ئەمڕۆ یەکشەممە 3 ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماری پارێ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و کارکردن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئەنجامدانی پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی .
بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان دەربڕی.
هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.