سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە دوای جێهێشتنی بۆ کۆشکی سپی، یەکەم کۆبوونەوەی جەماوەری ئەنجامدا و تیایدا بانگەشەکانی سەبارەت بە جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکانی دوایین هەڵبژاردن خستەڕوو و رەخنەی لە سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەی، جۆ بایدن و پارتی دیموکرات گرت.
دۆناڵد ترەمپ کە لە شاری ویلینگتۆن سەربە ویلایەتی ئۆهایۆ، گوتاری بۆ هەزاران کەس دەدا، بانگەشەکانی لەبارەی ئەو دووپاتکردەوە کە هۆکاری شکستی لە هەڵبژاردنەکەی تشرینی دووەمی 2020دا فێڵکردن بووە لە ئەژمارکردنی دەنگەکاندا و گوتی: ''دووجار هەڵبژاردنەکەمان بردەوە و رەنگە پێویست بکات سێیەم جاریش سەرکەوتن بەدەست بهێنین. ئەوە گونجاوە''.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کرد کە بە سنووری باشووری وڵاتدا پەڕیونەتەوە و گەیشتوون بە ئەمریکا و رایگەیاند ''ملیۆنەها کەس هەیە کە روویان لە وڵاتەکەمان کردووە. هیچ زانیاریەکمان نییە کە ئەوانە کێن. جۆ بایدن تەواو پێچەوانەی ئەوە دەکات کە ئێمە کردمان''.
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن-ی بە ملکەچکردن بۆ چین تۆمەتبار کرد، ئەوەشی خستەڕوو کە تواناکەی لە کایەی جیهانیدا مایەی شەرمە.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونە جەماوەریەکەدا، لێدوانێکی روونی نەدا لەبارەی سەرلەنوێ خۆکاندیدکردنەوە، بەڵام دەنگدەرانی هاندا بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیراندا.
گوتیشی: ''ئەنجوومەنی نوێنەران، پیران و ئەمریکا بەدەستدەهێنینەوە. لە کاتێکی نزیکدا ئەوە ئەنجام دەدەین''.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.