وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە بەھۆی کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پێنج ھەزار و 500 میگاوات کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کاتێکدا ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی کارەبا و پارێزگارکردن لە ئاستی ئەو بەرھەمھێنانەی کارەبا کە تا ئێستا بەدیھاتووە، بەڵام لەئێستادا ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە 49 ملیۆن مەتر سێجا رۆژانە، بۆ ھەشت ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا کەمکردووەتەوە و ھاتووە:
"بەھۆی ئەو ھەنگاوەی ئێران، ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، پێنج ھەزار و 500 میگاوات کەمبووەتەوە".
ھەروەھا لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "وەزارەتی کارەبا رێوشوێنی بەپەلەی گرتووەتەبەر و لەسەر ئاستی باڵا ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوت کردووە بۆ ئەوەی بڕی زیاتر لە سووتەمەنی جێگرەوە بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دابین بکات، تا بتواندرێت کەمکردنەوەی ھەناردەکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە پێ قەرەبوو بکرێتەوە".
باس لەوەشکراوە کە بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، وەزارەتی کارەبا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئێران و باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.