Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:21

به‌ سه‌دان ملیار دینار ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حکوومه‌ت

نزیکه‌ى 100 کۆمپانیاش دراونه‌ته‌ دادگا و ئیجرائا‌تى یاساییان له‌گه‌ڵ کراوه
کوردستان TV
100%

 

 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى باجی هه‌رێمى کوردستان  رایده‌گه‌ێنێت:‌ ساڵى ڕابردوو زیاتر له‌ 500 کۆمپانیا له‌ ئه‌نجامى نه‌دانى باج به‌ حکومه‌ت غه‌رامه‌ى یاسایییان بۆ کراوه‌ و نزیکه‌ى 100 کۆمپانیاش دراونه‌ته‌ دادگا و ئیجرائا‌تى یاسایییان له‌گه‌ڵ کراوه. ده‌شڵێت، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ى که ‌بۆ باج گیراونه‌ته‌ به‌ر، توانراوه‌ به‌ سه‌دان ملیار دینار بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.

که‌مال ته‌یب, به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى باجی هه‌رێمى کوردستان رایده‌گه‌ێنێت: ته‌واوى ئه‌و سێکته‌رانه‌ى که‌ داهاتیان لێوه‌ به‌ده‌ست ده‌که‌وێت، ده‌بێت باج بده‌نه‌ حکومه‌ت و ئێستا باج له‌ به‌شێکى زۆرى سێکته‌ره‌ بازرگانییه‌کان وه‌رده‌گرین، به‌تایبه‌تى نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌کان و که‌رته‌ گه‌شتیارییه‌کان و چێشتخانه‌کان و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ له‌ سه‌روو چوار ئه‌ستێره‌ن، ئامانج له‌م باجوه‌رگرتنه‌ دابینکردنى مووچه‌یه‌ بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ى داهاتیشه‌ بۆ حکومه‌ت، هه‌ر بۆ نموونه‌، ته‌نها له‌ ماوه‌ى ساڵى ڕابردوو له‌ ئه‌نجامى جێبه‌جێکردنى یاسا و ڕێنماییه‌ کارپێکراوه‌کانى باج، سه‌دان ملیار دینار بۆ حکومه‌ت گەڕاوەتەوە‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووە مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌ کاتى خۆیدا دابه‌ش بکرێت.

ده‌شڵێت: کۆمپانیا هه‌بووه‌ ساڵى ڕابردوو 20 ملیار دینار باجى داوه‌ به‌ حکومه‌ت، کۆمپانیاش هه‌بووه‌ حکومه‌ت زه‌ویى پێ داوه‌ و پڕۆژه‌ى وه‌به‌رهێنانى تێدا کردووه‌، به‌ڵام ئێستا خۆى له‌ باج ده‌دزێته‌وه‌، هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستانیش دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ حکومه‌ت ڕێکاره‌کانى وه‌رگرتنى باجى توندتر کردووه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونى هه‌ر شوێن و دامه‌زراوه‌یه‌ک و خۆدزینه‌وه‌ى له ‌باج ڕێکارى یاسایى ده‌گیرێته‌ به‌ر و چاوپۆشى له‌ هیچ که‌س و لایه‌نێک ناکرێت.

که‌مال ته‌یب, به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى باجی هه‌رێمى کوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى و دادگه‌ریى کۆمه‌ڵایه‌تى و گه‌یشتن به‌ داهاتى ڕاسته‌قینه‌ى باجده‌ر له‌ هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وام ده‌بین, هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌ى ڕابردوو دانى باج له‌ ئاستى پێوست نه‌بووه‌, به‌ڵام ئێستا ده‌بینین به‌هۆى ئیجرائاته‌کانى حکومه‌ته‌وه‌ دامه‌زراوه‌ و کۆمپانیاکان نا‌چار بوون و ده‌زانن هیچ ڕێگایه‌کیان نییه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج و دێن ئه‌و باجه‌ى له‌سه‌ریانه‌ ده‌یده‌نه‌ حکومه‌ت, بۆیه‌ بابه‌تى سه‌پاندنى باج به‌پێى یاسا ڕێک خراوه‌ و له‌ هەموو دنیاش باج یه‌کێکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌کانى داهاتى هه‌ر وڵاتێک.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.