Erbil 3°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 07:09

فیلمی "نانی پیرۆز" دوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێنا

کوردستان TV
100%

فیلمی دیكۆمێنتی "نانی پیرۆز" له‌ ده‌رهێنانی خوالێخۆشبوو"ره‌حیم زه‌بیحی" و له‌ به‌رهه‌مهێنانی "تووره‌ج ئه‌سڵانی"، خه‌ڵاتی زێڕین وخه‌ڵاتی ئاشتی و مافی مرۆڤی له‌ به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی" شه‌ست و نۆیه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترێنتۆ" له‌ وڵاتی ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا.

به‌ڵگه‌فیلمی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) Holy Bread دوایین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری كۆچكردووی كورد "ره‌حیم زه‌بیحی"، له‌ به‌رهه‌مهێنانی سینه‌ماكاری ناوداری كورد "تووره‌ج ئه‌سڵانی" و به‌رهه‌می كۆمپانیای سینه‌مایی "ماد موڤی"MAAD Movie؛ له‌ نوێترین به‌شداری نێوده‌وڵه‌تی خۆیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ سینه‌مای ئێران، له‌ به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی" شه‌ست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترێنتۆ" Trento له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایش كرا و توانی دوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ و گرینگی ئه‌م ڕووداوه‌ پڕبایخه‌ سینه‌ماییه‌ و كۆنترین فێستیڤاڵی ئه‌ورووپا به‌ ناوه‌رۆكی فه‌رهه‌نگی شاخ، سروشت و ڕووداویی سه‌رنجڕاكێش، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی زێڕینی 3 هه‌زار یۆرۆیی باشترین فیلم له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كوێستاندا Golden Gentian واته‌ "ژیان له‌ كوێستان و خه‌ڵكی

له‌ كوێستان" و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی 500 یۆرۆیی له‌ لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاشتی ومافی مرۆڤی پارێزگای ترێنتۆی پێبه‌خشرا.

"نانی پیرۆز" بۆ وه‌ده‌ست خستنی ئه‌م خه‌ڵاته‌ گرینگانه‌، له‌گه‌ڵ 13 فیلم له‌ وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، له‌وانه‌: فه‌ڕه‌نسا، مه‌غریب، سویسڕا، ئیتاڵیا، ئۆڕۆگۆئه‌، ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئۆكڕاین، نه‌مسا، ئه‌مه‌ریكا، پۆڵه‌ندا،هه‌نگاریا، گرینله‌ند، چین و به‌لژیكا له‌ ڕكابه‌ریدا بوو.

بڵاوكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ دیكۆمێنتارییه‌، له‌ ئه‌ستۆی كۆمپانیای "تسویر گستر الهه‌ پارسی" (ئێلی ئیمه‌یج) Eli Image به‌ به‌رپرسیارییه‌تی خاتوو "ئیلاهه‌ نه‌وبه‌خت"ـه‌.

ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی "پێشبڕكێی سه‌ره‌كی" شه‌ست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترێنتۆ" بریتی بوون له‌: خاتوو "ئانه‌ دێلسێت" Anne Delset به‌ڕێوه‌به‌ریی هونه‌ری له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، خاتوو "سینزیا ئانجێلینی" Cinzia Angelini ده‌رهێنه‌ری ئه‌نیمه‌یشن له‌ وڵاتی ئیتاڵیا، خاتوو "ماورا دێلپێڕۆ" Maura Delpero ده‌رهێنه‌ر له‌ وڵاتی ئیتاڵیا، "ئمیل هرتلینگ پڕۆنارد" Emile Hertling Péronard به‌هه‌مهێنه‌ر له‌ وڵاتی دانیماڕك وهه‌روه‌ها "ناهۆئیل ئۆریا" Nahuel Uria به‌هه‌مهێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ریی هونه‌ری له‌ وڵاتی ئاڕژانتین.

فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "ترێنتۆ" كه‌ كۆنترین فێستیڤاڵی ڕووداوی سینه‌مایی ئه‌ورووپا به‌ ناوه‌رۆكی فه‌رهه‌نگی شاخ، سروشت، ڕووداویی سه‌رنجڕاكێش و دۆزینه‌وه‌ دێته‌ئه‌ژمار؛ شه‌ست و نۆیه‌مین خولی به‌ نمایشی 100 به‌رهه‌م له‌ ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له‌ هه‌شت به‌شی جیاواز، له‌وانه‌: به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كی به‌ڵگه‌فیلمه‌ بڵیند و كورته‌ فیلمه‌كان"، به‌شی "نمایشی تایبه‌ت"، به‌شی "نیشتمانه‌ بڵینده‌كان"، به‌شی "فیلمه‌ سینه‌ماییه‌كان"، به‌شی "داهاتووی خه‌ڵكی له‌ نیشتمانه‌ كوێستانییه‌كان"، به‌شی "چیرۆكه‌كان و نووسه‌ران"، به‌شی "به‌ڵگه‌فیلمه‌كانی ژینگه‌ پارێزی و گۆڕانكاریی كه‌شووهه‌وا" و هه‌روه‌ها به‌شی "شه‌ێنی گه‌یشتنی گرینله‌ند" له‌ ڕۆژانی 9 تا 16ی مایی 2021 به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا به‌ شێوه‌ی ئۆنلاین له‌ شاری تڕێنتۆ له‌ باكووری وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

 ئا- مه‌نسوور جیهانی

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.