کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ژمارەی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، گەیشتووەتە سێ ھەزار و 249 کاندید.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جومانە غەلای لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەپێی ئەوەی لای کۆمسیۆن تۆمارکراوە، 21 ھاوپەیمانیی و 109 پارت بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەدا دەکەن.
جومانە غەلای باسی لەوەیش کردووە کە ژمارەی کاندیدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، گەیشتووەتە سێ ھەزار و 249 کاندید و کە 789یان کاندیدی تاکن و 959ی دیکەیان لەلایەن ھاوپەیمانییەکانەوە کاندیدکراون و ھەزار و 501 دیکەیشیان لەلایەن پارتەکانەوە کاندیدکراون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ژمارەی ئافرەتانی کاندیدکراویش بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە کۆی سێ ھەزار و 249 کاندید، گەیشتووەتە 951 کاندید.
ئەمەیش لە کاتێدایە ھەریەک لە حزبی شیوعیی و سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و بەرەی دیالۆگی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتی ساڵح موتەڵەگ و مینبەری عێراقی بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی بایکۆتکردنی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق راگەیاندووە.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە لە عێراق لە 10ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.