لە گڕوپی نۆیەمی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئەوروپا بۆ گەیشتن بە كۆتاییەكانی مۆندیالی دووهەزاروبیستودووی قەتەر، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێك لە هەڵبژاردەی پۆڵەندای میوانی بردەوە.
یاریزانانی ئینگلتەرا بە شێوەیەكی بەهێز دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كردو چەندین هێرشیان كردە سەر گۆڵی پۆڵەندا، یەكێك لە هێرشەكانیش بووە هۆی لێدانی سزاو لە جێبەجێ كردنی لێدانەكەدا، هاری كین ئەستێرەو گۆڵكاری ئینگلتەرا گۆڵێكی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە خولەكی نۆزدە تۆماركردو گێمی یەكەم بەم ئەنجامە تەواوبوو.
لە گێمی دووەم و لە خولەكی پەنجاوهەشتدا، یاریزان جاكۆب مۆدێر گۆڵی بەرامبەری پۆڵەندای بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، پاشان یاریزان هاری ماگوایەر گۆڵی دووەم و بردنەوەی ئینگلتەرای لە خولەكی هەشتاوپێنج تۆماركردو سێ خاڵی ڕووبەڕوو بوونەوەكەی بۆ تیپی سێ شێرەكە مسۆگەركرد.
بەم ئەنجامەش ئینگلتەرا سێیەم بردنەوەی لەسەریەكی لە پاڵاوتنەكانی مۆندیال بەدەستهێناو كۆی خاڵەكانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی نۆیەم گەیاندە نۆ خاڵ، پۆڵەنداش یەكەم یاری لە پاڵاوتنەكان دۆڕاندو بە چوار خاڵ لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گڕوپەكە دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.