پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاند، نیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشهم بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی مهخموور و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەرک و کارەکان، سەردانی قایمقامییەتی شارۆچكهی مەخمووریان کرد، جهختیشی كردهوه ئهمه خاكی نیشتمانه و بههیچ شێوهیهك ئامادهنین دهستبهرداری بن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر ڕایگهیاند: لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان رزگار محەمەد ئیسماعیل قایمقامى شارۆچكهی مەخموور و بەرپرسانی دیکەی یەکەی ئیداری شارۆچكهكه، لە بارودۆخی ناوچەکە و کەموکوڕی و کێشە و گرفتەکانی دەڤەرەکەمان کۆڵییەوە.
جهختی كردهوه: وەکو پارێزگاى هەولێر ئەم سنوورە بۆ ئێمە سنوورێکی گرینگە و بە تەئکید لە پلانی کارەکانمان و بەو لێک تێگەیشتنەى لەنێوان ئێمە و ئیدارەى نەینەوا هەیە، دەمانەوێت باشترین خزمەتگوزارى پێشکەشى ئەم سنوورە بکەین، بەدڵنیاییەوە بۆ خزمەتکردنى ئەو دەڤەرە کە بە بەشێکی گرینگی دەزانین هەرچی لە تواناماندا هەبێت و هەرچی پێمان بکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پشتیوانیکردنی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان درێغی ناکەین کە بەداخەوە لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو نەتوانراوە وەکو پێویست کاری تێدا بکەین.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگهیاند: ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵ بووین کە بە دیاریی و گەیاندنى پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارییەوە لە سێکتەرى کارەبا بەو بەشەى خاکی نیشتمان شاد بووینەوە کە بەهیچ شێوەیەک ئامادەنین دەستبەرداری بین، پشتیوان بەخوا لە ئایندەدا هەوڵ دەدەین ئەوەی کە پێمان بکرێت درێغی نەکەین و لە هەموو سێکتەرەکان (ڕێگاوبان، کارەبا، ئاو، پێداویستیەکانی تری گرینگی خزمەتگوزاری وەک پەروەردە و تەندروستی) هەوڵەکانمان بخەینەگەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەک و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کە هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنى باشمان هەیە لەگەڵ یەکتر، بتوانین خزمەتی زیاتری هاووڵاتییانی ئەو دەڤەر و ئەم سنوورە بکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.