یانه‌ی زاخۆ سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی له گه‌ڕی هه‌شته‌می قۆناغی یه‌كه‌می خولی تۆپی پێی یانه پله نایابه‌كانی عێراق به‌ده‌ستهێناو به دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ی میوانی برده‌وه.
یارییه‌كه له یاریگای نێوده‌وڵه‌تی زاخۆ به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هانده‌ران به‌ڕێوه‌چوو، له گێمی یه‌كه‌مدا، هه‌ردوو یانه بێ گۆڵ یه‌كسان بوون.
له گێمی دووه‌م و دوای زنجیره‌یه‌ك هێرشی یاریزانانی زاخۆ و له خوله‌كی شه‌ستوپێنجدا، یاریزانی پیشه‌گه‌ری به‌ڕازیلی، كایك ئۆلیڤێرا گۆڵێكی بۆ زاخۆ تۆماركرد، دوای ئه‌م گۆڵه‌ش فشاری یاریزانانی تیپی میواندار بۆ سه‌ر گۆڵی ته‌ڵه‌به درێژه‌ی هه‌بوو، تا له دواساته‌كانی یاریدا، یاریزان یاسر قاسم ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووه‌می زاخۆی به‌ده‌ستهێنا.
به‌م ئه‌نجامه‌ش یانه‌ی زاخۆ چواره‌م یاری له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق برده‌وه‌و كۆی خاڵه‌كانی له پله‌ی پێنجه‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان گه‌یانده چوارده خاڵ، ته‌ڵه‌به‌ش به سێزده خاڵ له پله‌ی شه‌شه‌می ڕیزبه‌ند دێت.
له یاریه‌كی دیكه‌ی هه‌مان گه‌ڕی خولی نایابی عێراق و له شاری سلێمانی، هه‌ردوو یانه‌ی نه‌ورۆزو نه‌فتی میسان بێ گۆڵ یه‌كسان بوون .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.