Erbil 11°C شەممە 28 کانونی یەکەم 19:26

بۆریس جۆنسۆن: به‌ریتانیا به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان ده‌ڕوانێت

کوردستان TV
100%

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن به‌ گه‌رمى له‌لايه‌ن بۆريس جۆنسۆن سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانياوه‌ له‌ ئۆفيسى خۆى له‌ تێن داونينگ ستريت، پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى دۆستانه‌دا سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا خۆشحاڵيى خۆى به‌ پێشوازى له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاسى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ له‌نده‌ن كرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ريتانيا به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عيراق ده‌ڕوانێت و ئه‌و په‌يوه‌ندييانه‌ى سى ساڵ پێشتر به‌ دامه‌زراندنى ناوچه‌ى نه‌فڕين له‌نێوان هه‌رێمى كوردستان و به‌ريتانيادا دروست بوون، ده‌مێننه‌وه‌ و داكۆكى له‌ به‌رده‌واميى پابه‌نديى به‌ريتانيا به‌ پشتگيرى و پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كان كرد‌.

سه‌رۆك وه‌زيران بۆريس جۆنسۆن جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كان مێژوويين و ده‌بێ پته‌وتر بكرێن به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌ت له‌باره‌ و خوازيارن ئاڵوگۆڕ و سه‌ر‌دانى شانده‌كانى هه‌ردوولا زياتر بكه‌ن، هه‌روه‌ها خواستى خۆى بۆ سه‌ردانيكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر نيشان دا و گوتى: بيره‌وه‌ريى خۆشى ئه‌و سه‌ردانه‌م هه‌يه‌. بۆريس جۆنسۆن سوپاسى نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ى له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عيراق و له‌پێناو سه‌قامگيريدا ده‌يگێڕێت.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سه‌ردانى له‌نده‌ن و كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيران بۆريس جۆنسۆن به‌ دڵنياكه‌ره‌وه‌ و گرنگ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌‌ندييه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م دا به‌تايبه‌تى دواى ئه‌و پێشهاتانه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رۆك وه‌زيران و حكوومه‌تى به‌ريتانيا و هاوپه‌يمانانى كرد بۆ پشتگيريى سياسى و سه‌ربازى و مرۆيييان له‌ عيراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى بره‌ودانى به‌ هه‌موو بواره‌كانى هاريكارى له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى ئابوورى و وه‌به‌رهێناندا كه‌ ده‌رفه‌تى له‌بارى هه‌يه‌.

ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانيشيان، نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ به‌رده‌واميى گفتوگۆ و بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عيراق كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازيار و ئاماده‌يه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات.

دۆخى په‌تاى كۆڤيد_19، شه‌ڕى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌، په‌يوه‌ندييه‌كانى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێشهاته‌كانى ئه‌فغانستان و لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.