Erbil 9°C شەممە 11 کانوونی دووەم 17:44

نه‌کات.. نه‌ شوێن، له‌نێوان کات و شوێندا

کوردستان TV
100%

یه‌كێك له‌و نمایشه‌ شانۆییانه‌ی كه‌ به‌مدواییه‌ له‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ نمایشكرا، شانۆیی (نه‌كات...نه‌شوێن) بوو، ئه‌م شانۆییه‌ له‌ نوسینی مه‌ریوان تاھیر و ده‌رھێنانی ئاوات جه‌لال و ئه‌داكردنی ھه‌ریه‌ك له‌ (سیامه‌ند حه‌سه‌ن،  خواناس وریا،بابان محه‌مه‌د، كارزان قادر، سه‌عید نوری، ئه‌له‌ند ئاوات و ئاوات جه‌لال) بوو، به‌رھه‌می گروپی شانۆی ھونه‌ری و رۆشنبیری و كۆمه‌ڵه‌ی ھونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد/لقی چه‌مچه‌مال بوو، جێبه‌جێكاری روناكی محه‌مه‌د قژلول وبه‌ڕیوه‌به‌ری شانۆ و جێبه‌جێكاری موزیك دڵشاد خورشید بوو.

یه‌كه‌م به‌ركه‌وتنی بینه‌ر له‌م نمایشه‌ به‌ركه‌وتنی ئه‌دره‌س و ناونیشانه‌، ناونیشان لێره‌دا ھه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ھزرو ئایدیا كه‌ بینه‌رو وه‌رگر ده‌توانن له‌نێو وشه‌كان و له‌ودیو وشه‌كان ده‌ستیان بكه‌وێت، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی بیركاری سه‌یری ئه‌م ناونیشانه‌ بكه‌ین، ده‌بینین دوو وشه‌ن له‌ ڕواڵه‌تتدا گوزارشت له‌ نه‌فیكردن و سڕینه‌وه‌ی كات و شوێن ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ڕووی مه‌عریفی و سیمۆلۆژییه‌وه‌ ھه‌ردوو وشه‌كه‌ ھه‌ڵگری ده‌لاله‌تی پێچه‌وانه‌ن و ھه‌ریه‌كه‌یان ده‌توانێت گوزارشت له‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی خۆی بكات، له‌ڕووی لۆژیكیه‌وه‌ ھه‌موو (ناكات)ێك كاته‌ و ھه‌موو (ناشوێن)ێك، شوێنه‌، كه‌واته‌ ئه‌م دوو وشه‌یه‌ كه‌ ناونیشان و ئه‌دره‌سی نمایشن، ده‌شێت ھه‌ڵگری مانای پێچه‌وانه‌ بن و گوزارشت له‌ كات و شوێنێكی دیاریكراو بكه‌ن، دواتریش نمایشه‌كه‌ ئه‌و گریمانه‌یه‌ ده‌سه‌پێنێت و تیاییدا روون ده‌بێته‌وه‌، كات سه‌رده‌می چه‌وساندنه‌وه‌و خه‌ساندن و گه‌ڕكردن و به‌ مێگه‌ڵكردنی تاك و كۆمه‌ڵگایه‌و شوێنیش ئه‌و خاكه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی تیا ریسواو ره‌جاڵ و برسی ده‌كرێت و له‌سه‌ر ناڕازی بوون و داواكردنی ماف و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌ مێگه‌ل بوون، گولله‌ باران ده‌كرێت.

نمایشه‌كه‌ له‌ ڕووی جه‌سته‌و فۆرمی بینراوه‌وه‌ ھه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی شانۆیی بڵندو باڵایه‌ كه‌ تیاییدا كۆمه‌ڵێك ته‌كنیكی جۆراوجۆری تیا به‌كاربراوه‌، ھه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ململانێی نمایش له‌نێوان دوو ھزرو رێگا ته‌شه‌نه‌ ده‌كات، رێگه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت وه‌ك مێگه‌ل و گه‌ڕ به‌و پارچه‌ ئێسقانه‌ ڕازی بێت كه‌ بۆی ھه‌ڵده‌درێت و ده‌می بگرێت، ئه‌وه‌ی تر ده‌یه‌وێت مرۆڤ بێت و وه‌ك مرۆڤ ھه‌ناسه‌ بدات و وه‌ك مرۆڤ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ل بكرێت و شكۆو كه‌رامه‌تی نه‌شكێنرێت و رێزی بگیرێت، ئه‌م ململانێیه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی كاتی ھزری به‌ مێگه‌لبوون و له‌ سێداره‌دانی شۆڕشگێر به‌ كۆتا دێت.

له‌ ڕووی بونیاد و جوانكاری و دروستكردنی وێنه‌ شانۆییه‌كان له‌ رێگه‌ی جوله‌و ده‌نگ و ڕه‌نگ و كارتێكه‌ره‌ ده‌نگی و ڕه‌نگییه‌كان، ئه‌م نمایشه‌ باز به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ته‌رحی ته‌قلیدی و دووباره‌ ده‌دات و ھه‌وڵده‌دات ڕووبه‌رێكی تایبه‌ت به‌ خۆی بدۆزێته‌وه‌و  فۆرمێكی تایبه‌ت به‌ نمایش ببه‌خشێت كه‌ دوور بێت له‌و فۆرمه‌ ته‌قلیدییه‌ی كه‌ ھه‌میشه‌ به‌ركه‌وتن و ململانێی دوو به‌ره‌ی له‌سه‌ر بینا ده‌كرێت، نمایش ھه‌وڵده‌دات جه‌سته‌و جوله‌و ئاماژه‌كانی جه‌سته‌و جوله‌ بكاته‌ سه‌رچاوه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی گوتاری نمایش و پانتایی نمایش به‌ كۆمه‌ڵێك پێكھاته‌ی شانۆیی پڕبكاته‌وه‌ كه‌ ده‌توانن ھه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئایكۆن و ئاماژه‌و سیمبوڵی جۆراو جۆر بن كه‌ ده‌توانن بینه‌ر بخه‌نه‌ نێو گێژاوی بیركردنه‌وه‌و گه‌ڕان به‌دوای مانای جیاوازو فره‌ڕه‌نگی وێنه‌كان، به‌و مانایه‌ی جه‌سته‌ی شانۆ ھه‌میشه‌ له‌ ھه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ فۆرمه‌كان له‌ تاكمانایی به‌تاڵبكاته‌وه‌و به‌ره‌و فره‌مانایی و رووبه‌ری لێكدانه‌وه‌و ته‌ئویل بمانبات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ھه‌ر له‌و ئان وساته‌دا، تێكستی شانۆییه‌كه‌، واته‌ به‌شه‌ بیستراوه‌كه‌ی ته‌واو ناكۆكه‌ له‌گه‌ل ئه‌و بونیاده‌ جه‌سته‌ییه‌ی نمایشه‌كه‌و ھه‌میشه‌ نمایشه‌كه‌ ده‌باته‌وه‌ نێو رووبه‌ری تاكمانایی و مانای كۆنكریتی و ھه‌موو ته‌ئویل و دووركه‌وتنه‌وه‌كانی بینه‌رو وه‌رگر له‌ناو ده‌بات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ھه‌ندێجار گوتاری نمایش زیاد له‌ پێویسیت ساده‌ ده‌بێته‌وه‌و ده‌چێته‌ نێو رووبه‌ری شیعارات و دروشمبازی، كه‌ به‌ته‌واوی له‌ سیاقی بینراوی نمایش دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ له‌ زۆرینه‌ی دیمه‌نه‌ شانۆییه‌كان ناته‌باییه‌ك له‌نێوان ھه‌ردوو گوتاری بیستراو و بینراو ھه‌یه‌و گوتاری بینراو باڵاتر وێنا ده‌كرێت و گوتاری بیستراوی نمایش (دیالۆگ) ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و باڵابوونه‌ بینراوه‌ نه‌ھاتووه‌و ھه‌ندێك جاریش وه‌ك دژ به‌ریكه‌وتووه‌و زیانی پێگه‌یاندووه‌.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جۆرێك له‌ ئه‌دای سینۆگرافی جه‌سته‌ی نمایش دروست ده‌كات و ده‌رھێنه‌ر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌وه‌ی  گوتاری بینراوی نمایش له‌نێو ھارمۆنیای ھه‌ماھه‌نگی ئه‌كته‌رو سینۆگرافیا و له‌ ھه‌ندێ كاتیش به‌ به‌شداری بینه‌ر دابڕێژیته‌وه‌و ئه‌كته‌ر وه‌ك ره‌گه‌زی بزوێنه‌ری سینۆگرافیا، ماناو ده‌لاله‌ت به‌ ھه‌موو وورده‌كارییه‌كانی نێو فه‌زای نمایش ببه‌خشێت و ئه‌دای ئه‌كته‌ر ھاوتا بێت له‌گه‌ل ئه‌و ریتمه‌ سینۆگرافییه‌ی كه‌ كۆتله‌و پێكھاته‌ شانۆییه‌كان دروستیده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی ھه‌ندێجار ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ كاڵده‌كاته‌وه‌و جۆرێك له‌ ناته‌بایی دروست ده‌كات، جوله‌ی زیادی ئه‌كته‌رو ئه‌و ھاواركردنه‌یه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی به‌سه‌ر پێكھاته‌ بیستراو و بینراوه‌كان شكاوه‌ته‌وه‌، ھه‌ندێجار ئه‌دای ئه‌كته‌ر ئه‌و عه‌فه‌ویه‌ته‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ستده‌دات و ده‌چێته‌ نێو رووبه‌ری ھاواركردن و قیژه‌و جوله‌ی جه‌سته‌ی پڕ له‌ توندتیژی و گرژی، من پێموایه‌ ئه‌م ره‌وشه‌ به‌زیان به‌سه‌ر نمایش شكایه‌وه‌و زیانی به‌ ئینسیابیه‌تی وینه‌ شانۆییه‌كان گه‌یاندو له‌ مه‌به‌ستی دوورخستنه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا جێگه‌ی خۆشحاَلی و خۆش ئومێدییه‌ كه‌ له‌ شارۆچكه‌یه‌كی وه‌ك چه‌مچه‌ماڵ و له‌نێو ئه‌و ھه‌موو كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و كۆمه‌ڵگا پڕ قه‌یرانه‌، چه‌ند گه‌نجێكی جوان ھه‌بن و به‌م تێگه‌یشتنه‌ راسته‌و به‌و دڵسۆزییه‌ كاری شانۆیی و كه‌ڵتووری بكه‌ن.

ن- حه‌مه‌سوار عه‌زیز

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.