قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بە کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان دەدات و رایدەگەیەنێت؛ هەر شوێنێک خواردن و خواردنەوە لە شوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەرتیشکی خۆر دابنێت یاخود عهمباری بكات، دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەروی رێکاری یاسایی توند دەکاتەوە.
کەیوان خەلیل، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری لە لیژنه هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە ماوەی رابردودا لیژنەکان لەڕێگەی سەردانیان بۆ کارگەکانی ئاو، کۆگاکان، مارکێت و دوکاندارەکان و هەروەها لە رێگهی راگەیاندنەکانیشەوە هەمو شوێنەکانیان ئاگادار کردوەتەوە کە عەمبارکرد، دانان و گواستنەوەی خواردن و خواردنەوە لەشوێنی پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشکی خۆر قەدەغەیە و بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی توند دەکرێنەوە.
وتیشی: "بەپێی رێنماییەکانی تەندروستی پێویستە خواردن و خواردنەوە دور لە تیشکی خۆر بگوازرێتەوە، وەهەروەها شوێنی عەمبارکردنەکەی فێنک بێت و لە (25) پلەی سەدی تێپەڕنەکات".
رونیکردەوە:"پلەی بەرزی گەرما لەگەڵ تیشکی خۆر هۆکارن بۆ کارلێککردن لە نێوان دەفرەکە و ئەو خواردن و خواردنەوەی لەناویدایە، ئەمەش زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت و بەکارهێنەر توشی شێرپەنجە دەکات".
نوێنەرهكهی بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی، داوا لە خاوەن کارگە و کۆگا و مارکێت و دوکانەکان دەکات پابەندبن بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن تا ناچار بەسزادانی هیچ شوێنێک نەبن، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد؛"لەلایەن ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانییەوە لیژنەکان راسپێردراون لەکاتی هەبونی سەرپێچیدا، شوێنەکان دابخرێن و خاوەنەکانیشیان روبەڕوی رێکاری یاسایی توند بکرێنەوە".
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.