Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 12:00

سەباح ھەورامی : بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە سلێمانی روو لە زیادبوونە

کوردستان TV
100%

، سەباح ھەورامی ،بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند کە بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە سلێمانی روو لە زیادبوونە و ئاماژەی بەوەیش کرد کە ئەو تووشبوانەی ئێستا لە نەخۆشانەکاندا چارەسەر وەردەگرن و رەوشی تەندروستییان خراپە، سەدا 95 یان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە.

سەباح ھەورامی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە دا کە شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا لە پارێزگای سلێمانی و ھەرێمی کوردستان روو لە زیادبوونە و گوتی: "تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا زیاترە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرەی ڤایرۆسەکە بکەن".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا جیاوازە لە نیشانەی جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسەکە و گوتی: "دوو لە نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا، ھەڵامەتی ئاسایی و ھەستکردنە بە ئازارێکی زۆر لە گەدە کە ئەم نیشانانە لە جۆرەکانی دیکە نەبوون، لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم کە ھەر کەسێک ھەڵامەتی ئاسایی یان پەتایەکی وەرزی ھەبوو یان ھەستی بە ئازاری گەدە کرد، بەزووترین کات سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکات و پشکنین بۆ خۆی ئەنجام بدات".

سەباح ھەورامی جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە لەئێستادا، ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ئەگەر کەسی خێزانێک تووشی بێت، ئەوا هەموو خێزانەکە تووشی دەبن.

سەباح ھەورامی گوتیشی: "داوا لە ھاووڵاتییان، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی دەکەم، پابەندبن بەو رێنماییەکانی چارەسەریی کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستیی دایناوە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح ھەورامی ئاشکراشی کرد، ئەو نەخۆشانەی کە ئێستا لە نەخۆشانەکاندا چارەسەر وەردەگرن و رەوشی تەندروستییان خراپە، سەدا 95 یان ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرنەگرتووە و گوتی: "ئەمەیش ئەوە دەسەلمێنێت، ھەر کەسێک کە ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە کەمتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، لەبەر ئەوە داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن تا ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، هەروەها سەرجەم ڤاکسینیەکان کاریگەریان لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا-ش ھەیە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.