Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 00:27

په‌یامی کۆتایی یادی 100 ساڵه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شانۆ له‌ هه‌ولێر بڵاوکرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


ڕێوڕه‌سمی دوو ڕۆژه‌ی یادی 100 ساڵه‌ی سه‌رھه‌ڵدانی شانۆ له‌ ھه‌ولێر، كه‌ پارێزگای ھه‌ولێر به‌ ھه‌ماھه‌نگیی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان، به‌ چاودێری و ئاماده‌بوونی رێزدار مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، له‌ رۆژانی 8 و 9 ی كانوونی یه‌كه‌می 2021 له‌ ھه‌ولێری پایته‌ختی ھه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامیدا، سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتایی پێھات.
لێره‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م په‌یامه‌وه‌، به‌ ناوی لیژنه‌ی باڵای یادی 100 ساڵه‌ی سه‌رھه‌ڵدانی شانۆ له‌ ھه‌ولێر، ڕایده‌گه‌یه‌نین، كه‌:به‌ر له‌ 100 ساڵ و له‌ پایزی ساڵی 1921 له‌ ھه‌ولێری پایته‌ختی ھه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م نمایشی شانۆ، یه‌كه‌م ده‌ستپێكی شانۆیی، یه‌كه‌م چرای ئه‌م ھونه‌ره‌ مه‌زنه‌ داده‌گیرسێت و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به‌ڵگه‌یه‌كی تر ده‌دۆزرێته‌وه‌، قوتابخانه‌ی (ئه‌ربیل ئولا) و شانۆگه‌ریی (سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یوبی) و (شاری ھه‌ولێر)، یه‌كه‌م چرای ئه‌و مێژووه‌ پر له‌ ئیفتیخاره‌ن.
ھونه‌ری شانۆ له‌ ھه‌ولێر و له‌ ته‌واوی كوردستان له‌ قه‌یرانێكی قووڵدایه‌، قه‌یرانی ده‌ق، قه‌یرانی ده‌رھێنان، قه‌یرانی نمایش، قه‌یرانی ھۆڵ و ته‌نانه‌ت قه‌یرانی تێگه‌یشتن له‌و ھونه‌ره‌ مه‌زنه‌ی، كه‌ ده‌كرێ كۆكه‌ره‌وه‌ی ھه‌مووان بێت له‌ پێناو ژیانێكی باشتر.
كه‌لتوور و سه‌رجه‌م كایه‌كانی كه‌لتوور پێویستیان به‌ بایه‌خی پتر و بگره‌ پێویستیان به‌ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ و لێتێگه‌یشتنێكی نوێ و سه‌رده‌میانه‌ ھه‌یه‌، ئێمه‌ باش له‌ ڕه‌وشی گرفتداری كوردستان تێده‌گه‌ین، به‌ڵام له‌و ڕاستییه‌ ڕۆشنه‌ سه‌لمێنراوه‌ زانستییه‌ش تێده‌گه‌ین، كه‌ ئه‌وه‌ كه‌لتوور و ھێزی كه‌لتوور و ڕووناكییه‌كانی كه‌لتووره‌، ده‌توانێ گرفت و تاریكی و لاوازییه‌كان، به‌ گرفت و تاریكی و لاوازییه‌ سیاسی و جڤاكی و ئابوورییه‌كانیش چاره‌سه‌ر بكات.
به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ مێژووی 100 ساڵه‌ی كاروانی شانۆ له‌ كوردستان ده‌ڕوانین و، له‌ ئاست ڕۆحی به‌رزه‌فڕی شه‌ھیده‌ شانۆكاره‌كان سه‌ر داده‌نوێنین و، باش له‌ خه‌می ڕاستیی شانۆكاران و ته‌واوی ھونه‌رمه‌ندانی كوردستان تێده‌گه‌ین و، له‌ پێناو ژیانێكی باشتر بۆ ھونه‌ر و ھونه‌رمه‌ندان، ده‌نگمان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ ده‌نگیان و پشتگیریی ھه‌موو ھه‌وڵ و گروپ و تیپه‌ شانۆییه‌كان ده‌كه‌ین.
ساڵانه‌ و له‌ وه‌رزی پایزدا ئه‌م یاده‌ ماناداره‌ به‌رز ڕاده‌گرین و به‌نێوی (یه‌كه‌م چرا) ڕێوڕه‌سمی شایسته‌ و گشتگیر، تایبه‌ت به‌ ھونه‌ری شانۆ و پرسه‌ پێوندداره‌كانی ساز ده‌كه‌ین و تا بكرێت دیدگا و به‌رھه‌مه‌كان فراوانتر ده‌كه‌ین، به‌جۆرێك كه‌ ببێته‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ر بۆ گرفتی قه‌یرانی شانۆ له‌ كوردستاندا.
لیژنه‌ی باڵای یادی 100 ساڵه‌ی سه‌رھه‌ڵدانی شانۆ له‌ ھه‌ولێر
كوردستان، ھه‌ولێر / كانوونی یه‌كه‌می 2021
ئا- كامران
 

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.