Erbil 26°C شەممە 28 ئەیلوول 03:27

مستەفا کازمی: لە ساڵی 2003 وە 80 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە

بەھۆی گەندەڵییەوە نەتوانراوە وزەی کارەبا وەک پێویست بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت
کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە لە ساڵی 2003وە، 80 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بەڵام بەھۆی گەندەڵییەوە نەتوانراوە وزەی کارەبا وەک پێویست بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ شەممە مستەفا کازمی سەردانی وەزارەتی کارەبای کردووە و لە میانیدا رایگەیاندووە تیرۆریستیان و ئەو لایەنانەیش کە پاڵپشتی لە تیرۆریستان دەکەن بەردەوام لە ھەوڵەکانیان بۆ پەکخستنی ژیان لە عێراق، ئەوەیش دوای ئەوەی شکستیھێناوە لە رووبەڕبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکان و گوتی: "ئەوەتا تیرۆریستان بەردەوام وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق، دەکەنە ئامانج.

باس لەوەشکراوە کە ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەیەک ھێز ھەن کە نایانەوێت عێراق پێداویستی خۆی لە وزەی کارەبا و غاز دابین بکات و بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵدەدەن، ئاستەنگ لەوبارەیەوە بۆ عێراق دروست بکەن و گوتی: "کارکردنمان بۆ پەرەپێدان بە کەرتی وزەی کارەبا، راناوەستێت و لەسەر پلانی ستراتیجی کار دەکەین بۆ ئەوەی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەین".

مستەفا کازمی راشگەیاندووە: "چارەسەرییمان بۆ کەرتی وزەی کارەبا، پشت بە سەرچاوەی جۆراجۆر دەبەستێت بۆ ئەوەی پێداویستیییەکانمان لە سووتەمەنی غاز و وەگەرخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بەدی بێت".

مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە"لەسەرەتای وەرگرتنی ئەرکەکەمان بە راشکاوی ئەوەمان راگەیاندبوو کە بە کرداری خزمەتی ھاووڵاتییان دەکەین و گوتی:"بەئامانجکردنی کەرتی کارەبا بەردەوامە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دوو وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبامان لە پارێزگاکانی زیقار و سەڵاحەددین کردەوە."

مستەفا کازمی راشیگەیاندووە"کێشەی کارەبا بە خێرایی چارەسەر ناکرێت، بەڵام پلانی چارەسەرمان داناوە و رێوشوێنی خێراشیمان بۆ باشترکردنی ئاستی بەرھەمھێنان و دابەشکردنی کارەبا گرتووەتەبەر."

باسی لەوەشکردووە کە لە ساڵی 2003وە، 80 ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بەڵام بەھۆی گەندەڵییەوە نەتوانراوە وزەی کارەبا وەک پێویست بۆ ھاووڵاتییان دابین بکرێت، ئەوەیش مایەی قبوڵکردن نییە کە ئەو پارە زۆرە خەرجکراوە و کێشەی کارەبایش چارەسەر نەکراوە و گوتی:"ھەر کەسێک بەرپرسیاریەتی خراپی رەوشی کارەبا بخاتە ئەستۆی ئەم حکوومەتەی ئێستا، دەبێت سەرەتا بەخۆیدا بچێتەوە، چونکە لە ساڵانی رابردوودا، خراپی بەڕێوەبردن و گەندەڵیی سەرجەم کەرتەکانی کردبوویەوە بەتایبەتیش کەرتی کارەبا."

گوتیشی:"لە توڕەبوونی ھاووڵاتییان تێدەگەین، وەزارەتەکانی نەوت و داراییمان راسپاردووە لەوەی پاڵپشتیی وەزارەتی کارەبا بکەن بۆ ئەوەی بتوانێت وزەی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات."

بەپێی راگەیەنراوەکە ھەروەھا مستەفا کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە شانەی قەیرانەکان بەخێرای بەدواداچوون بۆ بەئامانجکردنی تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبا دەکات و گوتی:"لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران لە کەرتی کارەبا و گوتی:"نابێت کەرتی کارەبا بکرێت بە ململانێی سیاسی و بانگەشەی ھەڵبژاردن، چونکە ھاووڵاتییان بەرەوڕووی سەختی زۆریان بوونەتەوە لە ململانێیەکان، لەبەر ئەوە ھەرچی ھەول و توانامان ھەیە خستوومانەتەگەڕ لە پێناو دابین وزەی کارەبا بۆ ھاووڵاتییان."

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکراشیکردووە کە تا ئێستا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ راوەدوونانی گەندەڵکاران لە کەرتی کارەبا، ژمارەیەک گەندەڵکار دەستگیرکراون و گوتی:"ئەرکی لەپێشنەمان، دانانی سنوورێکە بۆ بیرۆکراسی، چونکە ھۆکارە لە خراپبوونی رەوشی کەرتی وزەی کارەبا.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.