Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 02:57

بەرھەم ساڵح پەیامێکی لەسەر قەوارەکه‌ى بڵاوکردەوەو به‌ فه‌رمى-ش وازى له‌ یه‌کێتى هێنا

بەرھەم ساڵح به‌ فه‌رمى وازى له‌ یه‌كێتى هێنا
برهم صالح
کوردستان TV
100%

به‌پێى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى هه‌وال، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌ شێوه‌ى فه‌رمى ده‌ستبه‌ردارى یه‌كێتى بووه‌ و نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاراسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی كرد.

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دواى راگه‌یاندنى قه‌واره‌كه‌ى و تۆماركردنى له‌ كۆمسیۆندا، هه‌ر ئه‌مرۆ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا لۆگۆ و رەنگی قەوارەکەی ئاشکرا کرد کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانیش قەوارەی دیموکراسی و دادپەروەری بەرهەم ساڵحى پەسندکرد.

بەرهەم ساڵح لە توویتەری خۆی پەسندکردنی قەوارەکەی بۆ هەڵبژاردنەکان پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت "بەهیوای بەدیهێنانی حوکمڕانی باش و دادپەروەر بۆ خزمەتی هاووڵاتییان".

 

بەرھەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ماوەیەکە کارەکانی لەنێو یەکێتیدا ھەڵپەساردووە و ڕۆژی شەممە 16/9/2017، چەند ڕاسپێردراوێکی بە مەبەستی تۆمارکردنی قەوارە سیاسییە تازەکەی ڕەوانەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی کرد.

دواتریش کەریم بەحری، بە ناوی قەوارەکەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوای پەسەندکردنی قەوارەکەیان، بەرھەم ساڵح پەیامێکی دەبێت.

تا ئێستا له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان 22 قه‌واره‌ و لیستى سیاسى ناویان تۆمار كردووه‌.

شایه‌نى باسه‌ زیاتر لە ساڵێکە بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی باڵی ناوەندی بڕیاریان لەناو یەکێتیدا ڕاگەیاند، بەڵام دوای ساڵێک لە ڕاگەیاندنەکە وەک دەردەکەوێت ناوەندەکە ئامانج و درووشمەکانی خۆی جێبەجێنەکرد لەناو حزبەکەیدا.

لەماوەی ڕابردوودا بەرهەم ساڵح وەک جێگری سکرتێری یەکێتی زۆر بەکەمی لەناو کۆبوونەوەکانی حزبەکەیدا دەردەکەوت و پێشتریش لەکاتی ڕاگەیاندنی باڵی ناوەندی بڕیاردا تێبینی لەسەر ئادای حزبەکەی هەبوو.

له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ رایگه‌یاند كه‌ قه‌واره‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح بێ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر حزبه‌كه‌یان تێناپه‌ڕێت، بۆ چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م له‌نێو یه‌كێتیدا ، ناوبراو وتی‌ "ئه‌وه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌كان كه‌ تووشمان ده‌بێت، چونكه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ سێدا جه‌نابی‌ مام جه‌لال، كاك كۆسره‌ت و د.به‌رهه‌می‌ وه‌ك جێگرانی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م راگه‌یاند، بۆیه‌ جارێ نازانین به‌ چ میتۆدێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی‌ د.به‌رهه‌م ده‌كرێت".  

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند "ئێمه‌ ساڵی‌ 2009 ئه‌زموونێكی‌ دیكه‌مان هه‌یه‌ قه‌واره‌یه‌ك كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تیشیان له‌گه‌ڵدا بوو راگه‌یه‌ندرا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر یه‌كێتی‌ جێهێشت، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ش ئه‌گه‌ر به‌راورد بكه‌ین به‌ قه‌واره‌كه‌ی‌ پێشتر ره‌نگه‌ وه‌كو ئه‌و قه‌واره‌یه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌بێت، به‌ڵام بێ كاریگه‌ریش تێناپه‌ڕێت".  

به‌رهه‌م ساڵح ماوه‌ى دوو ساڵ سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ (2009 – 2011 )و له‌ به‌غداش ماوه‌ى كابینه‌ حكومه‌تى كاتى عێراق له‌ 2004 جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ و ماوه‌یه‌كیش وه‌زیرى پلاندانانى عێراق بووه‌ و دواتر له‌ 2006 جارێكى دیكه‌ بووه‌ته‌وه‌ جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران.

به‌رهه‌م ساڵح تا ئێستا به‌ هیچ وته‌ و لێدوانێك گوزارشتى له‌ راى تایبه‌تى و هه‌ڵوێستى سیاسى خۆى سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان‌ نه‌كردووه.

بێده‌نگى به‌رهه‌م ساڵح له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ناوبراو خاوه‌نى په‌یوه‌ندییه‌كى دیپلۆماسى فراوانه‌ و له‌ ناوخۆى حزبه‌كه‌شیدا ئه‌و كه‌سانه‌ى وابه‌سته‌ن پێیه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى هه‌ڵوێست و لێدوانى ده‌كه‌ن له‌ باره‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و پرۆسه‌ى ریفراندۆمه‌وه‌.

وه‌ك چاودێرانى ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، به‌شدارى نه‌كردنى سێ په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى له‌ كۆى شه‌ش په‌رله‌مانتار، له‌ دانیشتنى رۆژى هه‌ینى رابردووى په‌رله‌ماندا، ئاماژه‌یه‌كى روونه‌ كه‌ سه‌ر به‌ قه‌واره‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵحن.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ژماره‌یه‌ك له‌ په‌یج و ئه‌كاونتى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى یه‌كێتى ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌گرن، كه‌ ده‌یه‌وێت سلێمانى بكاته‌ چه‌قى ململانێى لیسته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ لیسته‌كانى دیكه‌ و جارێكى دیكه‌ جه‌ماوه‌رى یه‌كێتى له‌ت له‌ت و دابه‌ش بكات، كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ یه‌كێتى له‌ میانى سێ هه‌ڵبژاردندا كۆى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى له‌ 50 كورسییه‌وه‌ كه‌م بووه‌وه‌‌ بۆ 18 كورسى و له‌ دواین دانیشتنى په‌رله‌مانیشدا ته‌نیا 12 په‌رله‌مانتارى یه‌كێتى ئاماده‌بوون.

ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانى، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، ”تا ئێستا نازانین چ ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى، یان مه‌كته‌بی سیاسیی لەگەڵ لیسته‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح‌ دایە، هیوادارم هیچ كه‌سێك لە یەکێتی جیانه‌بێته‌وه‌”.

به‌پێى هه‌والێكى مالپه‌رى ئاوێنه‌، ڕه‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان، ڕاگه‌یاندوه‌ “ یه‌كێتیی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتوودا یه‌ك لیستى ده‌بێت بۆیه‌ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت بانگه‌شه‌ بۆ لیستێكى دیكه‌ بكات، ئه‌وا نابێت له‌ ناو حزبێكى دیكه‌دا بێت و ده‌بێت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى، وتیشی “ناتوانم ئێستا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ لیسته‌كه‌ى (به‌رهه‌م ساڵح) بكه‌م، چونكه‌ تا ئێستا نازانین ئاخۆ چ ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى، یان مه‌كته‌بی سیاسیی له‌گه‌ڵدایه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كاریگه‌رى خۆیان له‌سه‌ر ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانى ئه‌و لیسته‌ ده‌بێت، نازانم ئایا كاریگه‌رییه‌كه‌ بۆ سه‌ر یه‌كێتى زۆر ده‌بێت، یان به‌جۆرێكى تر، هیواداریشـم هیچ كه‌سێك لەیەکێتی جیانه‌بێته‌وه‌”.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە لیستەکەی بەرھەم ساڵح کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دەبێت، بەڵام ”کاریگەرییەکە ھێندە گەورە و قەبە نابێت“.

سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "بەرھەم ساڵح ماوەیەکی زۆر کادیری یەکێتیی نیشتمانی بووە، ھەروەھا لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێک پۆستی جیاجیای وەرگرتووە کە تێدا پۆستی باڵاش ھەبووە، بەدڵنیاییەوە ئەو لیستەی کە دروستی کردووە کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتیی نیشتمانی دەبێت، ئەگەر ئێمە بڵێین ھیچ کاریگەری نییە، ئەوا قسەیەکی بێ مانایە".

گوتەبێژەکەی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە بۆ ماوەی دوو ساڵە بەرھەم ساڵح، ھیچ جۆرە چالاکییەکی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی دا نەبووە، ھیچ کارێکی بۆ یەکێتی نەکردووە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەریکی خۆ کۆکردنەوە بووە بۆ دامەزراندنی ئەو لیستە، گوتیشی: "کاری سیاسی ئارەزوومەندانەیە و ھەر کەسێک ئازادە کە شانسی خۆی لە دەرەوەی یەکێتی تاقی دەکاتەوە".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، پێی وایە ھەرچەندە لیستە نوێیەکەی بەرھەم ساڵح کاریگەری لەسەر دەنگەکانی یەکێتی دروست دەکات، بەڵام بەو جۆرە گەورە و قەبە نابێت، چونکە ژینگەی ئەو لیست و ڕێکخراوانەی لە یەکێتی جیا دەبنەوە، لە پێگەیەکی جوگرافی دیاری کراو دەبێت، کە سلێمانییە، بۆیە بە پێشبینی من، ئەو لیستەکەی بەرھەم ساڵح ناتوانێت لە گۆڕەپانی سیاسیی ھەرێمی کوردستاندا جێگەی بزووتنەوەی گۆڕان بگرێتەوە.

هه‌روه‌ها له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندوه‌، پێویستە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەی بڕیار لەسەر ئەو قەوارە سیاسییە بدەن کە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی پێکی هێناوە.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە پەراوێزی دیداری دیموکراسی و مافی چارەی خۆنوسین کە لە سلێمانی بەڕێوە چوو، لەبارەی پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی لەلایەن بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی،  ڕایگەیاند: ” پێویستە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیار لەسەر ئەو مەسەلەیە بدات.

كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.