Erbil 22°C شەممە 23 تشرینی دووەم 16:14

لە چۆمان هاووڵاتییەک شوێنی سلێمان هەڵشۆیی دەگرێتەوە

ئەگەر ئۆتۆمبێلی خەڵك وەربگرم، لە رۆژێكدا زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێلم بۆ دێت
کوردستان TV
100%

 لەگەڵ هاتنی سەری ساڵی نوێ 2021، هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای چۆمان بە ئاشكرا هەمان مامەڵەی (سولێمان هەڵشۆیی) لە ئەكاونتی فەیسبووكەكەی راگەیاند و دەڵێت: خەڵك بە رەزامەندی خۆیان متمانەیان پێ كردووم و منیش دەمەوێ سوودێكی باش بە خەڵكی دەڤەرەكەم بگەیەنم و مامەڵەكەشم قازانجێكی باشی پێوەیە بۆ ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلم "بەشێوەی ماوە و بە قازانجێكی زیاتر لە نرخی خۆی" پێ دەفرۆشن.

كۆسرەت عوسمان شۆرەیی، هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێرە، ئێستا خەریكی مامەڵەیەكی بازرگانییە و بەبێ هیچ گرێبەستێكی یاسایی ئۆتۆمبێل لە هاووڵاتییان وەردەگرێت و لە ماوەیەكی دیاریكراو زیاتر لە نرخی خۆی پارە بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە دەداتەوە.

كۆسرەت بۆ ماڵپەری كوردستان تیڤی رایگەیاند: ماوەی دوو ساڵە بە نهێنی خەریكی ئەم كارەم و خەڵك متمانەیەكی باشی پێكردووم و لەسەر خواستی خۆیان ئۆتۆمبێلم بە زیاتر لە نرخی خۆی پێ دەفرۆشن بە قەرزی ماوەیەكی دیاریكراو، تا ئێستا پارەی خەڵكم نەخواردووە و پاروێكی حەرام نەچۆتە قوڕگم، ئیدی بۆ ئەوەی قازانجێكی باش بە خەڵكی ناوچەكەم بگات، درێژەم بە كارەكەم داوە و ئێستا بە ئاشكرا دەستم بەم كارە كردووە.

لە درێژەی قسەكانیدا كۆسرەت شۆرەیی دەڵێت: نامەوێ مامەڵە بازرگانییەكەم زیاتر لە سنووری خۆی تێپەڕێت، بەڵكو كەم كەم ئۆتۆمبێل وەردەگرم، لەكاتی دیاریكراویشدا پارەكە بە زیادەوە بۆ خاوەنەكانیان دەگەڕێنمەوە.

كۆسرەت عوسمان گەنجێكی نزیك 30 ساڵانەیە و خێزاندارە، پێشتر كاری شۆفێری تەكسی بوو، بەڵام ئێستا خەریكی ئەم مامەڵە بازرگانییەیە، وەك ناوهێندراو دەڵێت: تا ئێستا ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەكانییەوە و موبایلی ئایفۆنی مۆدێل نوێ و خانووشم وەرگرتووە، ئەو كەسانەی مامەڵەم لەگەڵ دەكەن بە رەزامەندی خۆیان كاڵاكانم پێ دەدەن و منیش گرێبەستیی خۆم هەیە و بە گەواهیدەری دوو كەس سەنەدەكە مۆر دەكەم، هیچ پێویستی بە گرێبەستی نووسینگە و دادنووس نییە هەر لای خۆمان گرێبەستەكان واژۆ دەكەین و قازانجەكانیش هەیانە 10%ـی نرخی ئۆتۆمبێلە، هەیانە 20%، ئینجا ئەگەر ماوەكەی درێژتر بكرێتەوە، قازانجەكەی زیاتر دەبێت.

كۆسرەت دەڵێت: خەڵك متمانەی باشی بە منە، چونكە تا ئێستا هیچ كەیسێكی سكاڵا لە دژی من تۆمار نەكراوە، پارەی خەڵكم نەخواردووە، ئەگەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلی خەڵكم وەرگرتبا، زیاتر لە 150 ئۆتۆمبێلم وەردەگرت، ئیدی خەڵك بۆخۆی پەیوەندیم پێوە دەكەن و سەیارەم بۆ دێنن، بەڵام من نامەوێ كارەكەم لەدەست دەربچێت و چاوشۆڕی خەڵك بم.

لە چەند رۆژی رابردوو لە ئیدارەی راپەڕینی سنووری پارێزگای سلێمانی هاووڵاتییەك بەناوی (سولێمان هەڵشۆیی) لە سەر هەمان مامەڵەی بازرگانی بەشێوەی نایاسایی دەستگیركرا كە پارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی لەلابوو، بەڵام نەیتوانی پارەی ئەو خەڵكەی مامەڵەی لەگەڵ كردوون بیداتەوە، وەك سەرچاوەكانی هەواڵ لەم سنوورە ئاماژەی بۆ دەكەن بە هەزاران دەفتەر دۆلاری خەڵكی لەلایە و ئیفلاسبوونی خۆی راگەیاندووە.

تەنانەت لە ساڵی 2012 لە هەمان ئەو قەزایەی ئێستا كۆسرەت عوسمان مامەڵەی تێدا دەكات، كەسێك بەناوی (فاخیر ناوەندەیی) لەسەر هەمان مامەڵە دەستگیركرا و سكاڵایەكی زۆری لە دادگا لەسەر تۆمار كرا و بووە هۆكاری زیانگەیاندن بە سەدان خەڵكی ئەو ناوچەیە.

هەرچەندە كۆسرەت ئاشكرای ناكات كە بەم پارەیەی لەبەردەستیدایە چ مامەڵەیەك دەكات، بەڵام دەڵێت من تەنها مامەڵە لەگەڵ خەڵكی خۆم دەكەم و ئۆتۆمبێل و موبایل و خانووی هاووڵاتییانی باڵەكایەتی وەردەگرم، دەمەوێ ئەوان لە مامەڵەكەم قازانج بكەن و بە پارەكەیشی مامەڵەیەكی تایبەت دەكەم قازانج دەكەم. سوارە ئەكرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان، سەبارەت بەم بابەتە بۆ ماڵپەڕی كوردستان تیڤی دیاركرد: ئێمەش ئاگاداری مامەڵەی ئەو كەسەین كە بە ئاشكرا لە فەیسبووكەكەی رایگەیاندووە، بەراستی لەبەر ئەوەی ئەمجۆرە مامەڵەیە باگراوندێكی باشی نییە لە كوردستان و بەشێوەی نایاساییە و هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی لە پشت نییە، ئێمە لایەنە قانوونی و ئەمنییەكانی سنوورمان ئاگادار كردۆتەوە، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ ئەو كەسە دابنیشن، تا لە داهاتوودا خەڵك وەك ناوچەكانی دیكە، تووشی زیان و كێشەی كۆمەڵایەتی نەبنەوە.

گووتیشی: بەراستی ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی هۆشیاری تاك، تا چەند لەگەڵ ئەوەدان مامەڵەكانیان دوور لە چوارچێوەی یاسایی ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو ئەم جۆرە مامەڵەیە زیانی بۆ خەڵك نەبێت و وەك ئەو حاڵەتەی دەڤەری راپەڕین خەڵك تووشی زیان نەبێتەوە، ئێمە لایەنەی پەیوەندیدارمان لەو بابەتە ئاگادار كردۆتەوە وەك داواكاری گشتی و ئاساییشی ناوچەكە.

راپۆرتی/ كەریم سمكۆ – پەیامنێری چۆمان

 

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.