کێشەی ئامێرەکانی دەنگدان چارەسەر کرا و ئێستا لە تەواوی بنکەکانی دەنگدان کێشەی ئامێرەکان کۆتایی هاتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 پڕۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد و بەهۆی هەبوونی کێشە لە بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان هاووڵاتییان نەیاندەتوانی دەنگ بدەن، ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە.
سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، ئەو کێشانەی کە بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە ئامێرەکانی دەنگدان هەبوو چارەسەر کرا، ئێستا لە هیچ بنکەیەکی دەنگدان ئەو کێشەیە نەماوە.
سەرچاوەکە ڕاشیگەیاند، کێشەکە بەهۆی درەنگ گەڕانەوەی کۆد بوو بۆ ئامێرەکە، بەو هۆکارەوە نەدەتوانرا کار بە ئامێرەکە بکرێت.
هەروەها سەبارەت بە کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریش سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کێشەیە بوونی هەیە و زۆر حاڵەتی لەم شێوەیە هەیە، زۆر جار دوای شۆردنی دەستەکانیان پەنجەمۆریان خوێندراوەتەوە و توانیوویانە دەنگ بدەن، بەڵام ئەو کێشەیە لە کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆش بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە زیاترە، زۆر جار کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆریان بۆ دروست دەبێ و پەنجەمۆرەکانیان ناخوێندرێتەوە.
جێی باسە، ئەمڕۆ یەکشەممە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی دەستیپێکرد و زیاتر لە 23 ملیۆن هاووڵاتی دەتوانن بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن.
ئا. عەبدوڵڵا ئازاد
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.