توێژینه‌وه نوێیه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه، ئه‌و جگه‌ره ئه‌لیكترۆنیانه‌ى نیكۆتینى تیادایه، هۆكارێكن بۆ شه‌پڕه‌ى دڵ و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ده‌ماره‌كانى خوێن كه‌متر تواناى خۆگونجاندنیان له‌گه‌ڵیدا ده‌بێ.
توێژه‌ران ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه‌ڕوو، زیانى جگه‌ره ئه‌لیكترۆنییه‌كان ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كى دوور و درێژ به‌كاربهێنرێ، هه‌مان شێوه‌ى جگه‌ره‌ى ئاساییه، له‌وانه‌یه ده‌رئه‌نجام ببێته دڵه‌كوته و شه‌پڕه‌ى دڵ.
گۆستاف لیتنینن توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ى كارۆلینسكاى ستۆكهۆڵم، تاقیكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر 22 پیاو و ئافره‌ت كردووه كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 و 45 ساڵیدایه، ئه‌وان له پێشتردا جگه‌ره‌كێشن بوونه، به‌ڵام له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه كێشه‌یان نه‌بووه، كاتێك جگه‌ره‌كانیان گۆڕیوه بۆ ئه‌لیكترۆنی ئه‌وا له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا چه‌ندین گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا دێ، به‌شێوه‌یه‌ك بۆ ماوه‌ى 15 خوله‌ك 23% تووشى خوێن مه‌یین ده‌بن، به‌ڵام پاش 60 خوله‌ك خوێنه‌كه دێته‌وه ئاسته‌كه‌ى خۆى.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه ئاماژه به زیاتربوونى دڵه‌كوته‌ش بۆ دڵى به‌شداربووان كراوه، تیایدا له یه‌ك خوله‌كدا 66 تا 73 جار بووه، پاڵه‌په‌ستۆى خوێنیش له 108 تا 117 ملم جیوه بووه، هاوكات ده‌ركه‌وتووه ئه‌وانه‌ی جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنیان كێشاوه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌ماره‌كانیان ته‌سك بۆته‌وه.
پرۆفیسۆر جۆناسان گریف مامۆستاى پزیشكى هه‌ناسه‌دانى منداڵان له زانكۆى (كۆین مارى) له له‌نده‌ن ئه‌وه‌ى روونكردۆته‌وه كه به‌داخه‌وه زۆرێك له‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ واز له جگه‌ره كێشان بێنن، جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنى به‌كار ده‌هێنن، كاڵاكانیش وا نیشان ده‌درێن هیچ زیانێكى نییه، ڕاستییه‌كه‌ی ئاوا نییه و به پێچه‌وانه‌وه زیانی زۆری ته‌ندروستی هه‌یه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.