Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:38

دژبه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ و که‌ره‌نتین شه‌قامی بازاڕی حه‌سیره‌که‌ی شاری که‌رکووک داخرا

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، ھاووڵاتییان و كاسبكارانی بازاڕی حه‌سیره‌كه‌ی شاری كه‌ركووك دژبه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ و كه‌ره‌نتین گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا و داوای ھه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆیان كرد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌شداربوویه‌كی گردبوونه‌وه‌كه‌ گوتی: ئه‌وه‌ی لێره‌ كۆبووینه‌ته‌وه‌ خاوه‌ن دووكانین و ھه‌موومانیش سێ خێزانمان له‌سه‌ر ئه‌م دوكانه‌یه‌ و له‌ مانگێكدا، 12 رۆژ قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆیه‌ و دوكانمان پێ داده‌خه‌ن و له‌ مانگێكدا، 14 رۆژ دووكانمان كراوه‌یه‌ و كار ده‌كه‌ین به‌و 14 رۆژه‌ ده‌بێت كرێی دوكان و كرێی كۆگا و مه‌سروفی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ دوكانه‌كه‌مدا كارده‌كه‌ن به‌و 14  رۆژه‌ ده‌ربكه‌م و ئه‌مه‌یش ناكرێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی: "ساڵی پار چه‌ند مانگێك به‌ھۆی قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆه‌ دوكانمان داخرابوو، زیانێكی زۆرمان به‌ركه‌وت چونكه‌ كرێچین و كرێی دوكان و مه‌سروفمان له‌سه‌ر بوو، بۆیه‌ داواكارین بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ ھه‌ڵبوه‌شنرێته‌وه‌ چونكه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی ناكات و ئه‌و قه‌ده‌غه‌یه‌یش بۆ  خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا نییه‌، چونكه‌ له‌دوای ته‌وابوونی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ، بازاڕه‌كان قه‌ره‌باڵغ ده‌بن و جمه‌ی دێت له‌ ھاووڵاتییان".

یه‌كێكی تر له‌ به‌شداربووانی گردبوونه‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌ی بازاڕی حه‌سیره‌كه‌ گوتی: قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ كاریگه‌ری خراپی كردۆته‌ سه‌ر كاری رۆژانه‌ی ھاوڵاتییان و ھه‌موومان زه‌ره‌مه‌ندین و كارمان نه‌ماوه‌ و ناتوانین بژێوی ژیانمان په‌یدا بكه‌ین، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌زووترین كات بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ ھه‌ڵبوه‌شینرێته‌وه‌ و بازاڕه‌كانی شاره‌كه‌ بكرێته‌وه‌".

به‌پێی بڕیاره‌كانی شانه‌ی قه‌یرانه‌كانی عێراق له‌ ھه‌فته‌یه‌كدا سێ رۆژ قه‌ده‌غه‌ی گشتی ھاتوچۆیه‌ كه‌ ئه‌وانیش رۆژانی ھه‌ینی، شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌یه‌ و چوار رۆژه‌كه‌ی تری ھه‌فته‌یش قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ له‌ كاتژمێر ھه‌شتی ئێواره‌وه‌ تا شه‌شی به‌یانی رۆژی دواتره‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.