن، چیتر كاغه‌ز به‌كارناهێنن و ته‌نیا له‌سه‌ر ئایپاد و كۆمپیوته‌ره‌كانیان ده‌خوێنن، وڵاتانى رۆژئاواش به‌هه‌مان شێوه‌ قوتابییانیان چیتر كتێب ناگرنه‌ ده‌ست، به‌ڵكو ته‌نیا هه‌موو كتێب و ده‌فته‌ره‌كانیان له‌نێوه‌ندى كۆمپیوته‌ره‌كانیاندا، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شێك له‌راوێژكارانى نێوده‌وڵه‌تى راگه‌یاندن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز به‌ره‌و هه‌ڵدێر هه‌نگاو ده‌نێ، چونكه‌ له‌نێو ده‌ستى گه‌نجه‌كاندا جێگه‌ى نابێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مى مۆبایل و ئه‌دیمینى لاپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنه‌كاندا ده‌ژین، به‌شێوه‌یه‌ك له‌داهاتوودا هه‌موو شتێك ده‌گوڕێ، به‌تایبه‌تى بوارى راگه‌یاندن و ئابووریدا، دیاره‌ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ هیچ بوارێك ناداته‌ كه‌س، تا بیربكه‌یته‌وه‌، له‌داهاتوودا چى ده‌كه‌ى، بۆ نموونه‌ له‌میسر زیاتر ده‌یانه‌وێ رۆڵى ئه‌نته‌رنێت بهێننه‌ پێش، به‌شێوه‌یه‌ك رۆژنامه‌گه‌رى مۆبایل و رادیۆیه‌كانى نێو مۆبایل هۆیه‌كن بۆ پشتگیرى و بڵاوبوونه‌وه‌ى دیموكراتییه‌ت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا پسپۆڕانى بوارى راگه‌یاندن جه‌خت له‌بوونى رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ وڵاتێكى وه‌ك سۆدان له‌م ماوه‌یه‌دا 7 رۆژنامه‌ كاره‌كانى راگرتووه‌ و ده‌رگه‌ى باڵه‌خانه‌ى رۆژنامه‌ى داخست، رۆژنامه‌نووسانیش هه‌ریه‌ك به‌لایه‌كدا رۆیشتن و زۆریان به‌ره‌و كارى دیكه‌ هه‌نگاویان نا، وه‌ك ئه‌وه‌ى چیتر پێویست به‌رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز ناكات، هاوكات به‌شێك له‌خاوه‌ن رۆژنامه‌كان باسیش له‌وه‌ ده‌كه‌ن، پاره‌یه‌كى زۆر له‌كاغه‌ز خه‌رجده‌كرێ، رۆژبه‌ڕۆژیش كاغه‌ز گران ده‌بێن بۆیه‌ ناتوانین كاره‌كانمان به‌رده‌وام بێ.

 له‌كوردستانیش ئێستا گه‌نجه‌كان زۆر گرنگى به‌رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز ناده‌ن و زیاتر مۆبایل و ئایپاده‌كانیان له‌ناو ده‌ستدایه‌ و هه‌رده‌م ده‌ڕواننه‌ شاشه‌كان، به‌ڵام هه‌وڵ هه‌یه‌ رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز زیندوو بكرێته‌وه‌، نموونه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ زۆرێك له‌و گه‌نج و لاوانه‌ى زیاتر خه‌ریكى مۆبایل و ئایپاد و كۆمپیوته‌ره‌كانیانن، وه‌ك ئه‌وه‌ى نه‌خوێنده‌وار وابن، شتێكى وا له‌نووسین له‌سه‌ر كاغه‌ز نازانن، كه‌چى ئه‌گه‌ر سه‌یرى زۆرێكیش له‌وڵاتان بكه‌ین به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ى هاوسێى عێراقن ئێستاش رۆژنامه‌كان له‌كاتى به‌یانیاندا له‌سه‌ر شۆسته‌كان ده‌بیندرێن، ئێستا وڵاتانى وه‌ك ئێران و توركیا چه‌ندین رۆژنامه‌ى رۆژانه‌ى كاغه‌زیان ده‌رده‌چێ، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ نییه‌، ئه‌م وڵاتانه‌ له‌رووى ته‌كنه‌لۆژیا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستى پێویست، به‌ڵكو له‌زۆر بواریشدا له‌ریزى پێشه‌وه‌ن، له‌عێراقیشدا به‌تایبه‌تى له‌به‌غداى پایته‌خت رۆژنامه‌ رۆژانه‌ كاغه‌زییه‌كان له‌ته‌ك رۆژنامه‌ رۆژنامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، ده‌توانن شه‌قام بجوولێنن.

له‌و نێوه‌نده‌دا بوونى رۆژنامه‌گه‌رى كاغه‌ز و ئه‌لیكترۆنى و كتێبخانه‌ و كتێبخانه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ناكرێ فه‌رامۆش بكرێ، هه‌ر یه‌كێكیان پێویستى به‌وی دیكه‌یه‌، كه‌چى ناشكرێ تۆ له‌ته‌ك ره‌وڕه‌وه‌ى پێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆژیادا نه‌بیت و نه‌توانیت هه‌نگاوه‌كانت جێگره‌وه‌ى رابردوو نه‌بێ.

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.