نووسینگەی ئازادیی ئاینی له وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگه‌یاند، نیگه‌رانن لە پێشێلكردنی مافی كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كانی ئێران و داوای لەو وڵاتە كردووە رەچاوی ئەو ماف و ئازادییه‌كانیان بكات.
ئێران لە ماوەی رابردوودا چەند مادەیەكی پێوەندیدار بە یاسای سزادانی ئیسلامی هەموار كردووە، نووسینگەكەی ئازادیی ئاینی له وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی سه‌باره‌ت به بڕگەكانی چوار سه‌د و نه‌وه‌د و نۆ و پێنج سه‌د له یاسای سزادانی ئیسلامی و پێی وایە، دەبێتە هۆی زیاتر پێشێلكردنی مافی كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كان و ئازار و ستەم لەسەریان زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی هه‌واڵیكی رادیۆ فەردا، ئەو گۆڕانكارییانەی لە یاساكەدا كراوە، سزای زۆر قورس بۆ ئەوانە دانراوە كە بێڕێزی بە نەتەوە و ئاینە ئاسمانییەكان دەكرێت.
هەر لە مادەی دووی یاساكەدا سزای زۆر قورس بۆ هەر كەسێك دیاری كراوە لە چوارچێوەی گرووپ یانیش كۆمەڵەیهك هەنگاو پێچەوانەی ئاینی ئیسلام ده‌نێت.
بۆ نموونە هیچ جۆرە پەروەردە و فێركردنێك لەلایەن هیچ گرووپێك قبووڵ ناكرێت كە پێچەوانەی ئاینی ئیسلام بێت. پێویستە بگوترێ ئەم گۆڕانكارییانەی لە یاساكەدا كراون، دەستی دەزگا یاساییەكانی ئێران بۆ سەركوتی كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كان زۆر کراوەتر دەكەن.
كۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتەی دامەزراوە، لایەنگر و پێڕەوانی كه‌مایه‌تییه ئاینییه‌كانی چەوساندووەتەوە و زۆر لەوانە ناچار بوون وڵات جێبهێڵن یان ئاینەكەیان بشارنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.