Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 15:21

فوئاد حوسێن : ھەڵوێستی نەمسا لە پاڵپشتیکردنی عێراق بەرز دەنرخێنین

کوردستان TV
100%

فوئاد حوسێن،وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند کە ھەڵوێستی نەمسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە پاڵپشتیکردنی عێراق بەرز دەنرخێنن و داوا لە نەمسا دەکەین کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دووبارە بکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ڤیەننا چاوی بە وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەلیکساندەر شالنبێر گڤی کەوتووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و نەمسا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا سەبارەت پێشھاتەکانی ناوچەکەیش گفتوگۆکراوە و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت ھەوڵەکان بە ئامانجی بەرنگاربوونەوەی تیرۆر چرتڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت.

باس لەوەشکراوە کە رۆڵی کارای عێراق لە نزیککردنەوەی وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمیی خراوەتە بەرباس بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و گواستنەوەی قۆناغی ناکۆکییەکان بۆ قۆناغی ھاریکاریی ئابووریی و ھاوبەشیی کە خزمەت بە گەشەپێدانی سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکە بکات.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە دیدارەکەدا، باس لە بەستنی لووتکەی بەغدا بۆ ھاریکاریی و ھاوبەشیی کراوە کە لە 28ی مانگی رابردوودا بەسترا و لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن راگەیاندووە کە بەشداربووانی لووتکەکە، پاڵپشتی وڵاتەکانیان لە پشتیوانیکردنی عێراق لە بوارەکانی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیدا دووپاتکردووەتەوە.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئەلیکساندەر شالنبێر گڤی رۆڵی گرنگیی عێراقی لە ناوچەکە بەرز نرخاندووە و رایگەیاندووە کە نەمسا لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپادا پاڵپشتی لە عێراق دەکات.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و گرنگیی ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری ئەمنییدا بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە عێراق کراوە، ھەروەھا سەبارەت بە دۆسیەی کۆچ و کۆچبەرە عێراقییەکان و ئەو رێوشوێنانەی کە حکوومەتی عێراق لەوبارەیەوە گرتوویەتەبەر، گفتوگۆکراوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن راشیگەیاندووە کە ھەڵوێستی نەمسا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە پاڵپشتیکردنی عێراق بەرز دەنرخێنن و گوتویەتی: "داوا لە نەمسا دەکەین کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دووبارە بکاتەوە".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.