Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 02:43

ئومێد خۆشناو: بە دڵنیایییەوە ھیچ کەسێک له‌ یارییه‌که‌ی هه‌ولێر و شوڕته‌ گیانی لەدەست نەداوە

ڕەتی دەکەینەوە کە ھیچ کەسێک سووکایەتی پێکرابێت
کوردستان TV
100%

ئێوارەی دوێنێ شەممە، چواری کانوونی دووەم، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشدۆستان و ھاندەران لە یاریگای نێودەوڵەتیی شەھید فرانسۆ ھەریری یاریی نێوان یانەی ھەولێر و یانەی شورتە لە خولی جامی عێراق ئەنجامدرا.
دوای یارییەکی بەھێز لەنێوان ھەردوو یانەدا، یانەی ھەولێر توانی بگاتە قۆناغی ھەشت دوای بردنەوەی لە شورتە بەلێدانی یەکلاکەرەوە بە 2 - 4.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی چرکەساتەکانی کۆتایی، تێکھەڵچوون لەنێوان ھاندەرانی ھەردوو یانە رووی دا و چەند کەسێک بە سووکی برینداربوون.
دوای رووداوەکە بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە کە تێکھەڵچوونەکە لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای عێراق بووە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
بەڵام ئەمڕۆ پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو ھەواڵەکەی رەت کردەوە و رایگەیاند کە ئەو بۆخۆی لەوێ بووە و سەرەتا ھاندەرانی ھەردوولا قسەیان بەیەکتر گوتووە و دواتر چەند کەسێک لە ھاندەرانی یانەی شوڕتە ژمارەیەک کورسی نێو یاریگایان شکاندووە و لە ھاندەرانی ھەولێریان گرتووە و بەمەش گرژی و تێکھەڵچوون دروست بووە و دواتر گرژییەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
ئومێد خۆشناو لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: رووداوەکەی دوێنێی یاریگای شەھید فرانسۆ ھەریری کە لە ساتەکانی دوایی دابوو کە یارییەکە لەنێوان یانەی شوڕتە و یانەی ھەولێر بوو، چەند رووداوێک ھەبوو ئەویش لە ئەنجامی ئەوەی کە ھاندەرانی ھەردوولا قسەیان بەیەکتر گوت، دواتر چەند کەسێک لە ھاندەرانی یانەی شوڕتە چەند کورسییەکیان شکاند و لە ھاندەرانی یانەی ھەولێریان دەگرت.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: ئێمە رەتی ئەوە دەکەینەوە کە نە ھیچ کەسێک سووکایەتی پێکرابێت، ھیچ کەسێک دەستی بۆ ئاڵای عێراقی و کوردستانی نەبردووە، چونکە بینیمان لە بەشێک لە دەزگا راگەیاندنەکان باس لەوە دەکرا کە ئەو تێکھەڵچوونە لەسەر ئاڵا بووە، بەڵام لە راستیدا ھیچ شتێکی وا نەبووە، بەڵکو لەسەر کێبڕکێی یارییەکە بووە و لە ھەموو دونیاش ئەوە شتێکی ئاساییە، بەڵام بابەتەکە ھیچ پەیوەندی بە ئاڵا و سیاسەت و شارەوە نەبووە و لە چوارچێوەی ئەنجامی یارییەکە ئەم تێکھەڵچوونە روویداوە.
پارێزگاری ھەولێر ئەوەیش دەخستەڕوو کە دەستەی کارگێڕیی یانەی شوڕتە بە رێزەوە تا فڕۆکەخانە بەڕێکراون و گوتی: دەستەی کارگێڕیی ھەردوولا لێرە بوونە و دواتریش دەستەی یانەی ھەولێر تا فڕۆکەخانەش لەگەڵ دەستەی یانەی کارگێڕیی شوڕتە بوونە و بە رێزەوە بەڕێکراون و بەداخەوە کەناڵەکان بابەتەکان بەلاڕێدا دەبەن و رەنگە لە ئەنجامی وەشاندنی بوتڵی ئاو کەسێک برینداربووبێت، بەڵام بە دڵنیایییەوە ھیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە.
 

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.