حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
ده‌كرێ بڵێین زنجیره درامای (چه‌رخ و فه‌له‌ك) ی ده‌رهێنه‌ر بیلال عومه‌ر به‌و ئامانجه نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه، كه ببێته زنجیره‌یه‌كی فه‌لسه‌فی، سایكۆلۆژی، په‌روه‌رده‌یی ، كۆمه‌ڵایه تی، له‌چوارچیوه‌ی فۆرمی كۆمێدیایه‌كی سووك و خێزانداری،
ئه‌م هه‌وڵه‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆ دروست كردنی ده‌ستپێكێكی تازه بۆ كۆمیدیایه‌كی سووكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌وڵێكی ئه‌رێنیه بۆ هێنانه پێشه‌وه‌ی ئه‌و فۆرمهو بایه‌خ پێدانی، كه من پێم وایه بۆ كۆمه‌ڵگای كورد فۆرمێكی گونجاوه و جیگه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه ، زیاتر له فۆرمه ته‌قلیدیه‌كانی تری درامای كوردی.
وه‌ك له‌ناونیشانی زنجیره‌كه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت، سیناریۆی دراماكه (چه‌رخ و فه‌له‌ك ) له‌زه‌مه‌نێك ده‌دوێت وه‌ك سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا، به‌رده‌وام لهسوڕانهوهو و به‌ره‌و پێشه‌وه چوون و هه‌ڵبه‌زین و دابه‌زین دایه، ئه‌وانه‌ش كه سواری چه‌رخ و فه‌له‌كه‌كه ده‌بن كۆمه‌ڵگا مرۆڤایه‌تیه‌كانن.
كۆمه‌ڵگایێكی وه‌ك كۆمه‌ڵگای ئێمه گه‌نجێكی وه‌ك (ئاسۆ) هێمایه‌تی و له‌ژینگه‌و كۆمه‌ڵگایێكی دوا كه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تی چاو هه‌ڵدێنێ، گیروده‌ی كۆمه‌ڵێ كولتوور‌و نه‌ریتی دوا كه‌وتووی وه‌ك دوژمنكاری، چه‌ك هه‌ڵگرتن، تۆڵه سه‌ندنه‌وه، توند‌و تیژی بۆته‌وه، له‌بری زانست و مه‌عریفه‌و په‌روه‌رده‌و ته‌كنه‌لۆژیا .
ئه‌م عه‌قلیه‌ته میتافیزیكیه كلاسیكیه فاكته‌ر بووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ماوه‌ی بیست ساڵان له‌ره‌وتی پێشكه‌وتنی زانستی و ته‌كنه‌لۆژی و مه‌عریفی دابڕێ، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكانی تردا هێشتا له‌ئه‌لف و بێ ی ژیان شتێ فێر نه‌بووبێ، به‌و مێژووه دوور‌و درێژه‌ی خۆیه‌وه، هێشتا وه‌ك مناڵێك ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌توانێت به‌هه‌مان هه‌نگاوو به‌هه‌مان تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا خۆی بگونجێنێ.
ئه‌وه‌تا ببینه (ئاسۆ) چۆن له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانی دیكه‌ی پۆله‌كه‌ی، چه‌ند جه‌سته‌یه‌كی نامۆیه و چۆن ده‌بێته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و پێكه‌نین .
فه‌لسه‌فه‌ی نمایشه‌كه له‌رووی سیناریۆوه ده‌یه‌وێ به‌فۆرمێكی هێمادار، عه‌قلی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بوروژێنێ بۆ كۆمه‌ڵێ پرسیار:
ئایا قه‌ت بیرتان له‌وه كردۆته‌وه ئێوه له‌كوێ ی مرۆڤایه‌تین ؟
جیاوازیتان له‌رووی هوشیارییه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر چه‌نده؟
ئایا تا ئێستاش خۆتان له‌و نه‌ریت و كولتووره دوا كهوتووانهتان داتهكاندووه ؟
یا ئێستاش ئه‌و په‌تا كۆمه‌ڵایه‌تیانه به‌دوا تانهوهیهو ژیانی په‌ك خستوون ؟
ئه‌وانه پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌كانی زنجیرهكهن، به‌ڵام بینه‌ریش كه ئه‌و هه‌موو پرسیارانه‌ی ئاراسته ده‌كرێت وه‌ڵامی چیه؟
ئه‌ویش مافی خۆیه‌تی بڵێت : ئایا ئێوه وه‌ك ده‌رهێنه‌رو هونه‌ركاران تا چه‌ند توانییوتانه ئه‌و چمكه فه‌لسه‌فیانه له‌سه‌ر رووی شاشه ته‌رجه‌مه بكه‌ن بۆ زمانی دراما ؟
دراما به‌ته‌كنیك و وێنه‌و نواندن و رووناكی و موزیك و دیالۆگ و هه‌موو ئامرازه‌كانی تری ؟
ئه‌وان ده‌ڵێن، ئێمه بۆ ئه‌وه ته‌ماشای دراما ناكه‌ین ته‌نیا چمكێكی فه‌لسه‌فی به‌ساده‌یی بخوێنینه‌وه، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌مه‌دا له درامادا چاوه‌ڕێ ی چێژ ده‌كه‌ین بمان وروژێنێ،
له‌دروست كردنی گرێ ی درامیدا، ناچارمان بكات بزانین ده‌رهێنه‌ر تا چه‌ند چاره‌سه‌ركردنی گونجاو بۆ گرێكان داده‌نێ.
ئه‌كته‌ره‌كان چ پێرفۆرمانسێكیان هه‌یه بۆ به‌رجه‌سته كردنی كاراكته‌ره‌كانی خۆیان؟
ده‌رهێنه‌ر به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌و خواستانه‌ی بینه‌ر، به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه، ئینجا ئه‌وانی دیكه هه‌ریه‌كه‌و به پێی پسپۆری خۆی.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی ده‌رهێنه‌ر له‌وه دایه نه‌یتوانیووه وه‌ك پێویست ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه له‌سه‌ر شاشه به‌فۆرمێكی لۆژیكی و هونه‌ریی ئه‌وتۆ به‌رجه‌سته بكات، كه بینه‌ر وا نه‌زانێ به‌دیار فیلمێكی كارتۆن دانیشتووه، به‌ڵكو دووچاری كۆمه‌ڵێ پرسیاری ئاڵۆز بووه كه له‌رووی پراكتیكه‌وه ئه‌نجامێكی نا مه‌عقول و نالۆژیكی بداته ده‌ست وه‌ك ئه‌وه‌ی :
ئایا عه‌قلی كۆمه‌ڵگای ئێمه به‌گشتی تا چه‌ند هه‌زمی ئه‌وه ده‌كات، كه‌سێك ماوه‌ی بیست ساڵ بێ هۆش بێ له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلی چاو بكاته‌وه؟
چۆن كه‌سێك بیست ساڵ له‌هۆش خۆی چوو بێت، ناوی خۆی و دایك و باوكی له‌بیرچووبێته‌وه، موحازه‌راتی فه‌لسه‌فی لههاوڕییهكی خۆی وه‌رده‌گرێت و گوێ له‌خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك ده‌گرێت ؟
ئه‌م دیمه‌نه ئه‌فسانه‌ییانه له‌چ فه‌رهه‌نگێكی زانستی دا هه‌یه؟
ده‌رهێنه‌ر بۆ ته‌رجه‌مه كردن و به‌پراكتیك كردنی ئه‌م تیۆرانه، دراماكه‌ی دابه‌شی چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كردووه:
1.بێ هۆشی (ئاسۆ) له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی دوژمنكاری و به‌ركه‌وتنی به‌ئۆتۆمبیل له‌كاتی راكردن له‌ته‌مه‌نی ده ساڵیداو مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه به‌بێ هۆشی بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ، له‌وێوه ده‌رهێنه‌ر په‌نجه بۆ واقعێكی تاڵی رابووردوو ده‌بات، به‌تایبه‌ت له‌رووی په‌روه‌رده‌و راهێنانی لاوه‌كان له‌چه‌ك و كوشتار‌و شه‌ڕی خێڵه‌كی و دوژمنداری و بیری تۆڵه سه‌ندنه‌وه، له‌وێوه نه‌وه‌كان فێری رق و توند‌و تیژی ده‌كرێن ، بۆیه باوكی ئاسۆ هه‌ر له‌مناڵییه‌وه ئاسۆ له‌ئه‌شق بوونی چه‌ك رادێنێ و پێی ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر گه‌وره بووی چه‌كێكی جوانت بۆ ده‌كڕم، ئه‌م بیره ژه‌نگاویه‌ی ئه‌و باوكه‌یه وا له‌ئاسۆ ده‌كات، به‌ڵێنه‌كه‌ی باوكی له‌بیر نه‌چێته‌وه، ئه‌و بیره ژه‌هراویه‌ی له‌كاتی گه‌وره بوونیشدا له‌مێشك ده‌رنه‌چێ و به‌رده‌وام داوای چه‌ك بكا،
ده‌رهێنه‌ر ده‌یه‌وێ بڵێ، ئه‌وه باوكهكانن له نه‌وه دوا كه‌وتووه‌كاندا كۆمه‌ڵگا گوناه له‌گه‌ڵ مناڵه‌كانیان ده‌كه‌ن و ئه‌و بیره ژههراویانهیان ده‌خه‌نه مێشك، كه‌واته نه‌وه‌ی كۆن رۆڵێكی نه‌رێنیان بینییووه بۆ دروست كردنی ئه‌و په‌روه‌رده سه‌قه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه.
2.تووشبوونی باپیری ئاسۆ به‌نه‌خۆشی شیزۆفرینیا و واهیمه‌ی نه‌خشینی خێزانی، كه من پێم وایه،ته‌وه‌رێكی سایكۆلۆژی كاریگه‌ره بۆ هه‌ندێ نه‌ریتی كۆن بهنشاندانی وه‌فاو خۆشه‌ویستیه‌كی راسته‌قینه له‌رێگه‌ی باپیری ئاسۆ‌و نه‌خشینی خێزانی، كه دوای تێپه‌ڕینی ئه‌و هه‌موو ساڵه له‌ماڵئاوایی كردنی، نه‌خشین هه‌میشه وه‌ك سێبه‌ر وایه له گه‌ڵی و هه‌رگیز لێی جودا نابێته‌وه.
دواتر ده‌رهێنه‌ر چاره‌سه‌رێكی شییاوو گونجاو بۆ ئه‌و ته‌وه‌ره داده‌نێ، كاتێ كاراكته‌ری باپیره نهخشینێك ده‌دۆزێته‌وه و ده‌گاته‌وه به‌هیوای خۆی و له‌گرێ ده‌رونیه‌كه رزگاری ده‌بێت.
3.ته‌وه‌ری (شه‌ماڵ) ره‌به‌ن مامی ئاسۆ و ئاشق بوونی به (خاتوون ) ی كارمه‌ندی نه‌خۆشخانه‌و هه‌وڵه‌كانی بۆ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و خۆ رزگار كردنی له‌و ته‌نیاییه بهردوامهی، بۆته گرێیه‌كی ده‌روونی ئه‌وتۆ، هه‌وڵی ئه‌وه بدات، له بری هاوسه‌رێك بۆ ئاوه‌دانی ماڵه‌كه‌ی مه‌یموونێكی بیَِ رۆح له‌ته‌ك سه‌رینه‌كه‌ی، به‌رامبه‌ر به‌خۆی دابنێ و ناوه ناوه ده‌رده دڵی خۆی بۆ بكات.
هه‌ر له‌و ته‌وه‌ره‌دا ده‌رهێنه‌ر كێشه‌و ئاریشاكانی پیاوی ره‌به‌ن و ئافره‌تی بێوه‌ژن به‌رجه‌سته ده‌كات له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه پێی وایه بێوه‌ژن بۆی نیه دوای مردنی مێرده‌كه‌ی، یان لێك جیا بوونه‌وه‌ی، جارێكی دیكه ژیان ده‌ست پێ بكاته‌وه.
ده‌رهێنه‌ر پێی وایه ئه‌م كێشه‌یه به‌رده‌وامی هه‌یه هه‌تا ئه‌گه‌ر خاتوون و شه‌ماڵیش به یه‌ك بگه‌ن .
4 . (ره‌نجه) ئه‌وكوڕه گه‌نجه‌ی له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ئاسۆوه باوكی كوژراوه، به به‌رده‌وامی بیر له‌تۆڵه سه‌ندنه‌وه ده‌كاته‌وه، خوشكه‌كه‌شی هاوڕێ ی مناڵی ئاسۆ بووه، له یه‌ك گه‌ڕه‌كدا،
ئه‌م رووداوه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ره‌نجه ژیانی لێ تێك بچێ و له مهكتهبیش دابڕێ و نه‌بێته خاوه‌نی هیچ كار‌و كاسبیه‌ك كه بتوانێ ژن و منداڵه‌كه‌ی به‌خێو بكات و له ئه‌نجامیشدا ژنه‌كه‌ی به‌جێی بیڵێ .
دواتریش له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قلیه‌تێكی كۆنی سه‌قه‌ت خۆی و براده‌ره‌كه‌ی تووشی تاوانی گه‌وره بكات، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر وه‌ك ته‌وه‌ره‌كه‌ی تری نه‌خشین ، چاره‌سه‌رێكی لۆژیكی گونجاو بۆ ئه‌م كیشه‌یه داده‌نێ و به‌خۆشه‌ویستی و دیالۆگ چاره‌ی كێشه‌كه ده‌كات .
ده‌رهێنه‌ر ستایلیًكی كۆمێدی سووكی بژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر به ئازاره‌كانی خۆی پێبكه‌نێ، له‌هه‌موو ئه‌وانه‌شدا به‌گشتی پشتی به‌ئه‌كته‌ر به‌ستووه بۆ گه‌یاندنی بیرۆكه‌كه‌ی، كه‌متریش بایه‌خی به‌لایه‌نی ته‌كنیكی داوه، بۆ بهستاتیكا كردنی دیمه‌نه‌كان، بۆیه هه‌ست به كۆمه‌ڵێ بۆشایی هونه‌ریی ده‌كه‌یت له‌رووی ده‌رهێنان، سیناریۆ، موزیك، لوكێشن، مۆنتاژ، رووناكی.
له‌و ته‌وه‌رانه‌ی باسم كردن چه‌ندین بۆشایی زه‌ق هه‌ن وه‌ك :
1.ته‌وه‌ره‌كان بهرووكهشی تێپه‌ڕیوون و كاراكتهرهكاسن تێر نه‌كراون، ده‌بوا ده‌رهێنه‌ر لق و پۆپی زێتری له ناوه‌رۆكی ژیانیان و كێشه‌كانیان خستبایه روو، بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر زێتر له‌وه‌نده هۆگریان بێت ، چونكه تێكڕای ته‌وه‌ره‌كان مه‌ودای زێتریان تێدا بوو بۆ تێر كردن .
رووداوه‌كان ساردن و كاراكته‌ره‌كان نه‌فه‌سیان كورته، مۆنتاژ نه‌یتوانییوه به‌هاوسه‌نگی ریتمی رووداوه‌كان به‌ڕێوه ببات.
2.لوكێشنهكان دووباره‌ن و گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆیان تێدا نیه، ته‌نیا له‌چوارچیوه‌ی بازنه‌یه‌كی داخراودا ده‌سوڕێنه‌وه، له‌نه‌خۆشخانه، پرسگه، ماڵی هاوار، پارك...ئه‌و دووباره بوونه‌وه‌ی لوكێشنهكان بینه‌ر دووچاری بێزاری ده‌كه‌ن و ده‌بنه ڕێگر له به‌رده‌م نوێ بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی دراماكه.
3.شتێكی ئاساییه رێكلام بۆ سپۆنسه‌ره‌كانی به‌رهه‌م هه‌بێت، به‌ڵام ناكرێت له‌ناو دیمه‌نه‌كاندا دیالۆگ و سیناریۆی تایبه‌ت بهرێكلامی بازرگانی بكرێت و رووی دراماكه بشێوێنێ، به‌تایبه‌ت بۆ برنجی مه‌حموود و سوپه‌رماركێت و نه‌خۆشخانه‌و شتی تر، تیَِ ئاخنیكی رێكلام به‌و فۆرمه به‌رباده فۆرمی دراماكه‌ی ناشیرین كردووه، چونكه ناكرێت له‌كارێكی درامی دا هه‌موو ئامانجێك هه‌ر ته‌نها پاره بێت .
4.له‌ستایلی كۆمێدی و رووداوی سایكۆلۆژی، ده‌بێت گرنگیه‌كی زۆر به‌موزیك بدرێت، بۆ ده‌رخستنی دیوی ناوه‌وه‌ی ناخی ئه‌كته‌رو به‌رجه‌سته كردنی ئاماژه‌كانی جه‌سته، له‌زۆر حاڵه‌تی ده‌روونی دا، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زه‌روره‌ته، موزیك هیچ حزورێكی نه‌بوو، له‌هه‌موو ئه‌و دیمه‌نانه‌ی پێویستیان به‌موزیك هه‌بوو، به‌ڵكو وه‌ك جه‌سته‌یه‌كی بێ گیان مانه‌وه و دیمه‌نه‌كان و ئه‌كشنه‌كان به سارد‌و سڕی تێده‌په‌ڕین بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریه‌كی ده‌روونی لای بینه‌ر دروست بكه‌ن .
5..رووناكی و سینۆگرافیاو ته‌كنیك له‌كاری درامیدا وه‌ك موزیك ره‌گه‌زی به‌ئه‌كتیف بوونی دیمه‌نه، بۆ به خشینی ستاتیكا ، تێر كردنی چاوو، وروژاندنی ده‌روونی و راچڵه‌كاندنی بینه‌ر، به‌كورتی ده‌ڵێم من به درێژایی زنجیره‌كه ته‌نیا یه‌ك دیمه‌نم نه‌بینی تێرم بكات له‌و ستاتیكاو جوانكارییهی لهوێنهدا چاوه‌ڕوانیمان ده‌كرد، به‌ڵكو هه‌میشه رووناكی كراوه بوو، كه‌متر دیمه‌نمان له‌تاریكی دا بینی، به‌هۆی ئه‌و په‌له پروزێیهی له وینهگرتندا كرابوو، هه‌ستم كرد، ده‌رهێنه‌ر ئه‌وه‌نده به‌په‌رۆشی دروست كردنی دیمه‌نی تێر لهستاتیكاو وێنه‌ی درامی نیه.
5.كاراكته‌ره‌كان له‌هه‌موو دیمه‌نه‌كاندا به‌یه‌ك ستایل و یه‌ك فۆرم كاریان ده‌كرد، دیمه‌نه‌كان و رووداوه‌كان نایانگۆڕی.
6.هیچ هونه‌ركارییه‌كی ستاتیكی لهمۆنتاژدا نابینم، بینه‌ر به‌ئاسانی ئه‌و لاوازیه‌ی مۆنتاژ له گه‌ڕانه‌وه بۆ باگ راوندهكاندا ده‌بینێ .
7.كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی زنجیره دراماكه له‌كاراكته‌ری (پاشا) و مناڵه‌كان و گه‌مارۆدانی مناڵه‌كان بوو له‌شوێنی به‌ند كردنی ئاسۆ ، كه له‌فیلمێكی مناڵان ده‌چوو.
ده‌رهێنه‌ر نه‌ك هه‌ر به‌و ئه‌كشنه لاوازانه نه‌یتوانییوه ئه‌و ئامانجه بپێكێنێ كه كلیلی ده‌رگاكانی ئازادی لای نه‌وه‌ی نوێیه، به‌ڵكو سه‌راپای دراماكه‌ی دووچاری جۆرێك له‌لاوازی بكات.
8.وه‌ك ده‌رهێنه‌ر ویستبێتی سوكایه‌تی به‌رۆڵی پۆلیس بكات، پۆلیسی زۆر به‌لاوازی نیشان داوه و هه‌ندێ جاریش دیمه‌نه‌كانی پۆلیس خانه‌ی وا لێكردووه ببێته مایه‌ی گاڵته جاڕی و پێكه‌نین
9.ریتمی دراماكه ریتمێكی خاو بوو، ئه‌گه‌رچی كۆمێدیا زێتر پێویستی به‌ریتمی خێرا هه‌یه.
10.كۆمه‌ڵێ ئه‌كته‌ری به‌توانا و خاوه‌ن ئه‌زموون له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا به‌شدار بوون، ده‌بوا دراماكه جوانتر و به چێژ تر بكه‌ن له‌وه‌ی بینیمان ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش نه‌بان به‌رهه‌مه‌كه نه‌ده‌گه‌یشته كه‌ناره‌كانی دڵنیایی.
ماویه‌تی ..
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.