سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه.
له‌په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: به‌بۆنه‌ی (29) بیست و نۆھەمین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانییانی ئازیز‌و خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان راشیده‌گه‌ێنێت: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ھەلومەرجێکی سەخت و دژواری سیاسی، ئابووری، ناسەقامگیرو تەژی لەئاڵنگاریی ناوخۆیی و ئیقلیمی، بڕیارێكی بوێرانه‌ی بەرەی کوردستانی و سه‌ركردایه‌تیی سیاسی بوو، لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە مێژووییەکانی گەلەکەماندا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: هەڵبژاردنی پەرلەمان و متمانەدان بەکابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەرچەرخانێکی گەورەو بەرجەستەکردنی ئیراده‌و خواستی گه‌له‌كه‌مان بوو بۆ خۆبەڕێوەبەری، هاوکات خواستی گەلێکی سته‌ملێكراو بوو بۆ دیموكراسییه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی مافه سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییە زەوتکراوەکانی.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك دامەزراوەیەکی دەستووریی هەرێم، لەسنووری دەستڕۆییەکانی خۆیدا بەبێ جیاوازی ئاین، نەتەوەو ئینتیمای سیاسی، هەوڵدەدات بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاكان و نوێنەرایەتیکردنی هاووڵاتییان لەبەدیهێنانی ماف و داخوازییه ڕه‌واكانیان و بەجێھێنانی ئەرکە یاسایی و دەستوورییەکانی.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: له‌م یاده پیرۆزه‌دا سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین، کەدەستکەوتەکانی دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێنی گەشی شەھیدانە، دروود بۆ ڕۆحی پاک و بەرزەفڕیان.
شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.