Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 15:20

کۆشکی سپی : پەلە ناکەین لە دانپێدانان بە حکوومەتی تاڵیبان

پرسی سەپاندنی سزا بەسەر بزووتنەوەی تاڵیباندا بەندە بە کردارەکانی
کوردستان TV
100%

کۆشکی سپی رایگەیاند کە پەلە ناکەن لە دانپێدانان بەو حکوومەتەی کە بزووتنەوەی تاڵیبان بەنیازە لە ئەفغانستان پێکیبھێنێت دوای ئەوەی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کرد.

لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "پەلە ناکەین لە دانپێدان بە حکوومەتی تاڵیبان".

جێن ساکی ئاماژەی بەوەیش دا کە پرسی سەپاندنی سزا بەسەر بزووتنەوەی تاڵیباندا، بەندە بە کردارەکانی.

گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی ئەوەی ئایە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان پەشیمانە یان نا گوتی:"ھیچ گۆڕانکارییەک لەسەر بەڵێنەکان لەبارەی دەرچوونی سەرجەم ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان رووینەداوە و پابەند دەبین بە بەڵێنەکانمان".

لە 15ی ئابی رابردوو، بزووتنەوەی تاڵیبان توانی بەبێ بەرگریی سوپای ئەفغانستان، کابول پایتەختی ئەو ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ بکات، لەئێستاشدا ویلایەتی پەنجشیر باکووری رۆژھەڵاتی کابول تاکە ویلایەتە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی بزووتنەوەی تاڵیبانە.

دوێنێ سێشەممە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)، جەنەراڵ كێنێس مەکكێنزی رایگەیاندبوو کە پرۆسەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتایی پێ ھاتووە.

لای خۆیەوە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە پرۆسەی گواستنەوەی خەڵکی سڤیل لە ئەفغانستان، سەرکەوتنێکی بێ وێنەبوو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئاماژەی بەوەیش دا کە واشنتنۆن رۆژانە، 300 ملیۆن دۆلاری لە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، خەرجکردووە.

دوای کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، جۆن بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا جەختیکردەوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئامانج لێی رزگارکردنی گیانی ئەمریکییەکان بووە.

هەروەها دوای فڕینی دوا فڕۆکە جەنگیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بڵینکن رایگەیاند کە واشنتۆن چالاکییە دیپلۆماتییەکانی لە ئەفغانستان ھەڵپەساردووە و چالاکییە دیپلۆماتییەکانیانی لەو وڵاتە لە دۆحە پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەبات لەوانە؛ کردنەوەی کۆنسۆڵخانە و بەڕێوەبردنی یارمەتییە مرۆییەکان ئەوەیش لە رێگای تیمێک کە لەلایەن جێگری سەرۆکی نێردەی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، ئەیان مەکاری بەڕێوەدەبرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.