هونه‌رمه‌ندێكی خۆرسكی میللی ، ده‌نگخۆش و ده‌هۆل ژه‌نێكی به‌توانای ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و شاری كه‌ركوك ، هونه‌رمه‌ند ( فایه‌ق داوده) ماوه‌ی ساڵانێكه له بواری هونه‌ری مه‌قام و به‌سته و گێڕانی شایی و زه‌ماوه‌ند له‌ڕێی ده‌نگ و ژه‌نینی ئامێری ده‌هۆڵه‌وه‌خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ، هونه‌رمه‌ندێك به‌سه‌ر و سیما شه‌كه‌ت وماندووه‌كه‌یه‌وه ، به‌باڵاپۆشیی پۆشاكه جوانه‌كه‌یه‌وه(كه‌واو سه‌ڵته) ، وێنه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی شاری كه‌ركوك و ده‌ڤه‌ری ده‌وڵه‌مه‌ند له مه‌قام و به‌سته‌ی ڕه‌سه‌نی گه‌رمیان ده‌نوێنێ.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ، ڕاسته‌ی زاده‌ی ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی گرنگی كوردستانه له‌ڕووی ئابووریی و هونه‌ری ڕه‌سه‌نه‌وه ، به‌ڵام ژیانێك له‌ژێرسایه‌ی جه‌ورو چه‌وسانه‌وه‌ی داگیركه‌رو ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی به‌عس، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌و هه‌موو هاوشارییه‌كانی و هاوزمانه‌كانی له‌ژێر سته‌می چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌توایه‌تیدا ناڵاندوویانه ، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌وه هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ، شه‌كه‌ت و ماندووی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیه‌و هه‌میشه هه‌ژاری و نه‌داری وه‌ك مۆته‌كه یه‌خه‌ی گرتووه‌و ، تا ئه‌م ساته وه‌خته له‌ژیاندایه به ژیانێكی كوله‌مه‌رگی ڕۆژه‌كانی داهاتووی ژیانی ده‌ژمێرێت.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده مه‌قام و به‌سته‌بێژه‌ی شاری كه‌ركوك ، له‌ئێستادا ته‌مه‌نی هه‌ڵكشاوه له (75) ساڵیدا ژیان به‌رێ ده‌كات ، به‌هۆی ماندووبوونی له‌و بازاڕه بێ ڕووحمه‌ی ژیاندا، وه‌ك جاران ئه‌و توانا ده‌نگییه‌ی نه‌ماوه و خاوه‌نی ده‌نگێكی گڕ و ماندووه ، ناچار بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی ئه‌و خانه‌واده زۆره‌ی ڕۆژانه به‌خۆیی و ده‌هۆڵه‌كه‌یه‌وه چاوه‌ڕێیه كه شایی و زه‌ماوه‌ندێك هه‌بێت هونه‌ره‌كه‌ی لێبكڕن و بۆخوانی ئێواره بیداته نان بۆ منداڵه‌كانی.
جێی داخه له‌نێو خه‌ڵكیدا به ( چاوه‌ش ) نێوده‌برێت..؟!
لێره‌دا ده‌بێت دان به‌وڕاستییه‌دا بنێن و بڵێین ، باشه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌هره‌و پیشه‌یه به ( چاوه‌ش) نێوی ببرێ، ئه‌ی ئه‌وه هونه‌ر نییه، ئه‌و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سۆز‌و گه‌روو و چرینی به‌سته‌و مه‌قام وئامێری مۆسیقادا ده‌كات ، هه‌رئه‌و چاوه‌شه نییه ، له‌بۆنه‌كاندا ، له‌ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌نده‌كاندا، به‌وهه‌سته لێورێژ له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌نه شادی و خۆشیی ده‌به‌خشێ و له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌ده‌یان كیژو لاوی به‌یه‌ك گه‌یاندووه ، له‌وكاتانه‌دا بۆمه‌به‌ستی سازدانی زه‌ماوه‌ندێك یان ئاهه‌نگێك له‌ماڵدا، به‌په‌رۆشه‌وه داوایان لێده‌كه‌ن كه ئاهه‌نگه‌كه‌یان بۆ سازبكا، به‌ڵام كاتێك كه‌كارییان پێی نامێنێ په‌نجه‌ی ( چاوه‌ش) ی بۆدرێژده‌كه‌ن ، به‌ڵێ ( چاوه‌ش) هونه‌رمه‌نده‌و ئه‌وه‌شی ئه‌نجامی ده‌دات هونه‌رێكی خۆڕسك و هه‌ڵقوڵاوی ناخی كۆمه‌ڵی كورده‌وارییه‌وه، به‌سۆزو عه‌شقێكی پاكه‌وه ده‌یدات به‌نه‌ته‌وه‌كه‌یی .
كاتێك ناوی هونه‌رمه‌ند (فایه‌ق داوده) دێت ، له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ناوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ناوبانگی (داوده) به‌رجه‌سته ده‌بێت ، ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه كه‌له‌باب و باپیریانه‌وه كار‌و پیشه‌یان ته‌نها خزمه‌تكردن و پاراستنی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیانه‌و، ناو و نازناویان به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه، كه ناوی داودییه‌كان دێت ، پێشه‌نگی كه‌سایه‌تی و هونه‌ری به‌رزییان ( خدر بارام چاوه‌ش 1875_ 1929)ه باپیری هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح داوده 1941_ 8/5/2009) هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندی به‌تواناو بلیمه‌ت ( ئه‌حمه‌د داوده 1926_1979) له‌مێژووی هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قام و ژه‌نینی باڵه‌بان و زوڕناو ده‌هۆڵ دا له‌شاری كه‌ركوك و گه‌رمیان و كوردستان به‌گشتی ڕۆڵێكی یه‌كجار گرنگ و خزمه‌تێكی زۆرییان به‌هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی و مه‌قام كردووه.
هونه‌رمه‌ندان ئه‌حمه‌د داوده ، سه‌لاح داوده ، فایه‌ق داوده و نه‌وزادی كوڕی ئه‌حمه‌د داوده، یه‌كه‌م تیپی هونه‌ری میللی كوردی بوون له‌شاری كه‌ركوك كه‌به‌رهه‌میان له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركردووه.
له دووزه‌و بۆ شۆریجه‌و گه‌شه‌كردنی هونه‌ر ..
هونه‌رمه‌ند فایه‌ق شه‌وكه‌ت نادر، ناسراو به ( فایه‌ق داوده) له‌ساڵی (1946) له‌شارۆچكه‌ی (دووزخورماتوو) ی سه‌ربه‌شاری كه‌ركوك له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار به‌دنیا هاتووه،له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه خانه‌واده‌كه‌یی به‌هۆی كه‌مده‌رامه‌تی یه‌وه ماڵ ده‌گوازنه‌وه بۆ شاری كه‌ركوك و له‌گه‌ڕه‌كی ( شۆریجه‌ی كه‌ركوك) ته‌نیشت ماڵی هونه‌رمه‌ندی باڵه‌بانژه‌ن (ئه‌حمه‌د داوده) و ماڵی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ( حسێن عه‌لی گورجی1925_18/7/1991) له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك نیشته‌جێ ده‌بن ،
له‌ساڵی (1952) له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك شۆڕیجه ده‌خرێته به‌رخوێندن، له‌قوتابخانه به‌هۆی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( قادر مه‌ردان 1938_7/6/2014) كه‌مامۆستای هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده بووه ، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی له‌هونه‌رمه‌نددا دۆزیوه‌ته‌وه و هانی داوه، له‌وسه‌رده‌مه‌دا سرووده‌كانی ئه‌وكاتی له‌قوتابخانه‌دا ده‌خوێندران وه‌ك سروودی ( نه‌ورۆزو خوایه‌وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی) به‌فایه‌ق داوده خوێندووه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ژاری و ده‌ستكورتی خانه‌واده‌كه‌ی ده‌بێته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی كه هونه‌رمه‌ند قوتابخانه به‌جێ بێڵێ و ڕووبكاته كار‌و كاسپی،له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ی باڵه‌بانژه‌ن ده‌بێته گۆرانیبێژو ده‌هۆڵژه‌ن، له‌گه‌ڵیدا به‌شدار ده‌بێت له ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌نده‌كاندا له‌شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری.
فایه‌ق داوده و ڕادیۆی كوردی به‌غداد...!
به‌هۆی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌وه ، فایق داوده له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده، درێژه به‌و كاروانه هونه‌ریه ده‌ده‌ن و له‌نێو خه‌ڵكیدا ئه‌م گرووپه هونه‌ره میللیه زیاتر ده‌ناسرێن ، له‌ساڵی (1964) هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی (18) ساڵی و له‌هه‌ڕه‌تی لاوێتی و لوتكه‌ی به‌چێژی ده‌نگه خۆشه‌كه‌یدا ده‌بێت، له‌و ساڵه‌دا مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ( عه‌لی مه‌ردان) به‌سه‌ردان ده‌گه‌ڕێته‌وه زێده‌كه‌ی خۆی شاری كه‌ركوك، فایه‌ق داوده به‌هۆی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌وه به‌خزمه‌تی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌گات، له‌دیمانه‌یه‌كدا به‌وشێوه‌یه باسی ئه‌و دیداره ده‌كات : ( به‌خزمه‌تی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان گه‌یشتم كه‌له‌به‌غداوه هاتبۆوه بۆ سه‌ردانی كه‌ركوك ، خۆم پێناساندو گوتی ئاده‌ی بزانم ده‌نگت چۆنه..؟!ده‌ستم پێكردو زۆریش لێی ده‌ترسام چونكه ده‌مزانی كه‌س له‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئوستاز تر نییه ، ده‌ستی خسته سه‌رشانم و گوتی به‌سه، منیش كه‌زانیم ده‌نگمی پێخۆشه و پێده‌كه‌نێ ، گه‌رم بووم و گوتی ده‌ڵێم به‌سه‌زیاتر پێكه‌نی و پرسیاری كرد ئه‌م مه‌قامه چی بوو؟ گوتم نازانم، گوتی فێربه ، لێی پرسیم چی ئه‌كه‌یت ؟ گوتم مامۆستا وه‌ڵڵا له‌ماڵان و زه‌ماوه‌ندان گۆرانی ده‌ڵێم ..!
زۆر ئامۆژگاری كردم و پێی وتم قه‌دری خۆت و ئه‌و ده‌نگه‌ت بگره..! تۆگه‌نجیت ، وه‌ره بۆ به‌غداد بۆ ئیزگه من یارمه‌تیت ئه‌ده‌م )(1)
دوای ئه‌و دیداره به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م واته‌ساڵی (1964) فایه‌ق داوده‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده ده‌ڕواته به‌غداد و ده‌چنه ڕادیۆی كوردی به‌غدا، هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ئاماژه ده‌دات ئه‌وه یه‌كه‌م جاره بچێته ڕادیۆی كوردی ، دوو گۆرانی تۆمارده‌كات، یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كان به‌ناوی ( ئامێنێ )
( نازانم قوربانی كوێت بم ، قوربانی له‌نجه‌و لارت بم
سه‌رم سوڕماوه له‌و یاره ، یارێكی زۆر وه‌فاداره
ئامێنێ تاقانه‌ی دایه )
دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییانه ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان) زۆر ڕێزی لێده‌گری و پشتیوان و هاوكاری ده‌بێت له‌ڕووی ڕێنمایكردنی هونه‌ری و هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی پاداشتی گۆرانییه‌كانی له‌ڕادیۆی كوردی ، به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی ده‌داتێ كه‌هه‌ركاتێك به‌رهه‌می هونه‌ری هه‌بوو ده‌توانێ بێته ڕادیۆ و بۆی تۆماربكه‌ن.
هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ، دوای تۆماركردنی چه‌ندین به‌رهه‌م له‌ڕادیۆی كوردی ، له‌میانه‌ی ئه‌و سه‌ردانانه‌ی بۆ ڕادیۆ، په‌یوه‌ندییه‌كی هونه‌رییانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشی مه‌قامبێژ و حه‌یران و لاوك و به‌سته‌بێژی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕادیۆ په‌یدا ده‌كات وه‌ك ( محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن جزیری ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی ، تایه‌ر تۆفیق ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ته‌حسین ته‌ها ، نه‌سرین شیروان و عیسی به‌رواری و شه‌ماڵ سائیب ...تاد) دواتر ڕووده‌كاته ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رانی به‌رنامه‌و گۆرانی ئه‌و كاتی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك په‌یداده‌كات وه‌ك ( ناسر حه‌سه‌ن ، غوڵام سه‌عید و به‌ختیار سیامه‌نسووری) ، سه‌باره‌ت به رێژه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، نووسه‌ر و پێشكه‌شكار ( هاشم جه‌باری ) نوسیویه‌تی كه هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ( 11) گۆرانی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بۆ تۆماركراوه. (2)
هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده كه هه‌موو ژیانیان پێكه‌وه له چڕینی به‌سته‌و مه‌قام و ده‌هۆل ژنیندا بووه ، به‌شداری ده‌یان ئاهه‌نگ و دانیشتن و زه‌ماوه‌ند و فیستڤاڵ كردووه له شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری و هه‌موو شاره‌كانی كوردستان وعێراق ، له‌زۆربه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگانه به‌هاوكاری ده‌ست و په‌نجه‌و هه‌ست و سۆزی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده بووه، فایق داوده له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری له‌ته‌ك زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان پێكه‌وه ده‌نگ و سۆزیان ئاوێته‌ی یه‌كدی كردووه‌و گۆرانی له‌گه‌ڵدا خوێندوون وه‌ك ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، سه‌لاح داوده ، حوسێن عه‌لی گورجی ، شكور خه‌یات ، جه‌لال سه‌عید ....تاد)
بۆمه‌به‌ستی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری، هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده، زۆر هه‌وڵمدا تا یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی به‌ناوی كاك ( سه‌ركه‌وت) ده‌ستم كه‌وت و دواتر، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌پێوه‌ندیم كرد به‌خودی هونه‌رمه‌نده‌وه، چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته كرد، كاتێك گوێم له‌وه‌ڵامه‌كانی بوو ، هه‌ستم ده‌كرد تۆنی ده‌نگی پیاوێكی ته‌مه‌ن هه‌ڵكشاوی ماندوو و شه‌كه‌تی ژیان ، خۆشحاڵ و شادمان به‌ومێژووه هونه‌رییه‌ی كه تێپه‌ڕاندووه و به‌ڵام ئێستا گۆشه‌گیر و كه‌نه‌فتی سه‌ختی ژیان ،لێم پرسی بۆئه‌م پیشه‌یه‌تان له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ڵبژارد..؟
زۆر به‌هێمنی و ڕاستگۆییانه‌وه وتی : ئه‌م پیشه‌ی هونه‌ری مه‌قام و گۆرانی و ده‌هۆڵ و زوڕنا ژه‌نینه، ئه‌مه پیشه‌ی باو و باپیرانمانه ، پیشه‌ی حه‌وت پشتمانه، له‌ته‌كیه‌و خانه‌قاكاندا دانیشتووین و مه‌قام و به‌سته‌مان خوێندووه، له‌سه‌دان زه‌ماوه‌ند و شایی و ئاهه‌نگدا به‌شداریم كردووه.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ، وتی : به‌داخه‌وه له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی و نه‌بوونی نه‌متوانی درێژه به‌خوێندن بده‌م ، ناچار له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده ده‌ستم به‌م پیشه‌یه كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كارێكی تر نازانین مه‌جبورین هه‌تا هه‌تایه ئه‌م كاره بكه‌ین گۆرانی بڵێم و ده‌هۆڵ بژه‌نم و درێژه به‌هونه‌ره‌كه‌مان بده‌ین.
چونكه هیچ موچه‌یه‌كم نییه بۆدابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانه زۆره‌كه‌م ، كاتی خۆی مووچه‌یه‌كی رێزلێنانم هه‌بوو ، تاڕاده‌یه‌ك باش بوو بۆ ژیانم ، نازانم هۆكاره‌كه‌ی چی بوو ؟ ئه‌ویشیان بڕی ..؟!
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌و دوو دیارده دا كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌ره‌كه‌یان كردووه ..!
له‌ماوه‌ی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران ، بارودۆخ باش نه‌بوو له‌عێراق به‌هۆی شه‌ڕه‌وه ، له‌كه‌ركوك هه‌رزۆر خراپتر ، باری ئابووری خه‌ڵك خراپ بوو ، وه‌زعی ئێمه‌ش هه‌رزۆر خراپ و دژواربوو، كه‌س ئاوڕی له‌پیشه‌كه‌مان نه‌ده‌دایه‌وه، زۆر به‌ده‌گمه‌ن ئه‌گه‌ر زه‌ماوه‌ندێك یان ئاهه‌نگێك بووایه‌و ئێمه‌یان بانگ بكردایه ، ناچار ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر عاره‌بانه‌یه‌كی ده‌ستیم په‌یداكرد و سه‌وزه‌م له‌سه‌ری ده‌فرۆشت ، ئێستاش به‌هۆی ئه‌و جیهازه‌وه نازانم چی پێ ده‌ڵێن ( مه‌به‌ستی دی جه‌ی ) په‌یدابووه ، ڕسقی ئێمه نه‌ماوه ، خه‌ڵك بانگمان ناكات بۆ زه‌ماوه‌نده‌كان ،
پێم وت ، ئه‌ی ئێستا ژیان و گوزه‌رانت چۆن به‌ڕێ ده‌كه‌یت ..؟!
وتی چۆن به‌ڕێ ده‌كرێت به كوله‌مه‌رگی ، خاوه‌نی كۆڵێ خێزانم له‌پێناو ژیانی خێزان و منداڵه‌كانم ده‌بێت هه‌ربه‌رده‌وام بم ، به‌یانیان هه‌ڵده‌ستم لوقمه‌یه‌ك نان و پیاڵه چاییه‌ك ئه‌خۆم و شكوری خوای گه‌وره ئه‌كه‌م ، ده‌چمه بن ئه‌و عه‌مووده‌ی به‌رامبه‌ر چایخانه‌ی ( حه‌مه گوڵناسی) چاوه‌ڕێ ئه‌كه‌م و ده‌ڵێم به‌ڵكو كوردێ ، توركمانێ ، مه‌سیحیه‌ك ، عه‌ره‌بێك شایی بكات و بمان بات بۆ شاییه‌كه‌و به‌ڵكو دووعانه‌مان ده‌ست بكه‌وێت ...؟!
كاتێك گوێبیستی ئه‌و وشانه بووم ، هۆنراوه هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی شاعیر ( موصڵیح شێخولئیسلامی) ناسراو به ( ڕێبوار) ، كه‌وته‌وه یاد كه‌هونه‌رمه‌ند ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی ) خوێندوویه‌تی ، له‌و هۆنراوه‌یه‌دا باس له‌نابه‌رابه‌ری و نادپه‌روه‌ری ژیانی مرۆڤه‌كان ده‌كات :
( من ئه‌و كه‌سه‌م هه‌موو ڕۆژێ
هه‌ی ژین هه‌ی ژین
ژیانی ئه‌مڕۆم ئه‌فرۆشم بۆكڕینی نانی سبه‌ی
ئه‌مڕۆش دیسان هاتوومه ده‌ر
هه‌ی ژین هه‌ی ژین ..
ژیانی ئه‌مڕۆم بفرۆشم ، بۆكڕینی نانی سبه‌ی
لێم ناكڕێ خاوه‌نی نان ، لێم ناكڕێ
هه‌نایه‌كم په‌نگاوته تین و گه‌رووم
هه‌ی داد هه‌ی داد ، هه‌ی داد هه‌ی داد
له‌م بازاڕه بێ ڕوحمه‌دا
ژیان هه‌رزانتره له‌نان )
له‌درێژه‌ی ده‌موودووه‌كه‌ماندا،لێم پرسی سه‌باره‌ت به‌و پیشه‌یه‌تان كه‌هه‌موو كات خۆشی و شادی ده‌به‌خشنه گوێگر‌و ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌نده‌كان ، ئایا له شه‌وانی‌مانگی ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنه ئاینییه‌كان چالاكی هونه‌ریتان هه‌بووه ؟
وتی : به‌ڵێ له‌ته‌واوی شه‌وه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زان به‌شدارده‌بین تا شه‌وی جه‌ژن، هه‌موو شه‌وێك له‌و مانگه پیرۆزه‌دا جه‌ماعه‌ت كۆده‌بنه‌وه یاری ( سینی و زه‌رف و كڵاوێنه) ده‌كه‌ن و پاشان ئێمه‌ش ده‌هۆڵ و زوڕنا ده‌ژه‌نین و گۆرانی ده‌ڵێین ، تا كاتی نزیكی پارشێو ، پاشان به‌كۆڵان و گه‌ڕه‌كدا ده‌گه‌ڕێین ، خه‌ڵك به‌ئاگادێنین كه كاتی پارشێوه، به‌وشێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بین تا چه‌ندڕۆژێك پێش جه‌ژن ، ڕه‌مه‌زان یان قوربان بێت ، ده‌گه‌ڕێین به‌ماڵاندا و جه‌ژنانه كۆده‌كه‌ینه‌وه،
ئه‌ی باشه هیچ گۆرانییه‌كت بۆ ئه‌و جه‌ژنانه وتووه ..؟
به‌ڵێ گۆرانیه‌كم بۆ پیرۆزبایی جه‌ژن هه‌یه :
( موباره‌ك بێ موباره‌ك بێ ، كراسی تازه‌ت موباره‌ك بێ
بۆجه‌ژنه له‌به‌ری كه ، ڕۆژی جه‌ژنه‌ت موباره‌ك بێ
گیانه هه‌سته به‌یانه ، فه‌جری جه‌ژنی قوربانه
كچ و كوڕ مان له‌سه‌یرانه ، چونكم جه‌ژنی قوربانه)
كاتێك كه ناوی داوده‌ییه‌كان دێته سه‌رزار و ناوی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح داوده و فایه‌ق داوده) ده‌بیستین ، تائێستا وا وێناكراوه كه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند برا ن ، زۆر مه‌به‌ستم بوو ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده بكه‌م ، وه‌دوای كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده هه‌ست به‌چی ده‌كات و خوێندنه‌وه‌ی بۆئه‌وه چییه؟
پێی ڕاگه‌یاندم ، من و سه‌لاح داوده زه‌مه‌نێكه پێكه‌وه كاری هونه‌ریمان كردووه و هه‌میشه به‌یه‌كه‌وه بووین ، سه‌لاح داوده حه‌ق ئامۆزامه و خاڵی منداڵه‌كانیشمه، زۆر شتی خۆش و ناخۆشمان پێكه‌وه هه‌یه و ژیانێكی زۆر سه‌ختمان به‌ڕێ كرد، به‌داخه‌وه سه‌لاح داوده زوو به‌جێیهێشتم ، باوه‌ڕت بێت له‌دوای كۆچی دوایی سه‌لاح داوده، هیچ هێزو توانایه‌كم نه‌ماوه ، به‌گه‌روویه‌كی پڕ له‌گریانه‌وه وتی، نازانم چی بكه‌م دوای سه‌لاح بۆ من برا بوو ، یه‌كتریمان زۆر خۆش ده‌ویست ، به‌رده‌وام ده‌چمه سه‌ر قه‌بره‌كه‌ی و زۆر بیری ده‌كه‌م ، باوه‌ڕت هه‌بێ له‌دوای سه‌لاح داووده هیچ زه‌وقی گۆرانیگوتنم نه‌ماوه و ژیانم به‌جۆرێكی تره ، به‌ڵام چی بكه‌م ئه‌وه پیشه‌كه‌مه و سه‌رچاوه‌ی ژیانمه و ده‌بێت به‌رده‌وام بم ، به‌ڵام داخه‌كه‌م له‌ناو خه‌ڵكدا به ( چاوه‌ش) ناوده‌برێین؟. (3)
هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان سه‌لاح داوده‌و فایه‌ق داوده له‌ڕێی هونه‌ر و ده‌نگه خۆشه‌كانیانه‌وه، له‌ناو ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانماندا لاپه‌ڕه‌یه‌كی جوانیان نه‌خشاندووه ، ڕاسته هه‌ریه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می تۆماركراویان هه‌یه ، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان گۆرانییه‌ك بۆته ناسنامه‌و پێشه‌نگی گۆرانییه‌كانیان ، دێته‌وه یادم گۆرانی ( ڕاوه‌ستاوه له‌و بانه) ی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌و گۆرانی ( ئامێنێ تاقانه‌ی دایه) ئه‌و گۆرانیانه ببوونه ترۆپكی به‌ر‌هه‌مه به‌سۆزو پڕ چێژه‌كانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند، ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان سه‌لاح داوده‌و فایه‌ق داوده ، جگه له شاری كه‌ركوك و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان ، به‌ته‌واوی باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو بۆته‌وه و ، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگر داناوه‌و به‌رهه‌مه‌كانیان بوونه‌ته یاده‌وه‌رییه‌كی جوانی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو،
یه‌كێك له هه‌وادارو گوێگری ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی داوده، له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه ئه‌و كورته باسه‌ی بۆناردم و نوسیویه‌تی ( بنەماڵەی داودەییەکان پارێزەری موسیقاو مه‌قام و به‌سته و زمانی ڕەسەنی کوردی بوون. ساڵه‌كانی(70)ی زایینی کە ئێمە منداڵ بووین، بەکرە و كاسێتی گۆرانییەکانی هونەرمەندان( سەلاح و فایەق داودە) ئەهات بۆ ڕۆژهەڵات. ئەوسا کە نە تەلەفزیۆن هەبوو و نە هیچ ئامیرێکی سەرگەرمی، نیوەی شەوانی دوور و درێژی زستانی سەخت و تووشی شاری( بانە ) مان بە گۆرانی و دەنگی خۆشی ئەو ئازیزانە تێپەڕ ئەکرد. زۆر وشە و ڕستە و تەنانەت ئاواز و گورانی ڕەسەنی کوردی ببوونە وێردی زمانمان و تا ئێستاشی لەگەڵ دا بێ بەشێکن لە دیوەخانی بیروەرییەکانم) (4)
به‌شێك له‌به‌رهه‌مه ناوازه‌كانی هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده كه هه‌ندێكیان له هۆنراوه و ئاوازی خۆیه‌تی :
1/ وه‌گه‌رد وه‌گه‌رد ئامۆزا وه‌گه‌رد
2/ئامۆزاگیان
3/خرینگه خرینگه‌ی ناو گوڵان
4/حه‌بیه‌خانم
5/ڕاوه‌ستاوه له‌وبانه
6/ئای له‌له‌نجه‌یه
7/ نیه له‌ماڵ
8/ یاروه‌ره‌وه ( هۆنراوه‌ی : شێخ مه‌جید تاڵه‌بانی و ئاوازی هونه‌رمه‌ند)
9/ نه‌بیاوا (هۆنراوه‌ی : شێخ مه‌جید تاڵه‌بانی و ئاوازی هونه‌رمه‌ند)
( نه‌ب نه‌ب نه‌بیاوا سی دوو سوارمان هات له‌ڕێوه
كوردستان گه‌شایه‌وه چه‌رمۆڵه دڵت ها به‌كێوه )
10/ موباره‌ك بێ
11/ ئامێنێ تاقانه‌ی دایه
12/ مه‌قامی شه‌هید ( هۆنراوه‌ی عه‌بدوڵڵا گۆران)
( بڵێ به‌و بووكی تازه یه‌كشه‌وه‌م گه‌رهاته سه‌ر نه‌عشم
نه‌ڵێ خۆی بۆوه‌ته‌ن كوشت و له‌ڕێی عه‌شقی منا نه‌ژیا
وه‌زیفه‌م بوو له‌پێناوی وڵاتێكا سه‌رم به‌خشم
كه‌تۆی په‌روه‌رده‌كرد بۆمن له‌داوێنی چیا و كه‌ژیا!
ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره به‌خشیی پێت هه‌تیوێ ، پێی بڵێ : ڕۆڵه
له‌من فرمێسكی ویست باوكت ، له‌تۆش داوا ئه‌كا تۆڵه!
( 5)
باری كۆمه‌ڵایه‌تی هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ، خێزانداره ، له‌ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا، واته ساڵی (1960) ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه ، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه (8) منداڵه ، (6) كوڕ‌و (2) كچ، چوار له‌كوڕه‌كانی بوونه‌ته ڕێبوارێكی ئه‌مه‌كداری ڕێگا هونه‌رییه‌كه‌ی باوكیان ، له‌زه‌ماوه‌ندو شایی و ئاهه‌نگه‌كاندا ( ده‌هۆڵ و زوڕنا ) ده‌ژه‌نن ، كوڕه‌كانی كه كاری هونه‌ری ده‌كه‌ن ( ڕێبوار ، هوشیار ، سه‌ركه‌وت و فاروق).
هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ، ئێستا له‌شاری كه‌ركوك ده‌ژی و به‌و ته‌مه‌نه‌وه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر كاری هونه‌ری ، به‌ڵام زیاتر ئامێری ده‌هۆڵ ده‌ژنێ ، هیوای ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی ته‌ندروستی بۆده‌خوازم،
ئومێده‌وارم له حکومەتی هەرێمی كوردستان وسه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و داومدەزگا پەیوەندی دار، ئاوڕێك لە هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده‌و ئه‌و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر و ئه‌دیبه دەگمەنانە بدەنەوە و ڕێگە نەدەن لەو كۆتا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیاندا بە هەژاری و نه‌داری و نەبوونی بژین و سه‌ربنێنه‌وه.
جه‌مالی ده‌لاك 5/12/2021 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه : (1) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، تاهیر كرمانج ، لاپه‌ڕه ( 247)
(2) كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك 1967_1999، هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه ( 82)
(3) په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ كاك ( سه‌ركه‌وت كوڕی هونه‌رمه‌ند ) ، دواتر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند فایه‌ق داوده ، ڕۆژی شه‌ممه ، ڕێكه‌وتی (4/12/2021)
( ج،د)
(4) ئازاد بانه‌یی ، یۆتۆبۆری _سوید ، 1/12/2021
(5) دیوانی گۆران ، سه‌رجه‌م شیعره‌كانی عه‌بدوڵڵا گۆران ، هۆنراوه‌ی شه‌هید ، لاپه‌ڕه (200)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.