Erbil 1°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 23:47

سەلام روشدی: سه‌ردانی زەریف بۆ هەولێر، پەیامی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانه

کوردستان TV
100%

سەلام روشدی جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگه‌یاند: ئێران گرینگی به په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هەرێمی كوردستان ده‌دات.

سەلام عارف روشدی جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگه‌یاند: ئێران گرینگییه‌کی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هەرێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزیی دوولایه‌ن ده‌دات و خواستى ئێران، بڕه‌ودانه به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژویییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.

جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، له‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، سه‌باره‌ت به سه‌ردانی محەمەد جەواد زەریف  بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران به یاوه‌ریی شاندێک لە چوارچێوه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، سەردانی هەولێری كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان، دیدار و چاوپێکه‌وتنی ‌کرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه چواره‌مین سه‌ردانی زەریف بۆ هەرێمی كوردستان دوای ده‌ست به‌کاربوونی له پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێرانه.  

گوتیشی: ئه‌م سه‌ردانه، بە مەبەستی قسەكردن لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابووری نێوان دوو لایه‌ن به‌ڕێوه‌‌چوو و سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق، مه‌سه‌له نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌کان، بیروڕا لەبارەی ڕێگەكان بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و ئارامی عێراق و ناوچەكە، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی، ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ لە مەڕ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، جووڵه‌ی بازرگانی سه‌ر سنووره‌كانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ش هاتنه‌ئاخاوتن.

جێگری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران سه‌باره‌ت به په‌یوه‌نییه‌کانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان گوتی: به گشتی ئێران گرینگییه‌کی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هەرێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزیی دوولایه‌ن ده‌دات و ئه‌م سه‌ردانه‌ی زەریف بۆ هەولێر، پەیامی بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانه و هه‌روه‌ها پەیامی گرینگی پێگەی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان دێته‌ئه‌ژمار و وەزیری دەرەوەی ئێران له دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هەرێمی كوردستا،ن ئاماژه‌ی به‌وه کرد که ‌سەقامگیری هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە و خواستى ئێران، بڕه‌ودانه به‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژویییه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و بوونی سه‌قامگیری و په‌یوه‌ندیی ئابووری و بازرگانییه‌کی سه‌رکه‌وتوو، که له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌ر دولایه‌ندایه‌.

سەلام روشدی له کۆتایی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا ئاشکراشیکرد: سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵگەی ئەوەیە كە هەرێم و بەغدا و ئێران، لە پەیوەندییەكی باشدان و دوو لایه‌ن، سه‌باره‌ت به هاوکارییه‌کانی نێوانیان و گه‌شه‌سه‌ندنی په‌یوه‌ندییه‌کانیان دانووستانیان کرد و جەختیش لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.